2017-11-20 | ۱۳۹۶-۰۸-۲۹
بە شێوەی ئاسایی هەموو ساڵێك مەڕاسمی فەرمایشی ١٣ ی ئابان بەیانی رۆژی شەممە هاوكات لە تاران و باقی شارەكانی دیكەی ئێران بەڕێوەچوو. ئەم مەڕاسمە لە تاران دانانی موشەكێكی دوور هاوێژی لە بەردەم بینای سەفارەتی پێشوی ئەمریكای لەگەڵدا بوو. لە تاران هەروەها تابوتێك لەژێر ناوی ” وتووێژ لەگەڵ ئەمریكا” بەسەر شانی ژمارەیەك قوتابیەوە بوو. ڕاگەیەنەرە نێوخۆیی و ڕادیۆتەلەویزیۆنەكان بە گەرم و گەوڕیەوە ئەم شانۆگەریە گاڵەتەجاڕەیان بە سەحنەسازی و دروشمی تێكراریەوە بڵاو كردەوە. بەڵام بزانین سیزدەی ئابان كە بەم شێوەیە بۆتە ناوەرۆكی تەبلیغات و شانۆگەریە مەسخرەكانی ڕژیم چ رۆژێكە؟
سێزدەی خەزەڵوەر لە ئێران، لە ڕاستیدا ساڵرۆژی چەند رووداوی گرنگە. ساڵرۆژی كوشتاری قوتابیانە لە ساڵی ١٣٥٧ لە لایەن جەنایەتكارانی حكومەتی پەهلەویەوە، ساڵرۆژی داگیر كرانی سفاڕەتی ئەمریكایە لە لایەن حیزب اللەیەكانی پەیڕەوی خومەینیەوە، ساڵرۆژی هاتنە مەیدانی سەدان هەزار كەسی قوتابیان و خوێندكارانە لەدژی كودتای هەڵبژاردنی دەورەی دەیەمی سەرۆك كۆماری و هەروەها رۆژی كۆتایی هەفتەی بەسیجی دانش ئاموزیە. جیاوازی لە نێوان ئەو بۆنانەدا كە بەناوی دانش ئاموز لە رۆژی ١٣ ی ئاباندا بەڕێوەدەچن، جیاوازییە لەنێوان شۆڕش و دژی شۆرشدا لە ئێران.
بۆنەی یەكەم، لە رۆژی ١٣ ی ئابانی ساڵی ١٣٥٧ دا و لە سەرودەمی سەركەوتنی ڕاپەڕینی جەماوەری خەڵكدا، ژمارەیەك لە قوتابیان بە ڕەواڵی ئاسایی ئەو سەردەمە لە مەحوەتەی زانكۆی تاران كۆبوونەوە و لەگەڵ خوێندكاراندا دەستیاندایە خۆپیشاندان؛ هێزەكانی حكومەتی نیزامی دەوڵەتی ” شەریف ئیمامی” بەرەو رووی ئەوان تەقەیان كرد و لە ئاكامدا ژمارەیەك لە قوتابیان گیانیان لە دەستدا. دەوڵەتی شەریف ئیمامی كە كوشتاری خوێناوی ١٧ ی خرمانانی ئەو ساڵەشی لە مەیدانی ژالەی تاران لە پەروەندەدا هەبوو، رۆژێك دوای كوشتاری دانش ئاموزان لە زانكۆی تاران روخا. دوای روداوی خوێناوی ١٣ ی ئابانی ساڵی ١٣٥٧، ئەم رۆژە وەك ” رۆژی دانش ئاموز” دیاری كراوە.
بۆنەی دووهەم، سالێك دوای كارەساتی خوێناوی زانكۆی تاران، لە وەها رۆژێكدا لە كردارێكی سازمان دروادا لەلایەن حیزب اللەی لایەنگری خومەینیەوە، سفاڕەتی ئەمریكا لە تاران داگیر كرا. ڕێكخەرانی شانۆی فریوكارانەی داگیر كردنی سفاڕەتی ئەمریكا، بەو كردارەیان كە نزیك بە ساڵ و نیوێك بەردەوام بوو، سفاڕەتی داگیر كراوی ئەمریكایان كردە ناوەندی ڕاگەیاندنی سیاستەكانی حاكمیەتی دژی شۆڕشی سەرانی ڕژیم. داگیر كرانی سفاڕەتی ئەمریكا ئەساسەن بە فەرمانی خومەینی بەڕێوەچوو بوو، لەوێوە كە دەورێكی گرنگی لە پاشەكشە پێكردن بە ڕەوتە چەپ و ڕادیكاڵەكاندا و سەركوتی شۆڕشدا هەبوو، خومەینی ئەوی بە ” شۆڕشی دووهەم” ناوبرد؛ بەڵام شۆرشی دووهەم هیچ شتێك نەبوو بێجگە لە درێژەی سەركوتی شۆرشی ئازادی خوازانەی خەڵكی ئێڕان لە لایەن كۆنەپەرستی ئیسلامی حاكمەوە. دروشمی مەرگ بۆ ئەمریكا كە لەو رۆژەوە بە توندی و حەرارەتی زۆرەوە لە لایەن حیزب اللەیەكان و تەیفی لایەنگرانی خومەینیەوە تێكرار دەكرێتەوە، بۆتە سەرپۆشێك بۆ سەركوتی هەموو دنگێكی نەیار و ناڕازی. لەو رۆژە بەدواوە دارودەستە تەحریك كراوەكانی حیزب اللەیی كەوتنە گیانی كومونیستەكان و هەموو دەنگێكی ئازادی خوازانە و سیكۆلار كە دەبیسترا و لێاندان و گرتیانن و كوشتنیانن. ئەم رووداوە سەرەتای سەركوتی شۆڕشی ئازادی خوازانەی خەڵكی ئێران بوو لە لایەن كۆنە پەرستی حاكمەوە. شۆڕشێك كە ڕژیمی شا نەیتوانیبوو سەركوتی بكات دوای رووداوی داگیر كرانی سفارەتی ئەمریكا، سەركوت كردنی بە شێوەیەكی زۆر توند و خوێناوی لە لایەن ڕژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتو بەردەوامی پێدرا. گەلێك لە ڕێكخەرانی ئەو دەورانەی سفارەتی ئەمریكا، دواتر بوونە بەشێك لە بنیاد نەرانی سپای پاسداران و دەزگا ئیتلاعاتیەكانی ڕژیم و تۆڕی ئەشكەنجەگەرانی و زیندانوانان.
بۆنەی سێهەم، لە ١٣ ی ئابانی ساڵی ١٣٨٨ دا كە نزیكەی ٥ مانگ لە ڕاگەیاندنی ئاكامی دەیەمین دەورەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری تێپەڕیبوو، لە ڕێز گرتن لەم رۆژە و لە درێژەی ئاخێزی جەماوەری، خۆپیشاندانێكی گەورە كەوتە ڕێ كە لە ڕاستیدا ناڕەزایەتی لەدژی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی بوو. ئەگەرچی ڕێبەرانی جەریانی ئوپوزسیۆنی دەركراو لە دەسەڵات هەوڵیان ئەدا بەر بە لاوان بگرن بۆ بەشداری كردن لە هەموو جۆرە حەرەكەتێكی دژ بە كولیەتی ڕژیمی ئیسلامی، بەڵام لاوان بە دروشمی ” مەرگ بۆ دیكتاتۆڕ” ئیبتیكاری عەمەل و هیدایەتی ئەم خۆپیشاندانەیان بەدەستەوە گرت.
بۆنەی چوارەم، هەموو ساڵێك بەرنامەكانی حەفتەی بەسیجی دانش ئاموزی لە رۆژی ٧ ی خەڵوەرەوە دەست پێدەكات و تا كۆتایی رۆژی ١٣ ی ئەو مانگە دەرێژەی دەبێت. رۆژی بەسیجی دانش ئاموزی لە كۆماری ئیسلامیدا بۆیادی منداڵێكی قوربانی بەناوی ” حسەین فەهمیدە” ناو ناراوە. فەرماندەكانی ڕژیمی ئیسلامی لە رۆژی ٨ ی خەزەڵوەری ساڵی ٥٨ دا ئەم منداڵە قوتابیەیان لە عەمەلیاتێكی خۆكوژیدا، بە نارجۆكی بەستراو بە بشتێنەیەوە، ناردە ژێر تانكی عێڕاقیەكانەوە. ئەم منداڵە بێتاوانە، كە لە كاتی لەتوكوت بوونیدا لە كوت ی شێخ، لەودیو روباری خوڕەمشارەوە تەنیا ١٣ ساڵ تەمەنی بوو، بوو بە پێشقەراوڵی ٣٩ هەزار منداڵی قوتابی كە دواتر لە لایەن سەرانی جەنایەتكاری كۆماری ئیسلامیەوە وەك خاوێن كەرەوەی مەیدانەكانی مین و لە عەمەلیاتەكانی هاوشێوە لە شەڕی ئێران و عێڕاقدا بوونە قوربانی. لەبەرانبەر هەوڵەكانی ڕژیمدا بۆ پەرەدان بە سازمانی بەسیجی دانش ئاموزی و بەكار هێنانیان بە ئامانجی بە پۆلیسی كردنی فەزای شوێنە ئاموزشیەكان، لەمرۆدا بە هیممەتی دانش ئاموزانی پێشڕەو و تێكۆشەر بە یارمەتی مامۆستایانی ئازادی خواز، لەم پرۆژەیە ڕژیم هیچ شتێكی بێجگە لە تەشكیلاتێكی فۆڕماڵ بۆ ڕاكێشانی دانش ئاموزان بۆ شانۆگەریەكانی لە چەشنی ئەوەی دوێنێ بەڕێوەچوو، بۆ نەماوەتەوە.
بەڵام لەودیو هەوڵەكانی ڕژیمی ئیسلامیدا بۆ مسادرەی ئەم بۆنە خەباتكارانەیەوە، بۆ دانش ئاموزان و خوێندكارانی تێكۆشەر، سێزدەی ئابان وەبیر هێنەرەوەی گیان فیدایی ئەو ئازیزانەیە كە لە بەرانبەر هەردوو كۆنەپەرستی ئیسلامی و سەڵتەنەتیدا سینگیان كردە قەڵغان و شان بەشانی كرێكاران و زەحمەتكێشان لەدژی كۆنەپەرستی حاكم و بۆ دەستەبەر كردنی ئازادی گیانیان بەخت كرد.