کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

سێزدەی خەزەڵوەر بە ڕیوایەتی شۆڕش و دژه شۆڕش

بە شێوەی ئاسایی هەموو ساڵێک مەراسمی فەرمایشی ١٣ی ئابان بەیانی رۆژی شەممە هاوکات لە تاران و باقی شارەکانی دیکەی ئێران بەڕێوەچوو. ئەم مەراسمە لە تاران دانانی موشەکێکی دوور هاوێژی لە بەردەم بینای سفارەتی پێشوی ئەمریکای لەگەڵدا بوو. لە تاران هەروەها تابوتێک لەژێر ناوی “وتووێژ لەگەڵ ئەمریکا” بەسەر شانی ژمارەیەک قوتابیەوە بوو. ڕاگەیەنەرە نێوخۆیی و ڕادیۆ و تەلەویزیۆنەکان بە گەرم و گەوڕیەوە ئەم شانۆگەریە گاڵەتەجاڕەیان بە سەحنەسازی و دروشمی تێکراریەوە بڵاو کردەوە. بەڵام بزانین سیزدەی ئابان کە بەم شێوەیە بۆتە ناوەرۆکی تەبلیغات و شانۆگەریە مەسخرەکانی ڕژیم چ رۆژێکە؟

سێزدەی خەزەڵوەر لە ئێران، لە ڕاستیدا ساڵرۆژی چەند رووداوی گرنگە. ساڵرۆژی کوشتاری قوتابیانە لە ساڵی ١٣٥٧ لە لایەن جەنایەتکارانی حکومەتی پەهلەویەوە، ساڵرۆژی داگیر کرانی سفاڕەتی ئەمریکایە لە لایەن حیزبۆڵاییه‌كانی پەیڕەوی خومەینیەوە، ساڵرۆژی هاتنە مەیدانی سەدان هەزار کەسی قوتابیان و خوێندکارانە لەدژی کوده‌تای هەڵبژاردنی دەورەی دەیەمی سەرۆک کۆماری و هەروەها رۆژی کۆتایی هەفتەی بەسیجی دانش ئاموزیە. جیاوازی لە نێوان ئەو بۆنانەدا کە بەناوی دانش ئاموز لە رۆژی ١٣ی ئاباندا بەڕێوەدەچن، جیاوازییە لەنێوان شۆڕش و دژه‌ شۆرشدا لە ئێران.

بۆنەی یەکەم، لە رۆژی ١٣ی ئابانی ساڵی ١٣٥٧دا و لە سەروبەندی سەرکەوتنی ڕاپەڕینی جەماوەری خەڵکدا، ژمارەیەک لە قوتابیان بە ڕەواڵی ئاسایی ئەو سەردەمە لە ناوەندی زانکۆی تاران کۆبوونەوە و لەگەڵ خوێندکاراندا دەستیاندایە خۆپیشاندان؛ هێزەکانی حکومەتی نیزامی دەوڵەتی “شەریف ئیمامی” بەرەو ئەوان تەقەیان کرد و لە ئاکامدا ژمارەیەک لە قوتابیان گیانیان لە دەستدا. دەوڵەتی شەریف ئیمامی کە کوشتاری خوێناوی ١٧ی خه‌رمانانی ئەو ساڵەشی لە مەیدانی ژاڵەی تاران لە پەروەندەدا هەبوو، رۆژێک دوای کوشتاری دانش ئاموزان لە زانکۆی تاران رووخا. دوای روداوی خوێناوی ١٣ی ئابانی ساڵی ١٣٥٧، ئەم رۆژە وەک “رۆژی دانش ئاموز” دیاری کراوه‌.

بۆنەی دووهەم، سالێک دوای کارەساتی خوێناوی زانکۆی تاران، لە وەها رۆژێکدا لە کردارێکی سازمان دروادا لەلایەن حیزبۆڵای لایەنگری خومەینیەوە، سفاڕەتی ئەمریکا لە تاران داگیر کرا. ڕێكخەرانی شانۆی فریوکارانەی داگیر کردنی سفاڕەتی ئەمریکا، بەو کردارەیان کە نزیک بە ساڵ و نیوێک بەردەوام بوو، سفاڕەتی داگیر کراوی ئەمریکایان کردە ناوەندی ڕاگەیاندنی سیاستەکانی حاکمیەتی دژه‌ شۆڕشی سەرانی ڕژیم. داگیر کرانی سفاڕەتی ئەمریکا ئەساسەن بە فەرمانی خومەینی بەڕێوەچوو بوو، لەوێوە کە دەورێکی گرنگی لە پاشەکشە پێکردن بە ڕەوتە چەپ و ڕادیکاڵەکاندا و سەرکوتی شۆڕشدا لە ئارادابوو، خومەینی ئەوی بە “شۆڕشی دووهەم” ناوبرد؛ بەڵام شۆرشی دووهەم هیچ شتێک نەبوو بێجگە لە درێژەی سەرکوتی شۆرشی ئازادیخوازانەی خەڵکی ئێڕان لە لایەن کۆنەپەرستی ئیسلامی حاکمەوە. دروشمی مەرگ بۆ ئەمریکا کە لەو رۆژەوە بە توندی و حەرارەتی زۆرەوە لە لایەن حیزبۆڵاییه‌كان و تەیفی لایەنگرانی خومەینیەوە دووپات دەکرێتەوە، بۆتە سەرپۆشێک بۆ سەرکوتی هەموو دنگێکی نەیار و ناڕازیی. لەو رۆژە بەدواوە دارودەستە تەحریک کراوەکانی حیزبۆڵایی کەوتنە گیانی کومونیستەکان و هەموو دەنگێکی ئازادیخوازانە و سیکۆلار کە دەبیسترا لێاندان و گرتیانن و کوشتنیان. ئەم رووداوە سەرەتای سەرکوتی شۆڕشی ئازادیخوازانەی خەڵکی ئێران بوو لە لایەن کۆنەپەرستی حاکمەوە. شۆڕشێک کە ڕژیمی شا نەیتوانیبوو سەرکوتی بکات دوای رووداوی داگیر کرانی سفارەتی ئەمریکا، سەرکوت کردنی بە شێوەیەکی زۆر توند و خوێناوی لە لایەن ڕژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو بەردەوامی پێدرا. گەلێک لە ڕێکخەرانی ئەو دەورانەی سفارەتی ئەمریکا، دواتر بوونە بەشێک لە بنیاد نەرانی سپای پاسداران و دەزگا ئیتلاعاتیەکانی ڕژیم و تۆڕی ئەشکەنجەگەران و زیندانوانان.

بۆنەی سێهەم، لە ١٣ی ئابانی ساڵی ١٣٨٨دا کە نزیکەی ٥ مانگ لە ڕاگەیاندنی ئاکامی دەیەمین دەورەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری تێپەڕیبوو، لە ڕێز گرتن لەم رۆژە و لە درێژەی ئاخێزی جەماوەری، خۆپیشاندانێکی گەورە کەوتە ڕێ کە لە ڕاستیدا ناڕەزایەتیی لەدژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بوو. ئەگەرچی ڕێبەرانی جەریانی ئوپوزسیۆنی دەرکراو لە دەسەڵات هەوڵیان ئەدا بەر بە لاوان بگرن بۆ بەشداری کردن لە هەموو جۆرە حەرەکەتێکی دژ بە هەموو باڵەکانی ڕژیمی ئیسلامی، بەڵام لاوان بە دروشمی “مەرگ بۆ دیکتاتۆر” ئیبتیکاری عەمەل و هیدایەتی ئەم خۆپیشاندانەیان بەدەستەوە گرت.

بۆنەی چوارەم، هەموو ساڵێک بەرنامەکانی حەفتەی بەسیجی دانش ئاموزی لە رۆژی ٧ی خەڵوەرەوە دەست پێدەکات و تا کۆتایی رۆژی ١٣ی ئەو مانگە دەرێژەی دەبێت. رۆژی بەسیجی دانش ئاموزی لە کۆماری ئیسلامیدا بۆیادی منداڵێکی قوربانی بەناوی “حسەین فەهمیدە” ناو ناراوە. فەرماندەکانی ڕژیمی ئیسلامی لە رۆژی ٨ی خەزەڵوەری ساڵی ٥٨دا ئەم منداڵە قوتابیەیان لە عەمەلیاتێکی خۆکوژیدا، بە نارجۆکی بەستراو بە بشتێنەیەوە، ناردە ژێر تانکی عێڕاقیەکانەوە. ئەم منداڵە بێتاوانە، کە لە کاتی لەتوکوت بوونیدا لە “کوت ی شێخ”، لەودیوی روباری خوڕەمشارەوە تەنیا ١٣ ساڵ تەمەنی بوو، بوو بە پێشقەراوڵی ٣٩ هەزار منداڵی قوتابی کە دواتر لە لایەن سەرانی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامیەوە وەک خاوێن کەرەوەی مەیدانەکانی مین و لە عەمەلیاتەکانی هاوشێوە لە شەڕی ئێران و عێڕاقدا بوونە قوربانی. لەبەرانبەر هەوڵەکانی ڕژیمدا بۆ پەرەدان بە سازمانی بەسیجی دانش ئاموزی و بەکار هێنانیان بە ئامانجی بە پۆلیسی کردنی فەزای شوێنە ئاموزشیەکان، لەمرۆدا بە هیممەتی دانش ئاموزانی پێشڕەو و تێکۆشەر بە یارمەتی مامۆستایانی ئازادیخواز، لەم پرۆژەیە ڕژیم هیچ شتێکی بێجگە لە تەشکیلاتێکی فۆڕماڵ بۆ ڕاکێشانی دانش ئاموزان بۆ شانۆگەریەکانی لە چەشنی ئەوەی دوێنێ بەڕێوەچوو، بۆ نەماوەتەوە.

بەڵام لەودیوی هەوڵەکانی ڕژیمی ئیسلامیدا بۆ مۆسادرەی ئەم بۆنە خەباتکارانەیەوە، بۆ دانش ئاموزان و خوێندکارانی تێکۆشەر، سێزدەی ئابان وەبیر هێنەرەوەی گیان فیدایی ئەو ئازیزانەیە کە لە بەرانبەر هەردوو دەسەڵاتی کۆنەپەرستانەی ئیسلامی و سەڵتەنەتیدا سینگیان کردە قەڵغان و شان بەشانی کرێکاران و زەحمەتکێشان لەدژی کۆنەپەرستی حاکم و بۆ دەستەبەر کردنی ئازادی گیانیان بەخت کرد.

بابەتی پەیوەندیدار

لە١٤ هەمین ساڵیادى ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر و هاوبه‌نده‌كانی دا

-

پەرەسەندنی پشتیوانی کرێکاران لە بزووتنەوەی دژە جینۆساید

-

پەرەسەندنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، ئامرازێکن بۆ پێشڕەوی و گەرەنتی پاراستنی دەستکەوتەکان

-

پشت بەستن به جەلاد و پەتی سێدارە بەمەبەستی مانەوەی ڕژیم، بێ سەمەرە

-

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-