کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

سێدارە، هەڵاواردنی جێکەوتوو و ناعەداڵەتی موتڵەق لە سیستەمی دادوەریی ئێراندا

IMG 6061

لە مانگی ئاگۆستی ۲۰۲۶دا، ئێران یەکێک لە قورسترین شەپۆلەکانی لەسێدارەدانی لەچەند ساڵی ڕابردوودا ئەزموون کرد. بەپێی ڕاپۆرتی دامەزراوە سەربەخۆکانی مافی مرۆڤ، لەم مانگەدا لانیکەم ۸۲ کەس لەسێدارە دراون، لە کاتێکدا تەنیا بەشێکی کەمی ئەم سزایانە لەلایەن سەرچاوە فەرمییەکانەوە ڕاگەیەندراون. ئەم جیاوازییەی نێوان واقیعییەتی لەسێدارەدانەکان و بڵاوبوونەوەی زانیارییە فەرمییەکان، ئەوە دەردەخات کە سزای مەرگ لە کۆماری ئیسلامیدا میکانیزمێکی بەربڵاو، شاراوە و ڕێکخراوە لە پێکهاتەی حوکمڕانی و دەزگای دادوەریدا. لە هەشت مانگی یەکەمی ساڵیشدا ژمارەی لەسێدارەدانەکان گەیشتە ۵۳۲ کەس، ئامارێکی کە لە نێویاندا ژنان، خۆپێشاندەران، زیندانیانی سیاسی، کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان و پەنابەرانی ئەفغانستانی دەبینرێن.

ئەم بەربڵاوییە، وێنەیەکی ڕوون لە سیستەمێکی کەیفەریی دەخاتە ڕوو کە سزای مەرگی خستووەتە چەقی سیاسەتی تاوانکاریی خۆیەوە. لە ئاوا سیستەمێکدا، لەسێدارەدان تەنیا وەک وەڵامێک بۆ تاوان سەیر نادەکرێت، بەڵکوو بووەتە ئامرازێک بۆ دروستکردنی ترس، بێدەنگکردنی ناڕەزایەتی، کۆنتڕۆڵکردنی گرووپە پەراوێزخراوەکان و جێگیرکردنی دەسەڵاتی سیاسی. نەبوونی شەفافیەت، دەستڕاگەیشتنی سنووردار بە پارێزەری سەربەخۆ، دانپێدانانی زۆرەملێ، دادگاییکردنی نادادپەروەرانە و لەبەرچاو نەگرتنی پێوەرەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە، توانای هەڵسەنگاندنی سەربەخۆی دۆسیەکان لە ناو دەبات و زەمینە بۆ دەرکردنی سزای نادادپەروەرانە خۆش دەکات.

لە نێو لەسێدارەدانەکانی ئەم قۆناغەدا، دۆخی ژنان پێگەیەکی تایبەتی هەیە. تەنیا لە مانگی ئاگۆستدا شەش ژن لەسێدارە دران، ژمارەیەکی کە بەرزترین ئاماری مانگانەی لەسێدارەدانی ژنانە لە ساڵی ۲۰۲۶دا. زۆربەی ئەم ژنانە بەر لەوەی بنچنە پای سێدارە، خۆیان قوربانیی توندوتیژیی خێزانی، هاوسەرگیریی زۆرەملێ، هەژاری، هەڵاواردنی یاسایی، وابەستەیی ئابووری و نەبوونی پاڵپشتی کۆمەڵایەتی بوون. ئەوان زۆر کات دەکەونە دۆخێکەوە کە توانای خۆدەربازکردن لە ژیانی توندوتیژانە، چوون بۆلای پۆلیس، وەرگرتنی پاڵپشتی یاسایی یان پەنابردنە بەر شوێنێکی ئەمنیان نییە. دواتر هەمان ئەو پێکهاتەیەی کە خۆی لە پاڵپشتیکردنیان بواردووە، ڕەفتاری بەرگریکارانە یان پەرچکرداریی ئەوان بەتاوانێکی سەربەخۆدەدادەنێت.

هەروەک چۆن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ جەختیان لەسەر کردووەتەوە، ژنان لە ئێران تەنیا قوربانیی سزای لەسێدارەدان نین، بەڵکوو قوربانیی پێکهاتەیەکیشن کە لە سەرەتاوە ئەوان لە دۆخێکی لاوازدا دادەنێت. یاسا نایەکسانەکان لە بوارەکانی هاوسەرگیری، تەڵاق، بەخێوکردنی منداڵ، شایەدیدان و دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوە ئابوورییەکان، ڕەنج و بێبەشبوونی ژنانی ئەم کۆمەڵگەیەی گەیاندووەتە لێواری کارەسات. لە زۆربەی دۆسیەکاندا، پێشینەی توندوتیژیی درێژماوە یان ئیجباری بنەماڵەیی وەک زەمینەی دیاریکەری تاوانەکە تاوتوێ ناکرێت. ئەنجامەکەشی بریتییە لەوەی کە قوربانیی توندوتیژی، لە پرۆسەی دادوەریدا دەبێتە تۆمەتباری سەرەکی و بەرپرسیارەتیی پێکهاتە کۆمەڵایەتی و یاساییەکانی بەرهەمهێنەری توندوتیژی لەبەرچاو ناگیرێت.

لە نێو هەموو ئەم دۆسیانەدا، چیرۆکی مەرزیە نەییری زیاتر لە هر نموونەیەکی تر ناعەداڵەتی جێگیر لە دەزگای دادوەریی ئێراندا ئاشکرا دەکات. مەزیە لە ۱۷ ساڵیدا ناچار بە هاوسەرگیری کرا، هاوسەرگیرییەکەی کە نەک لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ئازادانە، بەڵکوو لەژێر گوشاری بنەماڵە و لە دۆخی نەبوونی پاڵپشتی کۆمەڵایەتیدا شکڵی گرت. ئەو لە تەمەنێکدا چووە ناو ژیانی هاوبەشەوە کە هێشتا لە ڕووی تەمەن و کۆمەڵایەتییەوە لە دۆخێکی لاوازدا بوو. ژیانی ئەو بە خێرایی پڕ بوو لە توندوتیژی، هەڕەشە و ئەزییەت و ئازار. بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی سەبارەت بە دۆسیەکەی بڵاوبۆتەوە، هاوسەرەکەی هاوبەشە بازرگانییەکانی خۆی بۆ بەکارهێنانی خواردنەوە کحولییەکان دەهێنایە ماڵەوە و ئەوان زۆر جار مەرزیەیان ڕووبەڕووی ئازاری سێکسی دەکردەوە.

دۆخێکی وەها بۆ کچێکی کە هێشتا قۆناغی منداڵیی تێپەڕ نەکردووە، بە مانای ژیان بەسەر بردن لە ژینگەیەکی بەردەوام نائەمن و بێپەنادا بوو. ئەو نە لە پشتیوانییەکی ئەوتۆی بنەماڵەکەی بەهرەمەند بوو، نە میکانیزمێکی ئەمنی لە بەردەستدا بوو بۆ خۆدەربازکردن لە توندوتیژی، و نە دەیتوانی بە دڵنیاییەوە سەردانی دامەزراوەکانی پۆلیس و دادوەریی بکات. ئەم خاڵە لە شیکردنەوەی دۆسیەکەدا گرنگییەکی بنەڕەتیی هەیە: ڕەفتاری کۆتایی مەرزیە ناكرێت بە جیا لە ساڵانێک توندوتیژی، زۆرلێکردن، ترس و گۆشەگیریی کۆمەڵایەتی تاوتوێ بكرێت.

لە تەمەنی ۱۸ ساڵیدا، یەکێک لەو پیاوانە لە بەرچاوی هاوسەرەکەی هەوڵیدا دەستدرێژی بکاتە مەرزیە. مەرزیە بۆ بەرگریکردن لە گیان و کەڕامەتی خۆی چەقۆیەکی چێشتخانەی هەڵگرت. لە ئاکامی ئەو تێکهەڵچوونەدا، هێرشبەرەکە بریندار بوو و هاوسەرەکەشی کوژرا. مەرزیە دوای چوار ڕۆژ خۆی ڕادەست کرد و لە دادگا سوێندی خوارد کە تەنیا بەمەبەستی بەرگریکردن لە خۆی دەستیداوەتە ئەە کارە. بەڵام لە پرۆسەی دادوەریدا گوێی لێ نەگیرا. دادگا ئیدیعای بەرگریی ڕەوای پەسەند نەکرد و سزای کوشتنی ئەنقەستی بەسەردا سەپاند، سزایەکی کە لە چوارچێوەی سزای قیساسدا، سەرەنجام بە مەرگی ناوبراو کۆتایی هات.

دۆسیەی مەرزیە نەییری نیشانی دەدات کە چۆن چەمکی بەرگریی ڕەوا، کاتێک سەبارەت بە ژنانی قوربانیی توندوتیژیی خێزانی دێتە ئاراوە، دەکرێت بە شێوەیەکی جیاواز لێکدانەوەی بۆ بکرێت. لە دۆسیەکانی وەک دۆسیەی مەرزیەدا، ژن ناچارە لە چرکە ساتێکدا، بەرامبەر بە مەترسییەکی کتوپڕ بڕیار بدات، دواتر هەمان بڕیار بە پێوەرگەلێکی ستەمکارانە و بە جیا لە زەمینەی ژیانی ئەو هەڵدەسەنگێنرێت.

مەرزیە پێنج ساڵ لە زینداندا ماییەوە، پێنج ساڵ چاوەڕوانی سزایەکی کە هەرلە سەرەتاوە لەسەر بنەمای لەبەرچاو نەگرتنی ڕاستییەکانی ژیانی ئەو دەرچوو بوو. سەرەنجام ڕۆژی ۸ی ئاگۆستی ۲۰۲۶، کاتێک تەنیا ۲۴ ساڵ تەمەنی بوو، لە زیندانی ناوەندیی قەزوین لەسێدارە درا. ئەو قوربانیی سیستەمێک بوو کە لە منداڵییەوە تا کاتی مەرگ، خۆی لە پاڵپشتیکردنی کاریگەری ئەو بواردبوو. ژیانی مەرزیە لە هاوسەرگیریی زۆرەملێوە دەستی پێکرد، لە توندوتیژی و ئازاردا بەردەوام بوو و سەرەنجام بە سزایەکی دادوەریی ستەمکارانە کۆتایی هات کە دۆخی قوربانیبوونی ئەوی بە ڕەسمی نەناسی.

لەسێدارەدانە بەربڵاوەکانی ساڵی ۲۰۲۶، لە خۆپێشاندەرانەوە بگرە تا ژنان و کەمینەکان، وەک نموونە هاوشێوەکانی ساڵانی ڕابردوو نیشانی دەدەن کە سزای مەرگ لە ئێران تەنیا ئامرازێکی سزادان نییە، بەڵکوو بەشێکە لە سیاسەتی کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتی و سیاسی. لەم نێوەندەدا، دۆسیەکانی وەک دۆسیەی مەرزیە نەییری ئەوە ڕاستییە وەبیر دەهێنێتەوە کە بێ عەداڵەتی بۆ ژنان لە کاتی دەرکردنی سزاوە دەست پێناکات، بەڵکوو لە بنەماڵە، قوتابخانە، یاسا، بازاڕی کار، ناوەندەکانی پۆلیس و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە تێدەپەڕێت و لە دادگادا دەگاتە لووتکە.

چارەنووسی ئازاربەخشی مەرزیە لە منداڵییەوە تا سەردەمی گەنجی نیشانی دەدات کە ژنانی ئێران چۆن لە گێژاوی هەڵاواردن و بێ عەداڵەتی دامەزراوەییدا گیر دەخۆن: سەرەتا لە مافی هەڵبژاردن و ئەمنییەت بێبەش دەکرێن، دواتر لە بەرامبەر توندوتیژیدا بێپەنا دەمێننەوە و سەرەنجام، کاتێک بۆ بەرگریکردن لە خۆیان پەرچکردار نیشان دەدەن، وەک تاوانبار سزادەدرێن. ئەم ڕاستییە تەنیا دۆسیەیەک ناگرێتەوە، بەڵکوو تۆمەتێکی جددییە لەدژی تەواوەتی سیستەمی دادوەریی کۆماری ئیسلامی، سیستەمێکی کە تێیدا مافی ژیان، دادگاییکردنی دادپەروەرانە و پاڵپشتی یەکسان لە هاووڵاتییان، بەتایبەتی ژنان و گرووپە پەراوێزخراوەکان، بە ئانقەست و بە شێوەیەکی دامەزراوەیی پێشێل دەکرێت.