ڕۆژی شەممە ٢٣ی خاکەلێوە، دانوستاندنەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی و دەوڵەتی ئەمریکا لە مەسقەت دەست پێدەکات. ئەم گفتوگۆیانە کە بە ناوبژیوانی دەوڵەتی عومان بەڕێوە دەچێت، لە بارودۆخێکدا دەکرێت کە کەشێکی گرژی و هەڕەشەی نیزامی، باڵی بەسەردا کێشاوە. لایەنی ئێرانی دانوستاندنەکان، بریتییە لە عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و لایەنی ئەمریکایی، ستێڤ ویتکاف ڕاوێژکاری ترامپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.
بە پێچەوانەی ئیدیعاکانی پێشوو، کۆماری ئیسلامی ئێران قبوڵی کردووە کە ڕاستەوخۆ لەگەڵ دەوڵەتی ئەمریکا دانوستاندن بکات. ئەمەش لە کاتێکدایە کە میدیا ناوخۆییەکانی ئێران لە زمان بەرپرسانی ڕژێمەوە، هێشتا پێداگری لەسەر ناڕاستەوخۆبوونی دانوستاندنەکان دەکەن. ئەم هەڵوێستە، نموونەیەکە لە شاردنەوە و درۆکردنی بەردەوامی حکوومەت لەگەڵ خەڵکی ئێران.
سەبارەت بە بەرنامەی کاری دانوستانەکان ئەگەر و گومان زۆرن. لایەنی کۆماری ئیسلامی ئیدیعا دەکات کە گفتوگۆکان تەنها لەسەر پڕۆژەی ئەتۆمی ئێرانە. بەڵام لایەنی ئەمریکا، باس لە کۆمەڵێک بابەتی جۆراوجۆر دەکەن، وەک ئەوەی کە لە خولی پێشووی سەرۆکایەتی ترامپدا، لەلایەن مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەمریکاوە، دوای چوونەدەرەوەی ئەمریکا لە بەرجام، لە ١٢ خاڵدا دارێژرابوو.
بە کورتبوونەوەی دەستی کۆماری ئیسلامی لە دەستێوەردانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەشێک لەو ١٢ خاڵە بەکردەوە جێبەجێ کراوە. ئەوەی کە گومانی لەسەر نییە ئەو ڕاستییەیە کە لایەنی کۆماری ئیسلامی هیچ بژاردەیەکی نییە جگە لە قبوڵکردنی داواکارییەکانی ترامپ. لەلایەکی ترەوە، لایەنی ئەمریکا وتوویەتی کە بە سەرنجدان بە دانوستاندنەکانی سەردەمی ئۆباما لەسەر بەرجام، نایهەوێت بچێتە پڕۆسەیەکی درێژخایەنی گفتوگۆ، بۆ گەیشتن بە دەرئەنجام و هەروەها دەیهەوێ لە دانوستاندنێکی ڕوون و خێرادا، داواکارییەکانی خۆی دەستەبەر بکات.
وا دیارە کە دەوڵەتی ئەمریکا بە ڕێبەرایەتی ترامپ، بەشوێن ئامانجی گەورەتر لە تەنیا چارەسەرکردنی کێشەی ناوەکیدا دەگەڕێت. ئامانجی سەرەکی ترامپ بریتییە لە نۆژەنکردنەوە و بەهێزکردنی هێژمۆنی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شوێنەکانی تری جیهان. بەچۆکداهێنانی کۆماری ئیسلامی، یارمەتی بەهێزکردنی پێگەی ئەمریکا دەدات لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ترامپ بۆ نیشاندانی هێزی خۆی لە ئاستی جیهانیدا، پێویستی بەوەیە کە هەرچۆنێک بێت، لە ڕێگای دانوستاندن یان بەکارهێنانی هێزی سەربازییەوە، کۆماری ئیسلامی ناچار بکات داواکارییەکانی قبوڵ بکات. ناردنی چەند کەشتیی فڕۆکەهەڵگر بۆ ناوچەکە لەگەڵ بۆمبهاوێژەکانی “بی دوو” و هەروەها چڕکردنەوەی هێرشەکان لە یەمەن، بەشێکە لە ستراتێژی نیشاندانی هێز، لەلایەن ترامپەوە.
بەڵام سەرەڕای لاوازبوونی پێگەی کۆماری ئیسلامی، ئەمریکا هێشتا ستراتێژییەکی ڕوونی نییە بۆ سەردەمی دوای کۆماری ئیسلامی. دەوڵەتی ئەمریکا دەزانێت کە ڕووخانی لەناکاوی ڕژێمی ئێران لەوانەیە بەرژەوەندییە درێژخایەنەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بخاتە مەترسییەوە. لەمڕووەوە، سیاسەتی ئێستای ئەمریکا تێکەڵەیەکە لە گوشاری زۆر و لە هەمان کاتدا ڕێگرتن لە داڕمانی بە تەواوەتی کۆماری ئیسلامی. لەگەڵ ئەوەشدا، وا دەردەکەوێت کە دەوڵەتی ئەمریکا بڕیاری داوە، خۆ لە دووبارەبوونەوەی ئەزموونی سەردەمی ئۆباما ببوێرێت. ترامپ نیازی ئەوەی نییە کە پابەندی ڕێککەوتنێکی درێژخایەن بێت، بەڵکوو دەیەوێت بە ناچارکردنی ئێران بۆ قبوڵکردنی خێرای داواکارییەکانی ئەمریکا و پێکهێنانی ڕێکار و میکانیزمی توندر بۆ چاوەدێری و ڕاستیدۆزی، دەستکەوتێکی خێرا و کورتخایەن بەدەست بهێنێت، لەمڕووەوە، بە ئەگەرێکی بەهێز، دانوستاندنەکانی ئەم خولە کورتخایەن دەبێت. دەوڵەتی ئەمریکا چاوەڕوانی ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی سەرجەم داواکارییەکانی قبوڵ بکات و میکانیزمی چاوەدێری و ڕاستیدۆزیی وردیش لەم بوارەدا پێک بێت. ترامپ وتوویەتی کە لە ئەگەری ڕێککەوتن، گوشاری سزاکان تا بەدەستهێنانی دڵنیایی تەواو لە ئەنجامەکان، وردە وردە و هەنگاو بە هەنگاو کەم دەبێتەوە.
بەڵام کێشەی سەرەکی کۆماری ئیسلامی بەر لە ئەمریکا، لە ناوخۆی وڵات و لەگەڵ ئەو جەماوەری خەڵکەیە کە لە دەسەڵاتی ئەم ڕژێمە بێزارن. کۆماری ئیسلامی لە بارودۆخی ئێستادا ڕووبەڕووی گەلێک قەیرانی جۆراوجۆر بووەتەوە. ئابووری ئێران لە بەردەم داڕمان دایە، هەڵاوسانی لەڕادەبەدەر، دابەزینی بەهای دراوی وڵات، کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنان، بێکاری بەربڵاو و بێتوانایی لە دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، نیشانەی قووڵایی ئەم قەیرانەن. لە ئاوا بارودۆخێکدا، ترس لە ڕاپەڕینی جەماوەر، زیاتر لە هەر هەڕەشەیەکی سەربازی، کۆماری ئیسلامی نیگەران کردووە. لەمڕووەوە واقیعییەت ئەوەیە کە دانوستاندنەکانی ئێران و ئەمریکا، تەنها یەک ڕووی دراوەکەیە. ڕووەکەی تری، بریتییە لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران. ئەمڕۆ بزووتنەوەک ناڕەزایەتییەکان لە ئێران، بوونەتە هێزێکی حاشا هەڵنەگر. مانگرتنی کرێکاران، ناڕەزایەتی خانەنشینان، خەباتی ناو زیندانەکان لە دژی سزای لەسێدارەدان، خەباتی ژنان لە دژی حیجابی زۆرەملێ و ناڕەزایەتی بنەماڵەی دادخوازان، نیشانەی بوونی بێزاری و ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانە لەم دۆخەی ئێستا. سەرەنجام، داهاتووی سیاسی ئێران بە ئاڕاستەی بەرژەوەندی کرێکاران و کۆمەڵانی خەڵکی چەوساوە و بێبەش، نەک لە دانوستاندنە دیپلۆماتییەکانی ئێران و ئەمریکا، بەڵکوو لە مەیدانی خەباتی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا دیاری دەکرێت. ئیرادەی زۆرینەی خەڵکی ئێران، ئاراستەی داهاتوو دیاری دەکات. داهاتووی ئێران نەک دیپلۆماتەکان، بەڵکوو ئیرادەی بەکۆمەڵی ئەو جەماوەرە دیاری دەکات کە چیتر نایانەوێت ببنە قوربانی سیاسەتە شکستخواردووەکانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی.