کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

سێبەری شەڕێکی ماڵوێرانکەر باڵی بەسەر خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کێشاوە

مەترسی هەڵگیرسانی شەڕێکی ماڵوێرانکەر هەڕەشە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات. بەدەر لەوەی کە لایەنەکانی شەڕەکە و زلهێزەکان چەندە دەیانەوێت شەڕێکی لەو شێوەیە ڕووبدات، بەڵام ئاماژەکان زۆرن بۆ ئەوەی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی و وەڵامدانەوە زارەکییەکانی ئیسرائیل، دەبێ بە جددی وەربگیرێت. لایەنی ئیسرائیلی لە شەڕی غەززەدا گەیشتووەتە بنبەست. دەوڵەتی ئیسرائیل دوای تێپەڕبوونی ٦ مانگ و کوشتاری زیاتر لە ٣٣ هەزار فەڵەستینی، نەیتوانیوە بە ئامانجە دیاریکراوەکانی خۆی بگات. لە هەمان کاتدا ئەم دەوڵەتە لەلایەن ڕای گشتی جیهانی و تەنانەت هەندێک لە دەوڵەتە هاوپەیمانەکانی خۆی و لەوانە بەشێک لە ناوەندەکانی دەوڵەتی ئەمریکاوە لەژێر گوشاردایە. لە ئاوا دۆخێکدا قبوڵکردنی ئاگربەست لەلایەن سەرۆک وەزیری ئیسرائیل و کابینەکەیەوە، بە مانای قبوڵکردنی شکست دێت. ئەوەش ویست و ئیرادەی بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی ئیسرائیل بۆ لابردنی کابینە و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی گشتی بەهێزتر دەکات. هاوکات لەوانەیە ناتانیاهۆ دوای دوورکەوتنەوە لە دەسەڵات، بەهۆی گەندەڵی و سزادانییەوە زیندانی بکرێت. پێدەچێت لە دۆخێکی لەو شێوەیەدا، دەوڵەتەکەی بنیامین ناتانیاهۆ لە ئیسرائیل، پێی ناخۆش نەبێت کە بە سەرکێشییەکانی، بازنەی شەڕەکە بەرفراوانتر بکات و دەوڵەتی ئەمریکا لەگەڵ حاڵەتێکی نەخوازراو بەرەوڕوو بکاتەوە. هەربۆيە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ  هەڕەشە و جموجۆڵەکانی لە دژی کۆماری ئیسلامی زیاتر دەکات. لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی خاکەلێوە، خامنەیی لە کاتی وتاری نوێژی هەینی لە ڕۆژی جەژندا، سەرلەنوێ هەڕەشەی لە ئیسرائیل کرد و وتی کە تۆڵەی هێرشی ئەرتەشی ئەو وڵاتە بۆ سەر کونسوڵخانەی ڕژیم لە سووریا دەکاتەوە. هەروەها سەلامی فەرماندەی سپای پاسدارانیش هەر لەو ڕۆژدا هەڕەشەیەکی هاوشێوەی دووپات کردەوە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە ماوەی دە ڕۆژی یەکەمی دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی لە دیمەشق، دام و دەزگا تەبلیغاتییەکانی ڕژیم و سەرجەم وتاربێژانی نوێژی هەینی هەفتەی ڕابردوو لە هەموو شوێنێک باسیان لە پیلانگێڕیی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ پەلکێشکردنی کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا بۆ ناو ئەو شەڕە و هەروەها وشیاری و دانبەخۆداگرتنی ڕژیمەکەیان لە دۆخێکی لەو شێوەیەدا دەکرد. قسەکانی خامنەیی لە ڕۆژی جەژندا بە پێچەوانەی ئاراستەی تەبلیغاتیی دە ڕۆژی ڕابردوو بوو و ئاوێکی پاکی ڕژاند بەسەر سەرجەم تەبلیغاتەکانی ڕۆژانی ڕابردوودا.

وەزیری کاروباری دەرەوەی ئیسرائیل، لە کاردانەوە بە قسەکانی خامنەیی، لە هەژماری خۆی لە سۆشیال میدیای ئیکس بە زمانی  فارسی نووسی، ئەگەر ئێران لە خاکی خۆیەوە هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، ئیسرائیل کاردانەوەی دەبێت و لەناو خاکی ئێراندا هێرش ئەنجام دەدات. کاردانەوەی وەزیرێک بەرامبەر بە قسەکانی باڵاترین دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئێران، لە نەریتی وڵاتانی بۆرژوازیدا، بە سووکایەتی پێکردنی ئاشکرا دادەنرێت. پەرەسەندنی شەڕ لە ئاستی ناوچەکەدا، لەڕوانگەی دەستە ڕاستییە جینایەتکارەکانی ناو کابینەی ئیسرائیلەوە، وەک ڕێگەچارەیەک بۆ دەربازبوون لەو بنبەستەی ئێستایان دادەنرێت. قبوڵکردنی هەر چەشنە ئاگربەستێک لەلایەن سەرۆک وەزیری ئیسرائیل و کابینەکەیەوە، بە مانای شکستیان لە شەڕی غەززەدا دێت. جگە لەوەش بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی ئیسرائیل خوازیاری لابردنی نەتانیاهۆ و هەڵبژاردنی گشتین. هەروەها ئەگەری زۆرە کە ناتانیاهۆ دوای دوورخستنەوەی، بەهۆی دۆسیەی دادگاکەیەوە زیندانی بکرێت. لەمڕووەوە سەرۆک وەزیری ئیسرائیل خۆشتر بوونی ئاگری شەڕ لە ناوچەکە و هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی لە خزمەت بە مانەوەی خۆی لە دەسەڵاتدا بەکار دەهێنێت.

کۆماری ئیسلامیش کە ناچار بە تۆڵەسەندنەوە لە ئیسرائیل بووە، پێویستی بە ئەنجامدانی هێرشێکی تاڕادەیەک نمایشی و پڕ هەرا و هوریای هاوشێوەی هێرشە مووشەکیەکەی بۆ سەر بنکەی عەین ئەسەد، دوابەدوای کوژرانی قاسم سولەیمانی هەیە. ئەگەر هێرشێکی لەو شێوەیە لە ناو خاکی ئێرانەوە ڕووبدات، چاوەڕوان دەکرێت کە وڵامی ئیسرائیلیش ڕاستەوخۆ بۆسەر خاکی ئێران بێت. ئاشکرایە کە سەرکێشییە شەڕانگێزییەکانی هەردوولا دەتوانێت ببێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕێکی ماڵوێرانکەر لە نێوان ئەم دوو دەوڵەتەدا. شەڕێکی لەو شێوەیە سنووردار بێت یان بەربڵاو، دوکەڵەکەی دەچێتە چاوی خەڵکی ئێران و ئیسرائیل و زیانە مرۆیی و ماددییەکانی کارەساتبار دەبێت. قسەکانی ڕۆژی ڕابردووی خامنەیی، بە مانای زەمینە خۆشکردن بێت بۆ هێرشی کۆماری ئیسلامی لەدژی ئیسرائیل یان نا، نیگەرانییەکی زۆری سەبارەت بە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ لەنێوان ئەو دوو وڵاتەی لە نێو خەڵکدا دروست کردووە. ڕاگرتنی سێبەری شەڕ بەسەر سەری خەڵکی ئێرانەوە، ئامانجەکەی بریتییە لە لاوازکردنی بزووتنەوە سیاسی و ئابوورییەکانی نێوخۆی وڵات و ڕزگارکردنی ڕژیم لە داوی ئەو قەیرانە چارە هەڵنەگرانەی کە تێیدا گرفتار بووە. بەڕێوەچوونی ئاکسیۆن و چالاکیی دژ بە شەڕ لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات دەتوانێت گوشارێک بێت بۆ سەر کۆماری ئیسلامی، بۆ ئەوەی نارچاری بکات لەبری پێداگری کردن لەسەر تۆڵەسەندنەوەی ڕووداوی کۆنسوڵگەرییەکەی، هێزەکانی لە سووریا بکێشێتەوە و کۆتایی بە حزووری پڕ هەزینەی سپای پاسداران لەو وڵاتە بهێنێت، کە بەردەوام ئامانجێکی ئاسان و بەردەستن بۆ ئیسرائیل.

بابەتی پەیوەندیدار

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-

وتارێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئەمن کردنی کار

-

کەمپینی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین تا دێت بەربڵاوتر دەبێت

-

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-