کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

سیناریۆی تێکراری وتووێژەکان سەبارەت بە دیاریکرانی لانیکەمی حەقدەست

جەلەسەکانی شوڕای باڵای کار سەبارەت بە دیاریکرانی لانیکەمی حەقدەستی کرێکاران لە ساڵی ٩٧ دا، تا کۆتا کاتژمێرەکانی ساڵی ٩٦، درێژەی پێدرا. کارگەردانانی سیناریۆی دیاریکردنی لانیکەمی حەقدەست، وایان پیشاندا کە گۆیا وتووێژێکی چڕ و دژوار لە نێوان بەناو نوینەرانی کرێکاران و نوێنەرانی خاوەنکاران و نوێنەرانی دەوڵەتدا لە ئارادا بووە. بەڵام سەبارەت بە ناوەرۆکی ” چەنە لێدانەکان” لەم کۆبونەوە بە ناو چڕ و پڕانەدا دوو ڕیوایەت بوونی هه‌یه‌. تەشخیسی ئەوەی کە لەم دوو ڕیوایەتە کامیان لە ڕاستیەوە نزیکترن، کارێکی دژوار نییە.

رۆژنامەی “سەدایی ئیسلاحات”، چاپی تاران ڕاپۆرتێکی لە ناوەرۆکی ئەم ” چەنە لێدانانە” بڵاو كردووته‌وه‌. ئەم رۆژنامەیە لە ژمارەی رۆژی ٢٨ ی مانگی ڕەشەمەی پارەکەیدا، ئاست و سنوری چەنەلێدانەکان روون دەکاتەوە و دەنووسێ:” لە جەلەسەکانی شوڕای باڵای کاردا، نوێنەری گوروپی کرێکاری، پێشنیاری زیاد کرانی ٢٩ لەسەدی لانیکەمی حەقدەستی هێناوەتە گۆڕێ. ئەوە لە حاڵێکدایە کە نوێنەری گوروپی خاوەنکاران پێداگرییان لەسەر زیاد کرانی ١٠ لەسەدی لانیکەمی حەقدەستی کردبوو، بەڵام دەوڵەت بۆچونێکی دیکەی هەیە و زیاد کرانی ٢٠ لەسەدی لانیکەمی حەقدەستەکانی پێشنیار کردوە.”

بەڵام عەلی خودایی ئەندامی بەناو کرێکاری ” شوڕای باڵای کار” لەم وتوێژەدا بە هەواڵنێری کاری ئێران دەڵێت:” گوروپی کرێکاری لەسەر ڕەقەمێکی ٢ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار تمەنی وەک بنەمای لانیکەمی حقوق پێداگری کردوە” و لە درێژەدا ئەنووسێ:” زیاد کرانی ١٩،٨ لەسەدی لانیکەمی موزد، ئەگەرچی هەنگاوێکە روو بە پێشەوە بەڵام بە هیچ شێوەیەک جێی ڕەزامەندی نییە و هیوادارین بە تێپەڕبوونی کات هاوبەشە کۆمەڵایەتیەکانی ئێمە کرێکاران، واتە دەوڵەتەکان و خاوەنکاران ئەم ڕاستییە سەلمێندراوە هەست پێبکەن کە زیاد کرانی حەقدەست، نابێتە هۆی ئاژاوە لە بازاڕی کاردا.”69

لە کۆتاییدا عەلی ڕەبیعی، وەزیری تەعاون، کار و ڕیفاهی کۆمەڵایەتی، لە دەقیقەی نەوەد دا نەتیجەی ئەو یاریە گاڵتە جاڕانەی کە لەسەر، بە واتای ڕاستەیقینەی وشە، ژیانێکی مەمرە و مەژی بنەماڵەیەکی کرێکاری لە ئارادایە، لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵنێریی ئیرنادا ڕاگەیاند و دەڵێ: “وتووێژێکی چڕ و پڕ لە ئارادا بووە و ئاکامەکەشی ئەوە بوو کە، بەپێی بڕیاری شوڕای باڵای کار نزیکەی ٢٣٠ هەزار تمەن بە لانیکەمی دەریافتی کرێکارانی خاوەن منداڵەوە لە ساڵی ٩٧ دا زیاد دەکرێت، هەڵبەت دەزانین کە هێشتا مەودایەکی زۆرمان ماوە تا گەیشتن بە بارودۆخێکی گونجاوی بەڕێچوونی کرێکاران.”

ئەم بڕیارە لە حاڵێکدا دەدرێت کە تەنانەت پێچەوانەی بەندی ٢ لە مادەی ٤١ ی قانونی کاری نیوەوناتەواوی پەسندکراوی مەجلیسی ئیسلامییە کە تێیدا جەخت کراوەتەوە کە ڕەقەمی حەقدەست دەبێ گونجاو لەگەڵ سەبەدی بەڕێچوونی بنەماڵەدا دیاری بکرێت. و دیسان بەپێی محاسباتی سەرچاوەکانی خودی ڕژیم سەبەدی لانیکەمی بەڕێچوونی بنەماڵەیەکی کرێکاری بە حیساب کرانی مەسکەن و کالا ئەساسیەکانی جێی پێداویستی رۆژانەی کرێکاران لە سنوری هێڵی هەژاری بۆ ئەمساڵ ٣ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار تمەن حیساب کراوە. ڕەقەمی واقعی بۆ بنەماڵەیەکی ٤ کەسی لە نزیک هێڵی هەژاری دەگاتە ٥ ملیۆن تمەن لە مانگدا.

ئەم یارییە فریوکارانەیە هەموو ساڵێک بە سیناریۆیەکی هاوشێوە تیکرار دەبێتەوە و لە کۆتاییدا دەوڵەت کە خۆی لە هەمانحاڵدا گەورە ترین خاوەنکارە، هەرچیەکی دیاری کردبێت، هەرئەوەیە. لە ئاخیزەکانی مانگی بەفرانباری ڕابردو بەم لاوە کاربەدەستانی ورد و درشت، لە خامنەیی و روحانیەوە فێربوون، کە بڕیارە دژی کرێکاری و دژی خەڵکیەکانیان لە ژێر پەردەی مەزلومنمایانەدا بە پەیڕەوی لە ڕەوزەخوێنەکانی مانگی موحەڕەم، ئیرایە بدەن. بەم جۆرەیە کە وەزیری کار دەڵێت:” حەقدستەکان لە ئاستێکی باشدا نین”، ئیسماعیل زەریفی وه‌زیری كلی ره‌وابتی کار لە تەلەویزیۆنی ئێران دان بەوەدا دەنێت کە:” لە ئێران حەقدەستی کرێکار لەژێر ٥ لەسەدی هەزینەی تەواو بووی کالا دایە و ئەمەش نزم ترین ئاستی حەقدەستە لە دنیادا.” بەڵام لە کۆتاییدا و بە گشت ئەمانەوە ئەوەی کە بە شێوەی ئاشکرا و عەینی روو ئەدات سەرکوتی ناڕەزایەتی خەڵکێکە کە باسی ئەم ڕاسیتیانە ئەکەن و داسەپاندنی حەقدەستی زیاتر لە ٤ جار لەژێر هێڵی کەژاری بەسەر کرێکاران دا.

چینی کرێکاری ئێران بەم حەقدەستە دیاری کراوەوە بێ گومان ساڵێکی دژواری لەبەردەم دایە. هەر ئێستا بەشێکی گەورە لە کرێکارانی ئێران نە تەنیا لەگەڵ گرفتی لە خوارە بوونی ئاستی حەقدەست، بەڵکوو لەگەڵ نەدرانی لە کاتی خۆیدای ئەم حەقدەستانە و بێکارسازیە بەرینەکانیشدا بەرەو روون. سیناریۆی هەموو ساڵەی دیاری کرانی لانیکەمی حەقدەستەکان ماوەیەکە کە ئیتر سەرنجی کرێکاران بۆ لای خۆی ڕاناکێشێت. هەموان لەگەڵ چەند و چۆنی ئەم شانۆگەریە گاڵتەجاڕانەیەدا ئاشنان و چاوەڕێی موعجیزەیان لێی نییە. لەم ڕوەوە تەنیا ڕێگای بەرگرتن لە بەردەوامی ئەم ژیانە دژوار و موسیبەت بارە و لەنێوچوونی ژیانی چینی کرێکار، خەباتێکی ڕیکخراوە، لە دەرەوەی بازنەی ئەم چەنە لێدانە فریوکارانەیە. زیاد کرانی حەقدەستی کرێکاران، تەنیا دەتوانێ ئاکامی خەباتی ڕاستەوخۆی خۆیان بێت.هاوسەنگی هێزی سەرچاوە گرتو لەم تێکۆشانەیە کە دەتوانی دەوڵەت و خاوەنکاران وادار بە پاشەکشە بکات. دەوڵەت بە لەبەرچاو گرتنی ناوەندەکانی ژێر کۆنترۆڵی سپای پاسداران، زیاتر لە ٨٠ لەسەدی بونگاکانی بەرهەمهێنان، خزمەتگوزاری و بازرگانی ئێرانی لە ئییختیار دایە. بێ گومان ٢٠ لەسەدی مابەقیش بەرژەوەندی خۆیان لە پەێڕەوی و شوێن کەوتنی سیاسەتەکانی ڕژیمدا دەبینن. لە بەرانبەر ئەم مافیای هێز و سەروەتەدا، ڕێگایەک بێجگە لە خەباتێکی یەکگرتوانە و سەرتاسەری بوونی نییە. خەبات لە کارخانە و کارگا و مەزرادا دەبێ گرێ بدرێتەوە بە خەبات لەسەر شەقام و زانکۆکاندا. تۆڕەکانی پێکهێنەری پێوەندی دەبێ دروست بکرێت و بەهێز بکرێن. وەها نەبەردێک و ئاوا ئاستێکە کە ده‌توانێ ئەم ڕژیمە لە بەرانبەر داواکاری کرێکاراندا بە چۆکدا بێنێ و سەرئەنجام لە گۆڕەپانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا بیسڕێتەوە.