سیمای چینایەتی پەروەردە لە ئێران
سیستەمی پەروەردەی هەر وڵاتێک نەک هەر داهاتووی جیلە نوێیەکان دیاری دەکات، بەڵکوو ئاوێنەیەکی باڵانوێنیشە کە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و چینایەتی کۆمەڵگا نیشان دەدات. چاوخشاندنێک بەسەر ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی ئەمساڵ لە ئێران وێنەیەکی هەژێنەر لە قووڵایی نایەکسانی چینایەتی لە سیستەمی پەروەردەی ئێراندا دەخاتە ڕوو. ئاماری تاقیکردنەوەکانی وەرگرتنی ئەمساڵ ئاوێنەیەکی لێڵە سەبارەت بە دۆخی ڕاستەقینەی پەروەردە لە ئێران. بە پێی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکانی ئێران، نزیکەی نیو ملیۆن کەس لە تاقیکردنەوەی وەرگرتنی ئەمساڵ بەشدارییان کرد. ئەنجامە ڕاگەیەندراوەکان نایەکسانییەکی قووڵی چینایەتی نیشان دەدەن. سیستەمی پەروەردەی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، لەسەر چوار جۆر قوتابخانە دامەزراوە کە هەریەکەیان ئاستێکی جیاواز لە ئیمکان و دەرفەت پێشکەش بە خوێندکاران دەکەن:
یەکەم: قوتابخانە ئەهلییەکانی سەمپاد، کە کورتکراوەی (ڕێکخراوی میللی پەرەپێدانی بەهرە درەوشاوەکانە) و لە لوتکەی هەرەمی پەروەردەدایە. ئەم قوتابخانانە بە ئیمکاناتێکی زۆر و مامۆستای بە ئەزموون و شێوازی پێشکەوتووانەی وانەوتنەوە، ژینگەیەکی گونجاو بۆ پەرەپێدانی بەهرەکان دابین دەکەن.
دووەم: قوتابخانە ئەهلییە قازانج نەویستەکان، کە هەرچەندە لە ئاستی دووەمدان، بەڵام هێشتا بە بەراورد بە قوتابخانە حکومییەکان، کوالێتی و ئیمکاناتێکی پەروەردەیی باشتریان.
سێیەم: قوتابخانە نموونەییە حکومییەکان، کە هەوڵدەدەن کوالێتی بەرزتر لە قوتابخانە ئاساییەکان دابین بکەن، بەڵام ڕووبەڕووی کێشەی بودجە دەبنەوە.
چوارەم: قوتابخانە حکومییە ئاساییەکان، کە زیاتر لە ٧٠ لەسەدی خوێندکارانی وڵات لەخۆ دەگرن و خاوەنی کەمترین ئیمکانات و دەرفەتن.
ئامارە بڵاوکراوەکان نمرە هەرە بەرزەکانی تاقیکردنەوەی وەرگرتن لەم چوار جۆرە قوتابخانەیە بەم ڕیزبەندییەی خوارەوە نیشان دەدات: ٧٨ لەسەدی نمرە بەرزەکان لە قوتابخانە ئەهلییەکانی سەمپادن، ١٠ لەسەد لە قوتابخانە ئەهلییە قازانج نەویستەکان، ٨ لەسەد لە قوتابخانە نموونەییە حکومییەکان و سفر لەسەد لە قوتابخانە حکومییە ئاساییەکان، واتە ئەو قوتابخانانەی کە زیاتر لە ٧ لەسەدی خوێندکاران لە سەرتاسەری وڵات لەخۆ دەگرێت. ئەم ئامارانە ئاماژەن بۆ نایەکسانی قووڵی چینایەتی لە سیستەمی پەروەردەی کۆماری ئیسلامیدا و بە ڕوونی ئەوە دەردەخەن کە قوتابخانە حکومییە ئاساییەکان کە زۆرینەی ڕەهای خوێندکارانی وڵات لەخۆ دەگرن، تەنانەت یەک نمرەی بەرزیان بەدەست نەهێناوە. جگە لە نایەکسانی چینایەتی، کەلێنی جوگرافیش لە ئەنجامی تاقیکردنەوەکاندا بەرچاو دەکەوێت. پارێزگای خوزستان کە زیاتر لە یەک ملیۆن خوێندکاری تێدایە، تەنها پێنج لەسەدی ڕیزبەندی نمرە بەرزەکانی وڵاتی هەیە. ئەوە لە کاتێکدایە کە کۆی گشتی بەشداربووانی تاقیکردنەوەی وەرگرتن ٥٠٠ هەزار کەس بووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ قووڵایی نایەکسانی نێوان ناوچە پێشکەوتووەکان و ناوچە بێبەشەکان. بە ڕوونی ئەوە دەبینین کە سەرکەوتنی پەروەردەیی لە ئێران بە شێوەیەکی سەرەکی بە سامان و ئیمکانی دەستڕاگەیشتن بە قوتابخانە تایبەتەکانی وەک سەمپاد و قازانج نەویستەکان مومکین دەبێت، نەک لەسەر بنەمای دادپەروەری و دەرفەتی یەکسان. خوێندکارە بەهرەمەندەکانی ناوچە بێبەشەکان و قوتابخانە حکومییەکان، تەنانەت سەرەڕای بەهرەکانیشیان، دەرفەتی گەیشتن بە پێگەی شایستەی خۆیان نییە. دۆخێکی لەو چەشنە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە بوودجەی پەروەردەی ئێران نزیکەی ١٠ لەسەدی کۆی گشتی بودجەی ئێرانی بەر دەکەوێت. ئەو جیاوازییە گەورەیەی کە لە دەرکەوتنی بەهرەکان لە کاتی تاقیکردنەوەیەکی وەک وەرگرتن بەرچاو دەکەوێت، دەگەڕێتەوە بۆ ئەم ڕاستییە. قوتابخانە ئەهلییەکان و قوتابخانەی سەمپاد، بە وەرگرتنی کرێی خوێندنی بەرز و پاڵپشتی تایبەت، توانای پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پەروەردەیی باشتر و دامەزراندنی مامۆستای شارەزاتر و بەکارهێنانی ئامێری پێشکەوتووتریان هەیە. لە بەرامبەردا قوتابخانە حکومییە ئاساییەکان لەگەڵ نەبوونی ئیمکانات و قەرەباڵغی پۆلەکان و نەبوونی ئامێری گونجاو بەرەوڕوون.
ئاشکرایە کە ئەم دۆخە کەلێنی چینایەتی لە کۆمەڵگادا قووڵتر دەکاتەوە. خوێندکارانی سەر بە بنەماڵە دەوڵەمەندەکان کە توانای دابینکردنی تێچووی خوێندنگە ئەهلییەکانیان هەیە، دەرفەتی باشتریان هەیە بۆ چوونە ناو زانکۆ بەناوبانگەکان و سەرەنجام دەرفەتی کاری گونجاوتر بەدەست دەهێنن.
کاتێک وەبەرهێنان لە ژێرخانی پەروەردەی حکومەتدا ناکرێت، کاتێک قوتابخانەکان بە ئامێر و کەرەستەی فێرکاری تەیار ناکرێن، کاتێک ژمارەی قوتابیان لە پۆلێکدا دوو بۆ سێ هێندەی ڕێژەی ئاساییە، کاتێک مامۆستایەک ناچارە شەوانەش کاری دووەم بکات بۆ ئەوەی بتوانێت بژێوی ژیانی دابین بکات و بە شەکەتی و ماندوویی دەچێتەوە سەر کلاسەکانی دەرس و تەنانەت ئەو مووچە کەمەکەش لە کاتی خۆیدا وەرناگرێت، چ ئەنجامێکی باشتر لەوەی کە لە تاقیکردنەوەی وەرگرتنی ئەمساڵدا شایەتی بووین، بەدەست دێت. لە ناوچە بێبەشەکان و قوتابخانە حکومییەکاندا گەلێک بەهرەمەند هەن کە بەهۆی دەستڕانەگەیشتن بە ئیمکاناتی گونجاو دەرفەتی گەشەکردنیان لێ زەوت دەبێت. کاتێک خوێندکارانی قوتابخانە حکومییەکان دەبینن کە سەرەڕای هەوڵەکانیان، ناتوانن بە شێوەیەکی دادپەروەرانە کێبڕکێ بکەن، مەیلی خوێندنیان کەم دەبێتەوە و هەستکردن بە بێهیوایی تێیاندا گەشە دەکات. زیادبوونی ژمارەی ئەو خوێندکارانەی کە واز لە خوێندن دەهێنن بۆ ئەم ڕاستییە دەگەڕێتەوە.
جگە لەوەش شێوازی وانەوتنەوە لە قوتابخانە حکومییەکان نازانستییە و دوورن لە دەستکەوتی سەردەمیانە لە بواری پەروەردەدا. لەم قوتابخانە حکومییانەدا، بەهۆی زۆری قوتابیان و قەرەباڵغی پۆلەکان و نەبوونی کاتی پێویست و نەبوونی تاقیگە، کارگا و کەرەستەی فێرکاری، مامۆستا بەتەنها خۆی بووەتە جەمسەری هەموو پەروەردەکان. ئەم شێوازە دەرفەت و ئیمکانی توێژینەوەی بەکۆمەڵ و ئاڵوگۆڕی بیرۆکە و بەشداریکردن لە بوارە جیاجیاکان لە خوێندکاران زەوت دەکات و ناچار دەبن بەهرەکانی خۆیان بە لەبەرکردنی ئەوەی کە مامۆستا پێیان دەڵێت نیشان بدەن.
جگە لەوەش لە قوتابخانە حکومییەکانی ئێران، گرنگییەکی ئەوتۆ بە وەرزش و پەروەردەی جەستەیی و کاریگەری بنیاتنەرانەی لەسەر منداڵان و لاوان نادرێت. منداڵان و تازەلاوان بەهۆی نەبوونی شوێنی گونجاو لە شار و گوندەکەیان و هەروەها لەبەر ئەوەی لە شوقە و خانووی بچووک و قەرەباڵغدا دەژین، شوێنی یاریکردن و وەرزشکردنیان نییە. فەزای تەنگ و بەرتەسکی قوتابخانەکانیش بە هیچ شێوەیەک ئەو دەرفەتە بە خوێندکاران نادات. تێپەڕبوون لەو هەلومەرجە سەخت و مەینەتبارەی پەروەردە لە ئێران، تەنیا بە هاتنە مەیدانی هێزی بەرینی قوتابیان، خوێندکاران، موعەلیمان و مامۆستایانی خەباتگێڕ و بە گرێدانی خەبات و تێکۆشانی ئەوان بە خەباتی کرێکاران و بەشە ناڕازییەکانی دیکەی کۆمەڵگاوە مومکین دەبێت. هاوپشتییەکی لەم چەشنە نەک هەر دەتوانێ سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ کوشتنی بەهرە و توانایی لاوانی ئێران پووچەڵ بکاتەوە، بەڵکوو زەمینە بۆ ڕزگارکردنی کۆمەڵگای ئێران لە چنگ دەسەڵاتی کۆنەپەرستی ئیسلامیی خۆش بکات.