کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

سیاسەتە دژی ئینسانیەکانی یەکیتی ئوروپا بۆ بەرگرتن لە چوونی پەنابەران بۆئەم قارەیە

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێریەکان، دوێنێ دووشه‌ممه‌ رێكه‌وتی ٣٠ی خاكه‌لێوه‌، چوار بەلەم کە هەڵگری سەدان پەنابەری ئافریقایی بوون لە دەریای مەدیتەرانەدا وەرگەڕان و سەرنشینەکانی نقوم بوون. سەرۆک کۆماری ئیتالیا باسی لە روودانی تراژیدیایەک لە دەریای مەدیتەرانەدا کرد و ڕایگەیاند، “سەدان پەنابەر کە دەیانویست خۆیان بگەیەننە سنورەکانی ئوروپا، لە دەریای مەدیتەرانەدا غەرق بوون”. ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان باس لەوە دەکەن کە ژمارەی ئەو کەسانەی خنکاون زیاتر لە ٤٠٠ کەسە. ئەمرۆ ئیتر نقوم بوونی پەنابەران لە دەریای مەدیتەرانەدا بۆتە رووداوێکی رۆژانە. ژمارەی ئەو ئینسانانەی تەنیا لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردودا لە رێگا جۆراو جۆرەکانی دەریای مەدیتەرانەدا گیانیان له‌ده‌ست داوه‌ زیاتر لە چوار هەزار کەس بووە.
یەکێتی ئوروپا بۆ بەرگرتن لە چونی پەنابەران چەند ” ڕیگاچارەیەکیان” گرتوەتە پێش کە یەک لە یەک دژی ئینسانی ترن. با بزانین ئەم ” ڕێگاچارانەی” سەرانی ئوروپا چێن:یەکەم، گێرانەوەی پەنابەران بۆ ئەو وڵاتانەی کە لێیەوە هاتوون. زیاتر لە ٩٠ لەسەدی پەنابەران لە ناوچە شەڕ لێدراوەکانی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست و ئافریقاوە دێن. ئەوان لە وڵاتەکەی خۆشیاندا ئاوارە و بێ سەرپەنا کراون. گێڕانەوەیان واتە سەرلەنوێ کردنیان بە گەروو مەرگدا. ئایا وڵاتانی پێشکەوتوی سەرمایەداری و لەوانە دەوڵەتانی ئوروپایی دەتوانن حاشا لە بەرپرسیاریەتی خۆیان لە بەرانبەر بەرپا کەردنی شەڕە ڕاستەوخۆ یان به‌ نوێنه‌رایه‌تی ئه‌وان لە هیچ شوێنێکی ئەم دنیایە و لەوانە لە خاوەرمیانە و ئافریقا کە هۆکاری ئاوارە بوونەکانە بکەن؟ هێشتا حەفتەیەک لە ده‌دان پێدانانی ئۆباما سەرۆک کۆماری ئامریکا سەبارەت بە هەڵەکانی دەوڵەتەکەی لە لیبی تێنەپەڕیوە. گەندەڵی دەوڵەتی فەرانسە لە دەورەی سەرۆکایەتی سارکۆزی سەرۆک کۆماری پێشو، لە پێوەند لەگەڵ ئەو ڕشوە زۆرەی کە لە قەزافی حاکمی لیبی وه‌ری گرتبوو، هێشتا له‌سەر زارانە‌. دەوڵەتی فەرانسە و باقی دەوڵەتانی ئوروپایی لە ترسی قوڵ بوونەوەی بارودۆخی شۆڕشگێڕانە لە لیبی و نە تەنیا لە لیبی، بەڵکو لە باقی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکوری ئافریقا، ئاگاهانە هەوڵیان ئەدا تا بارودۆخێکی جەنگی بەسەر ئەم وڵاتانەدا زاڵ بکەن و لەم ڕێگایەوە بەر بە روودان و یان بە ئاکام گەیشتنی شۆڕشە خەڵکی و جەماوەریەکان، کە پەتەیان دەخاتە سەرئاو و بەرژەوەندیەکانیان دەخاتە مەترسیەوە، بگرن. 694
ئیستعمارگەرانی ئوروپایی تا توانیان سەروەت و سامانی سروشتیی ئافریقایان تاڵان کرد و کاتێکیش ئەوێیان چۆڵ کرد، لەدوای خۆیان دەیان گیروگرفتی پڕ ئازاری کۆمەڵایەتی و ناکۆکی قەومی و قەبیلەیی و مەزهەبیان جێهێشت. تا توانیان لە سەمەرەی کاری هەرزانی خه‌ڵكی ئه‌م قاره‌یه‌ لە وڵاتانی ئوروپاییدا سەروەت و سامانیان کەڵەکە کرد، بەڵام دەوڵەتەکانی ئەمرۆشیان، کە لەسەر سەروەت و دەسەڵاتی ئیستعمارگەرانی دەورەکانی ڕابردوو پاڵیانداوه‌ته‌وه‌، لە بەرانبەر بارودۆخێکی فەلاکەتباردا کە بەسەر ژیانی ئەم خەڵکەیاندا سەپاندوە، بەرپرسیاریەتی قەبوڵ ناکەن. ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئێستاش لێشاوی سەروەتی خەڵکی ئەم قاڕەیە بەرەو ئوروپا لەڕێدایە. ئەگەر تەنانەت قەبوڵی نەکەین کە پەنابەرانی ئافریقایی لە دەست برسیەتی و فەلاکەتی ئابووری ڕادەکەن و بەشوێن کار و ژیانێکی باشتردان، دیسانیش ئەمە پرسیارە کە کێ ئافریقای تاڵان کردوە و بە دواکەتویی هێشتویەتەوە و لە داوی برسیەتی و گەلێک نەخۆشی مەترسیداردا وێڵ کردوە. سەبەبکاری کوشتاری بەملیۆن کەس لە ئەلجەزایر و شوێنەکانی تر، کام دەوڵەت و کامە ئەحزابی سیاسیان بوون؟ مەگەر بێجگە لەوەیە کە هەر ئەوانە لەمرۆشدا دەسەلاتدارن؟ ئایا ئەوان ئێستاش دەرێژە بە تاڵان و بڕۆی خۆیان لەم قارەی هەمیشە برسیەدا نادەن؟
دووهەم، توند بوونەوەی سیاسەتی دژی پەنابەری لە وڵاتانی ئوروپاییدا. ڕاستیەکەی ئەوەیە کە پەسند کرانی بەردەوامی قانونی دژی پەنابەری لە ئوروپا تەنیا داوێنگیری پەنابەران نابێت. ئەم قانونانە و ئەم سیاسەتانە لە هەماحاڵدا ئەم وڵاتانە لەباری ئەخلاقیشەوە بەرەو دواوە دەبەنەوە. ئەم جیهەتگیریانە ڕێگا بۆ بە دەسەڵات گەیشتنی ئەحزابی دەستە ڕاستی زیاتر خۆش دەکەن. بە دەسەڵات گەیشتنی ئەم حیزبانە بە واتای ئەوەیە کە لە هەنگاوەکانی دواتردا هێرش دەکرێتەسەر هەموو ئەو دەستکەوتە پێشڕەو و ئینسانیانەی لە بواری کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسیەکاندا لە ماوەی ساڵانێکدا خەباتی چینی کرێکار بەسەر دەوڵەتەکانیدا سەپاندوە. ئەم هێرشە ئێستا دەستی پێکردوە. زۆربەی خەڵک لە وڵاتانی ئوروپایی و له‌پێش هەمواندا چینی کرێکاری ئەم وڵاتانە، قوربانیانی دواتری ئەم سیاسەتانەن. دەوڵەتانی ئوروپایی ئەگەر لە بەرەو پێشەوە بردنی ئەم سیاسەتانەدا سەرکەوتو بن، ئینسانیەت لە خودی ئەم وڵاتانەشدا دەکەنە قوربانی. بە هەست کردن بەم ڕاستیەیە کە شاهیدی پێشوازی سەمیمانە و ئینسانیی بەشێکی زۆری خەڵکی ئوروپاین لە پەنابەران.
سێهەم داخستنی سنورەکان و بەرتەسک کردنەوەی عەمەلیاتی ڕزگار کردنی دەریایی بەم هۆكاره‌ کە ئەم خزمەتگوزاریانە هاندەرن بۆ هاتنی پەنابەری نوێ. یەکێتی ئوروپا بەپێی قەرارێکی تەوافوق لەسەر کراو و ڕەسمی بڕیاری داوە کە عەمەلیاتی ڕزگار کردنی پەنابەران بەرتەسک بکاتەوە. گۆمان لە دژی ئینسانی و جەنایەتەکارانە بوونی ئەم پاساو و دەلیلە نییە. ناوگانەکانی دەریایی و هەوایی ئوروپا تەیار بە پێشکەتو ترین تێکنولۆژی ئەم سەردەمە، توانایی کۆنترۆڵ کردنی بست بە بستی دەریای مەدیتەرانەیان هەیە. ئەوان دەتوانن کە هەموو بەلەمێک لە خاڵی حەرەکەتیەوە تا گەیشتنی بە مەقسەد بەوردی چاودێری بکەن و بەرلەوەی کە ئەم قایقە بکەوێتە حاڵەتی نوقم بوونەوە، بچن بە هانایەوە و ڕزگاری بکەن. بەڵام ئەوان ئاگاهانە ئەم تواناییەیان بۆ ڕزگار کردنی گیانی پەنابەران بەکار ناهێنن. تەنانەت ئەگەر ئەنگیزەی گەلێک ناڕەوای ئەوانیش لە بەرتەسک کردنەوەی عەمەلیاتی ڕزگار کردن بۆ بەرگرتن لە چوونی پەنابەران بۆ ئوروپا قەبوڵ بکەین، دیسانیش ڕاستیەکە ئەوەیە کە لەم ڕێگایەوە بەر بە شەپۆلی ئەو پەنابەرانەی لەدەست مەرگ و هەژاری ڕایان کردوە، ناگیرێت. ڕاپۆرتی سازمانی لێبوردنی نێونەتەوەیی لەم بارەیەوە ئەڵێ کە بەرتەسک کردنەوەی عەمەلیاتی ڕزگار کردن نە تەنیا لە شەپۆلی کۆچبەری کەم نەکردۆتەوە، بەڵکو تەنیا ” زیاتر بوونی مەرگی کۆچبەران و پەنابەرانی” بەشوێنەوە بووە.”دەوڵەتانی ئوروپایی هەوڵ ئەدەن بە یارمەتی ڕاگەیەنەده‌راوکانیان بەرپرسیاریەتی خۆیان لە بەرانبەر ئاوارە بوونی بەملیۆن ئینساندا لە وڵاتانی شەڕ و هەژاری لێدراو ڕەد بکەنەوە، پێویستە ئەم هەوڵانە لەقاوبدرێن و ڕێسوا بکرێن.