کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

سۆسیالیزم تەنیا ئاڵترناتیوی ڕزگاری بەخشی خەڵکی ئێران

قەیرانی ئابووری سەرمایەداری ئێران قوڵتر بۆتەوە. پەرەسەندی هەژاری و خێڵی ملیۆنی بێکاران، نزم بوونەوەی ئەرزشی دراوی ڕەسمی، تەوەڕوم و گرانی روو لە زیاد بوون، لە نیشانە بەرچاوەکانی ئەم بارودۆخە شپرزە ئابووریەن. نە دەوڵەتی روحانی و نە هیچکام لە باڵەکانی دیکەی نێوخۆی حکومەت نە تەنیا توانایی کۆنترۆڵ کردنی ئەم قەیرانەیان نییە، بەڵکو خۆیان بوونەتە هۆکاری تەشەنە سەندنی زیاتری.

لەسەر ناوەرۆکی ئەم بارودۆخە قەیراناویە ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاری لەدژی بارودۆخێکی فەلاکەتبار کە بەسەر کار و ژیان و بەڕێچوونیاندا سەپاوە پەرەی سەندوە. ئاخیزی جەماوەری و سەرتاسەری بێبەشان و ستەم لێکراوانی ئەم کۆمەڵگایە لە مانگی بەفرانباری ئەمساڵدا زەرفیەتێکی گەورە کە لە ناخی ئەم کۆمەڵگایەدا بۆ ڕزگار بوون لەدەست ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و ئاڵوگوڕی بنچینەیی بوونی هەیە، نیشاندا.

هۆکار و فاکتۆڕەکانی دەخیل لە بارودۆخی ئێراندا، دوور نمای حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی لێڵ و تاریک کردوە. دەورەی پەرەدان بە خۆشباوەڕی بە ناو ئیسلاحی ڕژیم لە ڕێگای هەڵبژاردنەکانەوە، و ڕێکاری گاڵتەجاڕانەی وەک بەڕێوەبردنی ڕێفڕاندۆم لەژێر حاکمیەتی ئەم ڕژیمەدا کۆتایی هاتوە. ڕاستیەکەی ئەوەیە کە نە تەنیا کۆماری ئیسلامی و ئیسلاح خوازانی حکومەتی، بەڵکو هیچکام لە بەشە جۆراو جۆرەکانی ئوپوزسیۆنی بۆرژوایی ئێرانیش ڕێگایەکی عەمەلییان بۆ کۆتایی هێنان بە قەیران و دواکەتویی ئابووری و پەرەگرتنی هەژاری و بێکاری و خەسارە کۆمەڵایەتیەکان لەم وڵاتەدا نییە. ئەم هێزانە ڕێگا چارەیان بۆ کۆتایی هێنان بەم قەیرانە ئابووریە لە باشترین حاڵەتدا سپاردنی بەڕێوەبردنی ئابووری وڵات بە دەستی مودیرانی تێنکوکڕات، ئاسایی کردنەوەی مناسبات لەگەڵ رۆژئاوا و لابردنی کۆسپە سیاسیەکان لەسەر ڕێگای تێکەڵ بوونی زیاتری سەرمایەداری ئێران لە بازاڕی جیهانیدا و دواتر ئیجرای بەرنامە ئابووریە نیئۆلیبڕاڵیەکانە. ئەم جۆرە نوسخە پێچانەوەیە بۆ چارەسەر کردنی قەیرانی سەرمایەداری ئێران لە حاڵێکدایە کە سیاسەتە ئابوورییە نیئۆ لیبڕاڵیەکان لە هەموو وڵاتانی دواکەوتوی سەرمایەداری وەک ئێران، لە ئاستی دنیادا گەیشتونەتە بونبەست و ئاسەوارەکانی ئیجرای ئەم سیاسەتانە لە ئاستی وڵاتانی پێشکەتوشدا هۆکاری سەرەکی شکڵ پێدەری وێرانی ئێستای جیهانی سەرمایەداری بوون. لە عەینی حاڵدا زل هێزە رۆژئاوایی و لەسەرویانەوە دەوڵەتی ئەمریکا کە هێزە ئوپوزسیۆنە بۆرژواییەکانی ئێران ئیستراتیژی سیاسی خۆیان بە دخاڵەتی ئەوانەوە گرێداوە، نە تەنیا سیاسەت و پرۆژەیەکیان بۆ روخاندنی کۆماری ئیسلامی نییە، بەڵکو گەلێک نیگەرانی ئەو ئاخێزە ڕادیکاڵانەن کە ببێتە هۆی روخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی. ئەوان نەغدی ئەمرۆی کۆماری ئیسلامی کە بە کردەوە ڕێگا بۆ حوزوری سیاسی و نیزامی و دەستەبەر کردنی سودی کەڵان لە ڕێگای پەرەدان بە کێبڕکێی تەسلیحاتیەوە، نادەن بە قەرزی سبەی رۆژێک کە هێشتا نازانن چۆن دەبێت. ئەوان تەنیا دیانەوێ بە گوشار هێنانی کۆنترۆڵ کراو، ئەم ڕژیمە لە ڕاستای دابین بوونی بەرژەوەدیە درێژ ماوەکانی خۆیاندا وادار بە تەسلیم بکەن و زێدە خوازیە ناوچەییەکانی هەوسار بکەن. 

لە بەرانبەر ئەم بارودۆخەدا و هەژاری و فەلاکەتی ئابووری، لەبەرانبەر ئەو جەنایەت و سەرکوتگەری و بێ مافیە سیاسی و کۆمەڵایەتیانەدا کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەسەر چینی کرێکار و خەڵکی زۆرلێکراوی ئێرانیدا سەپاندوە، لە بەرانبەر داماوی و بێ ئاسۆیی و پرۆژەی ئاڵترناتیوسازی بەشە جۆراو جۆرەکانی ئوپوزسیۆنی بۆرژواییدا، سۆسیالیزم تەنیا ئاڵتر ناتیوێکە کە دەتوانێ ئاسۆی ڕزگار بوون بە رووی کرێکاران و خەڵکی ستەم دیتوی ئێراندا بکاتەوە. ئاڵترناتیوی سۆسیالیستی لە مەسیری بەرەو پێش چوونی خۆیدا ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەروخێنێ، ماشێنی دەوڵەتی بۆرژوازی لەگەڵ سەرجەم ئۆرگانە سەرکوتگەرەکانی تێکدەشکێنێ، کۆتایی بە ژیانی مشەخۆرانە و پڕ هەزینەیان و سەرجەم دەزگاکانی تەبلیغی جەهل و خورافە دێنێت و بەرین ترین ئازادییە سیاسیەکان دابین و زەمانەت دەکات.

حکومەتی شوڕاکان، کە کرێکارانی پێشڕەو و شۆڕشگێڕ هەستەی ناوەندیەکەی پێک دێنن، بە ڕێشە کێش کردنی بێکاری و بە کار هێنانی خەللاقییەتی جەماوەرێکی ئازاد و حاکم بەسەر چارەنووسی خۆیدا، سودمەندی بەهەم و گەشەی ئابووری مومکین و زەمانەت دەکات، گرفتی مەسکەن بۆ هەتاهەتایە چارەسەر و ڕیفاه و ئاسودەیی کۆمەڵایەتی دابین دەکات. لە ڕێگای کۆتایی هێنان بە ئیختیلاسەکان، دزی و بە هەدەردانەکانی سەروەتی گشتی لە لایەن چینی دەسەڵاتداری ئێستاوە و نوێنەرانی سیاسیانەوە، بڕێکی زۆر لە وەسایلی بەرهەمهێنان و بەرهەمەکان بۆ کەڵک لێوەرگرتنی گشتی ئازاد دەکات. ئاڵترناتیوی سۆسیالیستی، بە هەڵوەشاندنەوەی مالیکیەتی تایبەت بەسەر ئامرازەکانی بەرهەمهێناندا و بە کۆمەڵایەتی کردنی مالیکیەت بەسەر وەسایلی بەهەمهێناندا، کار لە ئیجبارێکەوە بۆ وەرگرتنی حەقدەست و بەڕێچوون، دەکاتە بابەتێکی دڵخوازانە، کە تەنیا لەسەر بنەمای هەست کردن بە وەزیفە و وڵامدانەوە بە نیازە کۆمەڵایەتیەکان بەڕێوە ئەچێت. کرێکارانی ڕێکخراو لە دەوڵەتی شوراکاندا، لە ڕاستای دامەزراندنی سۆسیالیزم، زانست و تێکنولۆژیدا کە لە چنگ ڕقابەتی سەرمایەداریدا بەند کراوە ئازاد دەکات و لە ئاکامدا، بەرهەمی کار بە خێراییەکی سەرسوڕ هێنەر زیاد دەبێت. سۆسیالیزم، وڵامدانەوە بە نیازەکانی خەڵک، دابین بوونی ژیانێکی پڕ لە ڕیفاه و شیاوی ئینسان دەکاتە ئامانجی بەرهەمهێنان و سەرجەم خزمەت گوزاریەکان و بەرهەمی جێی نیاز و پێداویستی بەشەر لە ئاستێکی زۆردا بەرهەم، و هەموو پێداویستیه‌كی مادەی و مەعنەوی ئینسانەکان دابین دەکات. هەروەها سۆسیالیزم بۆ هەتا هەتایە کۆتایی بە مەترسی قەیرانه‌ وێرانەگەرەکانی ئابووری دێنێت. لە کۆمەڵگای سۆسیالیستیدا ئینسانەکان لە ئیمکاناتی یەکسان و فراوان بۆ گەشەی ئیستعداد و تواناییە فەردیەکان بەهرەمەند دەبێت و تواناییە فەردیەکان شکۆفا دەبەن. لە ئاوا کۆمەڵگایەکدا ئازادی و ڕیفاهی هەر کەسێک شەرتی ئازادی و ڕیفاهی هەموان دەبێت و ئینسانەکان پێدەنێنە بارودۆخی ڕاستەقینەی ئینسانیەوە. سەرجەم شێوازەکانی چەوساندنەوە، نایەکسانی و هەڵاواردنەکانی وەک ستەمکێشی ژن و ستەمگەری نەتەوایەتی دەسڕدرێنەوە، هەڵاواردنی ڕەگەزی و تەنگ نەزەری نەتەوایەتی و نیژادی جێگای خۆیان ئەدەن بە هاوپشتی ئینسانی.

بەڵام دژواری شکڵ گرتنی بەدیلی سۆسیالیستی لەو کۆسپ و بەربەستانەدایە کە لەسەر ڕێگای ڕێکخراو بوونی کرێکاران و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیەکان لە حیزبی سیاسی کومونیستیدا بوونی هەیە. ئەم کۆسپانە دەبێ بناسرێن و لاببرێن. لە هەر حاڵدا ئەم بەربەستانە هەرچیەک بن، ئەم ڕاستیە روون و حاشا هەڵنەگرە کە حیزبی سیاسی کومونیستی نەک لە پەڕاویزی خەباتی کرێکاری و بزوتنەوە ڕادیکاڵە کۆمەڵایەتیەکاندا، بەڵکو لە ناخ و لە دەروونی ئەوان دایە کە دەتوانێ، سەڵاحیەت و توانایی شەكڵدان بە ئاڵترناتیوێکی سۆسیالیستی دەستەبەر بکات. کرێکارانی پێشڕەو و هەڵسوڕاوانی شۆڕشگێڕ و کومونیست تەنیا لە جەریانی حوزوری چالاکانە لە سەرجەم بوارەکانی حەیاتی کۆمەڵایەتی دایە کە پەروەردە ئەبن و بەم واتایە تەنیا لە درێژەی نەبەرد و تێکۆشاندا، ئامادەیی ئەنجامدانی وەها ئەرک و ڕیسالەتێک بەدەست دێنن.

بابەتی پەیوەندیدار

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-