کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

سپای پاسداران هەستی بە مەترسیدار بوونی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئێران کردووە

محەممەدڕەزا یەزدی، فەرماندەی سپای ئوستانی تاران رۆژی یەکشەممە ١٩ ی مانگی سەرماوەز بە ئامادە بوون لە شوڕای شاری تاران باسی لە پێکهێنانی ” گەشتە تایبەتەکانی سپای پاسداران” کرد. ناوبراو لەم جەلەسەیەدا وتی کە سپا ئەم گەشتە تایبەتانەی بە ئامانجی خەبات لە دژی خەسارە کۆمەڵایەتیەکان، بەرگرتن لە دزی و خەبات لەدژی ئەرازل و ئەوباش پێکهێناوە.

ئەوەی کە یەزدی بۆ پاساوی ئەم کارە دەیڵێت، بێ بنەما تر لەوەیە کە پێویستی بە لەقاودان هەبێت. کێ هەیە نەزانێ و قەبوڵی بکات کە گۆیا هەزاران کەسی چەکداری پێکهاتوو لە هێزی ئینتیزامیەکان لە ئاستی تارانی گەورەدا بۆ بەرەنگار بوونەوەی ” گیرۆدە بوان به‌ ماده‌ی هۆشبه‌ر، سواڵکەرەکان، دز و ئەرازل و ئەوباش” و هیتر کە یەزدی لەوان وەک بابەتی کاری گەشتەکانی سپا ناو دەبات، بەس نییه‌ و پێویستە کە سپا وەک بەشێک لە چالاکیە روتینەکانی بێتە ئەم بوارەشەوە؟ روون و ئاشکرایە کە مەسەلە لەسەر خەسارە کۆمەڵایەتیەکان نییە، بەڵکو مەسەلە لەسەر کۆنترۆڵ کردنی سەرجەم کۆمەڵگایە. مەسەلە لەسەر پاراستنی مەوجودیەتی ڕژیمە.

ئەم فەرماندەیەی سپای پاسداران پێش بینی دەکات کە چوونی ڕاستەخۆی سپای بۆ نێو ئەم بوارە ڕەنگە بەرەو رووی دژایەتی کەسانێک لە دەزگای دەوڵەتی روحانیدا ببێتەوە. لەم روەوە لە پێشدا بە زمانێکی زەڕگەری هۆشداری ئەدات و دەڵێ:” سپای تاران ئامادەی وەرگرتنی پێشنیار و ڕەخنەی ئەندامانی شوڕای شار لەو بوارانە دایە”، ئەو داوای لە ئەندامانی شوڕا کرد کە “: ڕەخنە و پێشنیارەکانیان بە شێوەی تایبەت نەک لە تریبوونە گشتیەکانەوە بگەیەننە دەست سپای پاسداران.”

بەر لەوەی کە بچینە نێو وردەکاری زیاترەوە سەبارەت بە ماهیەت، ئاست و کارکردی تەرحی نوێی ” گەشتی سپاوە بۆ بەناو بەرنگار بوونەوە لەگەڵ خەسارە کۆمەڵایەتیەکان”، دەبێ بڵێین کە نەفسی تەرحی ئەم بابەتە دەرخەری دوو واقعیەتە،

یەکەم، ئەوەیكه‌ بۆ فەرماندەی سپا ئاشکرایە کە کۆمەڵگای ئێران چۆتە نیو قۆناغێکی دژوار و هەستیارەوە. سپا نیگەرانی لێو ڕێژ بوونی تاقەت و تەحەمولی خەڵک و روودانی شۆڕشە بەرینە کۆمەڵایەتیەکانە. ئەوەی کە لەمرۆدا بە شێوەی ئازمایشی لە تارانی گەورە بە کردەوە دەردێت، سبەینێ لە هەموو شوێنێکی ئێراندا پەرەی پێئەدەن. دووەم ئەوەی کە سپای پاسداران بۆ کۆنترۆڵ کردنی ئەو مەترسیەی کە لە ئاسۆی کۆمەڵگای ئێراندا ئەیبینێ، متمانەی بە دەوڵەت و هێزە ئینتیزامیەکانی سەربە وەزاڕەتی نێوخۆی نییە. لەم روەوە سپای پاسداران کە بە ڕەسمی لە لایەن خومەینیەوە وەک هێزی پارێزەری نیزام ناسێندراوە، بە ئامانجی ئەنجامدانی ئەم مەئموریەتە، ئاستی چالاکیەکانی لە سەرتاسەری کۆمەڵگادا بەرینتر دەکاتەوە.

لە بەرانبەر ئەم گومانەی فەرماندەی سپادا، دەوڵەتی روحانی دەڵێت کە ئەم بێ متمانەییە، بێ جێیە و دەوڵەتی روحانی خۆی ڕاستەوخۆ دەتوانێ بەرەنگاری ئەم مەترسیە ببێتەوە. هەر لەم پێوەندیەدا سلێمان سامانی، وتەبێژی وەزارەتی نێوخۆ بە هەواڵنێریی ئیلنای وت کە پێڕاگەیشتن بە خەسارە کۆمەڵایەتیەکان و بەرخورد کردن بە ئەرازل و ئەوباش لە بابەتەکانی لە دەستوری کاری شورای کۆمەڵایەتی وڵاتدایە وتی “بەرپرسی ئەم بابەتە بەپێی قانون و پەسند کراوی شوڕای کۆمەڵایەتی وڵات هێزی ئینتیزامیە” و ئەم سازمانەش تا ئێستا داوای یارمەتی نەکردوە.

ئەو هەروەها روونی کردەوە کە بۆ پێڕاگەیشتن بە خەسارە کۆمەڵایەتیەکان، سازمانی ئوموری کۆمەڵایەتی پێکهاتوە و کۆمەڵێک ناوەندی جۆراو جۆر لە چوارچێوەی ئەودا خەریکن هاوکاری دەکەن و ڕاپۆرتی کارەکانیان ئەدەن.

ئاخیزی سبەی ڕۆژی خەڵکی ئێران مۆته‌كه‌ی هەموو رۆژەی سەرانی سپایە. لە ڕاستیدا نیگەرانی حاکمیەتی ئیسلامی لە ئاخێزی خەڵک و ناڕەزایەتی و خەباتیان دەتوانرێ لە کردارەکانی ئەمرۆیاندا و لەوانە لە پێكهێنانی گەشتە تایبەتەکانی سپاشدا ببیندرێت. سپای پاسداران بە ئیجرای ئەم جۆرە تەرحانە هەوڵئەدات بە دروست کردنی فەزای ترس و نیگەرانی لە سەرجەم کۆمەڵگادا بەسەر ئەم ترس و خۆفه‌دا زاڵ بێت. سپای پاسداران بەم جۆرە تەرحانە و بە ڕاگەیاندنی بە شێوەی تەبلیغاتی لە ڕاگەیەنەرەکاندا دەیەوێ ئەوە بە شارۆمەندان بڵێت کە لە هەموو مەسەلەکانی پێوەندیدار بە حەیاتی کۆمەڵایەتی و سیاسی کۆمەڵگەی ئێراندا، قسەی کۆتایی سپای پاسداران دەیکات.

ئەگەر سپای پاسداران متمانەی بە دەوڵەت نییە بۆ ئەنجامدانی ئەرکی سەرکوتی ناڕەزایەتیەکانی خەڵک، زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی ئێران سەبارەت بە هەردوکیان نە تەنیا بێ متمانەن، بەڵکو بێزاریشن. ئەگەر کوللی ڕژیم لە بەرانبەر خەڵکی ناڕازیدا هەست بە ئەمنیەت ناکات، خەڵکیش سپا و دەزگا ئەمنیەتی و ناوەندە دەوڵەتیەکان بە تێکدەری ئەمنیەت و ئاسایشی خۆیان دەزانن.

کۆماری ئیسلامی بەبێ پشت بەستن بە سەرکوتی ئاشکرا ئیمکانی مانەوەی نییە. بەڵام توند کردنەوەی سەرکوت لە هەموو دەورەیەکدا شێوازی تایبەتی خۆی دەوێ. ئەوەی کە لە بڕیاری ئاخری فەرماندەکانی سپادا دەبیندرێت، ئەو ڕاستیەیە کە ئەوان بە شاخەکە هەستیەکانیان کە لە هەموو شوێنیک هەیانە، مەترسیدار بوونی بارودۆخی ئیستایان بۆ مەوجودیەتی کوللی ڕژیم دەرک کردوە. ئەوان حاڵی بوون لەوەی کە گەشتەکانی ئیڕشاد و ئەمنیەتی ئەخلاقی و نەهی لە مونکیر و گەشتە نادیارەکان و هیتر بۆ نیشاندانی چنگ و ددانی خوێناوی ڕژیم بە خەڵک کافی نییە.

هاوسەنگی هێز لە کۆمەڵگای ئێراندا بە قازانجی خەڵکی تێکۆشەر گۆڕاوە. ساڵانی ترساندن و تۆقاندن بەسەر چوون. نە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی توانایی تێکرار کردنەوەی خراپەکاری و جەنایەتەکانی ڕابردوی هەیە و نە کرێکاران و ژنانی خەباتکار لە بەرانبەر ئەم جەنایەتانەدا بێدەنگ دەبن. کرێکاران و خەڵکی ئازادیخوازی ئێران جارێکی دیكه‌ ئەو ڕاستیە بە ڕژیم دەڵێنەوە کە هەوڵدان بۆ ئەمنیەتی کردنەوەی فەزای زاڵ بەسەر کۆمەڵگەدا بە توند بوونەوەی خەبات لەدژی هێزە سەرکوتگەرەکان و لەوانە گەشتە تایبەتەکانی سپا وڵام ئەدرێتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-