به پێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، “موژگان کاووسی” نووسەر و لێکۆڵەری خەڵکی شاری کەلاردەشت، لە لایەن دەزگای قهزایی ڕژیمهوه به ٦٩ مانگ زیندان مهحكووم كرا.
بەپێی ئهم ڕاپۆرته، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی سەرماوەز “موژگان کاووسی”، نووسەر و لێکۆڵەری خەڵکی شاری کەلاردەشت لەلایەن دادگای بەرایی شاری نەوشەهەر بە سێ تۆمەتی جیاواز لهوانه، “ئهندامبوون له یهكێك له حیزبه نهیارهكانی ڕژیم”، “هاندانی خەڵک بۆ دروست کردنی بشێوی و تێکدانی ئاسایشی گشتی” و “پڕوپاگەندە لهدژی نیزام” سەرجەم به ٦٩ مانگ زیندان مهحكووم كراوه. شایانی باسه، “موژگان كاووسی” تەنیا بە تۆمەتی نووسینی پۆستێکی ئینستاگرامی کە نووسیبووی “بێ دەنگی خیانەتە” و لەگەڵ وێنەی گیانبەختکردوانی خۆپێشاندانەکانی مانگی ڕابردووی مەریوان و جوانڕۆ بڵاوی کردبوویەوە، حوکمی ٣٣ مانگ زیندانی بە سەردا سەپاوە. جێگهی ئاماژهیه، موژگان کاووسی لە کاتی دانیشتنی دادگا لە هەبوونی مافی پارێزەر بێبەش بووە و ٢٠ ڕۆژ مۆڵەتی پێدراوە کە تانە لەو بڕیارە بدات. ناوبراو هەر ئەو ڕۆژە و دوای دانیشتنی دادگا بە دانانی وهسیقهی ١٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.