به پێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، پێنج هاووڵاتیی خهڵكی شاری سەقزی کە لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوون، لە لایەن دەزگای قهزایی ڕژیمهوه سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپا.
بە پێی ئهم ڕاپۆرته، پێنج هاووڵاتیی بە ناوەکانی “عەلی قادری، “ئارمیا ڕەنجبەری، هیوا ئەمینی، وریا ئەمینی و ڕەحمان عەلیپوور”، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای ڕژیم له شاری سەقز بە گشتی چوار ساڵ و ١٠ مانگ زیندانیان بۆ بڕاوەتەوە. دادگایی كردنی ئەم پێنج هاووڵاتییە ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی سەرماوەز بەڕێوەچووە و بڕیاری دادگا ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی سەرماوەز پێیان ڕاگەیاندراوە. ئەم پێنج هاووڵاتییە بە تۆمەتی “بانگەشە کردن بۆ پارتی ژیانی ئازادی کوردستان” (پژاک) دادگایی کراون. شایانی باسه، “هیوا ئەمینی، ڕەحمان عهلیپوور و ئارمیا ڕەنجبەری”، هەرکامیان سزای ١٠ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە و “وریا ئەمینی و عەلی قادری”ش ههركام به ٨ مانگ و ٧ مانگ زیندان و هەروەها “ئارمیا ڕەنجبەری” بە تۆمەتی “سووکایەتی کردن بە خامنهیی”، سزای ١٣ مانگ زیندان مهحكووم كراون. له لایهكی دیكهوه هاووڵاتییەکی خەڵکی جوانڕۆ بە ناوی “سالارخان ئەحمەدی”، کە لە کۆتایی مانگی ڕەزبەری ئەمساڵدا لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوو، لە لایەن دەزگای قهزایی ڕژیمهوه، سزای ١٢ ساڵ زیندانی هەڵپەسێراوی بەسەردا سەپاوه.