به پێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ههنگاو، هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد کە ئێستا لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگیراوە، حوکمی ٣٠ ساڵ زیندانی بە سەردا سەپا.
بەپێی ئهم ڕاپۆرته، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، “حسێن عوسمانی”، خەڵکی شاری مەهاباد لەلایەن لقی یەکی دادگای ڕژیم لهمشاره حوکمی ٣٠ ساڵ زیندانی بە سەردا سەپاوە. شایانی باسه، ئەم حوکمە ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی ڕەزبەر لە لایەن بەرپرسانی زیندانهوه بەفەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە. جێگهی ئاماژهیه، “حسێن عوسمانی” ڕێکەوتی ١٢ی ڕەشەممەی ٩٢ لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و ساڵێك دواتر لە گەڵ دوو هاو پەروەندەی دیکەی بە ناوەکانی “سابیر شێخ عەبدوڵڵا” و “دیاکۆ ڕەسووڵ زادە” لەلایەن لقی یەکی دادگای ڕژیم له شاری مەهاباد بە تۆمەتی “ئەنجام دانی تەقینەوە” و “ئهندامێتی له یهكێك لهحیزبه نهیارهكانی ڕژیم” به حوکمی ئێعدام لەبهر چاوی خەڵک مهحكووم كرابوو. حوکمی ئێعدامی حسێن عوسمانی دوو ساڵ دواتر لەلایەن دادگای پێداچوونەوە هەڵوەشایەوە و دواتر حوکمەکەی بۆ ١٥ ساڵ بەندکران کەم کرایەوە. ئهمه لهكاتێكدای كه دادگای ڕژیم له مەهاباد سەرلەنوێ حوکمی ٣٠ ساڵ بەندکرانی بەسەر ناوبراودا سەپاندووە.