کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

سه‌ركه‌وتووبێ مانگرتنی هاوئاهەنگ و سەرتاسەری شۆفیر کامیۆنەکان

رۆژی دووشەممە ٧ ی مانگی جۆزەردان، مانگرتنی شۆفیری کامیۆنەکان چووە نێو حەوتەمین ڕۆژیەوە. شۆفیری کامیۆنەکان لە ٢٩ ئوستان و ١٦٨ شاری ئێران بەم مانگرتنەوە پەیوەست بوون. لە جەریانی ئەم مانگرتنەدا، پیشەسازی گواستنەوە و گەیاندن لە ئێران کە شاڕەگی ئابووری سەرمایەدارییە لەم وڵاتە، ئیفلیج بووە. بارەکانی سوتەمەنی نەگەیشتونەتە پۆمپی بەنزینەکان و ڕیزی دوور و درێژ لەبەردەم بەنزینخانەکاندا پێکهاتوە. شۆفیرانی تاکسی و شۆفیرانی ئوتوبوس لە چەند شاری ئێران بەم مانگرتنەوە پەیوەست بوون. دەزگا سەرکوتگەرەکانی ڕژیم لە بەرانبەر ئەم حەرەکەتە سەرتاسەریەدا، دەستەوەستان و زەمینگیر بوون. هەڕەشەکان، بانگ كردن و گرتن و زیندانی کردنی ڕۆژەکانی سەرەتا، کارساز نەبوون. ڕێکخستنی مانگرتن شکێن و ئیسکۆرت کردنیان لە لایەن هێزە چەکدارەکانەوە، هیچی لە حاڵەتەکە نەگۆڕی. هێزەکانی سپای پاسداران کە بە کامیۆنی نیزامی بۆ کەم کردنەوەی کاریگەریەکانی ئەم مانگرتنە هاتبوونە مەیدان، دەردێکیان پێ دەوا نەکرا. بێدەنگی ڕاگەیەنەرەکانی نێوخۆ لە بڵاو کردنەوەی هەواڵی پێوەندیدار بە مانگرتن شەرمەزاری زیاتری بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندنی نزیک لە ڕژیم بە دواوە بوو. مانگرتن ڕێگای خۆی بڕی تا بەرپرسانی دەوڵەتی ناچار کرد، لانیکەم لە قسەدا دان بە ڕەوا بوونی داخوازیەکانی مانگرتواندا بنێن.

مانگرتوان کێن و داخوازیەکانیان چییە؟

مانگرتوان لە ڕاستیدا دوو دەستەن. هەردوو دەستە بە کردەوە لە مەوقعیەتێکی ئابووری و بەڕێچوونی هاوشێوەدان و ئەم ڕاستیەش ئەوانی له‌ده‌وری یه‌ك كۆ كردووه‌ته‌وه‌. دەستەی یەکەم، ئەو شۆفیرانەن کە بۆ شیرکەتە گەورەکانی گواستنەوە و گەیاندن کار دەکەن. دەستەی دووهەم ئەوانەن کە مالیک و لە هەمانحاڵدا شۆفیری کامیۆنی خۆیانن، کە ئیستلاحەن ناویان کامیۆن دارە. شۆفیرەکان خوازیاری زیاد کرانی حقوقن. شۆفیری کامیۆن لە زومڕەی کارە دژوارەکانە و ئەوان خوازیارن کە مافی دژواریی کار لە دیاری کردنی حقوقیاندا لەبەرچاو بگیرێت. زۆربەیان خاوەنی هیچ بیمەیەک نین، ئەوان خوازیاری دابین بوونی ئەم مافە سەرەتاییە کۆمەڵایەتیەن. بەڵام شۆفیرەکانیش کە خاوەنی کامیۆنەکانیانن، بارودۆخێکی باشتریان لەچاو ئەوانتر نییە. کرێی کەمی گواستنەوە و گەیاندن، گرانی بێنزین، گرانی قەتەعاتی یەدەکی، عەوارزی ئوتوبان و کۆمیسیۆنی باربەری، هەزینەی زۆری تەعمیرات و گرفتە هاوشێوەکانی تر، بارودۆخێکی بەسەر ئەواندا سەپاندوە کە زۆربەیان چارەیەکیان بێجگە لە وەلا نانی کامیۆنەکانیان نەبێت.124

شیرکەتە گەورەکانی گواستنەوە و گەیاندن کە بۆ خاوەنەکانیان دەبێ لەنێو سەرانی خانە نشینی پلە بەرزی سپا و مافیای بنەماڵەی ڕەفسەنجانیدا بگەڕێی، هەرکامە و مالیکی بە هەزاران کامیۆنن. ئەوان لەو کەسانەن دەست لەنێو دەستی ڕژیمی قەیران لێدراوی کۆماری ئیسلامیدا، وەها بارودۆخێکی دژواریان بەسەر شۆفیر کامیۆنەکان و وردە کامیۆندارەکاندا سپاندوە.

تا ئێرە ئەم مانگرتنە، لە چەند بواردا دەستکەوتی بەرچاوی هەبووە. یەکەم، مانگرتنێكی سەرتاسەری و هاوئاهەنگ کراوە. تەجروبە نیشانی داوە کە مانگرتن و ناڕەزایەتی لە یەکە جیاجیاکاندا، و تەنانەت سه‌رهه‌ڵدانی جیا لە یەکی شارەکان، ناتوانن دوژمن لە بەرانبەر داخوازیەکانی کرێکاران و جەماوەری ماف خوازدا بە چۆکدا بێنن. دووهەم، ئەم مانگرتنە بەشێکی تر لە کۆمەڵگاشی لەگەڵ خۆی خستوە. باس لە پشتیوانی شۆفیر تاکسیەکان و شۆفیرانی ئوتوبوسە شاریەکان لە هێندێک لە شارەکانی ئێران و لەم پێوەندیەدا تەنانەت مانگرتنی بازاریەکان دەکرێت. بەڵام لە هەمان حاڵدا ئاشکرایە کە گرنگ ترین خاڵی لاوازی ئەم مانگرتنە کە بە بەراورد بە ساڵانی دوایی لە ئێران حەرەکەتێکی کەم وێنەیە، غایب بوونی حوزوری بە ئاشکرای ڕێبەرانیەتی. وەها خاڵێکی لاواز هەڵبەت لە فەزای دیکتاتۆڕی حاکم لە ئێراندا، شیاوی دەرەکە. داسەپاندنی حوزوری بە ئاشکرای ڕێبەرانی وەها حەرەکەتێک،کە هەم سوکانی مانگرتنی لەدەستدا بێت و هەم لایەنی وتووێژ بێت لەگەڵ دەوڵەت و خاوەنکاران، تواناییه‌ك نیه‌ كه‌ به‌ خێرایی و بێ ئاماده‌كاری پێشوو دابین بێت. وەها مەوقعیەتێک لە مەسیری درێژەی خەبات و لە ناخی گۆڕانی هاوسەنگی هێز بە قازانجی بەرەی خەڵکی ماف خواز، دەستەبەر دەبێت.

پاشەکشەی کاربەدەستانی ڕژیم و دانی وەعدەی هەرچەند به‌رته‌سك، نیشانەی ئەو ڕاستیەیە کە سەرکەوتنی مانگرتوان لەم قۆناغەدا نزیکە و ئەم سەرکەوتنەش بەرهەمی کۆمەڵێک تایبەتمەندی بەرچاوە. ئەزمونی بزوتنەوەی کرێکاری لە ئێران و لە سەرتاسەری دنیا نیشانی داوە کە هیچ ڕێژەیەک لە زیاد بوونی حەقدەست، هیچ ڕادەیەک لە دابین بوونی خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی و بیمەکان، هیچ باشتر بوونێک لە بارودۆخی کاردا، بەرهەمی بڕیاری دڵخوازانە و ئیختیاریی لە لایەن سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیانەوە نەبووە. هەر مافێک کە لەم بوارەدا دەستەبەر بووە و یان قەرارە بەدەست بێت تەنیا بەرهەمی خەباتی ڕاستەوخۆی کرێکاران و یان ترسی سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیان لە کاردانەوەی توندتر و بەرین تری کرێکاران بووە. سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیان تا کاتێک بەرەو رووی ناڕەزایەتی و خەباتی کرێکاران لە شێوەی مانگرتندا نەبنەوە، بەرانبەر به‌ هاتنەگۆڕی داخوازی کرێکاراندا لە شکڵ و شێوازی دیكه‌ی خەباتدا، بێ تەفاوەت دەبن. بەڵام کاتێک کرێکاران پڕۆسەی بەرهەمهێنان و سود و قازانج کەڵەکە کردنی سەرمایەداران ڕادەگرن، ئەو کاتەیە کە ترس لە گیانیان دەنیشێ و لێیان حاڵی دەبێت کە چلۆن شوشەی تەمەنی نیزامەکەیان لە دەستی بێبەشان و ئەو هەژارانە دایە کە تا دوێنێ ئەوانیان بە کۆیلە کردبوو وە سوکایەتیان پێ دەکردن.