کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

سه‌به‌بكاری سەرەکیی پیسبوونی ژینگەی ئێرانیش، هه‌ر ڕژیمی کۆماری ئیسلامییه‌‌‌!

ڕۆژنامەی “ئێمتیاز” لە ڕۆژنامەکانی سەرلەبەیانیی ئێران، لە ژمارەی ڕۆژی پێنشەممە ٢٩ی مانگی بەفرانباریدا، لە بابەتێکی کورتی لاپەڕەی یەکەمیدا نووسیویه‌: “كێشه‌ی پیسبوونی هەوای تاران لە ڕۆژی هەوای پاکیشدا، بە پێوه‌ری کەیفیی ١٢٥، بارودۆخێكی ناسالم بۆ گروپە هەستیارەکان نیشان ئەدات”. پێویست بە ئاماژەپێدانه‌ کە لە ساڵی ١٣٧٤وە ڕۆژی ٢٩ی مانگی بەفرانبار، وەک “ڕۆژی میللیی هەوای پاک” ناودێر كراوه‌.
ڕۆژنامەی “ئیمتیاز” لە بابەتێکی دیكه‌شدا نووسیویەتی: “پیسبوونی هەوا سێهەمین فاكته‌ری مەرگ و میرە لە ئێران و بە پێی ئامارەکانی بانکی جیهانیی دوو و نیو لەسەد لە داهاتی ناخالیسی میللیی ئێران كه‌ ده‌كاته‌ ٣٠ میلیارد و ٥٠٠ میلیۆن دۆلار، بە هۆی پیسبوونی هەواوه‌ به‌فیڕۆ دەچێت. لەسه‌ر ئاستی جیهاندا لە هەر ١٠ حاڵەتی مردن، یەکیان بەهۆی پیسبوونی هەواوە بووه‌ و لە ئێرانیشدا ئه‌م فاكته‌ره‌ به‌ سێهەم هۆکاری مەرگ و میر دێته‌ ئه‌ژمار. بەپێی ئامارەکانی بانکی جیهانیی، لە وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و یه‌ك لەوانە ئێران، دوو و نیو لەسەد لە داهاتی ناخالیسی میللیی كه‌ ده‌كاته‌ ٣٠ میلیارد و ٥٠٠ میلیۆن دۆلار، بە هۆی پیسبوونی هەواوه‌ به‌فیڕۆ ده‌چێت. هەروەها مەرگ و میری سەرچاوەگرتوو لە پیسبوونی هەوا لە ئێران، لە ساڵی ١٩٩٠ی زایینیی، ١٧ هەزار کەس لە ساڵدا بووە کە لە ساڵی ٢٠١٣دا بۆ ٢١ هەزار کەس به‌رز بووه‌ته‌وه‌. هەوای تاران و چەند گه‌وره‌شاری ئێران لە سەرەتای پاییزدا چەندینجار گەیشتووه‌ته‌ وەزعییەتی” سوور”، واته‌ وه‌زعییه‌تی “ناسالم بۆ گشت گرووپەکان”.
قەیرانی ژینگە و لەوانە پیسبوونی هەوا، كێشه‌یه‌كی جیهانییە. بەڵام ڕێژەی زۆر و وێرانگەری ژینگەیی و لەوانە ڕێژەی زۆری پیسبوونی هەوا، پێوه‌ندیی بەوەوه‌ هەیە کە سەرمایەدارانی وڵاتێک و دەوڵەت کە وەکوو دەسەڵاتی ئیجرایی ئەوان کار دەکات، چۆن وڵاتێك بەتایبەت لەباری سیاسیی، ئابووریی و فەرهەنگییەوە بەڕێوە دەبات. لە ڕاستیدا له‌ ئێران کۆماری ئیسلامیی بە سه‌به‌بكاری سەرەکیی پیسبوونی هەوا و ژینگە داده‌نرێت. لەبەر ئەوەیكه‌ وەزعیەتی كه‌شوهه‌وا و ژینگه‌، بەستراوەتەوە بە پارێزگاریکردن لە فەزای سەوز و پەرەپێدانیان، ئاگاداریی و کەڵکوەرگرتنی درووست و به‌جێ لە سەرچاوەكانی ئاو، چۆنیه‌تیی وەگەڕخستنی پیشەسازیی، شێوازی بەڕێوەبردنی ترافیک، سەدسازیی، شارسازیی، ماڵ درووستکردن و كێشه‌ی دیكه‌ی لەم چه‌شنه‌. سەبارەت بە تاران دەبێ ئه‌وه‌مان لەبەرچاو بێت کە پشتێنەی سەوزی دەوری شار لە لایەن مافیای ناسراو به‌ “زه‌مین خاران”ه‌وه‌ حه‌په‌لووش كراوه‌ کە ئه‌مه‌ خۆی فاكته‌رێكی گرنگ بووە لە درووستبوونی كێشه‌ی پیسبوونی هەوای ئەم گەورە شاره‌.
23 3

ڕاگەیەنەرەکان و کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی هەوڵ بۆ ئه‌وه‌ دەدەن كه‌ بارودۆخی کارەساتباری ژینگە و یه‌ك لەوانە، كێشه‌ی كه‌شوهه‌وا، بدەنە پاڵ بارودۆخی سرووشتیی یان ده‌نا سووئی مودیرییه‌ت و به‌م چه‌شنه‌ کۆماری ئیسلامیی لەژێر تیغی هێرش و ڕەخنەکان دەرباز بكه‌ن. بەڵام واقیعییه‌ت ئەوەیە کە هه‌ڵكشانی بەرچاوی ڕێژەی پیسبوونی هەوای شارە گەورەکان، كێشه‌ و گرفتێکی چاره‌سه‌رهه‌ڵنه‌گر و بێ چاره‌سه‌ر نییه‌. ئەگەر لە ئێستادا خۆمان لە باسکردنی زیاتر له‌سه‌ر ڕۆڵی کۆماری ئیسلامیی لە وێرانکردنی هەموو ژینگەی ئێران بپارێزین، تەنها هەر ئەم پیسبوونەی هەوا، ده‌ریده‌خات کە چۆنچۆنیی، بەهۆی تەرخانکرانی ته‌نها کەمتر لە ١٠ لەسەد لەو به‌دەیان میلیارد دۆلاره‌ی کە ساڵانە خەرجی سیاسەتی سەرکوتگەرانە و ئاژاوه‌گێڕانه‌ی نیزامیی و تەرحە تێرۆریستییەکانی ئێرە و ئەوێی جیهان دەکرێ، دەتوانرێت بارودۆخی هەوای تاران و گه‌وره‌شاره‌كانی دیكه‌ی پێ باشتر بكرێت. بۆ نموونە، ئەو توێژینەوانەی كه‌ لە لایەن شیرکەتی ده‌وڵه‌تیی “کۆنتڕۆڵی کەیفییەتی هەوای تاران”ەوە كراون، دەرخەری ئەوەیە کە ڕێژەی ئالایه‌نده‌كان لە گه‌وره‌شاری تاران، سێ هێنده‌ی ستاندارده‌ جیهانییەكه‌یه‌تی. لە هەمان حاڵدا ئەم توێژینەوانە نیشانی دەدەن کە ده‌وری ٩٠ لەسەدی پیسبوونی هەوای تاران، سەرچاوەگرتوو لە دووکەڵی ماشێنەکان و بەنزینی ناستانداردە کە لە ناوخۆی وڵاتدا بەرهەم دێت. مەسرەفی سووختی ماشێنی کۆن، سێ هێنده‌ی ماشێنە تازەکانە و ڕێژەی ئالایه‌نده‌گیشیان، چەندین هێنده‌ی ئەوانە. بەڵام گەلێک لە ماشێنەکانی ساختی ناوخۆش، ستانداردی پێویستیان نییه‌. لە حاڵیکدا کە تێكڕای شەقامەکانی تاران، زەرفییەتیان ته‌نها ٢ میلیۆن ماشێنه‌؛ بەڵام له‌ ئێستادا ٣ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار وەسیلەی گواستنەوە و گەیاندن بە مەسرەفی بەنزینی ناستاندارد لەمشارەدا له‌ هاتوچۆدان.

هه‌مدیسان بۆ نموونە بە پێی ڕاگەیاندنی کارناسانی بواری کاروباری ئیداریی، ڕۆژانە ٢٤٤ هەزار کەس لە شاری تاران سەردانی ئیدارە دەوڵەتییەکان دەکەن. ئەم کارناسانە لەسەر ئەو باوه‌ڕه‌ن کە له‌ڕێگه‌ی کەمکردنەوەی ١٠٠ هەزار حاڵەتی سەردانکردنی ڕاستەوخۆی ڕۆژانە بۆ ئیدارەکانی تاران، نەک هه‌ر ٤١ لەسەدی سەردانەکان کەم دەبێتەوە، بەڵکوو ڕۆژانە ٧٠ میلیۆن لیتر بەنزینیش کەمتر مەسرەف دەکرێت. ئایا ناکرێ کاروبارە ئیدارییەکان بەشیوازێک ڕێکبخرێن کە بە بێ ئەوەیكه‌ ئەم گشتە سەردانە و ئەم هەمووه‌ هاتوچۆ ناپێویستە لەناو شارەکاندا هەبێت، کاروباری خەڵک ڕایی بکرێت؟ ئایا گەندەڵیی ئیداریی، ڕشوەخۆریی، واسیته‌كاریی و و کاغەزبازیی ڕێگه‌ به‌وه‌ دەدات کە بە ڕەواڵ و مێتۆدێكی دیكه‌ له‌ جیاتی سەردانی ڕاستەخۆی خەڵک بۆ ئیدارە و دامەزراوەکان، کارەکان بەڕێوەبچن؟!

کۆماری ئیسلامیی کە سه‌رانسه‌ری ئێرانی کردۆتە زیندانێکی گەورە بۆ زۆربەی خەڵکی ئەم وڵاتە، سەبەبکاری سەرەکیی هەموو موسیبەت و کارەساتە ژینگەییەکانە. ئەم ڕژیمە هەرچی زیاتر بمێنێتەوە، زیاتر ژیانی ئەم نەسلە و نەسلەکانی دواتری ئەم وڵاتە بەرەو له‌ناوچوون دەبات. بە ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی، زەمینەی گونجاوتر بۆ کەمبوونەوەی موسیبەتە ژینگەییەکان لە ئێران ئامادە دەبێت.