له‌ماوه‌ی ڕۆژانی ڕابردوودا ده‌زگای قه‌زایی ڕژیم دوو منداڵی ١٥ و ١٦ ساڵی ته‌مه‌ن و خه‌ڵكی به‌لووچستانی له ڕێگه‌ی سه‌پاندنی حوكمی “موحاریبه”وه به ئێعدام مه‌حكووم كردووه.
به‌پێی ڕاپۆرته‌كان، دوو برا به‌ناوه‌كانی “محه‌ممه‌د ڕه‌خشانی” ته‌مه‌ن ١٥ ساڵ و “عه‌لی ڕه‌خشانی” ته‌مه‌ن ١٦ ساڵ كه ماوه‌ی ٦٣ ڕۆژه له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ڕژیمه‌وه ڕفێندراون، له‌ماوه‌ی ڕۆژانی ڕابردوودا له‌لایه‌ن دادگای ئینقلابی زاهیدانه‌وه به تۆمه‌تی “موحاریبه” به ئێعدام مه‌حكووم كراون، سه‌پاندنی ئه‌و حوكمه له حاڵێكدایه كه ڕه‌وه‌ندی ده‌ستبه‌سه‌ركران و دادگایی كردنی ئه‌و دوو منداڵه به ته‌واوه‌تی نایاسایی و له مافی گرتنی پارێزه‌ر بێبه‌ش كراون و به وته‌ی خه‌ڵكی ناوچه‌كه ئه‌و دوو منداڵه له ڕۆژی هێرش بۆ سه‌ر هێزه‌كانی ڕژیم له میرجاوه، له‌وێ نه‌بوون و هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به‌و ڕووداوه‌وه نییه.