ڕاپۆرتهكان باس لهوه دهكهن كه بەشێک لە بنەماڵەی قوربانیانی فڕۆکە ئۆکڕاینییەکە سکاڵایان ڕوو لە ڕێکخراوی جیهانیی فڕۆکەوانی کردووه.
به پێی ئهم ڕاپۆرته، بنەماڵەی بەشێک لە قوربانیانی فڕۆکە ئۆکراینییەکە، کە بەهۆی دوو مووشەکی کۆماری ئیسلامیی کەوتە خوارەوە، لە نامەیەکدا ڕوو لە “ساڵواتورە چیاچیتانو” بەرپرسی ڕێکخراوی جیهانی فڕۆکەوانی لە نەبوونی هاوکاری و هەڵسوکەوتی دوژمنانە و قین لە دڵانەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ بنەماڵەی قوربانیانی فڕۆکە ئۆکراینیەکە, سکاڵایان کردووە و داواکارن لێکۆڵینەوەی بەربڵاو و دادپەروەرانە لەم پێوەندییەدا بکرێ. لە بهشێك لهم نامەیەدا هاتووە، ۱۱ی مارس لە هەواڵەکاندا هاتبوو کە ئێران لە ماوەی چواردە ڕۆژدا سندوقی ڕەشی فرۆکەکە تەحویلی ئەو وڵاتانە دەدات کە بڕیارە لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەن، ئێستا کە چواردە ڕۆژ لەم کاتە تێپەڕیوە بەڵام کۆماری ئیسلامی ئامادەی هیچ هاوکارییەک نەبووە. لە بەشێکی تری نامەکەدا هاتوە، دوای تێپەڕینی هەشتا ڕۆژ لەم جینایەتە، کۆماری ئیسلامیی ئێران خۆی لە یەکەمین هەوڵەکانی لێکۆڵینەوەی ڕووداوێکی ئاسمانی بواردووە، لە کاتێکدا هەموومان ئاگادارین کە پێش لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کاتێکی زۆر لەبەردەستی ڕێکخراوە جیهانییەکان هەبوو بۆ وەرگرتنی سندووقەکە، بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادە نەبوو هیچ هاوکارییەکی ڕێکخراوە جیهانییەکان بکا.