هێشتا چەند رۆژێک لە بەیانیەی” هەنگاوی دووهەمی خامنەیی تێنەپەڕیوە و شەڕ و کێشەی باندەکانی ڕژیم سەبارەت بە خوێندنەوە جیاوازەکان لێی کۆتایی نەهاتبوو کە ڕاپۆرتی” ناوەندی ئاماری ئێران” بڵاو کرایەوە. ڕاگەیاندنێک کە بێ ناوەرۆک بوونی ئیدیعاکانی کاربەدەستانی ڕژیمی بە روونی دەر خست. خامنەیی لە پێشەکی بەیانیەکەیدا بێشەرمانە وتی کە” ئەم شۆڕشە لە سەرەتاوە تا بە ئەمرۆ نە بێ ڕەحم و خوێن ڕێژ بووە نە مونفەعیل و دوو دڵ، بە ڕاشکاوی لە بەرانبەر زۆروێژان و زۆرداراندا وێستاوە و دیفاعی لە مهزڵومان و موستەزعەفان کردوە”. شەریعەتمەداری بەرپرسی رۆژنامەی کەیهان و توتی دەرباری خامنەیی سینگ دادەڕێ و دەڵی” دوژمنان خەریک بوون و دیانویست، شۆڕشی ئیسلامی نەچێتە نێو چل ساڵە بوونیەوە. لە حاڵێکدا ڕێبەری ئینقلاب بەرنامە و نەخشە ڕێگای چل ساڵی داهاتوشی وێنا کردوە.” ئەو لە درێژەدا دەڵی” دوژمن لە ههوڵ دایە ئێمە نەزانین لە کام پێگەداین بەڵام ڕێبەر نیشانیداوە کە ئێمە لە بەرزیی مێژوودا وێستاوین و ئەوە ئێمەین کە لە زۆرێک لە بوارەکاندا قسەی کۆتایی دەکەین.”
هەم خامنەیی و هەم توتی دەربارەکەی گەیشتونەتە ئەو ئاستە لە بێ شەرمیەک کە شایستەی ئەو تاقمەیە، درۆ دەکەن. لە حاڵێکدا کە هەموو کارنامەی ٤٠ ساڵی ئەم ڕژیمە لە بهرچاوی كۆمهڵ دایه. خامنەیی دەڵێت کە ڕژیمهكهیان بێ ڕەحم و خوێنڕێژ نەبووە. سەرکوتی ناڕەزایەتی ژنان چەند مانگ دوای ئەوەی دژه شۆڕشی ئیسلامیی دەسەڵاتی بەدەستەوە گرت، هێرش بۆسەر تورکەمەن سەحرا، لەشکر کێشی بۆسەر کوردستان، کوشتاری دەیەی ٦٠، کوشتاری بە کۆمەڵی زیندانیانی سیاسی لە ساڵی ٦٧، دهست درێژی کردنە سەر ژنان لە زیندانەکاندا، قەتڵە زنجیرەییەکان، تەقە کردن لە کرێکارانی خاتون ئاباد ئەزیەت و ئازار دان و گرتنی هەڵسوڕاوانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان و کوشتنیان لە زیندانەکاندا لەژێر ناوی خۆ کوژیدا، ئەشکەنجەی جەستەیی، روحی و ڕەوانی تەنیا گۆشەیەک لە بێڕەحمی و خوێنڕێژی ئەم ڕژیمەیە. خامنەیی باس لە کام بەناو دیفاع لە مەزلومان و موستەزعەفان دەکات. ئەگەر مەبەستی جەریاناتی تا ئەوپەڕ کۆنەپەرستی ئیسلامی وەک حیزب اللە و حەماس و تۆڕە تیرۆریستە ئیسلامیەکانە لە وڵاتانی دنیادا، ئهوه درۆی نەکردووە. بەڵام ئەگەر مەبەستی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی شار و دێهاتەکانە، بێشەرمانە درۆ دەکات. کاتێک کە زیاتر لە ٤٠ ملیۆن کەس لە جەمعیەتی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدان، کاتێک کە بە ملیۆن پەڕاوێز نشین سیمای گەورە شارەکان وێنا دەکەن، کاتێک زیاتر ٣ ملیۆن منداڵی کاری تەواو وەخت شادمانی دەورانی منداڵی و تازە لاوی خۆیان لە کارگا شێدارەکاندا، لە خشت بڕیەکاندا بۆ دەستەبەر کردنی پاروە نانێک دەفرۆشن، کاتێک بنهماڵهكان، کچەکانیان لەبەر بێ توانایی لە دابین کردنی خۆراک و جلوبەرگدا، دەفرۆشن، کەوایە دەبێ تا چ ئاستێک بێ شەرم بیت و قسە لە بەناو” مەزلومان و موستەزعەفان” بكهیت.
هاوکات لەگەڵ وەها ژیانێکی فەلاکەتبار بۆ زۆربەی کۆمەڵ، گەندەڵی ئابووری، ئەخلاقی و سیاسی لەم کۆمەڵگایەدا وەها بەرین بۆتەوە کە خامنەیی ناچار دەبێت دانی پێدا بنێت بەڵام لێرەشدا ئەو ئەرکی خۆی تەنیا نەسیحەت کردن دەبینێ و هیچی تر.
دەوڵەتی روحانی تەک نرخی کردنی تەوەڕوم بە دەستکەوتی خۆی دەزانی. ئەو چەند ساڵە کە نە تەنیا باس لە دابەزینی بودجەی بنەماڵەکان دەکات بەڵکو دەشڵێ کە بە هاوسەنگ كردنی و خەرجی بنەماڵەکان کەیفیەتی ژیانیان باشتر بووە. بەڵام تەنانەت ئەگەر چاوێک لە ئاماری ڕەسمی بڵاو بۆوە بکەین، نا واقعی بوونی ئەم ئیدیعایە ئاشکرا دەبێت و دەبینین کە بە ملیۆن بنەماڵە ناچار بوون بە هۆی زیاد بوونی هەزنیەی کالا پێویستەکان، خۆیان لە کڕینی هێندێک لە پێداویستیەکان دەپاریزن. بە تایبەت ئەوەی لەم نێوانەدا دیارە ئەوەیە کە کەم بوونەوەی توانایی کڕین بۆ کالای ئەساسی خۆراکی و خواردنەوە وەک گوشت، برنج و سەوزیجات بووە بەڵام هاوکات هەزینەی مەسکەن زیادی کردوە. ناوەندی ئاماری ئێران کە ڕاپۆرتەکانی زیاتر هاوجیهەتی و مەیلی بەلای سیاسەتەکانی دەوڵەتدایە، لە ڕاپۆرتی مانگی ڕێبەندانی دا، دەڵێ:” مانگی ڕێبەندانی ئەمساڵ زۆر ترین گرانی مانگانەمان لە سێ ساڵی دواییدا هەبوە و شاخسی سەرجەم نرخ نیسبەت بە مانگەکانی ڕابردو ٤٢ و ٣ دەهومی لەسەد زیاترە”. ئەم زیاد بوونە هەڵبەت ئاستی سەرجەم نرخەکانیش نیشان دهدات. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لەنێو بەرهەمە خۆراکیەکانی تەبەقە بەندی کراودا، گوشت، بە سور و سپیەوە زیاتر لە باقی خۆراکی و خواردنەوەکان گران بووە و نرخی ٢ لەسەد زیادی کردوە. لە باقی گوروپە خۆراکیەکانیشدا تەوەڕوم رووی لە زیاد بوون بووە. بەشێوەیەک کە نان و دانەوێڵە ٢٨ و یەک دەهومی لەسەد، دوخانیات ٣٦ و ٣ دەهومی لەسەد، مەسکەن، ئاو، بەرق، گاز و باقی سوتەمەنیەکان ٢٣ و ٣ دەهومی لەسەد بەرز بوونەتەوە. بەپێی ئەم ئامارانە مەسرەفی شیری بنەماڵەکان لە ١٦٦ لیترەوە لە ساڵی ٩٠ دا کەم بۆتەوە بۆ ١٢٦ لیتر لە ساڵی ٩٦ دا. هاوکات بانکی ناوەندی ئێران ڕایگەیاند کە لە ٩ مانگی ئەمساڵدا تەرازی عەمەلیاتی و سەرمایەیی ئێران لەم دەورەیەدا زیاتر لە ٤٥ هەزار میلیارد تمەن کەسری پیشان ئەدات. ئەم قەبارەیە لە کەسری لە تاریخی کۆماری ئیسلامیدا بێ وێنەیە. زانینی هۆكاری ئهم کەسریە زۆر دژوار نییە. گەندەڵی، ئیختیلاس، هەزینەی قورسی عەمەلیاتی نیزامی و بەرزە فڕیەکانی ڕژیم لە دەرەوەی سنورەکان، هەزینەی بەرنامەی موشەکی بالستیک و ناوەندە مەزهەبیەکان، ئەو چاڵانەن کە بەردەوام سەروەت و سامان و دەست ڕەنجی خەڵک هەڵدەلوشن و قەت پڕ نابن. گشت ئەمانە سیمای کۆمەڵگایەکە کە ٤٠ ساڵ حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی بە دیاری هێناویەتی.
لهڕاستیدا نە ڕژیم و نە ئوپوزسیۆنە بۆرژواییەکەی ڕێگا چارەیەکیان بۆ ئەم قەیرانە نییە. ڕێگا چارەی ڕاستەقینە کۆتایی هێنانە بەو نیزامه ئابووریهیه کە ئینسانی بەرەو هەژاری و کۆمەڵگای بەرەو هەڵدێر بردوە.