بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی داتاکانی “شوێن و زانیاری ڕووداوەکانی شەڕی چەکداری“، ژمارەی کوژراوەکانی ساڵی ٢٠٢٤ بە هۆی شەڕ و تێکهەڵچوونەکان لە سەرانسەری جیهان گەیشتووەتە زیاتر لە ٢٣٣ هەزار کەس. ئەو ژمارەیە لە قوربانیان ئاکامی ئەم شەڕانەی خوارەوەن: هێرشی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین، جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە، هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، هێرشی دەوڵەتی تورکیە و هێزە بەکرێگیراوەکانی بۆ سەر سیستەمی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریە، شەڕە ناوخۆییەکانی میانمار، سودان، سۆماڵ، کۆنگۆ و شەڕەکانی ڕۆژئاوای ئەفریقا لەوانە (مالی، بورکینا فاسۆ، نیجەر و نەیجیریا). پەرەسەندنی ناتۆ تا سەر سنوورەکانی ڕووسیە، کە لەلایەن ڕووسیەوە وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی دادەنرا، بووە هۆی هەڵگیرسانی ئەم شەڕە ماڵوێرانکەرە و هێرشی ڕووسیە بۆسەر ئۆکراین. ئەڵبەتە ڕووسیە دەیتوانی بە پشت بەستن بە بزووتنەوە جیهانییە دژە شەڕ و دژە فاشیستییەکان، ڕێگری بکات لە پەیوەستبوونی دەوڵەتی ئۆکراین بە ناتۆوە، بەڵام نەیکرد و لەبری ئەوە، هێرشکردنە سەر ئەو وڵاتەی پێ باشتر بوو لە پێناو بەرژەوەندی دەستدرێژیکارانەی خۆیدا. بە گوێرەی سەرچاوە عەرەبییەکان، شەڕی ڕووسیە و ئۆکراین بە ٦٧ هەزار قوربانی تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٤دا، خوێناویترین شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە بوو لەو ساڵەدا. بەڵام بە ئازارترین شەڕی ساڵی ڕابردوو، بریتییە لە جینۆسایدی ئەرتەشی ئیسرائیل لە غەززە، کە زۆربەی قوربانییەکانی بریتی بوون لە خەڵکی سڤیل و بێ دیفاع.
ئەرتەشی ئیسرائیل بە پشتبەستن بە یارمەتیی دەیان ملیارد دۆلاری چەک و هاوکاری دارایی ئەمریکا و ئاڵمان و بریتانیا، تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٤دا، نزیکەی ٥٠ هەزار کەسی لە غەززە کۆمەڵکوژ کردووە، کە دوو لەسەر سێی قوربانییەکان ژن و منداڵ بوون. ئەوانەش کە لە ژیاندا ماون، مێرد، دایک و باوک یان منداڵەکانیان لەدەستداوە. تەنیا ورەی خۆڕاگریی لە دژی داگیرکەران، ئەوانی زیندوو ڕاگرتووە. لەم نێوەندەدا پێویستە ئاماژە بەو ژنە قارەمانانە بکرێت کە لە بەرگی پەرستار و پزیشک و کارمەندانی دیکەی تەندروستیدا، خزمەتیان بە خەڵکێک کردووە کە دەوڵەتی ئیسرائیل بەوپەڕی وەحشیگەرییەوە، بە بۆردومان و ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتن بە ئاوی پاک و خۆراک و دەرمان و سەرپەنا، گەیاندوونیە لێواری مەرگ و لەناوچوون. هەروەها پێویستە ڕێز بگرین لە بوێری و فیداکاریی ئەو پەیامنێر و ڕۆژنامەنووسە دڵسۆزانەی کە ڕووماڵی جینایەتەکانی ئەرتەشی ئیسرائیلیان کردووە لە غەززە. ئەوان تا ئەو کاتەی کە ڕۆژنامەنووسێکی دیکە دەگاتە ئەو شوێنانە، ئەو بۆشاییانە پڕ دەکەنەوە کە بەهۆی لەدەستدانی هاوکارەکانیان دروست دەبێت، کە بەزۆری لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە دەکرێنە ئامانج. تا ئێستا هەموو ئەو میدیا سەرەکییە بۆرژوازیانەی کە لەلایەن ملیاردێرەکانەوە خاوەندارێتی دەکرێن، بە سانسۆرکردنی جینۆسایدی دەوڵەتی ئیسرائیل و خۆڕاگریی قارەمانانەی ژنان، سەرجەم جینایەتەکانی ئیسرائیلیان لە دژی دانیشتوانی مەدەنی غەززە، لەژێر ناوی شەڕ لەگەڵ حەماس، چەواشە و پاساو کردووە. دەوڵەتە سەرمایەدارییە ئیمپریالیستەکانی ڕۆژئاوا، هەر گرووپ یان تاکێکی دژی جینۆسایدی ئیسرائیلیان، بە دژە یەهوودی لەقەڵەم داوە و هەڵسووڕاوانی ئەو بوارەیان سەرکوت کردووە.
شەڕێکی سەپێنراوی تری کە پێویستە ئاماژەی پێبکرێت، بریتییە لە شەڕی ئەرتەشی تورکیە و بەکرێگیراوەکانی، واتە “سپای نیشتمانی سووریە” لەدژی کوردەکان، عەرەبەکان، ئاشوورییەکان و ئەو نەتەوانەی دیکەی کە لە چوارچێوەی خۆبەڕێوەبەرێتی دێموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریەدا کۆبوونەتەوە. هێرشە بەردەوامەکانی ئەرتەشی تورکیە، ژێرخان و سەرچاوەکانی ژیانی خەڵکی ئەو ناوچەیە، لەوانە وێستگەکانی کارەبا، سەرچاوە ئاوییەکان، نەخۆشخانەکان و قوتابخانەکان، دەکەنە ئامانج. ئەمە لەکاتێکدایە کە بەکرێگیراوانی دەوڵەتی تورکیە لەڕێگەی پێشڕەوی زەمینییەوە، بەشێک لە کوردستانی سووریە لەوانە کانتۆنی عەفرینیان داگیرکردووە. هەر ئێستا لە دەوروبەری شاری کۆبانی و بەنداوی تشرین شەڕ و تێکهەڵچوون بەردەوامە و هێزە جەنگاوەرە جەماوەرییەکانی سووریەی دێموکراتیک تا ئێستا هێرشە قورسە زەمینی و ئاسمانییەکانی ئەرتەشی تورکیە و هێزە بەکرێگیراوەکانیان بەمەبەستی داگیرکردنی شاری کۆبانی و بەنداوی تشرین، لەگەڵ شکست وناکامی بەرەوڕوو کردووەتەوە. بەشێوەیەکی گشتی تا ئەو جێگایەی کە پەیوەندی بە شەڕ و کوشتار و دەرەنجامەکانییەوە هەیە، زۆرێک لە پێشبینییەکان بۆ ساڵی ٢٠٢٥ ڕەشبینانەن و چاوەڕوان دەکرێت کە ساڵی داهاتوو، دەبێتە ساڵێکی پڕ شەڕ و خوێنڕشتنی زیاتر لەلایەن دوژمنانی مرۆڤایەتییەوە. بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی قووڵبوونەوەی قەیرانی پێکهاتەیی سەرمایەداری و توڕەیی و بێزارییەکی ملیۆنی لە دژی، ئەگەری گۆڕانکاری شۆڕشگێڕانە لە هەندێک ناوچەی وەک ئێران لە ئارادایە. ئەگەر ئەم سیناریۆیە بێتە دی، خۆڕاگرییەکی زیاتر لە دژی شەڕخوازان دروست دەبێت و دەتوانین هیوادار بین کە ساڵی داهاتوو لە ساڵی ڕابردوو خۆشتر بێت.