کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ساڵی ٢٠٢١ ساڵی خەباتی بەرینی کرێکاران

kargarienghelabi

ئەگەر لە ڕوانگەی بڵاوکراوەکانی خەتی ڕەسمیی جیهانی سەرمایەدارییەوە بڕوانینە جیهان، لە ساڵی ٢٠٢١دا کرێکارانێکی پەرێشان دەبینین کە ویرووسی کۆرۆنا بووەتە هۆی بێکار بوونیان و نەخۆشی خستوون و یان بەرەوڕووی مەرگی کردوونەتەوە. ئەوەیکە ویرووسی کۆرۆنا لەناو کرێکاراندا زۆرترین تەڵەفات و زیانی لێکەوتووەتەوە، حەقیقەتێکی ئاشکرایە.  هۆکاری سەرەکی کوشتار و تووش بوونی بەرین بەم ویرووسە دەسەڵاتی ترامپ و زاڵبوونی لایەنگرانی بوو. هەربۆیە ژنان و پیاوانی کرێکار مافی خۆیانە بۆ پاراستنی گیان و تەندرووستیی خۆیان وڵامی بانگهێتشی کاریی خاوەنکاران نەدەنەوە کە شوێنی کاریان لە بەرامبەر ویرووسی کۆرۆنا و جۆرە جیاوازەکانیدا ئەمن نەکردووە. ئەمجۆرە خاوەنکارانە لە میدیا و ئیدارە و ئۆرگانەکاندا دژبە یارمەتی دەوڵەتی هاواریان بەرز بووەتەوە تا سەرمایەداران و خاوەنکاران بتوانن وەک دوو ساڵ لەمەوبەر، لە تەندرووستی و گیانی کرێکاران بۆ وەسەریەکنانی پارە مایە دابنێن، بەڵام ئەوان لە یەک حەقیقەت خافڵن.

لەڕاستیدا کرێکاران لە ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٢ەوە و لە پاش سەرهەڵدانی بزووتنەوەی “گرتنەوەی واڵ ستریت”، بەشێوازی جۆراوجۆر دژبە نابەرابەریی ماڵیی نجوومی، سەرمایەداران و سەرماگوزارانی گەورە و کۆمپانییە زەبەلاحەکان خەباتیان کردووە. ئەم خەباتە هاودەردیی بەرینی لە کۆمەڵگای نابەرابەری ئەمریکادا بە قازانجی کرێکارانی خەباتکار و ڕێکخراو پێکهێنا. لە جەرگەی ئەم خەبات و هاودەردییەدا بێرنی ساندێرز سەری هەڵدا. ناوبراو لە ساڵی ٢٠١٦دا وەک سێناتۆری سەربەخۆ و ئەندامی حیزبی دیموکرات لە پەنا هیلاری کلینتۆن لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئەمریکادا بەشداریی کرد. ساندێرز لە ئەمریکایەکدا کە خاوەنانی سەرمایە، کابینە جۆراوجۆرەکان، میدیاکانی خەتی ڕەسمی و ئۆرگانەکانی فێرکاری لە ماوەی چەندین دەیەدا بە بڵاوکردنەوەی درۆ و بە چەواشەکاری، “ئاراستەی سۆسیالیستی”یان زیانبار پێناسە کردبوو، خۆی بە سۆسیالیست ناولێبرد. هەموو پارێزکاران، دەستی ڕاستییەکان، ڕگەزپەرستان و فاشیستەکانی وەک دۆناڵد ترامپی بەربژێری پارتی کۆماریخواز،  و میدیاکانیان بەخاتری ئەم بابەتە شاد بوون. ئەوان وتیان و نووسییان کە ساندێرز بە سۆسیالیست پێناسەکردنی خۆی، ڕێگای مەرگی سیاسیی گرتووەتە بەر. بەڵام ئەوان کە بەتەواو مانا لەگەڵ خەڵکی ئەمریکا بێگانە بوون، کاتێک لەگەڵ دەنگی ملیۆنی بە “سۆسیالیسم”ێک کە ساندێرز باسی لێدەکرد بەرەوڕوو بوونەوە، سەریان سووڕما.

گۆڕینی سیاسەتە ئابوورییەکانی کابینەی بایدێن و هەوڵەکانی بۆ بردنەسەرەوەی توانای کڕینی کرێکاران، لە گۆڕانی کەشوهەوای سیاسیی ئەمریکا، خەباتی کرێکاران، هاودەردیی بەرینی جەماوەری خەڵک لەگەڵیان و هەروەها لە شکستی نێئۆلیبڕالیسمی ئابوورییەوە سەرچاوە دەگرێت. ناکرێ بەخاتری بەرژەوەندی مشتێک ملیاردێر یارمەتیی ماڵی بە خەڵک، لەوانە کرێکاران، ڕابگیرێت.

پەرەسەندنی خەباتی کرێکارانی مافخواز دژبە نابەرابەریی نجوومیی ماڵی، حەقدەستی کەم، شوێنی نائەمنی کار، نەبوونی عەداڵەت، هەڵاواردن و زۆروێژی لە ناوەندکانی کار، هاودەردیی کۆمەڵگا بەنیسبەت ئەوان و ڕەوایەتێک لە سۆسیالیسمی لەناو لاواندا پەرەپێداوە کە لە ئێستادا لە سۆسیال دیمۆکراسیی چەپ نزیکە. کرێکارانیش بە پشتن بەستن بەم ئاڵوگۆڕانەی باسیان لێکرا لە ساڵی ٢٠٢١دا، بەرینایی و شێوازەکانی خەباتی خۆیان پەرەپێدا. ڕۆژنامەی ئێکۆنۆمیست لە ڕێکەوتی ١١ی دێسامبری ٢٠٢١دا بابەتێکی  لەژێرناوی “کسب و کاری بەرین، هێزی کاری بەرین” بڵاوکردەوە. نووسەری ئەم بابەتە نووسیویەتی کە کرێکاران لە ساڵی ٢٠٢١دا خەبات، ناڕەزایەتی و مانگرتنی بەرینیان بەڕێوەبردووە. هەروەها ئاماژەی بە ٢٤١ مانگرتنی گەورەی کرێکاری کردووە کە ٥٨یان تەنیا لە مانگی نوامبردا بەڕێوەچوون.

ئەم مانگرتنانە دژبە شیرکەت و کۆمپانییە گەورەکانی چالاک لە بواری بەرهەمهێنانی خۆراک، پەروەردە و بارهێنان، ئۆتۆمبێل سازی، کایەی ئانڵاین، زنجیڕە ڕێستوورانە نێونەتەوەییەکان، دامەزرێنەرانی کرێکارانی تەندرووستی و هاوشێوەکانیان، لە لایەن کرێکاران و مامۆستایان و پەرستارانی ڕێکخراو لە یەکیەتییەکاندا بەڕێوەچوون. بەشداربووانی ئەم مانگرتنانە لە ئاکامی خەباتی خۆیان لێژنەی سەرۆکایەتیی شیرکەت و کۆمپانییە گەورەکانیان ناچار کروودە تا حەقدەستەکان زیاد بکەن، بە کرێکارانی نەخۆش وێڕای دانی حەقدەست، پشوو بدەن و باروودۆخی کار و بەتایبەت ئێمەنی شوێنی کار باشتر بکەن. لە ئاکامی ئەم خەباتەدا داڕێژەرانی یاساش ناچار بوون تا چەند یاسایەک بە قازانجی کرێکاران دابنێن.

ئەم خەباتە کرێکارییانە ، بەتایبەت لەناو لاواندا، بوونەتە هۆی پەرەسەندنی هۆگرایەتیی ڕەوایەتێک لە سۆسیالیسم و شێوازێک لە یەکیەتییەکان. بەپێی دوایین ئامارەکان پشتیوانی لە یەکیەتییەکان لەئاستی کۆمەڵدا ٦٨ لەسەد زیادی کردووە کە لە ماوەی ٥٠ ساڵی ڕابردوودا نموونەی نەبووە. هاودەردی لەگەڵ کرێکارانی ڕێکخراو لەناو یەکیەتییەکاندا، پێکهاتنی سەدان یەکیەتیی نوێی لێکەوتووەتەوە. بەپێی ئاماری ئیدارەی کار تا ١١ی دێسامبری ٢٠٢١، هەشت سەد و نەوەد داواکاری بۆ جەوازی دامەزراندنی یەکیەتی لە کەرتی تایبەتدا تۆمار کراوە و ٥٧٣ یەکیەتیی نوێ جەوازیان وەرگرتووە.

بێجگەلە یەکیەتییەکان، ڕێکخراو و پارتە سیاسییە چەپەکانیش لەم باروودۆخە سیاسی و کۆمەڵایەتییەدا، لە ئەمریکا بەهێز بوون. بۆ نموونە ژمارەی ئەندامانی حیزبی سۆسیالیستە دیموکراتەکانی ئەمریکا لە ٢٠١٦ تا هاوینی ٢٠٢١ لە ٨ هەزارەوە گەیشتووەتە ٩٢ هەزار.

میدیاکان نووسییان کە ساڵی ٢٠٢٢ش ساڵی بەهێزبوونی ڕیزی ژنان و پیاوانی کرێکار دەبێت. بێگومان دژایەتی لەگەڵ سیستمی سەرمایەداری و هۆگرایەتیی ڕەوایەتێک لە نیزامی سۆسیالیستی پەرە دەستێنێت. بەڵام ویرووسی کۆرۆنا و نەخۆشیی کۆویدی ١٩ لەوانەیە ڕیشەکێش نەبێت.

بەپێی ئەو ڕاپرسییانەی کە لە ٢٨ وڵاتی گەورە ئەنجام دراوە، بەشێوەی نیسبی ٥٦ لەسەدی کەسانێک کە وڵامی ئامارەکانیان داوەتە لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە “سەرمایەداری کار ناکات”. بەشێک لە خاوەنانی سەرمایەی گەورە لە ئەمریکا هەوڵیان دا تا لەڕێگەی بەهێزکردنی ڕەگەزپەرستی و فاشیسم و هەروەها بە کەڵک وەرگرتن لە پۆپۆلیسمی ڕاست بیروڕای چینی کرێکار بەلاڕێدا بەرن و دووبەرەکی بخەنە ناو ڕێزەکانیانەوە، بەڵام ئەم هەوڵەش تا ڕادەیەکی زۆر بێ ئاکام مایەوە. بەشێکی دیکە لە سەرمایەدارە گەورەکان، بەتایبەت ئەو بەشە لەوان کە ڕۆڵی سەرەکیتریان لە بەڕێوەبردنی ئەمریکادا هەیە، هەروا چاوی هیوایان لە لیبرالیسمی یارمەتیگرتوو لە سۆسیال دیمۆکراسیی ڕاست و دەسەڵاتی کەسانێکی وەک بایدێن بڕیوە. کۆمەڵی کرێکاری و لاوانیش بەرەو ڕەوایەتێک لە سۆسیالیسم چوون کە دەتوانێ شێوازێک لە سۆسیال دیموکراسیی چەپ بێتە ئەژمار. ساڵی نوێ ساڵی کێشمەکێشی توندی ئەم ئاراستانە دەبێت. کۆمۆنیستەکان ئەرکی سەر شانیانە کە بۆ بەهێز کردنی سۆسیالیسمی زانستی تێبکۆشن کە لە ئێستادا لە سۆسیال دیموکراسی چەپدا لانەی کردووە.