کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ساڵی بەڵا، ساڵی خەبات دژبە بەڵا

thumbs b c 393d181dadecce5d1b3aef55fd2ee312

ساڵی ٢٠٢١، کە بۆ زۆربەی دانیشتووانی گۆی زەوی ساڵی نەهامەتییە گەورەکان بوو، تێپەڕی. بێتوانایی بورژوازی لە بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ویرووسی کۆرۆنا و جۆرە جیاوازەکانی، بوو بەهۆی مەرگی پێنج ملیۆن و سێسەد و هەشتا هەزار مرۆڤ. ئەو سەرچاوانەی کە لە نوقسانی ئەم ئامارە ئاگادارن، ڕێژەی واقعیی مەرگ بەهۆی پەتای کۆرۆنا ٨ ملیۆن و چوارسەد هەزار کەس بەراورد دەکەن.

بانکی جیهانی لە سەرەتاکانی ساڵی ٢٠٢١دا ڕایگەیاند کە ٩٧ ملیۆن کەس لە ساڵی ٢٠٢٠دا هەژار و هەژارتر بوون. ئەم بانکە ویرووسی کۆرۆنای هۆکاری ئەم هەژارییە پێناسە کرد. بەڵام لەڕاستیدا ئەو سەرمایەدارانە هۆکاری ئەم هەژارییە بوون کە لە بەرهەمی کار و ڕەنجی ژنان و پیاوانی کرێکار ملیاردها دۆلاریان بە سەروەتی خۆیان زیاد کرد. دەزگا تەبلیغاتییەکانی بورژوازی ئیدیعا دەکەن کە هەموو دانیشتووانی زەوی بە یەکسان بوونەتە قوربانیی کۆرۆنا. بەڵام ئەم ئیدیعایە درۆیە. قوربانییانی سەرەکیی کۆرۆنا چینی کرێکار، بەساڵاچووان و توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵ بوون کە لە خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتیی پێویست بەهرەمەند نەبوون. سەدان ملیۆن کرێکار دیلی چەوسێنەرانێک بوون کە لە ڕێگەی بڕینی یارمەتیی دەوڵەتی و بیمە، کرێکارانیان ناچار کرد تا لە باروودۆخی کۆرۆناییدا بۆ ئەوان کار بکەن و قازانجیان بۆ بخوڵقێنن. ڕسواترینی ئەم چەوسێنەرانە “جێف بەزۆس”ی خاوەنی ئامازۆنە. ناوبراو هەر لەم دوو ساڵەدا کە کۆرۆنا بڵاوبووەتەوە، ژمارەی کرێکارانی لە ٥٠٠ هەزارەوە گەیاندە یەک ملیۆن و سەروەتەکەشی گەیاندە باڵای یەک “تریلیۆن” واتە هەزار ملیارد دۆلار. لە ساڵی ٢٠٢١دا تەنیا ١٠ ملیاردێر ٥٠٠ ملیارد دۆلاریان بە سەروەتی خۆیان زیاد کردووە. بورژوا گەورەکانی جیهان هەرگیز تا ئەم ڕادەیە لە باروودۆخی گونجاو بۆ کێشانی شیرەی گیانی کرێکاران و قازانج کردن، بەهرەمەند نەبوون. لە کۆتاییەکانی نوامبری ساڵی ڕابردوودا “لابراتۆری نابەرابەریی جیهانی” لە پاریس ڕایگەیاند کە دوو هەزار و  ٧٥٠ ملیاردێر، سێ و نیو لەسەدی سەروەتی دنیایان لە کۆنتڕۆڵ دایە. ئەوەش لە حاڵێک دایە کە نیوەی دانیشووانی گۆی زەوی تەنیا خاونی دوو لەسەدی سەروەتی جیهانن.

ئەگەر لێکدانەوەی فاکتەکانی ساڵی ٢٠٢١ تەنیا بەپێی ڕوانین بێت ئەوکات جیهان بەکەیفی چەوسێنەران دەبیندرێت. بەڵام هەڵسەنگاندنێکی قووڵتر وێنەیەکی دیکەمان پێ نیشان دەدات. ویرووسی کۆرۆنا لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٩ کاتێک سەری هەڵدا کە سیستمی سەرمایەداری چووبووە ناو قەیرانێکی قووڵتر لە قەیرانی ساڵی ٢٠٠٨ەوە. کارناسانی بورژوا هەڵبەت هەوڵیان دا کە ئەم ویرووسە بە هۆکاری قەیرانەکە پێناسە بکەن. بەڵام ئەمە تەنیا درۆیەک بوو و هیچی تر.

لە ساڵی ٢٠٢١دا ئەوە تەنیا هێزی کار نەبوو کە کەوتە ژێر گوشاری سیستمی سەرمایەداری و سەرمایەدارانەوە. ئەم نیزامە و خاوەنانی سەرمایە قەیرانی ژینگەشیان قووڵتر کردەوە. لەم ساڵەدا سووتەمەنیی فۆسیلی، و لە هەمووان زیاتر بەردی خەڵووز، بەشێوەیەکی بەرینتر لە لایەن کۆمپانییەکانەوە موعامەلەی پێکرا و سووتێندرا. لە ئاکامدا بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی کەشناسیی جیهانی لە کۆنفڕانسی گلاسکۆ لە بریتانیا، لە ماوەی ٧ ساڵی ڕابردوودا ژێرەی گازە گوڵخانەییەکان لە ئەتمۆسفێردا بەردەوام زیادی کردووە. لە ئاکامی کردەوەی وێرانکەری بورژوازی لە ساڵی ٢٠٢١دا هەوا گەرمتر بوو و سەهۆڵەکانی جەمسەری زەوی زیاتر توانەوە. وشکەساڵیی توندتر بەرۆکی خەڵکی جووتیار و زەحمەتێکشی گرت.

لەڕاستیدا ئەگەرچی ویرووسی کۆرۆنا باروودۆخی کەڵەکەکردنی زیاتری سەروەتی بۆ خاوەنانی سەرمایە و بنەماڵەکانیان پێکهێنا، بەڵام بێتوانایی سیستمی ئابووری و سیاسیی بورژوازیشی لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا زیاتر ئاشکرا کرد. کارناسانی جیددیتری بورژوازی لە کۆنفڕانسی ٢٠٢١ی داووسی سویس، کە هەموو ساڵێ تێیدا بورژوا گەورەکان و نوێنەرانیان، ستراتێژی بورژوازی بەڕۆژ دەکەنەوە، ترس و هۆشدار نیسبەت بە ئەگەری سەرهەڵدانی شۆرش لە وتەکانیاندا ئاشکرا بوو. سەرمایەداران و نوێنەرانیان لە داووس باسی پێکهێنانی گۆڕانکاریی ئابوورییان بۆ خۆبەدوور گرتن لە شۆڕش هێنایە گۆڕێ. سیاسەتی کینزی بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ قەیران سەرلەنوێ لەناو بانکە ناوەندییەکان و شارەزایانی ئابووریدا هۆگرایەتیی بەدەست هێناوە و هێندێک لە وڵاتەکان لەوانە ئەمریکا قەبووڵیان کردووە.

بەڵام بورژوازی لە ساڵی ٢٠٢١دا لەگەڵ خۆڕاگری، ناڕەزایەتی و خەباتی بەرین بەرەوڕوو بوو. بۆ نموونە کرێکاران لە وڵاتێکی وەک ئەمریکا، بێجگە لە بەڕێوەبردنی ئاکسیۆنی جۆراوجۆر، بە خۆڕاگری لە بەرامبەر بڕیاری گەڕانەوە بۆسەر کار لە باروودۆخی کۆرۆناییدا، خاوەنکارانیان لەگەڵ کەمبوونی هێزی کار بەرەوڕوو کردەوە. یان مەسەلەن لە هێند سەدان ملیۆن جووتیار لەڕێگەی ڕێپێوان، کۆبوونەوە و تێکدانی ڕێوڕەسمەکانی بورژوازیی گەورەی هێند، بوون بەهۆی ئەوەیکە دەسەڵاتی یەکجار ڕاستڕەوی “مۆدی” ئەو یاسایانە هەڵوەشێنێتەوە کە بۆ زاڵبوونی زیاتری سەرمایەدارە گەورەکان بەسەر جووتیاران و کرێکارانی کشتوکاڵ پەسندی کردبوو.

ساڵی ٢٠٢١ی زایینی بۆ کرێکاران و خەڵکی بێبەشڕاگیراوی ئێران کارەساتبارتر بوو. توندبوونەوەی چەوساندنەوە، پەرەسەندنی جۆرە جیاوازەکانی ویرووسی کۆرۆنا، کایەکردن بە دراو لە لایەن دەوڵەتەوە کە تەورۆم و گرانیی بێوینەی بەسەر خەڵکی هەژاردا سەپاند، دانیشتووانی ئێرانی لە هەموو لایەکەوە خستە ژێر گوشارەوە. بەڵام کرێکاران، موعەلیمان و خانەنشینکراوان بە ئاکسیۆنی خەباتکارانەی گەورە و ڕوو لە گەشەیان خوازیاری باشتر کردنی باروودۆخی سیاسی و بژێویی خۆیان بوون. ئەوان بە هێنانە گۆڕی لانیکەمی حەقدەستی مانگانە ١٢ ملیۆن تمەن بۆ هەموو کرێکاران، ڕیزبەندیی واقعیی بۆ موعەلیمان، یەکسان کردنی باروودۆخی خانەنشینکراوان، ئازادیی بەندکراوانی سیاسی، ڕێگری لە کاڵایی بوونی پەروەردە و بێبەرامبەر کردنی، کەشوهەوای سیاسییان کردووەتەوە. ئەگەر کاریگەریی ئەم خەباتە بخرێتە پەنا خەباتی ڕادیکاڵی کۆمەڵایەتی لە باقیی شوێنەکانی دیکەی جیهان، دەتوانین هیوادار بین کە ساڵی ٢٠٢٢ ساڵێکی باشتر بێت.