کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ساڵرۆژی بەرجام و زەق تر بوونەوەی خاڵە لاوازەکانی ڕژیم

رۆژی ٢٣ ی پوشپەڕی ساڵی ١٣٩٤ بەرنامەی جامعی ئێقدامی هاوبەش( بەرجام) لە ویەن، پێتەختی ئوتریش، لە نێوان نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی و نوێنەرانی دەوڵەتانی ئامریکا، بریتانیا، روسیە، چین و ئاڵمان ئیمزا کرا. لە ساڵرۆژی ئیمزا کرانی ئەم قەراردادە دا باڵە جۆراو جۆرەکانی ڕژیم هه‌ڵسه‌نگاندنی جیاوازیان پێشکەش کرد. رۆحانی دوێنێ لە هەیئەتی دەوڵەتدا ستایشی بەرجامی کرد و بۆ دڵ خۆش کردنی فەرماندەکانی سپا وتی کە تەحریمە تەسلیحاتیەکان هەڵگیراون و ڕژیم دەتوانێ ئاستی دیفاعی و نیزامی خۆی بەرێتە سەرێ. ئەو لە ڕابردودا بەردەوام هاتنی سەرمایە و تێکنولۆژی نوێی بۆ نێو وڵات و پێك هێنانی بەملیۆن هەلی کاری لە بەرەکەتەکانی تەوافقی هەستەی باس ئەکرد. بە واتایەکی تر لە نەبوونی داهاتی کافی نەوتدا، رۆحانی هیوادار بوو کە دوای تەوافوقی هەستەیی ساڵانە لە نێوان ٣٠ بۆ ٥٠ ملیارد دۆلار سەرمایەی دەرەکی بێتە ئێرانەوە تا بە خەیاڵی خۆی چەرخی ئابووری وڵات وەحەرەکەت بکەوێ، بێکاران هەلی کارێکیان دەست بکەوێ و کەسانی لەسەر کاریش داهاتێکی زیاتریان هەبێت. بەڵام ئەو لە غیابی سەرمایە گوزاری، قەیرانیتر بوونی باروخۆخی ئابووری و زیاد بوونی بێکاریدا ئیمکانێکی بۆ درۆ کردنی زیاتر لەم بوارەدا بۆ نەڕەخسا.باڵی بەرانبەر لە ڕاگەیەنەرەکانیدا بە جێگای ستایش کردنی بەرجام دەستی کردن بە زەم کردنی، هەواڵنێری تەسنیم، بڵاوکراوەی سپای پاسداران، لە زمان مێهدی محەممەدیەوە وتی:761
تەحریمە بانکیەکانی ئامریکا لەسەر جێی خۆیەتی و هیچ چەشنە معامەلەیەک بە دۆلار ئەنجام نادرێت. ئەو لە درێژەدا دەڵێ کە بێجگە لە بانکە چکۆلە و کەم زەرفیەتەکان هیچ بانکێکی گەورە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا معامەلە ناکات. ئەو لە درێژەدا وتی کە بەهۆی گرفتی بانکیەوە لە حەوزەی سەرمایە گوزاری دەرکیدا، هیچ چەشنە سەرمایە گوزاریەکی دەرەکی بەتەواوی نه‌هاتۆته‌ ئێرانەوە و دەوڵەت ناتوانێ پارەی نەوتی فرۆشراوی وەربگرێت و دەبێ لە بەرابەر نەوتی هەرزان کراودا کالا وەر بگرێت.
له‌ راستی دا کە بەرجام پرۆژەی هاوبەشی ناوەندە سەرەکیەکانی حاکمیەت بوو کە ڕژیم هەم بە هۆی تەحریمەکان و هەم هۆی ترس لە ئاخیزە کۆمەڵایەتیەکان پێی ڕازی بوو. لە سەرەتادا هەموو باڵەکان چاوەرێ بوون ئاکامێکی خێرا لە تەسلیم بوونی حکومەتی ئیسلامی لە بەرانبەر ١+٥ بە دەست بێت. بەڵام دەوڵەتی ئامریکا کە چاوەڕێ بوو وە ئێستاش چاوەڕییە تا کۆماری ئیسلامی دەست لە پشتیوانی کردنی حیزب اللە، حەماس و دەوڵەتی سوریە هەڵگرێ و ستراتێژی خۆی لە رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا لەگەڵ ستراتیژی ئامریکا هاوئاهەنگ بکات، ئیمکانی هەموو جۆرە هاوکاریەکی ئابووری و ئەمنیەتی لەگەڵ ڕژیمدا لەنێو بردوە.
ئێستا کە کەشتیی بەرجام لە قوڕ چەقیوە باڵی سپا- خامنەیی لە هەوڵدان تا هەموو کاسە و کوزەکانی ئەم شکستە لە سەری دەوڵەتی رۆحانی و پشتیوانەکانی وەک ڕەفسانجانی دا بشکێنن. لەوێوە کە سەرانی ئەم باڵە رۆحانیان بۆ دەستەبەر بوونی بەرجام، واتە گەیشتن بە توافوق ڕاسپاردبوو کە مەترسی روخان لە کۆڵ ڕژیم بکاتەوە، لەگەڵ بە ئاکام گەیشتنی خێرای ئەم تەوافوقە وادیارە کە خاسیەتی دەوڵەتی رۆحانی بۆ باڵی سپا- خامنەیی تەواو بووە. بەم هۆیەشەوەیە کە رۆژ بە رۆژ باڵەکانی ده‌وڵه‌تیان قرتاندوە و تەنیا تەداروکاتچیەکی، وەک کابینەی خاتەمیان، لێ هێشتۆتەوە.
لەڕوانگەی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشەوە شکستی ڕژیم لە وتووێژە هەستەییەکاندا و خواردنەوەی جامە ژەهرەکە لە لایەن خامنەییەوە، ئەگەرچی شادمانیەکی گشتی بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام پڕ ئازاریش بوو. لەبەر ئەوەی کە لە پرۆسەی گوفتگوكاندا و هەروەها لەگەڵ تەوافقی هەستەیی لە ٢٣ ی مانگی پوشپەڕی ٩٤ دا سەرکوت توندتر بۆوە، هەڵسوراوانی کرێکاری و فەعالینی مەیدانە مەدنیە جۆراو جۆرەکان، کەوتنە بەر ئەزیەت و ئازار و بەدوادا چوون. هەر لەم ماوەیەدا هەژاری و بێکاری زیادی کرد. ” ناوەندی ئاماری ئێران” باس لە نرخی بێکاری ٤٨ لەسەدی لاوانی کەمتر لە ٣٠ ساڵ دەکات و دەنووسێ کە نرخی بێکاری لەنێو ژناندا زیاتر لە ٨٠ لەسەدە. پێ بە پێی کرێکاران بارودۆخی سیاسی و ئابووری توێژە زەحمەتکێشەکانیش خراپتر بوو.

پێویستە ئەوە لەبەر چاو بێت کە بەرەو شکست چوونی پرۆسەی بەرجام، توند بوونەوەی ناکۆکیەکانی هەیئەتی حاکمە و چوونە ژێر گوشاری زیاتری کۆماری ئیسلامی لە ئاستی ناوچەیی و جیهانیدا بە تەنیایی بۆ پاشکشە کردن و سەرئەنجام روخاندنی ڕژیم بەس نییە. بۆ ئەم کارە پێویستیمان بە بەهێز کردنی بزوتنەوەیەکە کە خوازیاری رووخانی ڕژیمە بە ڕێبەریی چینی کرێکارێک کە ئاسۆی دامەزرانی کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستی بۆ خۆی دیاری کردبێت.

هاوکات لەگەڵ زیاتر بوونی هەژاری و ئیستبداد لە کۆمەڵگادا خەباتی کرێکاری لە ساڵی ٩٤ دا کەوتە مەسیری بەرەو پێش چوونەوە و کۆمەڵێک هەنگاوی بۆ پێشەوە نا. بەو حاڵەشەوە ئەم خەباتە بەدەست پڕژوبلاویەوە ئازاری دەکێشا. تەنیا بە لاچوونی خاڵە لاوازەکانی بزوتنەوەی کرێکاری، و لە سەرویانەوە پڕژوبڵاوی و نەبوونی تەشەکولی سیاسی و چینایەتی، دەکرێ لە بارودۆخی قەیراناوی تر بووی ڕژیم بە قازانجی جەماوەری خەڵک و لە ڕاستای روخاندنیدا کەڵک وەربگرێت.

بەڵام بۆ کردنی خەباتێکی پڕژوبڵاو بە خەباتێکی سەرتاسەری و بە یەکەوە بەستنەوەی خەباتی کرێکاری کارخانەکان و ناوەندە جۆراو جۆرەکانی بەرهەمهێنان دەبێ چی بکرێت؟ لە بارودۆخی ئێستادا دەبێ بە دوو ئاڕاستەی سەرەکیدا هەنگاو بندرێت. یەکەم چەسپاندنی داواکاری و دروشمی وەک یەکی خەباتکارانە لە نێو کرێکاراندا، و دووهەم بە یەکەوە بەستنەوەی پێوەندی هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی کرێکاری بەشە جۆراو جۆرەکانی بزوتنەوەی کرێکاری. بە واتایەکی تر نەبوونی تەشەکولی جەماوەریی کرێکاران، نەبوونی داواکاری و دروشمی وەک یەک و سەرتاسەری و نەبوونی پێوەندی بەکردەوەی خەباتکارانە لە نێوان هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی کرێکاری لە ئاستی سەراسەریدا، دوو کۆسپی بنەڕەتین لە بەردەم سەرتاسەری و هاوئاهەنگ بوونەوەی خەباتی کرێکاراندا. هەڵسوڕاوان و ڕێبەرانی کرێکاری لەم بارودۆخەدا پێویستە هەوڵ بدەن ئەم کۆسپانە لەسەر ڕێ لابدەن.

لە ساڵرۆژی بەرنامەی جامعی ئێقدامی هاوبەش ( بەرجام) دا سەرنج بدەنە زیاتر بونی خاڵە لاوازەکانی ڕژیم و هاوکات خاڵە لاوازەکانی بزوتنەوەی کرێکارێش لەبەرچاو بگرن و هەوڵدان بۆ چارەسەر کردنیان ئەرکێکی پێویستە.

 

بابەتی پەیوەندیدار

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-

لە١٤ هەمین ساڵیادى ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر و هاوبه‌نده‌كانی دا

-

پەرەسەندنی پشتیوانی کرێکاران لە بزووتنەوەی دژە جینۆساید

-

پەرەسەندنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، ئامرازێکن بۆ پێشڕەوی و گەرەنتی پاراستنی دەستکەوتەکان

-

پشت بەستن به جەلاد و پەتی سێدارە بەمەبەستی مانەوەی ڕژیم، بێ سەمەرە

-

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-