ئەیووب دەباغیان
28.09.2022
ــــ ئەوەی ئەمرۆ لە زرگوێز، زرگوێزەڵە و کۆیە لە کوردستانی عێراق بەرامبەر بنکە و بارەگاکانی حیزب و ڕێکخراوە سیاسیەکانی کوردانی رۆژهەڵات لەوانە کۆمەڵە، دیموکرات و پارتی ژیانی ئازادی روویدا، لە بۆمباران کردن و موشەک باران کردنی درێژماوەی بنکە و بارەگاکانیان لە لایەن دەسەڵاتی کۆنەپەرست و خوێن ڕێژی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە گەڵ ئەویدا کە پێشێلکارێکی ئاشکرایە بەرامبەر سەروەری وڵاتێکی دیکە ئەنجامی دەدات، لە هەمان کاتدا دەرخەری شکست و ناکامێتی بەرامبەر ڕاپەڕین و ئاخیزە جەماوەریەکەی دوو حەوتوی ڕابردووی ناوەوەی وڵات کە لە دوای کوشتنی بێبەزێیانەی مەهسا ئەمینی “ژینا” لە کوردستانەوە چەخماغەکەی لێدراو دەستی پێکردوو، وە هەر زۆر زوو هەموو شارەکانی ئێران بە تاران و قوم و مەشهەدیشی گرتەوە.
ــــ کۆماری ئیسلامی ئێران ئەگەر چی ئەو ئیعترازات و ئاخیزە جەماوەری کە لە سەرجەم شارەکانی ئێران لە ئارادا هەیە و بەتەواوتەی کۆی دەسەڵات و موجودیەتی ئەو رژیمەی خستۆتە مەترسی جددیەوە و لە لێواری لەناوچوون نزیکی کردۆتەوە، وە راستەوخۆ لە چاوی هێزە دژبەرەکانی خۆی بەتایبەت کۆمەڵە و دیموکراتی دەبینێت، هەر بۆیە بەم کردەوە ترسنوکانە و جنایتکارانە دژە مرۆیەی دەیهەوێت چاوەکان، هۆش و ئەندێشە و بیرکردنەوەی بیرو ڕای گشتی ناوخۆیی، جیهانی و ناوەندە نێودەوڵەتیەکان کە متمرکیزی ناوەوەی ئێرانن لە سەر خۆی لاببات و بیان خاتە ئەودیوی مەرزەکان، تا بتوانێت باشتر کار بۆ سەرکووت و تێکشاندنی عەزم و ئێرادەی گەلی ڕاپەڕیووی ئێران و کوردستان بکات.
ــــ لەهەمان کاتیشدا ژەهری چاوێکیش لە حیزبەکانی رۆژهەڵات لەودیوی سنور وەر بگرێت کە بە هۆکاری سەرەکی ئاڵۆزێکانی ئەم دۆایانەیان دەزانێت.
ــــ هەروەک ئاشکرایە، وە خەڵک و جەماوەری کوردستانی باشور و تەواوی دونیاش دەزانن کۆماری ئیسلامی ئەوە یەکەم جاری نییە کە لە دەرەوی خاکی ئێرانەوە لە ڕێگەی تۆپباران، موشەک باران و بۆمباران دەست بۆ هیزە دژبەرەکانی خۆی دەبات و دەیانکاتە ئامانج، یان ئەوەتا دەست دەداتە تیرور و رفاندن و کوشتنی نەیارانی سیاسی خۆی، بەڵام ئەوەی زۆرتر جێگای داخ و دڵگرانییە ئەوەیە کە لەگەڵ هەر کردەوەیەکی جینایەتکارانە و ترسنۆکانەی رژیم لە خاکی کوردستانی باشور کۆمەڵێک هاووڵاتی سڤیل و مەدنی کە زۆربەشیان ژن و مناڵن، لە هەردووک لا گیان لەدەست دەدەن و دەبنە بەرکەوتە و قوربانی ئەم دەستدرێژیانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەکەدا.
ــــ هەر بۆیە دەبێت بە هەموو هێز و تۆانامانەوە ئەم جۆرە پێشێلکاری و تاوانکاریانەی رژیمی ئێران بێی وڵام نەهێڵینەوە، هەموو خەڵی ئازادیخواز و نارازی بەم کردەوەیە، چ لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان و کوردستانی رۆژهەڵات و ئێران بە گشتی، چ لە تاراوگە و دەرەوەی وڵات بڕژینە شەقام و دەنگی نارەزایەتی و مەزلوم کوژی هەموو ئەو ئینسانە بێتاوانانە بگەیێنینە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، رای گشتی جیهان و سەرجەم کۆڕ و کۆمەڵ و ناوەندە مرویەکان بۆ ڕاگرتن و کۆتایی هێنانی یەکجارەکی بە دەسەڵاتی نگریس و سەرکوتی کۆماری ئیسلامی ئێران.
ــــ لە کۆتایدا پرسەوسەرەخۆشی قوڵی خۆم ئاراستەی بنەماڵە، هاوڕی و هاوسەنگەرانی گیان بەختکردووان و خەڵکی کوردستان بەگشتی دەکەم و لە هەمان کاتیشدا هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ سەرجەم برینداران دەخۆازم
ـــ سەرکەوتوو بێت خەبات و خۆاست و ئیرادەی جەماوەری ڕاپەڕیوی ئێران و کوردستان
ـــ بڕوخێت رژیمی کۆنەپەرست و خوینڕێژی کۆماری ئیسلامی ئێران