ساخته‌كاری له خۆراكدا له ئێران گه‌یشتۆته ئه‌وپه‌ڕی خۆی. له‌م دواییانه‌دا ڕۆژنامه‌ی ئافتابی یه‌زد، ڕاپۆڕتێكی دڵ هه‌ژێنی له‌م بابه‌ته‌وه بڵاوكردۆته‌وه. هه‌ر وه‌ك له ڕاپۆڕته‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، گه‌نده‌ڵی له بواری خۆڕاك و خۆاردنی خه‌ڵك له ئێران‌دا ئه‌ونده فره لایه‌ن و به‌ربڵاوه كه ته‌ندرووستی خه‌ڵكی به ته‌واوه‌تی خستۆته مه‌ترسییه‌وه. به پێی ڕاپۆڕتێكی تێر و ته‌سه‌لی داود خانی له ڕۆژنامه‌ی یه‌زددا، ساخته‌كاری به‌ربڵاو له بازاڕی پێداویستیه‌كانی خۆراكدا شه‌پۆل ده‌دات. نزیكه‌ی هه‌موو بابه‌ته خۆراكییه‌كان ئاسه‌وارێك له ساخته‌كاری تێدا ده‌بیندرێ كه ئه‌م بابه‌ته بۆته هۆی بێ متمانه‌یی مشته‌رییه‌كان. به‌ڵام ئه‌م ساخته‌كارییانه ته‌نیا بابه‌تی چكۆله و كه‌م بایه‌خ له‌خۆ ناگرێت و به هۆی نه‌بوونی چاودێری پێویست، زۆر جار هه‌واڵی دڵته‌زێن سه‌باره‌ت به‌م دیارده‌یه له بازاڕدا ده‌بیسرێت. له‌م هه‌ل و مه‌رجه‌دا كه‌سانی قازانج په‌ره‌ست به ئامانجی به‌ده‌ست هێنانی سوودێكی زۆرتر له كه‌سب و كاره‌كانی خۆیاندا ده‌ستده‌به‌ن بۆ جۆرێك ساخته‌كاری كه ده‌بێته هۆی نیگه‌رانی جیددی بۆسه‌ر ته‌ندرووستی خه‌ڵك.
به گوێره‌ی ڕاپۆڕته‌كان ساخته‌كردن یان به واتایه‌كی تر، ده‌ستكاری كردنی ماده خۆراكییه‌كان به‌داخه‌وه ئه‌ونده به‌ربڵاوه كه هه‌موو جۆره‌كانی له‌خۆ گرتووه. هه‌ندێك له‌و ساخته‌كارییانه مه‌ترسیدار و هه‌ندێكیشیان كه‌متر مه‌ترسیدارن، بۆ نموونه فرۆشتنی هێلكه به‌دانه، به‌بێ له‌به‌ر چاوگرتنی قه‌باره و قورساییه‌كه‌ی، خۆی له خۆیدا جۆرێكه له ساخته‌كاری، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له هه‌موو دوونیادا هێلكه به‌سه‌ر سێ قه‌باره و نرخی جیاوازدا دابه‌ش ده‌كرێ. هه‌روه‌ها به‌سته‌به‌ندی گۆشتی وردكراو (قیمه) به‌بێ ئاماژه به ڕێژه‌ی چه‌ورییه‌كه‌ی ساختهكارییهكیی هاوشێوه‌یه كه ده‌توانین بڵێین مافی هه‌ڵبژاردن له شارۆمه‌ندان زه‌وت ده‌كات. به‌ڵام گرووپێكی تر له‌و ساخته‌كارییانه‌ی كه له ماده خۆراكییه‌كان له ئێرندا ڕه‌واجی په‌یدا كردووه، نه‌ته‌نیا گیرفانه‌كان به‌ڵكوو هه‌ڕه‌شه‌ن بۆسه‌ر ته‌ندرووستی شارۆمه‌ندانیش. وه‌ك ساخته‌كاریی له شیر و باقی به‌رهه‌مه شیره‌مه‌نییه‌كان. ده‌سته‌یه‌كی تر له ساخته‌كارییه‌كان زیادكردنی كه‌ره‌سته‌ی هاوشێوه‌ی ماده خۆراكییه سه‌ره‌كییه‌كان به مه‌به‌ستی بردنه سه‌رێی قورساییهكهیی و له ڕاستیدا كه‌م فرۆشیه. ئه‌م چه‌شنه ساخته‌كاریی و ده‌ستكاریكردنه له زۆریه‌ك له به‌رهه‌مه‌كاندا له‌وانه له بههاراتهكاندا ده‌بیندرێت. بۆ نموونه نیوه‌ی پاكه‌تێكی زه‌رده چێوه پێكهاتووه له، ئارد یان كه‌ره‌سته‌ی بێ بایه‌خی تر كه، به ڕه‌نگه ناخۆراكییه‌كان به شێوه‌ی زه‌رده‌چێوه ده‌رهاتوون. هه‌ڵبه‌ت ده‌توانین بڵێین یه‌كێك له كه‌م مه‌ترسیدارترین ساخته‌كاری له‌چاو كه‌ره‌سته‌كانی تر ساخته‌كاری له بههاراتهكاندایه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕێژه‌یه‌كی كه‌متریان ده‌چێته ناو جه‌سته‌وه. به‌ڵام جگه له به‌هاراته‌كان چه‌ند جۆرێكی تر له كه‌ره‌سته‌ی خۆراكیی وه‌ك، چایی، قاوه، ڕوب، ئابلیمو، ڕۆنی زه‌یتوون، هه‌نگوین و هیتر….. له‌و كه‌ره‌ستانه‌ن كه به ڕێژه‌یه‌كی زۆر به‌كار ده‌هێندرێن و زۆرترین ساخته‌كاریان تێدا ده‌كرێت و مه‌ترسی جیددین بۆسه‌ر ته‌ندرووستی خه‌ڵك.
له ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌تی ئیسلامی‌دا نزیك به ته‌واوی، كه‌ره‌سته خۆراكییه‌كان به ده‌ستكاری ساختهكارییهكیی زۆره‌وه ده‌خرێته بازاڕ و ماڕكێته‌كان و سه‌ره‌نجام دێته سه‌ر سفره‌ی خه‌ڵك. ته‌ندرووستی و خۆاردنی ته‌ندرووست بۆ خه‌ڵك به‌شێك نییه له ئه‌وله‌ویه‌ته‌كانی ڕژیمی ئیسلامی و بازرگانه‌كانی مه‌رگ به هاوبه‌شی، له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكوومه‌ت بۆ به‌ده‌ستهێنانی قازانجی زیاتر به قیمه‌تی ته‌ندرووستی خه‌ڵك، ده‌ست بۆ هه‌ر گه‌نده‌ڵی و ساخته‌كارییه‌ك ده‌بن.
قازانج په‌ره‌ستی به‌شێك له بازرگانه‌كان به پشتیوانی یان هاوبه‌شی به‌رپرسانی حكوومه‌ت، نه‌بوونی چاودێری پێویست، نه‌بوونی ڕاگه‌یاندنی ئازاد و هێزی دادوه‌ری سه‌ربه‌خۆ، بوونی بانده مافییاییهكانی هه‌نارده و هاورده‌ی سه‌ربه سپای پاسداران، نه‌بوونی بارهێنانی پێویست له ڕاگه‌یاندنه‌كان و ناوه‌نده‌كانی ڕاهێنان، له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی په‌ره‌سه‌ندنی ساخته‌كاری له بواری كه‌ره‌سته خۆراكییهكاندان.
ساخته‌كاری له خۆراك و ده‌رمان، له به‌رهه‌م هێنانی كاڵای خراپ و كوالێتی نزم ته‌نیا تایبه‌ت به ئێران نییه و له زۆربه‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی كه گیان و ته‌ندرووستی خه‌ڵك كه‌م بایه‌خه، بوونی هه‌یه. به‌ڵام ئه‌وه‌یكه كۆماری ئیسلامی له ساخته‌كاره‌كانی تر جیا ده‌كاته‌وه، ئه‌وه‌یه كه له باوه‌ڕی شیعه و له ئیسلامدا، درۆ حه‌رام نییه و ساخته‌كاری و ساخته‌چی بوون، خۆی له خۆیدا كارێكی ناپه‌سه‌ند و ناشیرین نییه. له سیسته‌می ئیسلامی ئێران‌دا گیان و ته‌ندرووستی خه‌ڵك هیچ بایه‌خێكی نییه و هه‌روه‌ك چۆن ده‌توانرێت به‌ڵگه نامه‌ی پزشكی بكڕدرێت، ده‌شتوانن له‌به‌رامبه‌ر ته‌ندرووستی و متمانه‌ی خه‌ڵكدا، هه‌ر جۆره شتێكی خراپ و مه‌ترسیدار به تێكه‌ڵكردنی ماده شیمیای و ژهراوییهكان به خه‌ڵك بفرۆشن و له‌و ڕێگایه‌وه قازانجێكی زۆر به‌ده‌ست بێنن. له ئێران له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه ڕاگه‌یاندنی ئازاد نییه، له‌قاودان و ڕیسواكردنی ساخته‌چییه‌كان له‌بواره جۆراوجۆره‌كان و له‌وانه، خۆراك و ده‌رمان و موحاكمهكردنیان له داداگای سه‌ربه‌خۆدا، كارێكی دژواره. ئاخوونده‌كان و به‌رپرسانی حكوومه‌ت لایه‌نێكی سه‌ره‌كیی ئه‌م بازرگانییه ناڕهوایهن. هه‌روه‌ك چۆن ده‌وا و ده‌رمانی كۆن و ماوه به‌سه‌رچوو ده‌فرۆشن، یان به‌شێكن له بازرگانیكردنی به مادده هۆشبه‌ره‌كان. حكوومه‌تی ئیسلامی دژی ته‌ندرووستی و ئه‌منییه‌تی خه‌ڵكه و له گۆڕنانی ئه‌م نیزامه گه‌نده‌ڵ و ساخته‌چییه، هه‌نگاوێكی گه‌وره‌یه له پێناو باشتركردنی ته‌ندرووستی خه‌ڵك.