کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

زەوی لەژێر پێی ئه‌ردۆغاندا داغتر دەبێت

 

هەڵبژاردنی شارەوانی شاری ئیستانبۆل بە هۆکاری جۆراوجۆر، گرنگی سیاسی و نمادینی واوەتر لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکی بە خۆیەوە گرتووە. سەرکەتنی ئەکڕەم ئیمام ئۆغڵو لە پارتی کۆماریخوازی گەڵ، بەسەر بن عەلی یه‌لدریم لە پارتی داد و گەشەدا، نەک بەم هۆکارەی کە لە سیمای براوه‌ی ئه‌م كێبه‌ڕكێیه‌دا، گۆیا ئاسۆیەکی روون بۆ داهاتوی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و ستەم لێکراو لە تورکییە دەبیندرێت، بەڵکوو بە هۆی ئاشکرا کردنی مەوقعیەتی عەینی پارتی ده‌سه‌ڵاتدا کە ئەردۆغان بە فریوکاری و خەیاڵپەردازی هەوڵ ئەدات داپۆشینی، بۆتە خاوەنی ئەو گرنگیە. دەنگی دەنگدەرانی ئیستانبۆل لە” هەڵبژاردنی” ڕۆژی یەکشەممە به‌هه‌ر هانده‌رێك و بۆچوونێك چووبێتنه‌ به‌رده‌م سندووقی ده‌نگدان، به‌كرده‌وه‌ لە نێوان” خراپ و خراپتر” دا خراپیان هەڵبژارد. ئەم هەڵبژاردنە بۆتە نیشانەی بابه‌تی ئاوابوونی ئەستێرەی بەختی ده‌سه‌ڵاتی مەزهەبی ڕەجەب تەیێب ئەردۆغان و ئیسلامی سیاسیی و هاتنە ئارای بارودۆخێکی خەباتکارانەی تازە لەم وڵاتەدا. ئەردۆغان کە بەر لە هەڵبژاردنەکە وتبووی:” براوەی هەڵبژاردنی ئیستانبۆل، براوەی سەرتاسەری تورکییە دەبێت”، نە تەنیا لە ئیستانبۆل بەڵکوولە هەموو شارە گەورەکانی تورکییە کۆنترۆڵی خۆی بەسەر شارەوانییەکاندا لە دەست داوە. ئیستانبۆل، ئانکارا، ئێزمیر، ئانتالیا و دیاربەکر لە زومڕەی ئەو شارانە بوون، کە نوێنەرەکانی پارتی دەسەڵاتدار نەیاتوانی پۆستەکانیان بپارێزن.

بە سەرکەوتنی ئیمام ئۆغلو ده‌سه‌ڵاتی ١٨ ساڵەی پارتی داد و گەشە بەسەر گەورە شارەوانی ئیستانبۆلدا کۆتایی هات. ئیستانبۆل شارێکە کە ڕەجەب تەیێب ئەردۆغان ٢٥ ساڵ لەوەپێش بە سەرکەتن لە هەڵبژاردنی شارەوانی ئەم شارەدا، چووە نێو گۆڕەپانی سیاسی تورکییەوە. ئێستا دەنگدەران لەم شارە ئەستێرەی بەختی ئەویان ئاوا كردووه‌. بن عەلی یەلدیرم لە ئاک پارتی کە لە دەورەی یەکەمی هەڵبژاردنی شارەوانی ئیستانبوڵدا ئامادە نەبوو بە ١٣ هەزار جیاوازی دەنگەوە شکستی خۆی قەبوڵ بکات و پێداگری دەستێوەردانی ئەردۆغان کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی ناچار کرد تا دەنگ بە پووچەڵ کردنەوەی ئاکامی هەڵبژاردنی مانگی مارس بدات، ئەم جار ناچار بووە بە ٨٠٠ هەزار جیاوازی دەنگەوە، شکستەکە قەبوڵ بکات. شکستی ئاک پارتی لە هەڵبژاردنی گەورە شاری ئیستانبۆلدا نەک لەبەر سیاسەتی جیاوازی شاریی ئەم یان ئەو کاندید یان چۆنییه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی پڕوپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردن، بەڵکوو ڕیشەی لە ناکامی ئەم ساڵانەی دوایی ئەردۆغان و حیزبەکەی لە تورکییەدایە.

ڕەجەب تەیێب ئەردۆغان ڕێبەری ئاکپارتی لە مەیدانی سیاسی تورکییەدا، خەیاڵپەردازێکی شکست خواردوە. ناکامی بەردەوامی لە بوارەجۆراو جۆرەکاندا، یەک و دووان نین. ئەستێرەی بەختی دەوڵەتی ئەردۆغان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، لە جەریانی ڕووداوەکانی ناسراو بە” بەهاری عەرەبی” کوژایەوە. خۆشباوەڕیە سەرەتاییەکانی ئەردۆغان و حیزبەکەی کە خۆیان بە سەرچاوەی ئیلهام و ڕێبەری مەعنەوەی ڕەوتە لیبڕاڵ ئیسلامییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست و باکوری ئەفریقادا دەزانی و بە فەخر فرۆشیەکی ساویلکانە، پێیان وابوو کە گۆیا دەتوانن جێگا و پێگەی ئیمپڕاتۆڕی لێک هەڵوەشاوی عوسمانی بگرنەوە، وەک بڵقی سەرئاوی لێهات. پشتیوانی لە داعش بوو بە ڕیسواییەکی نێونەتەوەیی بۆ دەوڵەتی ئەردۆغان. سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکییە لە سورییە بەرەوڕووی شکست بوونەوە و گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری دەوڵەتی تورکییە ناتوانن دەورێکی گرنگیان لە شکڵدان بە داهاتوی سیاسی سورییەدا هەبێت. دەوڵەتی تورکییە بۆتە یەکێک لە دۆڕاوە سەرەکییەکانی گۆڕەپانی سیاسی سورییە. مانۆڕە سیاسی و دیپلۆماتیکەکانی ئەردۆغان لە نیوان بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و ڕوسییە لە ناوچەکەدا، بێجگە لەشکست و بەرهەمێکی دیکەی بۆ ئەردۆغان نەبووە.

ڕەوتی گەشەی ئابووری کە لە ساڵەکانی سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنی ئاک پارتیدا، ببوو بە نێردیوانی سەرکەوتنی ئەم حیزبە، ئێستا بەرەو کز بوونێکی خێرا دەڕوات. ئەرزشی لیرەی تورکیە گەیشتۆتە نزم ترین ئاستی خۆی لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردودا. دەوڵەتی ئەردوغان دەیوت کە توانیویەتی ئابووری تورکیە لە داوی قەیرانی ئابووری هەمەلایەنەی رۆژئاوا ڕزگار بکات. بەڵام ئەم ئیدیعایە زۆری دەوام نەهێنا. گەشەی ئابووری وێستا و بێکاری و هه‌ژاری زۆری بەشوێن خۆیدا هێنا.

شکستی هەوڵەکانی ئەم دەوڵەتە بۆ پەیوەست بوون بە یەکێتی ئۆرووپا، دەبێ بە لیستی ناکامیەکانی دەوڵەتی ئەردۆغانەوە زیاد بکرێت. ساڵانێکی دوور و درێژە کە دەوڵەتانی ئۆرووپایی، تورکییەیان لە پشت دەروازەکانی یەکێتی ئۆرووپا لە چاوەروانیدا ڕاگرتووە. دەوڵەتی ئەردۆغان، ئەمجارە هەوڵیدا تا بە گرەوکێشی لە شەپۆلی پەنابەرانی سورییە و کردنەوەی ڕێگا بۆیان تا دەروازەکانی ئۆرووپا، دەوڵەتانی ئۆرووپایی بۆ چوونه‌ ناو یه‌كێتیی ئۆرووپا بخاتە ژێر گوشارەوە، ئێستا دەبینین کە لەم بوارەدا نە تەنیا بەرەو پێشەوە چوونێکی نەبووە، بەڵکوو دوور نمای داهاتوشی تاریک تر بووە.

بەبیانوی کودتای بێ ئاکامی ١٥ ی ژوئیەی ساڵی ٢٠١٦ هێرشێکی بەرینی لەدژی نەیارانی سیاسی، خۆی لەسەتاسەری تورکیەدا دەست پێکرد. لەم هێرشەدا نزیکەی ٤٠ هەزار کەسی گرت و ١٥٠ هەزار کەسی لە کارمەندانی دەوڵەتی لەسەر کارەکانیان وەلانا. زیاتر لە ١٧٠ هەزار ناوەندی راگەیاندن داخران و ١٢٠ هەزار رۆژنامە نووس گیران. شارەداری هەڵبژێردراوی خەڵک لە شارەکانی کوردستان محاکەمە و زیندانی کران. بە جێگای شارەدارانی هەڵبژێردراو لە کوردستان قەیومی دەوڵەتیان دانا.” سەلاحەدین دەمیر تاش و فیگەن یوگسکداغ” ڕێبەرانی پارتی دیموکراتیکی گەلان، کە حیزبێکی یاسایی پارلمانیە كه‌وتنه‌ زیندانه‌وه‌. لە بەرانبەر داخوازی سەدان زیندانیدا کە بۆ داکۆکی لە مافی سەرەتایی و ئینسانی، عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری پ ک ک کە مانیان له‌ خواردن گرتبوو، بوو بەهۆی مردنی چەند کەسێکیان، بەرپرسیاریەتیەکیان قەبوڵ نەکرد.

هەموو ئەم ڕاستیانە دەستیان داوه‌ته‌ دەستی یەک و بواری قەیرانێکی روو لە گەشەی سیاسی و ئابووریان لە تورکیە فەراهەم کردوە. دەوڵەتی تورکیە لەژێر ڕێبەریی پارتی داد و گەشە و ئەردوغاندا، ڕێگایەکی بۆ دەرچوون لەم قەیرانە نییە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە بزورتنەوەی کرێکاری لەم وڵاتەدا خاوەنی سوننه‌ت گه‌لێكی دەوڵەمەندی خەباتکارانەیە و یه‌كێك له‌ بزوتنەوە بەهێزه‌ کرێکارییه‌كانه‌ لە ئاستی دنیادا. هیز و ڕەوتە چەپەکانی نێو کۆمەڵگە لە بزوتنەوەی خوێندکاری ئەم وڵاتەدا ڕیشەیان هەیە. ڕەوتە سیکۆلار و پێشکەوتوەکان لە تورکیە رۆژ لەگەڵ رۆژ لە سوننەتی کەمالیستی دوور دەکەونەوە، بزوتنەوەی کوردستان بۆ دەستەبەر کردنی مافەسەرەتاییەکانی، یەکێک لە کۆڵەکەکانی خەباتی پێشڕەو و پێشکەوتن خوازە لەم وڵاتەدا، بزوتنەوەیەک کە بە وتەی هەموو چاودێران شکستی حیزبەکەی ئەردوغانی لە هەڵبژاردنی ئەم دواییەدا لە ئیستانبۆل مسۆگەر کرد. ئەو ئاڵوگۆڕە چاره‌نووس سازانه‌ی كه‌ له‌ ناخی ئه‌و بارودۆخه‌ سه‌ر هه‌ڵده‌دات، گه‌لێك واوه‌تره‌ له‌ هەڵبژاردن لە نێوان خراپ و خراپتر لە شارەوانیەکاندا.

بابەتی پەیوەندیدار

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-

داماویی و بێدەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ئاست ژنانی ئازادپۆش

-

بۆ یادی قوربانیانی کۆمەڵکوژی ئەنفال

-

بەهەموو هێزەوە دژ بە شەر ئەنگێزان؛ پێویستی ئاپارتایدی یەهوودی و ئاپارتایدی شیعە بە شەڕ، ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر)

-

هێرشی سپای پاسداران بۆ سەر ئیسرائیل: شەرمەزارکردنی شەڕخوازی هەردوولا

-

نوێژی بێ ڕەونەقی هەینی تاران، گەندەڵکار پاداشتیش وەردەگرێت

-