کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

زەوی لەژیر پێی کۆماری ئیسلامیدا لە ناوچەکه‌ كه‌وتووه‌ته‌ له‌رزین

لە کاتی کشانەوەی دەوڵەتی ئامریکا لە بەرجام و بڵاو بوونەوەی دوازدە مەرجەکەی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەوه‌، هەموو رۆژێک شاهیدی نیشانەیەکی تازەین لە لاواز بوونی پێگەی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا و گه‌لێك نیشانە ده‌بینین لە قەبوڵ کردنی به‌كرده‌وه‌ی بەشێک لە مەرجەکانی ئامریکا لە لایەن ڕژیمەوە. ئەم ڕاستیە سیاسەت داڕێژەرانی ئامریکاش دەیبینن و خۆش بینن به‌ ئاکامی سیاسەتەکانی تا ئێستایان لەبەرانبەر به‌ کۆماری ئیسلامیی. ئەگەر لە بارودۆخی ئێستادا وتووێژی ڕاستەوخۆ لە نێوان کاربەدەستانی دوو وڵاتدا، بە لەبەرچاو گرتنی ئەو مەرجە قورسانەی کە دەوڵەتی ئامریکا دیاری کردون، بۆ کۆماری ئیسلامی دژوار بێت، وتوویژ و سازشی، غەیرە عەلەنی، دەتوانێ ڕێگا چارەیەکی بەینابەینی و ئامادەکاری بۆ سازشێکی بەناو قارەمانانە فەراهەم بکات. کۆماری ئیسلامی لەم بارەیەوە پێشینەیەکی دوور و درێژی هەیە و فوت و فەننەکەی فێر بووە.

لاواز بوونی پێگەی سیاسی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق، ئاشکرا بوونی باسی پێویستی کشانەوەی کۆماری ئیسلامی لە سوریە، پەسند کردنی یاسای “تیکۆشان لەدژی پشتیوانی دارایی لە تیرۆریزم”، کپ کردنەوەی هەراوهوریا سەبارەت بە پەرەدان بە سانتریفیوژەکان، ئاشکرا بوونی ڕەخنە گرتن لە تاقی کردنەوەی موشەکی لە ڕاگەیەنەرەکانی نیوخۆی وڵاتدا و هەرەوەها لە مەجلیسی شوڕای ئیسلامی، لە زومڕەی نیشانە بەرچاوەکانی پاشەکشەی هەنگاو بە هەنگاوی کۆماری ئیسلامی و زەمینەسازی سازشی کۆتایین.

حەیدەر عیبادی سەرۆک وەزیری عێڕاق لە کۆتایی حەفتەی ڕابردودا لە کاردانەوە بە گەڕانەوەی تەحریمەکانی ئامریکا لەدژی ئێران، روونی کردەوە کە بە ئامانجی پشتیوانی لە خەڵکی عێڕاق پێبەندی تەحریمەکانی ئامریکا دەبێت. عیبادی وتی کە وڵاتانی گەورەتر لە ئێمەش پێبەندی تەحریمەکانی ئامریکان و ئەگەر ئێمە بە پێچەوانەی ئەوان بجوڵێنەوە توشی شکست دەبین. ئەو هەروەها وتی:” وەک سەرۆک وه‌زیرانی عێڕاق ناتوانێ هەڵوێستێک بگرێت کە بە زیانی هاووڵاتییانی وڵاتەکەی بشکێتەوە.” لەم پێوەندەدا سەعد حەدیسی وتەبیژی دەوڵەتی عێراقیش دوێنێ وتی کە عێراق لەمەو بەدواوە لە معامەلاتی ماڵی و بازه‌رگانی لەگەڵ ئێراندا لە دۆلار کەڵک وەرناگرێت. ئێمە هەنگاوێک هه‌ڵناگرین کە بە زیانی ئابووری عێڕاق بێت. هاوکات نێچیروان بارزانی سەرۆک وه‌زیرانی هەریمی کوردستان،یش روونی کردەوە کە هەڵوێستی ئەوان لەم بارودۆخەدا هەمان هەڵوێستی بەغدا دەبێت. هەڵوێستی عێڕاق سەبارەت بە تەحریمە ئابووریەکان، بەرەو رووی گەلێک کارنەوە بۆتەوە لەنێو ئێراندا. مەحمود سادق لاریجانی نوێنەری مەجلیس بە بڵاو کرنەوەی پەیامێک ڕایگەیاند کە دەوڵەتی عێراق بەپێی مادەی ٦ ی قەتعنامەی ٥٩٨، ١١٠٠ میلیارد دۆلار بابەتی غەرامەی زیانی ڕاستەخۆی شەڕ بە ئێران قەرزدارە؛ دەوڵەتی ئێران لەبەر ئەو تەنگو چەڵەمانەی بەرۆکی خەڵکی عێراقیان گرتوە، لە وەرگرتنەوەیدا پەلەی نەکردوە؛ ئێستا سەرۆک وەزیری عێراق بە جێگای قەرەبوو، دەکەوێتە گەڵ تەحریمە زاڵامانەکان لەدژی ئێران. ئەم ڕاستیە هیج شتێک نییە بێجگە لە سەرەتای پاشەکشەی کۆماری ئیسلامی لە زیدە خوازیەکانی لە عێڕاقدا، واتە ملدان بە یەکێک لە مەرجەکانی ئامریکا.

پڕۆسەی کشانەوەی هێزە نیزامیەکانی ئێران لە سوریەش لە ئارادایە. لەم پێوەندەدا کۆماری ئیسلامی لە یەکەم هەنگاودا، هێزەکانی لەژێر گوشاری دەوڵەتی ئیسرایل و روسیەدا لە باشوری سوریە، کشاندەوە. لەگەڵ کەم بوونەوەی تێکهەڵچونە نیزامیەکان و به‌ڕێوه‌بردنی بە کردەوەی سیاسەتی تەوافوق لەسەر کراو لە نێوان ئامریکا و روسیەدا سەبارەت بە سورییە، ئیتر بیانویەک بۆ مانەوەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لەم وڵاتەدا نامێنێتەوە. سیاسەتی ڕەسمی و ڕاگەیەندراوی دەوڵەتی روسیەش هەر ئەوەیە. نیشانەکان دەریدەخەن کە گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزەكانی کۆماری ئیسلامی لە سوریە، بەبێ هەراو هوریا دەستی پێکردوە.

کۆماری ئسلامی ماوەیەک بوو کە لە بەرانبەر پەیوەست بوونی بە قەراردادی نیونەتەوەیی ” خەبات لەدژی سپی كردنه‌وه‌ی پووڵ و دابین کردنی ماڵی تیرۆریزم”ی ناسراو بە ” فات”، خۆڕاگری دەکرد. تا ئەو جێگایە کە” کارگوروپی” ئەو قەراردادە لە خاکەلێوەی ئەمساڵدا تەنیا چوار مانگی بۆ پەسند کرانی لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە مۆڵەت دا. ئەم یاسایە لەم ماوەیەدا لە مەجلیسی ئیسلامیدا پەسند کرا و شوڕای نیگابانیش بە بێدنگی تەئیدی کرد. دوێنی روحانی، بەر لە کۆتایی مۆڵەتی چوار مانگە، لە بەخشنامەیەکدا پەسند کرانی راگەیاند و ئۆرگانە جۆراو جۆرەکانی راسپارد بیخەنە بواری کرداریەوە و پێیەوە پایبەند بن. ئەوە لە حاڵێکدایە کە دەزانین ناوەرۆکی ئەم یاسایە لە راستیدا دابین بوونی یەکێک لە ١٢ مەرجەکەی ئامریکایە.

لە حاڵێکدا کە لە رۆژەکانی سەرەتای دوای کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام، کۆماری ئیسلامی، هەڕەشەی لە لایەنە ئوروپاییەکان و ئامریکا دەکرد كه‌ سانتریفیوژی زۆرتر بەهێز تر ده‌خاته‌ كار، دوای توند بوونەوەی گوشارەکانی ئامریکا، بەرە بەرە بێدەنگەی لێ هێنا و هیچی بێجگە لە هەڕەشەیەکی بێ ناوەرۆک لێ نەمایەوە. ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمیش ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی سەرجەم یاسا و ڕێساکانی ئەو سازمانەی به‌ڕێوه‌بردووه‌.

بی گومان دەوڵەتی ئامریکا گوشارەکانی تا به‌ڕێوه‌بردنی بە تەواوەتی هەر ١٢ خاڵە ڕاگەیەندراوەکە، بە شێوەی ڕەسمی و یان ناڕەسمی درێژە پێئەدات. بۆ کۆماری ئیسلامیش ڕێگایەک بێجگە لە سازش نەماوەتەوە. ئه‌مرۆ کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش لە ئێران هەم لە بەرانبەر دریژەی تەحریمە ئابووریەکانی ئامریکادا لەژێر گوشاردان، و هەم لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە کە بارودۆخێکی فەلاکەتباری ئابووری و دیکتاتۆڕی و خەفەقانی سیاسی بەسەر ژیانی ئەواندا سەپاندوە. لە ئاوا بارودۆخێکدا هیچ رادەیەک لە خۆڕاگری کۆماری ئیسلامی لە بەرانبەر گوشارەکانی ئامریکادا، بە قازانجی جەماوەری خەڵکی ئێران نییە. بۆ کورت کردنەوەی دەستی ئیمپڕیالیزمی ئامریکا لە دخاڵەت کردن لە خەباتی ڕەوا و ڕزگاری بەخشی جه‌ماوه‌ری خەڵکی ئێران، تەسلیم بوونی کۆماری ئیسلامی لە بەرانبەر داخوازیەکانی دەوڵەتی ئامریکادا پێویستە. وەها بارودۆخێک به‌ پەرەگرتنی خەباتی كۆمه‌ڵانی خەڵکی ئێران بۆ دابین بوونی درووشمی نان و ئازادی، خزمه‌ت ده‌كات و سەربەخۆ لە دەستێوەردانی وێڕانكارانه‌ی ئامریکا، کۆماری ئیسلامی رۆژ لەگەڵ رۆژ زیاتر بەرەو سەرولێژی نەمان پاڵ پێوه‌ده‌نێ.

بابەتی پەیوەندیدار

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-

لە١٤ هەمین ساڵیادى ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر و هاوبه‌نده‌كانی دا

-