بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی جۆزەردانی ١٤٠٤، پاسەوانانی زیندانی دیزڵ ئابادی کرماشان، بە چەکی گەرم زیندانیانی دەستبەسەرکراوی ئەو زیندانەیان خەڵتانی خوێن کرد. لەو ڕووداوەدا لانیکەم ٩ زیندانی گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی زۆری دیکەش برینداربوون. ئەو بەندکراوانە پاش بیستنی دەنگێکی بەرز لە دەرەوەی زیندان، داوایانکردبوو کە گیانیان بپارێزن. دوابەدوای ئەو تاوانە، هێزی تایبەتی دژە شۆڕش ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کران. ئەوان بە بەکارهێنانی گوللەی ساچمەیی و گازی فرمێسکڕێژ و ئامرازەکانی تر، بەردەوامبوون لە سەرکوتکردنی بەکۆمەڵی زیندانییەکان. ڕژیمی سەرمایەداریی ئایینی سەپێنراو بەسەر خەڵکی ئێراندا، لە شەڕ لەگەڵ ڕژێمێکی ئایینی دا کە بە تەواوی لە لایەن ئیمپریالیزمی ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێت، واتە ئیسرائیل، هەستی بە بوونی کەلێنی هەرچی زیاتری نێوان خۆی و خەڵکی ناڕازی کردووە. هەربۆیە هێزی سەرکوتگەر و پڕ چەکوچۆڵی خۆی لەدژی ئەوان کۆکردۆتەوە و لەسەر ڕێگاوبان و شەقام و ناوەندە کاری و بازرگانییەکان جێگیری کردوون و دەستی ئاواڵە کردوون بۆ ئەنجامدانی هەر دڕندەییەک. هێرشی نامرۆڤانە و جینایەتکارانە بۆ سەر بەندکراوانی زیندانی دیزڵ ئاباد، هەر لەم کەشوهەوایەدا و بە مەبەستی چاوترسێن کردنی خەڵک بەڕێوەچووە. بەڵام دەسەڵات تەنها بەوەندەوە نەوەستاوە. ئەوان کە هەڵوێستێکی ڕوون و دیاریکراویان نەگرتووەتەبەر بۆ بەرگریکردن لە ژیانی خەڵک، تەنانەت بچوکترین هۆشداریشیان بۆ هاوڵاتیان دەرنەکردووە. ئەوان هیچ پەناگەیەک، هیچ ئیمکاناتێکی فریاگوزاری و هیچ هێمایەکی ئاگادارکردنەوەشیان دابین نەکردووە، بەڵام ئەوەیان لەبیر نەچووە کە ئامرازەکانی سەرکوت بەهێزتر بکەن.
بەکرێگیراوانی بەناو نوێنەرانی پارلمان، ڕۆژی ٢٧ی جۆزەردان دوو پڕۆژە یاسای بەپەلەیان لەژێر ناوی ” گەڵاڵەی توندکردنەوەی سزا بۆ ئەو کەسانەی کە هاوکاریی دەوڵەتە دوژمنکارە بیانییەکان دەکەن” پەسەند کرد. ئەگەر ئەم گەڵاڵەیە لە لایەن ئەنجوومەنی پارێزەرانەوە پەسەند بکرێت، ئامرازێکی زیاتر دەدات بەدەست ئەو جەلادانەی کە خۆیان خزاندووەتە ناو دەزگا هەواڵگرییەکان یان بەرگی دادوەرییان پۆشیوە، تا لە ئاستێکی بەرینتردا لەدژی چالاکوانانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و خەباتکارانی دژ بە ستەم و چەوسانەوە پەروەندەسازی بکەن. کۆماری ئیسلامی لە دەستبەسەرکردن، ئەشکەنجە، زیندانیکردن، لەسێدارەدان و یاسا پەیوەندیدارەکان، لەپێناو مانەوەی خۆیدا کەڵک وەردەگرێت. بەڵام زیندانیانی سیاسیی ژن و پیاو، ئەم زیندانانە و هەر ئەم هۆکارەی مانەوەی ڕژیمیان کردووە بە مەیدانێکی خەباتی چینایەتی پڕ جۆش و خرۆش و کاریگەر لە دژی خودی ڕژیم و سەرمایەداران. ئەوان لەم زیندانانەدا خۆڕاگریی و بەرخۆدانی قارەمانانەیان ئەنجامداوە و ڕێوشوێنی سەرکوتگەرانە، سەرەڕۆیانە و چەوسێنەرانەی دەسەڵات و بۆرژوازییان تووشی ئاستەنگ و ئاڵەنگاری جیددی کردووە. بۆ نموونە ئەوان بە وەڕێخستنی “کەمپەینی “سێشەممەکانی نا بۆ لە سێدارەدان“، شادەماری دەوڵەتی ئیسلامییان خستووەتە بەر تیغی تیژی خەباتێکی چینایەتی کاریگەر. زیندانیانی سیاسی لە ٤٧ زیندان ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی جۆزەردان، ٧٣هەمین ڕۆژی کەمپەینەکەی خۆیان تێپەڕکرد، ئەو بەندکراوە خەباتکارانە بەیانییەی ئەم هەفتەی خۆیان بەمجۆرە دەستیپێکرد:
“خەڵکی ئێران کەوتوونەتە ناو شەڕێکەوە کە بە هیچ شێوەیەک ویستی ئەوان نەبووە و نییە“. شەڕ و ئێعدام دوو دیوی یەک دراون کە مافی ژیان لە مرۆڤەکان زەوت دەکات. ئێمە هاوخەمی خۆمان بۆ هەموو قوربانیانی مەدەنی دەردەبڕین و لەسەر یەکگرتوویی جەماوەریی لەو هەلومەرجە تایبەتەی کە لەلایەن دەسەڵاتی شەڕخوازەوە بەسەرماندا سەپێنراوە، جەخت دەکەینەوە.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە:
لە سێدارەدان سزا نییە، بەڵکوو تاوانە و هەر چەشنە سزایەکی لەسێدارەدان بەهەر بیانوویەک بە توندی ئیدانە دەکەین و لەدژی دەوەستینەوە. ئەم لەسێدارەدانانە قەتڵی حکوومەتییە. ئێمە هەرگیز گیانبەختکردووان لەبیر ناکەین، بێدەنگ نابین و واز ناهێنن. هەروەها چوار قارەمانی خۆڕاگری بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی بە ناوەکانی “گۆلڕوخ ئیرایی، وریشه مورادی، ڕەیحانە ئەنساری و سەکینە پەروانەش، سەبارەت بە شەڕی کۆنەپەرستانە و جینایەتکارانەی نێوان ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی، بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە. ئەوان دوای ئاماژە بە داگیرکاری و جینۆسایدی دەوڵەتی ئیسرائیل لە فەلەستین و لەم ڕۆژانەشدا لە غەززە و هەروەها ئاماژەکردن بە ڕۆڵی بە وەکالەتی ئەو دەوڵەتە لە خزمەت بە ئیمپریالیزمی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، ڕوو لە ئۆپۆزسیۆنی ڕاست، خاڵێکی زۆر گرنگیان وەبیر هێنایەوە و نووسیویانە: ڕزگاری ئێمە خەڵکی ئێران لە چنگ دیکتاتۆری دەسەڵاتداری وڵات، تەنیا بە خەباتی کۆمەڵانی خەڵک و پشتبەستن بە هێزە کۆمەڵایەتییەکان مسۆگەر دەبێت نەک دڵخۆشکردن بە زلهێزە دەرەکییەکان یان هیوا هەڵچنین لەسەر ئەوان. ئەو زلهێزانەی کە بەردەوام بە داگیرکاریی و چەوساندنەوە، بە شەڕ و کوشتار لە پێناو بەدەستهێنانی قازانجی زیاتردا، ماڵوێرانییان بۆ وڵاتانی ناوچەکە بەدیاری هێناوە، جگە لە وێرانکاری و چەوساندنەوەی نوێ، هیچ بەرهەمێکی تریان بۆ ئێمە نابێت. وێڕای ئاراستەکردنی سڵاو و دروودێکی سپاسگوزارانە بۆ ئەم خەباتکارانە، دڵنیایی دەدەین لەوەی، سبەی کە شۆڕشی کرێکاران و ژنان و پیاوانی ئازادیخواز دەستیپێکرد، شکاندنی دەرگای زیندانەکان یەکێک لە کارە هەرە لەپێشینەکان دەبێت. زیندانیانی سیاسی، ئەم خەباتکارانەی ڕێبازی ئازادی و یەکسانی و سۆسیالیزم، لەسەر شانی جەماوەری تێکۆشەر دەبرێنە ناو ڕیزی بەرینی شۆڕشگێڕان و بەڕێزەوە پێشوازییان لێدەکرێت.