کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

زیندان جێگای کرێکاران، ڕۆژنامه‌نووسان و هەڵسووڕاوانی مەدەنی نییە

ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی مانگی سەرماوەز لە کۆی ٤١ کرێکاری دەستبەسەر کراوی گرووپی میللی فولادی ئەهواز کە بە تاوانی بێ بنەما و ناڕەوای “کردەوە لە دژی ئەمنییەتی وڵات” گیرابوون، ١١ کەسیان بە قەراری وەسیقە ئازاد کران. ئەو ٤١ کرێکارە حه‌فته‌ی ڕابردوو لە هێرشی شەوانەی هێزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامیدا گیراون. ئەم کرێکارانە وەک کرێکارانی موجتەمەعی نەیشەکەری هه‌فت تەپە هیچ تاوانێکیان نەکردبوو. ئەوان تەنیا خوازیاری وەرگرتنی حەقدەستی دواخراوی چەند مانگەیان بوون و بەڕێوەچوونی یاسا و ڕێسایەک کە بەردەوامی ئەمنییەتی پیشەییان دابین بکات. ئەوان کاتێک دەستبەسەر کران کە ٣٧ ڕۆژی تەواو لە شوێنی کار و خیابانەکانی ئەهوازدا لەدژی بێ مافی و ستەمێک کە لە لایەن دەوڵەت و خاوەنکارەوە لەدژیان دەکرێت هاواریان کرد و لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتیەکاندا بە دوور لە توندوتیژی خوازیاری دابین بوونی مافەکانیان بوون. حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی بە هێرشی شەوانە بۆسەر کرێکاران و گرتنیان دەیەوێ بە دروستکردنی فەزای ترس و وەحشەت و بە هەڕەشە و ئەزیەت و ئازار و هەڵبەت لەگەڵ وەعدە و بەڵێنی بێ بنەما، ڕیزی یەکگرتوی کرێکاران لێک هەڵوەشێنێ و ئەوان وادار بە پاشەکشە بکات سەبارەت بە خواست و داخوازیەکانیان. ئەم گرتن و دەستبەسەر کردنانە جارێکی تر ماهیەتی کۆماری ئیسلامی وەک دەوڵەتێکی پشتیوانی سەرمایە، دژی ئینسانی و دژی کرێکاری دەرخست. نیشانیدا کە ڕژیم گەلێک دەزگا و بە سەدان هەزار هێزی سەرکوتگەری بە هەزینەی کەڵان لە گیرفانی خەڵک بە چ ئامانجێک دروست کردوە و لەوان بۆ سەرکوتی کامیەک لە دوژمنەکانی کەڵک وەردەگرێت.

بەڵام کرێکارانی فولادی ئەهواز بە درێژەدان بە ناڕزایەتیەکانیان دوای گیرانی هاو چێنەکانیان مادیەتیان بەخشیە دروشمی” نە هەڕەشە نە زیندان ئیتر کاریگەری نییە” و نیشانیاندا کە ڕژیم بە گرتنی هەڵسوڕاوانی کرێکاری ناتوانێ ئەوان لە بەدواداچوون و دەستەبەر کردنی داخوازیەکانیان پاشگه‌ز بکاتەوە. کرێکارانی فولادی ئەهواز لە یەکەم کۆبوونەوەی گشتی خۆیاندا دوای دەستبەسەر کردنەکان ڕێکاری تازەی خەباتی خۆیان بۆ ئازادی هاو چێنەکانیان و داخوازیەکانیان دایەبەر باس و هەڵسەنگاندن. لە هەمانحاڵدا مانگرتن و ناڕەزایەتی کرێکارانی هه‌فت تەپە و فولادی ئەهواز و گرتنی هەڵسوڕاوانی کرێکاری، شەپۆلێک لە پشتیوانی و پشتگیری خەڵکی تێکۆشەر و ئازادی خوازی لە کرێکاران بە شوێنەوە بووە و شەپۆلێک لە نەفرەت و بێزاری و مەحکومیەتی دژبە ڕژیم به‌دی هێناوە. لەوانە رۆژی چوارشەممە کۆنفدراسیۆنی جیهانی سەندیکای کرێکارانی فلیز میکانیک کە ٥٠ ملیۆن ئەندامی لە زیاتر لە ١٤٠ وڵاتدا هەیە، لە نامەیەکی توند دا ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەبەر خاتری کرداری توندوتیژ ئامێز و گرتنی کرێکارانی فولادی ئەهوازی مەحکوم کردوە و خوازیاری ئازادی هەرچی زووتری باقی کرێکاران فولاد و عەلی نەجاتی ئەندامی سەندیکای کرێکارانی نەیشەکەری هه‌فت تەپە بووە کە هێزە ئەمنیەتیەکان بۆ ئەو پەروەندە سازی درۆینەیان کردوە. سەندیکای کرێکارانی فلیز میکانیکلی ئێرانیش لە ڕاگەینادنێکدا ناڕەزایەتی لەدژی دەستبەسەر کرانی کرێکاران دەربڕیوە و خوازیاری کۆتایی هێنان بە زیندانی کردنی کرێکاران لە لایەن ڕژیمەوە بووە. وێڕای ئەوە پێنج تەشەکولی کرێکاری پڕۆژەکانی پارسی جنوبی، کرێکارانی پیتروشیمیەکانی ماهشەهر و بەندەری خومەینی، چالاکانی کرێکاری جنوب، هەڵسوڕاوانی کرێکاری شوش و ئەندیمشک و کۆمەڵێک لە کرێکارانی مێحوەری تاران- کەرەجیش لە ڕاگەیاندنێکدا خوازیاری بە خێڕایی ئازاد کرانی کرێکارانی زیندانی کراو بوون.

بەڵام ئەوە تەنیا کرێکاران نین کە ڕژیمی ئیسلامی لەبەر ترس لە درێژەی حاکمیەتەکەی دەیانگرێت و ئەشکەنجەیان ئەدات. کۆماری ئیسلامی زیندانەکانی لە هەڵسوراوان سیاسی، ڕۆژنامه‌ نووسان و هەواڵنێران، ژنان، خوێندکاران و مۆعه‌لیمان تێکۆشەر، هەڵسوڕاوانی ژینگەیی، وەکیلەکان و مافناسان و باقی هەڵسوڕاوانی مەدەنی ئاخنیوە. ئەم کردارە دژی ئینسانیەی ڕژیم نیشانی ئەدات ترس و نیگەرانی لە نزیک بوونەوە لە کۆتایی تەمەنی پڕ لە جورم وجەنایەت سەرتاپای جەستەی داگرتوە. حاڵەتەکانی پێشێل کردنی مافی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێشی ئێران لەم دەورەی دواییدا، بۆتە هۆی ناڕەزایەتی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی مافەکانی مرۆڤیش. لەم پێوەندەدا جاوید ڕەحمان گوزارشگەری تایبەتی سازمانی ملەل سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤی ئێران لە ڕاپۆرتێکیدا کە ٩ ی مانگی ڕەزبەر بڵاو بۆوە، لە پێوەند لەگەڵ پێشێل کرانی بە ئاشکرای مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بە درێژەی ئەشکەنجەی زیندانیان، گرتن و زیندانی کردنی خۆسەرانە و نا یاسایی ناڕازیانیش کردوە. وێڕای ئەوە سازمانی گوزارشگەرانی بێسنوری لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ئاماژەی بە ڕێژەی توندتیژی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر بە زیندانیان کردوە و ڕایگەیاندوە کە کۆماری ئیسلامی هەروا لە ئەندامیەتی پێنج باشگای زیندانی گەورەی دنیادایە بۆ هەڵسوراوانی ڕاگەیەنەرەکان. ئەم سازمانە لە ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠١٨ ی دا لە پێوەند لەگەڵ ئازادی مەتبوعات، کۆماری ئیسلامی لەنێو ١٨٠ وڵات دا لە پلەی ١٦٤ دا داناوە.

بێ گومان کۆماری ئیسلامی لەژێر گوشاری زۆری نێوخۆیی و دەرەوە دایە بۆ ئازاد کردنی کرێکاران، مۆعه‌لیمان، شۆفیر کامیۆنەکان، چالاکانی ژینگەپارێز و هەڵسوڕاوانی سیاسی و باقی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان. گوشارە نێوخۆیی و دەرەکەیەکان لەپاڵ ڕاوەستاوی و خۆڕاگری کرێکاراندا فەزای کۆمەڵگای لە ئاستی سەرتاسەری ئێرانیشدا خستۆتە ژێر گاریگاری و خەباتی کرێکاران بۆ ئازادی سەرجەم زیندانیانی سیاسی خستۆتە مەوقعیەتێکی لەبار تروە. ئێستا دروشمی” زیندانیانی سیاسی دەبێ ئازاد بکرن” و ” کرێکارانی زیندانی دەبێ ئازاد بکرێن” لە پاڵ دروشمی” نان- کار- ئازادی- بەڕێوەبردنی شوڕایی” دا، مەقبوڵیەتی کۆمەڵایەتی بەدەست هێناوە و باقی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانیش ئەوە بە داخوازی هاوبەشی خۆیان دەزانن. بە دڵنیایەوە بە درێژە و بەردەوام بوونی ئەم خەباتەی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی ناڕازی و وەگیان هاتو کۆماری ئیسلامی وادار بە پاشەکشە و ئازاد کردنی سەرجەم زیندانیەکان دەبێت.

بابەتی پەیوەندیدار

پشت بەستن به جەلاد و پەتی سێدارە بەمەبەستی مانەوەی ڕژیم، بێ سەمەرە

-

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-

دروشمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار، زیادکرنی حەقدەست و مووچە، ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە

-

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-

وتارێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئەمن کردنی کار

-