کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی، یەکێک لە ناوەندەکانی پەرەدان بە گیرۆدە بوون بە مادەی هۆشبەر

گیرۆدە بوون بە مادەی هۆشبەر لە پاڵ بێکاری ملیۆنی لاوان، زیاد بوونی بێ هیوایی و سەرخوردەگی لەنێویاندا، دابەزینی ئاستی هیوا بەژیان و هەژاری روو لە زیاد بوون، دەستیان داوەتە دەستی یەک و ژیانی بەشێک لەم کۆمەڵگەیان بەرەو هەڵدێر و لە ناوچوون بردوە. گیرۆدە بوون بە نەخۆشینی سەخت و مەرگ و میری سەرچاوەگرتو لێیەوە، لە ئاسەوارە پڕ ئێش و ژانەکانی ئەم بەڵا ماڵوێرانکەرەن. رۆژانە بە ژمارەی ژنان و کچانی گیرۆدە بوو بە مادەی هۆشبەری سەنعەتی زیاد دەبێت کە ئەمەش خۆی سەرهەڵدانی مافیا و تۆڕی قاچاق و بازرگانی سکس و دامەزرانی ناوەندەکانی لەشفرۆشی و زیاد بوونی ژنان و کچانی خیابانیشی بەشوێنەوە بووە.ئیعتیاد بە مادەی هۆشبەر لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لەوپەڕی خۆیدایە. ئەم ڕاستیە هەر کەسێک گەشتێک بە نێو شارەکاندا بکات دەتوانێ بە روونی ببینێت.681

·    بەڵام ئامارەکان وێنایەکی پڕ ئازار تر لەم ڕاستیە تاڵە نیشان ئەدەن. ئەو ئامارانەی کە جارناجارێک لە زمان بەرپرسانی حکومەتیەوە دەبیسترێت ژمارەی گیرۆدە بوانی وڵات بە ٣ ملیۆن کەس و ئامارە ناڕەسمیەکانیش ئەم ڕەقەمە بە زیاتر لە ٨ ملیۆن کەس بەرئاورد دەکەن. ئەگەر مامناوەندی ئەندامانی هەر بنەماڵەیەکی ئێرانی بە ٥ کەس لەبەرچاو بگرین، دەبینین زیاتر لە ٤٠ ملیۆن کەس لە جەمعیەتی وڵات بەدەست گرفتی ئیعتیاد و ئاسەوارەکانیەوە لە بنەماڵە و کۆمەڵگادا گرفتارن. هەر لەسەر بنەمای ئەم ئامارانە نە تەنیا ژمارەی سەرجەم گیرۆدە بوان زیادی کردوە بەڵکوو تەمەنی ئیعتیاد لەنێو لاوان و تازەلاوانیشدا گەلێک دابەزیوە و هاتۆتە خوار ١٤ ساڵیەوە. بەپێی ئەم ئامارانە رۆژانە نزیک بە ٥٠٠ کەس بە ژمارەی سەرجەم گیرۆدە بوانەوە زیاد دەبێت و ساڵانە زیاتر لە ٨٠٠ تۆن مادەی هۆشبەر لە ئاستی وڵاتدا مەسرەف دەکرێت.

ئەوەی رۆژانە ئەیبینین و ئیعترافی خودی کارگوزارانی حکومەتی دەرخەری ئەوەن کە لەسەر ڕێگای پەرەسەندن و نفوزی ئیعتیاد لە قوڵایی کۆمەڵگادا هیچ کۆسپ و بەربەستێک بوونی نییە و لە هەموو جێگایەک ئەم دەستکەوتە نگریسەی سەرمایە دەتوانین ببینین، لە قوتابخانە، لە زانکۆ، لە کارگا و کارخانەکان، لە ئیدارە، لە مەزرا و دێهاتەکان. سەبارەت بە ئاستی وێرانگەری ئەم خەسارە پر ئازارە کۆمەڵایەتیە قسە زۆرە. لێرەدا ئاماژە بە حاڵەتێکی دیاریکراو کە روون تر جێگا پێی ڕژیم و کاربەدەستانی لە پەرەدان بە مادەی موخەدر نیشان ئەدات، دەکەین کە بریتیە لە بڵاو کردنەوەی مادەی هۆشبەر لەنێو زیندانەکاندا و پەرەدان بە مەسرەف کردنی لە ڕێگای زیندانیان و تۆڕەکانی هاودەستیانەوە لەنێو زیندانیەکاندا.

لەسەر بنەمای ئامارە حکومەتیەکان دەرسەدێکی زۆر لە زیندانیەکان موعتادن و لە ئازمایش و نمونە وەرگرتندا کە لێیان کراوە لانیکەم نیوەی زیندانیانی موعتادی هەر زیندانێک، گومانی گیرۆدە بوون بە نەخۆشی ئایدز و هیپاتیتیان لێدەکرێت.

خەڵک باش دەزانن سەبەبکاران و عاملانی سەرەکی بەرهەمهێنان و بڵاو کردنەوەی مادەی هۆشبەر کێن و سەوداگەرانی مەرگ لەکوێ دانیشتون. هەموان دەزانن کە سەری هەودای دەزوی ئەم پیشەسازی و بازرگانیە گەورەی مەرگ بە کوێوە بەستراوە و بەچ شێوەیەک فەرماندە پلە بەرزە نیزامیەکانی کۆماری ئیسلامی و سەرانی حکومەتی و ئەو چەقۆ کێشە لیباس شەخسیانەی کە لە خزمەت ڕژیمدان، لە شەبەکەی مافیایی بەرهەمهێنان، بلاو کردنەوە و فرۆشتنی مادەی هۆشبەر لە نێوخۆی وڵات و هەناردە کردنی بۆ دەرەوەدا تیک تەندراون و چلۆن تۆڕێک لە خیلافکارانی حیرفەیی، ئەوانەی کە تیمی عەمەلیاتی لەدژی قاچاقچیانی غەیرە خودی مەوادی موخەدر فەرماندەهی دەکەن، ئەوانەی کە موجریانی ئەمر بە مەعروف و نەهی لە مونکەرن و سەرجەم سەردارانی سازەندەگی و مودیرانی ناوەندە ڕەنگاو ڕەنگەکان، لەم شەبەکە مافیاییەدا ڕیکخراون تا ئەم کالا ماڵوێرانکەرە پڕ قازانجە بخەنە گەڕ و لەو ڕێگایەوە ئیرادە و شور و شعوری لاوان نابود بکەن.

ئەگەر بەڕاستی دەستی فەرماندە نیزامیەکان، سپای پاسداران و مەئمورانی ئیتلاعاتی و حکومەتگەران لەکاردا نییە، چلۆن تەنانەت زیندانیەکانیش لە مەترسی کەوتنە داوی مادەی هۆشبەر پارێزراو نین و بە سالمی دەبرێنە زیندان و بە گیرۆدەیی دگەڕێنەوە!

ڕژیمێکی کە لە ڕێگای دەم و دەزگای پان و بەرینی ئیتلاعاتی و جاسوسیەوە سنوری ژیانی تایبەتی یەک بەیەکی دانیشتوانی کۆمەڵگەی خستوەتە ژێر چاودیریەوە و بێ پەروا سەردەکێشتە هەموو کون و کەلەبەرێکی مالی کەسەکانەوە و هەموو کەلوپەلەکانیان دەپشکنێ، ئەگەر لە ڕێگای کەسانی سەربە خودی ڕژیمەوە نەبێت، کێ دەتوانێ مادەی هۆشبەر لەنێو زیندانەکاندا بڵاو بکاتەوە؟

ئەم ڕژیمە به ڕیکخستنی جەنایەتی رۆژانەی و لەوانە دامەزراندن و هێدایەت کردنی تۆڕی مافیایی مادەی هۆشبەر، تاوانبارە. خەڵکێک کە بە چاوی خۆیان دەبین کە چلۆن ئەم مادە ئەفیونیە لە ڕێگای زەوی و ئاسمان و دەریاوە دەگوازرێتەوە و لە سنورەکان هاوردە و لەنێوخۆی وڵاتدا بڵاو دەکرێتەوە و هەناردە و ئاودیوی دەرەوە سنورەکان دەکرێت، گرتن و زیندانی کردنەکانی ڕژیم و ئێعدام کردنی چەند مەواد فرۆش و قاچاقچیەکی وردە فرۆش، بێجگە لە چاوپۆشی کردنێکی فێل بازانە کە کارکردێکی دیکەی هەیە، بە شتێکی تر نابێنێت.

 

بابەتی پەیوەندیدار

گەندەڵی ئیداری، دارایی، ئەخلاقی و سیاسیی ڕژیمی ئیسلامی، لە سەرەوە دەست پێدەکات

-

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-