کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

زیندانیان لە سێبەری شەڕدا: مەترسیی بۆردومان و مەترسیی سەرکوتکردن

زیندانیان لە سێبەری شەڕدا مەترسیی بۆردومان و مەترسیی سەرکوتکردن

زیندانیان لە سێبەری شەڕدا: مەترسیی بۆردومان و مەترسیی سەرکوتکردن

لەگەڵ پەرەسەندنی شەڕ لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک و کۆماری ئیسلامی لە لایەکی ترەوە، نیگەرانییەکان سەبارەت بە چارەنووسی زیندانیان لە ئێران بە شێوەیەکی بێوێنە پەرەی سەندووە. لە هەر شەڕێکدا، هەندێک گرووپ زیاتر لە هەمووان دەکەونە ژێر مەترسییەوە. لە ئێرانی ئەمڕۆدا، زیندانیانی سیاسی، ئەقیدەتی و تەنانەت زیندانیانی تاوانە گشتییەکان، لە زومرەی بێپەناترین کەسانی کۆمەڵگان. ئەوان نە توانای خۆدەربازکردنیان هەیە، نە مافی هەڵبژاردن و نە لە زۆر حاڵەتیشدا دەستیان بە هەواڵ، دەرمان و پەیوەندیی بەردەوام لەگەڵ بنەماڵەکانیان ڕادەاگات. هەر بۆیە، نیگەرانیی بنەماڵەی زیندانیان بووەتە یەکێک لە گرنگترین ڕەهەندەکانی ئەم قەیرانە.

زیندانیان لە ئێستادا، هاوکات لەگەڵ دوو مەترسیی جیدی بەرەوڕوو بوونەتەوە. لە لایەکەوە، زیندان و گرتووخانەکان ئەگەری هەیە لە کاتی هێرشە سەربازییەکاندا زیانیان پێ بگات، بەتایبەت ئەگەر لە نزیک ناوەندە سەربازی و ئەمنییەکان هەڵکەوتبێتن. لە لایەکی ترەوە، کەشی شەڕ و نائەمنی دەتوانێت ببێتە هۆی چرتربوونەوەی سەرکوت لە ناو زیندانەکاندا. مەترسی ئەوە هەیە کە دامەزراوە ئەمنی و سەرکوتگەرەکان توندوتیژتر لە هەمیشە لەگەڵ زیندانیان ڕەفتار بکەن یان تەنانەت بیانکەنە قوربانیی تەسفییەحیسابە سیاسی و ئەمنییەکان. بەم شێوەیە، زیندانیان لە نێوان دوو هەڕەشەدان: بۆردومان و سەرکوت.

دوای هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر ناوەندە سەربازی و ئەمنییەکانی ئێران و زاڵبوونی کەشی شەڕ بەسەر شارە جیاوازەکاندا، گەلێک ڕاپۆرت سەبارەت بە خراپیی دۆخی زیندانەکان بڵاوکراونەتەوە. هۆشدارییەکەی ئیسرائیل سەبارەت بە چۆڵکردنی ناوچەیئێڤینلە تاران، نیگەرانیی بنەماڵەی زیندانیان و چالاکانی مافی مرۆڤی دووقات کردەوە. ئەوان هۆشدارییان داوە کە گیانی زیندانیان لە مەترسیدایە. نیگەرانیی سەرەکی ئەوەیە کە لە ئەگەری هێرش بۆ سەر دەوروبەری زیندانەکان یان ڕوودانی تەقینەوە لە نزیک ئەو زیندانانە، هەزاران زیندانی بەبێ هیچ پەناگەیەک بکەونە بەر مەترسیی گیان لەدەستدان و زیانی جیدی.

هاوکات، ڕاپۆرتەکان باس لە زاڵبوونی هەرچی زیاتری کەشی ئەمنییەتی لە ناوخۆی زیندانەکان دەکەن. سنووردارکردنی توندی پەیوەندییەکان، کەموکوڕی لە دابەشکردنی خۆراک، کەمبوونەوەی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و زیادبوونی حزووری هێزە ئەمنییەکان لە هەندێک لە زیندانەکاندا، فشاری سەر زیندانیانی گەلێک زیاتر کردووە. ئەم دۆخە بۆ بنەماڵەکان بە واتای دڵەڕاوکێیەکی بەردەوام و ئازاربەخشە. ڕۆژانی چاوەڕوانی و بێهەواڵیی لەو ئازیزانەی کە پێشتریش لە دۆخێکی گەلێک دژواردا ڕاگیرابوون. لە کاتی شەڕدا، تەنانەت ئەگەر بۆ ساتێکیش پەیوەندییەکانیان بپچڕێت، بۆ بنەماڵەکان وەک مانگ و ساڵ تێپەڕ دەبێت.

ئەو ڕاپۆرتانەی لە هەندێک لە زیندانەکانەوە بەدەست دەگەن، وێنەیەکی سامناکتر دەخاتەڕوو. سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زمان یەکێک لە زیندانیانی زیندانیتارانی گەورە” (فەشافوویە)وە دەڵێت، دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز بیستراوە، بینای کارگێڕیی زیانی بەرکەوتووە، شووشەکان شکاون و بەشێک لە دیوارەکان ڕووخاون. بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، دوای ئەوەی زیندانییەکان ڕژاونەتە دەرەوە، هێزەکانی گاردی زیندان بە توندی سەرکوتیان کردوون و تەقەیان لێکردوون. هێشتا ڕوون نییە چەند کەس بریندار یان کوژراون. هەر ئەم بێهەواڵی و ناڕوونییە، دڵەڕاوکێی بنەماڵەکانی چەند هێندە کردووە. ئەو بنەماڵانەی کە نە وەڵامێکی ڕوونیان پێ دەدرێتەوە و نە ڕێگەیەکیان هەیە بۆ دڵنیابوون لە سڵامەتیی ئازیزانیان.

هەروەها ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆنترۆڵی زیندانی تارانی گەورە کەوتووەتە دەستیەگان ویژه” (هێزی تایبەت)، هاتوچۆی زیندانیان سنووردار کراوە و دابین نەکردنی پێداویستیی ڕۆژانەیان گرفتی گەورەی بۆ دروست کردوون. هەروەها هەندێک هەواڵی هاوشێوەش لە زیندانەکانیقزڵحەساری کەرەج ولاکانیڕەشت بڵاوکراوەتەوە، کە باس لە سنووردارکردنی توند و کەمبوونەوەی دەستڕاگەیشتنی زیندانیان بە پێداویستییە سەرەتاییەکان دەکەن.

لە ئیسفەهانیش، هەواڵی گواستنەوەی ژمارەیەک لە زیندانیانی سیاسی و دەستبەسەرکراوانی زیندانیدەستگرد بۆ شوێنێکی نادیار، شەپۆلێکی نوێی نیگەرانیی دروست کردووە. گواستنەوەی زیندانیان بەبێ زانیارییەکی ڕوون، تەنانەت لە بارودۆخی ئاساییشدا جێگایەی نیگەرانییە، بەڵام لە کاتی شەڕدا نیگەرانیی بنەماڵەکان زۆر زیاتر دەبێت. ئەوان لە شوێنی ڕاگیرانی ئازیزانیان ئاگادار نین، نازانن لە چ دۆخێکدان و گیانیان پارێزراوە یان نا.

لە هەندێک ناوچە، مەترسییەکە تەنانەت لەوەش زیاترە. بەگوێرەی هەندێک لە ڕاپۆرتەکان لە کاتی هێرشە مووشەکییەکان بۆ سەر شوێنە سەربازی و ئەمنییەکان لە شاری سنە، چەند گرتووخانە کراونەتە ئامانج. ئەو گرتووخانانەی کە تا چەند هەفتە لەمەوبەر شوێنی ڕاگرتنی زیندانیانی سیاسی بوون. لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا هیچ زانیارییەکی ورد سەبارەت بە دۆخی زیندانیانی ئەم ناوەندانە بڵاونەکراوەتەوە. هەروەها هەندێک لە ڕاپۆرتەکان باس لە ڕوودانی تەقینەوە لە ناوچەیئێڤین، نزیک زیندانی تارانی گەورە و دەوروبەری زیندانی شاری زنجان دەکەن.

یەکێک لەو نموونانەی کە نیگەرانییەکی ئێجگار زۆری دروست کردووە، بریتییە لە دۆخی زیندانیئەهەر“. بەپێی ڕاپۆرتەکان، دوای بۆردومانکردنی زیندانیسەرابلە ڕۆژەکانی سەرەتای شەڕدا، تەواوی زیندانیان و کارمەندانی ئەو زیندانە، گوازراونەتەوە بۆ زیندانی ئەهەر. ئەم ڕاگواستنە لەناکاوە، بووەتە هۆی دروستبوونی قەرەباڵغییەکی زۆر، بەرتەسکبوونەوەی شوێنی ژیان، کەمیی خۆراک و کەمبوونەوەی پێداویستییە تەندروستییەکان. ئەو زیندانیانەی پێشتریش لە دۆخێکی سەختدا بوون، ئێستا ڕووبەڕووی قەیرانێکی قووڵتر بوونەتەوە. لە ئاوا دۆخێکدا، مەترسیی نەخۆشی، بەدخۆراکی، لاوازبوونی جەستەیی و ئاستی ئاڵۆزییە ناوخۆییەکانی زیندانیش زیاتر دەبێت.

لە هەموو ئەمانەدا، نابێت ئازار و نیگەرانیی بنەماڵەکان لەبەرچاو نەگیرێت. بنەماڵەی زیندانیان ئەم ڕۆژانە تەنها نیگەرانی درێژەی دەستبەسەربوونی ئازیزانیان نین، ئەوان لە مەرگی بێدەنگی کەسەکانیان بەهۆی بێدەرمانی، لە کوژراوانیان لە ئاکامی هێرشەکاندا، لە سەرکوتکردنی ناو زیندان و لە بێهەواڵیی موتڵەقی ئەوان دەترسن. زۆرێک لەم بنەماڵانە خۆشیان لەژێر فشاری ئەمنییەتیدان و هاوکات دەبێت باری قورسی چاوەڕوانی و دڵەڕاوکێی ئازیزانیشیان تەحەمول بکەن. بۆ ئەوان، شەڕ تەنها دەنگی تەقینەوە نییە، شەڕ واتە بێهەواڵیی لە جگەرگۆشە، هاوسەر، باوک یان ئەو دایکانەی کە لە پشت دیوارەکانی زینداندا گرفتار بوون.

لە ئاوا بارودۆخێکدا، پرسی زیندانیان چیتر تەنها بابەتێکی دادوەری یان کارگێڕی نییە، بەڵکوو پرسێکی مرۆیی بەپەلە و هەنووکەییە. ئازادی بێ شەرت و مەرجی زیندانیانی سیاسی و ئەقیدەتی دەبێت لە سەرووی هەموو ویست و داواکارییەکانی ئەمڕۆدا بێت. سەبارەت بە زیندانیانی تاوانە گشتییەکانیش، دەبێت لەسەر ئازادکردنی بەپەلە و مەرجدار، پێدانی مۆڵەتی نائاسایی بە وەرگرتنی بارمتە یان گواستنەوە بۆ شوێنێکی ئەمن و ئارام جەخت بکرێتەوە. لە بارودۆخی شەڕدا، پاراستنی گیانی زیندانیان دەبێت لە زومرەی ئەولەوییەتە سەرەکییەکان بێت.

چارەنووسی زیندانیان لە ڕۆژانی شەڕدا، ئەزموونێکە بۆ پێوانەی سەرەتاییترین پێوەرە مرۆییەکان. ئێستا زیاتر لە هەر کاتێکی تر دەبێت دەنگی زیندانیان و بنەماڵە نیگەرانەکانیان بین.