حه‌فته‌ی ڕابردوو عه‌لی خامنه‌یی له وته‌كانیدا به بۆنه‌ی جێژنی قوربان، به‌درۆ و ده‌له‌سه و چه‌واشه‌كاری، هه‌وڵی دا تا پاساوی ئه‌و سیاسه‌تانه بكات كه ژیانی جه‌ماوه‌ری كرێكار و زه‌حمه‌تكێشیان له‌گه‌ڵ كێشه‌ی و گرفتی جیدیی بژیوی، به‌ره‌وڕوو كردووه‌ته‌وه. ئه‌و پاش وتنی خورافاتێكی زۆر له ده‌ستپێكی وته‌كانیدا، هه‌وڵی دا شكست و ناكامیه‌كانی كۆماری ئیسلامی پاساو بكات. خامنه‌یی به‌شێك له‌و كێشانه‌ی بۆ نه‌خۆشیی كۆرۆنا گه‌ڕانده‌وه و له هه‌مان حاڵیش‌دا ده‌یهه‌ویست وای نیشان دا كه بۆ هه‌موو كێشه‌كانی ئێران ڕێگاچاره‌یه‌كی هه‌یه و پێشتریش باسی لێكردوون. به‌ڵام لاوازبوونی به‌ڕێوه‌به‌ری و په‌یڕه‌و نه‌كردن له‌و و به‌كرده‌وه ده‌رنه‌هێنانی تهگبیرهكانی، له لایه‌ن ژێر دهستانیهوه، ئه‌و كێشانه‌ی بۆ خه‌ڵك خوڵقاندووه. هه‌روه‌ها خامنه‌یی له په‌یوه‌ند له‌گه‌ڵ گه‌مارۆكان، ئاماژه‌ی به “ڕه‌وتی چه‌واشه” كرد كه گۆیا ئادره‌سی هه‌ڵه به خه‌ڵك ده‌ده‌ن و ده‌ڵێن بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان پێویسته په‌نا بۆ وتووێژ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا به‌رن و به‌مجۆره به ئاواژوو نیشان دانی ڕاستیه‌كان، زه‌ربه له ڕووحیه‌ی خه‌ڵك ده‌ده‌ن!!.
خامنه‌یی له‌و وتانه‌یدا، بۆ یه‌كه‌مجار دانی به كێشه و گرفته ئابووریه‌كانی كۆماری ئیسلامی دانا. به‌ڵام به‌ڕای خامنه‌یی، ئه‌و كێشانه له‌چاو كێشه‌ی ئه‌مریكا كه‌م بایه‌خن. ئه‌و سه‌باره‌ت به گه‌مارۆكانی ئه‌مریكا دژبه كۆماری ئیسلامی وتی: “گه‌مارۆكان چاریان دێ به‌ڵام نه‌ك به‌وجۆره‌ی كه هێندێك پێیان وایه كه ده‌بێ له به‌رامبه‌ر ئه‌مریكادا پاشه‌كشه بكرێ“. خامنه‌یی كه هه‌تا ئێستا دهیكوت ئه‌مریكا ناتوانێ هیچ غهڵهتێك بكا، دانی به‌وه دانا كه گه‌مارۆكانی ئه‌مریكا زه‌ربه‌ی له كۆماری ئیسلامی داوه و وتی: “بێ گومان گه‌مارۆ ئابووریه‌كان جه‌نایه‌ت و زهربهیهكه كه ئه‌مریكا به ئامانجی داڕماندنی ده‌وڵه‌ت و لێكهه‌ڵوه‌شاندنی ئابووری كۆماری ئیسلامی به‌كرده‌وه‌ی ده‌رهێناوه. به‌ڵام لاوان و به‌رپرسانی ئێمه، ئه‌م گه‌مارۆیانه ده‌كه‌نه ئامرازێك بۆ پشت به‌ستن به تواناكانی خۆیان. ئه‌وه‌یكه نه‌وته‌كه‌مان كه‌متر ده‌كڕن، پڕۆڤهیهكه تا بتوانین ئابووریی خۆمان له نه‌وت جیا كه‌ینه‌وه”. ئاشكرایه، ئه‌و وته بێ بنه‌ما و ناوبهتاڵانه، به‌تایبه‌ت له ئێران، هیچ كه‌سی پێ ههڵنافریوێ.
ئه‌گه‌ر ئامانجی گه‌مارۆكانی ئه‌مریكا بۆ ترامپ، ڕاكێشانی كۆماری ئیسلامی به‌ره‌و مێزی وتووێژ و سات و سه‌ودایه، له به‌رامبه‌ردا پاساوی خامنه‌یی، وه‌ك چۆن له وته‌كانیدا پێداگری له‌سه‌ر كرد، به‌خه‌یاڵی ئه‌و، ده‌رفه‌تێكه بۆ خۆڵقاندنی متمانه به‌خۆیی و پڕۆڤهیهكه بۆ جیاكردنه‌وه‌ی ئابووری ڕژیم له نه‌وت. هه‌ڵبه‌ت ئه‌نجام دانی وه‌ها جیاكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ناو ئه‌م ڕژیمه‌دا، كه گه‌نده‌ڵی سهتاپێی داگرتووه، خه‌ون و خه‌یاڵه. به‌ڵام بۆ جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی ئێران، گه‌مارۆی جهنایهتكارانهی ئه‌مریكا، یهكێكیتر له هۆكاره سه‌ره‌كیه‌كانی بێكاری و هه‌ژاری و برسیه‌تیه كه چه‌ندین ساڵه ژیان و دار و نهداریانی به‌فیڕۆ داوه. ئابووریی كۆماری ئیسلامی ئابووریه‌كی تاكه به‌رهه‌میه و بوودجه‌كه‌ی به فرۆشی نه‌وته‌وه گرێ دراوه كه ئه‌ویش له‌گه‌ڵ داسه‌پاندنی گه‌مارۆكانی ئه‌مریكا، ٩٠ له‌سه‌د هاتووه‌ته خوارێ و كه‌سریی به‌رینی بوودجه‌ی ده‌وڵه‌ت، كه‌مبوونی سه‌رچاوه دراویهكان، دابه‌زینی به‌رچاوی نرخی تمه‌ن و پشێویی باروودۆخی ئابووریی لێكه‌وتووه‌ته‌وه. ئێسحاق جه‌هانگیری، جێگری ڕووحانی ڕایگه‌یاند: “گه‌مارۆكانی دوو ساڵی ڕابردوو له‌گه‌ڵ گه‌مارۆكانی چوار ده‌یه‌ی ڕابردوو جیاوازیان بووه. به‌ڵام به‌هۆی گرینگ بوون و به‌خاتری به‌رژه‌وه‌ندی وڵات ناتوانین به‌ڕوونی باسی ته‌وه‌ره جۆراوجۆره‌كانی گه‌مارۆكان بكه‌ین و بڵێین كه له‌گه‌ڵ چ دیارده‌یه‌ك به‌ره‌وڕووین. ئێمه چیتر ناتوانین به شێوه كۆنه‌كانی پێشوو، ئێران به‌ڕێوه‌به‌رین“. ئه‌م باروودۆخه، كاریگه‌ریه‌كانی قه‌یرانی ئابووریی له‌سه‌ر بژێوی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی ئێران چه‌ند هێنده كردووه و ژیانیانی له‌گه‌ڵ فهلاكهتێكی زیاتر به‌ره‌وڕوو كردووه و ئابووری ڕژیمیشی خستووه‌ته سه‌ر لێواری داڕمان.
هه‌ڵبه‌ت خامنه‌یی كێشه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ وتووێژ كردن له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا نییه. به‌ڵام ده‌زانێ كه ملكه‌چ كردن له به‌رامبه‌ر مه‌رجی وتووێژی ئه‌مریكا، به‌مانای پێكهێنانی گۆڕانكاریی به‌رینی پێكهاته‌یی له‌ناو نیزامی كۆماری ئیسلامی‌دا ده‌بێت. ئه‌و له به‌شێك له وته‌كانی ئه‌م دوایانه‌یدا باسی له‌و ته‌وه‌ره كرد و وتی: ” ئه‌وان پێمان ده‌ڵێن كه سه‌نعه‌تی هه‌سته‌یی به‌یه‌كجاری وه‌لا نێن، توانای به‌رگریی نیزامی خۆتان بگه‌یه‌ننه یه‌ك دههۆم و له هێژمۆنیی ناوچه‌یی خۆتان بگوزه‌رێن. ئه‌وه‌ش به مانای ده‌ست هه‌ڵگرتن له ستراتێژی كۆماری ئیسلامی و پچڕاندنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ گرووپه‌كانی موقاومه‌ته له ناوچه‌كه. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌شیان به‌قسه بكه‌ین، ئه‌وان ڕازی نابن و خواستی نوێی دیكه دێننه گۆڕێ“. خامنه‌یی یه‌كێك له ئامانجه‌كانی ئه‌مریكای وه‌ته‌نگ هێنانی خه‌ڵك پێناسه كرد تا له‌و باروودۆخه‌دا له به‌رامبه‌ر نیزامدا ڕاوه‌ستن و ئامانجی نیهاییشی داڕمانی ئابووریی ئێران له‌قه‌ڵه‌م دا.
له وته‌كانی خامنه‌ییدا باسێك له باشتر كردنی باروودۆخی ژیانی جه‌ماوه‌ری كرێكار و زه‌حمه‌تكێشی ئێران نه‌كرا. هه‌ڵبه‌ت كه‌سیش چاوه‌ڕوانی ئه‌وه نییه كه ئه‌م ڕژیمه دژه مرۆییه‌ی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستی سه‌رمایه، بیر له دابین كردنی بژێوی خه‌ڵك بكاته‌وه. خامنه‌یی له مۆعیزه دوور و درێژه‌كه‌یدا، بۆ جارێكی دیكه ئاوێكی پاكی به ده‌ستی ئه‌و كه‌سانه داكرد كه لهمبارهیهدا تووشی خۆش باوه‌ڕی بوون و وتی: “هێندێك به‌ڕاستی زیانی جیدیان پێگه‌یشتووه و كێشه و گرفتی زۆریان بۆ خۆڵقاوه و پێویسته قه‌ره‌بوو بكرێته‌وه. به‌ڵام كێ ده‌بێ قه‌ره‌بووی كاته‌وه؟ خه‌ڵك“. ئه‌م ڕژیمه گه‌نده‌ڵه سه‌روه‌ت و سامانی خه‌ڵك بۆ قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ی زیانه جیدیهكانیان به‌كارناهێنێت به‌ڵكوو ئه‌وه‌یكه له‌پاش دزی و گه‌نده‌ڵیی ڕێبه‌ران و به‌رپرسان و نزیكانیان ده‌مێنێته‌وه، ده‌كرێته تێچووی پڕۆژه‌ی نیزامی دژه مرۆیی و په‌ره‌پێدانی دام و ده‌زگای پۆلیسی و ئه‌منی و ده‌كرێته یارمه‌تی بۆ تیرۆریسته ئیسلامیه‌كانی ناوچه‌كه. كه‌وابوو، كرێكاران و جه‌ماوه‌ری سته‌ملێكراوی ئێران، بۆ ڕزگاربوون له‌م ژیانه فهلاكهتباره، هیچ ڕێگایه‌كیان بێجگه‌له هه‌وڵی جیدی و ڕێكخراو و سه‌رتاسه‌ری بۆ له‌گۆڕنانی ئه‌م ڕژیمه، له‌به‌رده‌مدا نییه.