کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

زیاد بوونی ژوماره‌ی ئێعدامەکان و ئێعدام بە بەرچاوی منداڵانەوە لە ئێران

به‌ڕێوه‌بردنی سزای ئێعدام لە زیندانەکان و یان بە بەرچاوی خەڵکەوە، ڕاگەیەندراو یان شاراوە، تاک بە تاک و یان بە کۆمەڵ، هەروا درێژەی هەیە. به‌ڕێوه‌چوونی سزای ئێعدامی شەش زیندانی لە زیندانی ناوەندی ورمێ، رۆژی چوارشەممە ٦ ی مانگی گەلاوێژ، ژمارەی ئێعدامەكان لە ئێران لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا گه‌یشتۆ‌ته‌ زیاتر لە ٢٦٠ حاڵەت. تەنیا لە حەفتەی ڕابردودا ٤٠ کەس لە شارە جۆراو جۆرەکانی وڵاتدا کراون بە پەتی سێداره‌دا. ئازاری ئەم ئینسان کوشتنانە کاتێک زیاتر دەردەکەوێ کە دەبیستین ژمارەیەک لەم ئێعدامانە بە بەرچاوی خەڵکەوە واتە نەک تەنیا بە بارچاوی گەورەکانەوە بەڵکو لەبەردەم منداڵانیشدا به‌ڕێوه‌ ده‌چن. لە ماوەی ساڵی ڕابردودا، دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی سزای ئێعدام بە بەرچاوی خەڵکەوە چەندین جار بەکردەوە دەرهێناوە کە منداڵان لە زومڕەی تەماشاگەرانی ئەم دیمه‌نانه‌ بوون.ئیجرای عەداڵەت و دابین کردنی ئەمنیەتی کۆمەڵایەتی دوو پاساون کە دەزگا تەبلیغاتیەکانی ڕژیم بۆ دیفاع لە ئێعدامەکان بەسەر زاریانەوەیە. لە بواری ئیجرای عەداڵەتدا لە ڕژیمێک کە خۆی سەرچاوەی بەرین ترین بێ عەداڵەتی و هەڵاواردن و نا یەکسانی کۆمەڵایەتی و چینایەتییە لە کۆمەڵگادا، لە ڕژیمێک کە کوشتنی هەزاران ئینسانی سیاسی نەیاری خۆی لە پەروەندەدا هەیە و ماشێنی کوشتار و سەرکوتی لەدژی خەڵکی عەداڵەت خواز و ماف تەڵەب قەت ڕانەوێستاوە، چلۆن دەکرێ قەبوڵ بکرێت کە بە ئەنگیزەی ئیجرای عەداڵەت دەست بداتە ئێعدام کردنی کەسەکان. لە بواری ئەمنیەتی کۆمەڵایەتیشدا، ئەوە خودی کۆماری ئیسلامیە کە ئەمنیەتی لە ژیانی خەڵکی ئەم وڵاتە هەڵگرتوە. ئاستی کرداری توندوتیژانە و کوشتاری وەحشیانە لە لایەن ڕژیمەوە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ڕێژەی توندوتیژیەکان و جەنایەتێک کە تاک ئەنجامی ئەدات بەراورد ناكرێت و دەیان بەرابەر زیاترە. ئاستی بڵاو کردنەوەی مادەی هۆشبەر لە کاناڵەکانی مافیایی ژێر کۆنترۆڵی سپای پاسداران و دەزگا ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ قەبارەی فەعالیەتەکانی قاچاقچیانی تاک بەراورد ناكرێت. زەوت کردنی ئەمنیەت لە ژیانی خەڵک لە لایەن ڕژیمەوە لە ڕێگای دەخاڵەتی بەردەوام له‌ ژیانی تایبەتی خەڵکدا بە وەسیلەی بەسیجیەکان و گەشتی ئەمر بە مەعروف و نەهی لە مونکر و لیباس شەخسیەکان لەگەڵ ڕێژەی ئەنجامدانی تاوانی تاکە کەسێک کە بە ئەنگیزەی شەخسی ئەنجام ئەدرێت، بەراورد ناکرێت. کۆماری ئیسلامی قوربانیانی نیزامێکی کۆمەڵایەتی زاڵمانە کە خۆی بەسەر ژیانی ئینسانەکانیدا سەپاندوە، ئێعدام دەکات تا بەرپرسیاریەتی خۆی لە دروست بوونی بارودۆخێک کە ئەم جۆرە جەنایەتانەی تێدا بەردەوام بەرهەم دێتەوە، داپۆشێت. ئەم ئیدیعایەی دەوڵەتەکان نە لە ئێران نە لە هیچ شوێنێکی دنیا کە گۆیا لە ڕێگای ئیجرای ئێعدامەوە دەکرێ زەریبی ئەمنیەتی گشتی بەرز بکەنەوە، خاوەنی ئیعتیبار نییە و سزای ئێعدام نە تەنیا کاریگەری لەسەر کەم کردنەوەی جورم و جەنایەت لە کۆمەڵگادا نییە، بەڵکو توندوتیژی نیهادینە دەکات و دەچێتە خزمەت دەرێژەی سوڵتەی ڕژیمە دیکتاتۆڕەکان بەسەر جارەنووسی خەڵکەوە. بەڵام ئیجرای ئەحکامی ئێعدام بە بەرچاوی خەڵکەوە کە ساڵانێکە لە ڕژیمی ئیسلامیدا بەکردەوە دەردێت، هاوکات دوو ئامانجی دەژی ئینسانی هەیە:350
یەکەم، ڕژیم بە ئەنجامدانی ئەم کردارە وەحشیانەیە پەرە ئەدات بە فەزای ترس و وەحشەت لە کۆمەڵگادا. بەم کردارەی دەیەوێ ئاستی بێڕەحمی و بێ پەروا بوونی لە ئینسان کوشتندا پیشانی خەڵک بدات. دەیەوێ خەڵک لەبەرانبەر هێزی دەسەڵاتدا بێ ده‌نگ و موتیع بن و وره‌ی خۆڕاگری لەبەرانبەر زۆر وێژیەکانی ڕژیم لە کۆمەڵگادا لەبەین بەرێت.

دووهەم، بە ئیجرای ئەم شانۆ وەحشیانەیە هەوڵ ئەدات بە پاراو کردنی هەستی تۆڵە ئەستاندنەوەی فەردی، قین و توڕەییەکی پۆنگ خواردو کە لە ناخی خەڵکدا کۆبۆتەوە بە جێگای ئەوەی روو بکاتە ڕژیمی حاکم بەرەو تاوانبارێکی داماو ئاڕاستە بکات کە خۆی یەکێک لە قوربانیانی ئەم نیزام و مناسباتە نا دادپەروەرانەیە کە دەسەڵاتی بە دەستەوەیە. بەم جۆرە بەهەر ڕادەیەک کە بۆی بکرێت ژمارەیەکی زیاتر لە خەڵک بۆ تماشای ئەم شانۆگەریە نەفرەت ئەنگیزە ڕابکێشێ، سەرکەوتو ترە.

لەم نێوانەدا بە تایبەت پێویستە ئامانجەکانی ڕژیم لە به‌ڕێوه‌بردنی سزای ئێعدام بە بەرچاوی خەڵکەوە توشی شکست بکرێت. لانیکەم کارێک کە لەم بارەیەوە دەکرێ ئەنجام بدرێت، خۆ بواردنە لە چوون بۆ بەشداری کردن لەم جۆرە مەڕاسمە نەفرەت ئەنگیزانەدا. نە تەنیا نابێ بە هیچ شێوەیەک لەم شانۆگەریە وەحشیانەدا کە ڕژیم بۆ ئێعدام کردن دەیخاتەرێ بەشداری بکرێت بەڵکو دەبێ بۆ تێکەوە پێچانی بەساتی ئەم شانۆگەریەش خەبات بکرێت. ڕژیم دەیەوێ ئەفکاری گشتی بە بیستن و تماشا کردنی ئەم ئێعدامانە عادەت بدات و هەستیاری سەبارەت بەم وەحشیگەریە لە کۆمەڵگادا کەم بکاتەوە. لە ئاوا کەش و هەوایەکدا هەڵبەت دەتوانێ ئێعدامی زیندانیانی سیاسیش بە نیگەرانی کەمترەوە بە کردەوە دەبێنێ. خەبات بۆ بەرگرتن لە ئیجرای ئەحکامی ئێعدام، خەبات بۆ کۆتایی هێنان بە شانۆی ئەم ئینسان کوژیە بە بەرچاوی خەڵکەوە، مەیدانێکی گرنگە لە خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەم دەورەیە لە ئێران.

بابەتی پەیوەندیدار

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-

دروشمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار، زیادکرنی حەقدەست و مووچە، ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە

-

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-

وتارێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئەمن کردنی کار

-

کەمپینی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین تا دێت بەربڵاوتر دەبێت

-

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-