کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

زیاد بوونی هەژاری و قوڵتر بوونەوەی کەلێنی چینایەتی لە ئێران

بە پێی ڕاپۆتێکی “ئیسنا”، لە حەفتەی ڕابردودا فیشی حقوقی ژمارەیەک لە مودیرانی بیمەی ناوەندی ئێران بڵاو کرایەوە. ناوەرۆکی ئەم فیشانە نیشانی ئەدات کە هێندێک لە مودیرە پلە بەرزەکانی بیمەی ناوەندی ئێران حقوقی دەیان ملیۆنی وەردەگرن. بەپێی زانیاریەکان ئەم فیشی حقوقانە، تەنیا سێ لە مودیرە پلە بەرزەکان، نزیکەی ١٨٠ ملیۆن تمەن حقوق وەردەگرن و حقوقی تەنیا کەسێک لەمانەش ٨٧ ملیۆن تمەنە. بڕێکی تر لە ڕەقەمە کەڵانەکانی ئەم فیشانەش بریتی بوون لە وامی زەروری ٤٠٠ ملیۆن تمەنی، وامی ماشێنی مودیرەکان. بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی بڵاو بوونەتەوە، کۆی وامە دراوەکان بە ٤ کەس لە مودیرانی بیمەی ناوەند زیاترە لە یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن تمەن. بە هێندێک لە مودیران ئیزافەکاری فەوق العادەی ٣٣ ملیۆن تمەنی درواوە. هەڵبەت ئەم جۆرە بابەتانە لە ڕژیمی ئیسلامیدا شتێکی تازە و دەگمەن نییە. ئەوەی کە نوێیە بڵاو بوونەوەیانە کە لە ناخی ناکۆکیە نێوخۆییەکانی باڵەکانی ڕژیمدا شیاوی روون کردنەوەیە.جیاوازی داهاتی مودیران و کارمەندانی پلە بەرزی ناوەند و دامەزراوە دەوڵەتی و تایبەتەکان، و هەروەها فەرماندەی هێزە چەکدارەکان و ئەشکەنجە گەرانی دەزگا ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ حەقدەستی کرێکاران، موعەلیمان، پەرستاران، و باقی حقوق بگیران، بەشێوەیەک زیادی کردوە هێندێک لە سەران و کاربەدەستانی ڕژیمی ئیسلامی ناڕەزایەتی سەبارەت بەم بارودۆخە دەردەبڕن و بەردەوام لەبارەی مەترسی ئاخیز و تەقینەوەی کۆمەڵایەتی هۆشداری ئەدەن.بڵاو بوونەوەی فیشەکانی حقوقی ئەندامانی هەیئەت مودیرەی بیمەی ناوەندی لە مانگی گوڵانی ئەمساڵدا، تەنیا نمونەیەکی بچوکە لە کەلێنی داهات و نایەکسانی لە کۆمەڵگادا. ڕەقەمە ئاشکرا کراوەکانی حقوقی مودیرانی پلە بەرزی بیمەی ناوەندی ئێران کە تەنیا مشتێکە لە خەروارێک، لەگەڵ حقوقی کرێکاران، موعەلیمان، پەرستاران و هیتردا بەراوردی بکەن، تا گۆشەیەک لە بێعەداڵەتیەکانی مەوجود لەم کۆمەڵگایەتان بۆ دەربکەوێت. لانیکەمی حەقدەستی کرێکاران هەشتسەد و دوازدە هەزار تمەن، واتە زیاتر لە سێ جار لەژێر هێڵی هەژاریدا، مامناوەندی حقوقی موعەلیمان لە نێوان یەک ملیۆن و چوارسەد تا یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن، و مامناوەندی حقوقی پەرستاران یەک ملیۆن و ٨٠٠ هەزار تمەنە. لێرەدا قسە لەسەر ئەو سەرمایەدارانە نییە کە داهاتی نجومییان هەیە، قسە لەسەر حقوق بگیرانی دەوڵەتیە. ئەو حقوق بگیرانەی کە بێجگە لە وەرگرتنی حقوقی کەڵان، لە کاناڵی جۆراو جۆری ڕەسمی و نا ڕەسمیشەوە، دەستیان بە داهاتی تر ڕادەگات. دروستكردنی کومسیۆن و وەرگرتنی ڕشوەی کەڵان لە ئێران بە ڕادەیەک برەوی پەیدا کردوە کە مودیرانی دەوڵەتی وەک مافێکی سروشتی خۆیان، بە ئاشکرایی وەریدەگرن. ئامارە ڕەسمیە دەوڵەتیەکان نیشانی ئەدەن، بە پێچەوانەی وەعدەکانی رۆحانی، لە یەک ساڵی ڕابردودا، کەلێنی چینایەتی نێوان هەژاری و سەروەت گەلیک بەرین تر بۆتەوە. جێگری وەزارەتی تەعاون، کار و ڕیفاهی کۆمەڵایەتی ڕژیم لە وتووێژێکدا وتی” توێژینەوەکان پێمان ئەڵێن کە کەلێنی هەژاری لە شار و دێهاتەکان خەریکە دەگۆڕێت، و هەژاری لە شارەکاندا لە حاڵی زیاد بوون دایە.”716
لە حاڵێکدا کە بە دەست و دڵبازیەوە حقوق، پاداش و مەزایای کەڵان بە مودیرانی دامەزراوە دەوڵەتیەکان دەبەخشرێت، بە بیانوی جۆراو جۆر خۆ لە زیاد کرانی حه‌قده‌ستی کرێکاران و زەحمەتکێشان گێل دەکرێت و بە دیاریکردنی حەقدەستێکی چوار جار لەژێر هێڵی هەژاریدا ئەو ژیانە مەمرە و مەژیەشیان لێ تاڵ و دژوار تر کردون.
کەلێنی نێوان هەژاری و سەروەت لە ئێران رۆژ لەگەڵ رۆژ قوڵتر ئەبێتەوە. بەڵام سەروەتی ئەم کۆمەڵگایە کە بەم شێوەیە لە لای ەرمایەداران کەڵەکە دەکرێت و بەردەوام توانایی ەرمایەکانیان زیاتر ئەبێت و بەم جۆرە دەست و دڵبازانە دڕژێتە گیرفانی مودیران و کاربەدەستانی حکومەتیەوە، سەروەتی کرێکاران و هەموو خەڵکی ئەم وڵاتەیە. ئەم سەروەتە بەشێوەیەک بەرفراوانە کە بە کەمتر لە ٣٥ کاتژمێر کاریش لە حەفتەدا هەموان لە نێعمەتەکانی بەهرەمەند ئەبن. بەڵام بێ گومان تا کاتێک کە مناسباتی حاکم بەسەر کۆمەڵگەدا سەرمایەدارانەیە و بنەماکەی لەسەر قازانج پەرستی چینی سەرمایەدار بنیاد نراوە و دەوڵەت خۆی بەشێک لەو و پشتیوانیشتیەتی، زۆربەی خەڵک بێبەش، و ئەوان تێرن، خەڵک ئازارکێش و ئەوان شادن، خەڵک کەپر نشین و ئەوان کاخ نشینن. ئەم مناسباتە ئاوەژوە دەبێ بخرێتەوە سەر باری خۆی. نابێ ئیجازە بدرێت ڕەوزە خوێنەکانی سەر مینبەر، خەڵکی هەژار بۆ ڕیازەت کێشانی ئابووری هانبدەن و خۆیان حقوقی کەڵان وەربگرن و سەروەتی بێ ئەژماری کۆمەڵگا هەڵلوشن. نابێ ئیجازە بدرێت بۆ تەسلیم کردنی خەڵک بە ڕیازەت کێشی ئابووری وەعدەی پاداشی ئاخیرەت بدەن و ئامرازەکانی سەرکوت بێنن بە یارمەتی خۆیانەوە. لەم رۆژانەدا هێندێک لە سەرانی ڕژیم ترس و وەحشەتی خۆیان لە قوڵتر بوونەوەی ئەم کەلێنە بە ئاشکرایی دەردەبڕن. لە وڵام بەم ترس و وەحشەتەی کە سەرتاپای سەرانی ڕژیمی داگرتوە، جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش دەبێ باوەڕ بە هێزی خۆی بێنێ. هەبوونی ژیانێکی ئینسانی مافی سەرجەم ئینسانەکانی ئەم کۆمەڵگایەیە، بەڵام بێ گومان ئەم مافە نادرێت و دەبێ بستێندرێت. ئەم مافە تەنیا بە ڕێكخراو بوون و خەباتی یەکگرتووانە و شێلگیر دەستەبەر ئەبێت. بێجگە لەوە هیچ ڕێگایەکی تر بەدی ناکرێت.

 

بابەتی پەیوەندیدار

گەندەڵی ئیداری، دارایی، ئەخلاقی و سیاسیی ڕژیمی ئیسلامی، لە سەرەوە دەست پێدەکات

-

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-