کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

زیاد بوونی ئێعدامەکانیش ڕژیم ڕزگار ناکات

idami

  شەپۆلی ئێعدام لە زیندانەکانی ئێران هەروا درێژەی هەیە. ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە سەرانی کۆماری ئیسلامی تەنیا لە مانگی جولایدا ٦١ کەسیان لە زیندانە جۆراوجۆرەکاندا ئێعدام کردوە. ١٣ کەس لەو قوربانیانە شارۆمەندی بەلوچ بوون. ئەوەی کە زۆربەی ئێعدام کراوەکان لە مەحکومانی دادگا ئاساییەکان بوون، ناتوانێ ئامانجێکی سیاسی کە لەپشت دەرکرانی ئەو حوکمانەوەیە بشارێتەوە. زیاد بوونی ئەم جۆرە ئێعدامانە بەشێک لە کۆمەڵێک گوشاری توندە کەسەرانی ڕژیم لە ترسی ئاخێزێکی تر لە ساڵڕۆژیشۆڕشی ژن، ژیان ئازادیدا دەستیان داوەتێ. ئەم گوشارانە لە دژی ژنان، کرێکاران، دادخوازان، خانەنشینان، مامۆستایانی ناڕازی، خوێندکاران، تێکۆشەران لە کوردستان و بەلوچستان، بەکاربەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، چالاکانی مافی مرۆڤ و باقی هەڵسوڕاوانی کۆمەڵایەتی ڕێکخراوە. لە حاڵێکدا کە ڕۆژانە بە ژمارەی ئەو وڵاتانەی کە لە ئاکامی خەباتی خەڵکدا سزای ئێعدام هەڵدەوەشێننەوە، زیاد دەبێت، کۆماری ئیسلامی پلەی بەرزتر لە دەرکردن و ئیجرای حوکمی ئێعدام بە دەست دێنێ، بە شێوەیەک کە ئێستا بە بەراورد بە ڕێژەی جەمعیەت لەم بارەیەوە ئێران لە سەرۆی وڵاتانی دنیادایە.

پاساوی ڕژیم بۆ دەست بردن لە ئاستێکی بەریندا بۆ ئێعدام ئەوەیە کە گۆیا لەم ڕێگایەوە یەکەم، ئەمنیەتی کۆمەڵایەتی بەرز دەکاتەوە و دووهەم، دادپەروەری جێگیر دەکات. کە هەردووکیان پاساوی فرێوکارانە و درۆن.

لە بواری ئەمنیەتی کۆمەڵایەتیدا، یەکەم خودی کۆماری ئیسلامییە کە ئەمنیەتی لە ژیانی خەڵکی ئەم وڵاتە هەڵگرتوە لەبەر ئەوەی ئاستی بەڕێوەبردنی توندوتیژی و کوشتاری وەحشیانە لە لایەن ڕژیمی ئیسلامیەوە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئاستی ئەو توندوتیژی و جەنایەتانەی تاکەکان دەیکەن شیاوی بەرئاورد کردن نییە. ئاستی بڵاو کردنەوەی مادەی هۆشبەر لە کاناڵەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی مافیای سپای پاسداران و دامودەزگا ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامیەوە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ قەبارەی چالاکی قاچاغچیانی تاکەکەسیدا شیاوی بەرئاورد کردن نییە. ڕێژەی زەوت کردنی ئەمنیەت لە ژیانی خەڵک لە ڕێگای دەستێوەردانی بەردەوام لە بواری ژیانی تایبەتی خەڵک لەکوێ لە گەڵ ئاستی ڕوودانی تاوانی تاکەکەسی کە بە ئەنگیزەی شەخسی بەڕێوە دەچێت، شیاوی بەراورد کردنە.

دووهەم ئەزموونی هەموو دنیا و ئەو ئامار و زانیاری و توێژینەوانەی کراون نیشانی ئەدات کە لە هیچ کۆمەڵگایەکدا ئەمنیەتی خەڵک لەم ڕێگایەوە زیاتر نەبووە بەڵکو بە پێچەوانەوە نەفسی ئێعدام هەستی تۆڵە ئەستاندنەوە و ڕەوانشناسی توندوتیژی بەهێز دەکات.

بەڵام ئیدیعای ئیجرای دادپەروەری لە ڕێگای سزای ئێعدامەوە لەوەش بێ بنەماترە. ئەگەر مەبەست ئیجرای عەداڵەت بێت تاوانباری یەکەم خۆدی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیە کە بە هەزاران ئینسانی لەبەر بیروباوەڕیان و لەبەر خەبات بۆ باشتر کردنی بارودۆخی ژیان لەم کۆمەڵگایەدا کوشتوە و ماشێنی جەنایەت و کوشتاری ڕۆژێک ڕاناوەستێت. بەڕێوەبردنی دادپەوەری چۆن دەکرێ لە وەها ڕژیمێکی تاوانبار چاوەڕوان بکرێت؟

ئەو پاساوانەی کە لەم بوارەدا بۆ سزای ئێعدام بوونی هەیە درۆیەکی ئاشکران و هیچی تر، لەبەر ئەوەی یەکم ئینسانەکان زاتەن خەتاکار، قاتل، قاچاخچی و جەنایەتکار لە دایک نابن بەڵکو لە لێکدانەوەی کۆتاییدا ئەوە بارودۆخی مادی کۆمەڵگایە کە ئەوان بەرەو خراپکاری و گزی پاڵپێوە دەنێت و دەوڵەت و چینە دەسەڵاتدارەکان، بەرپرسانی ڕاستەوخۆی داسەپاندنی ئەم بارودۆخە مادیەن بەسەر ژیانی زوربەی خەڵکدا. کەسانێک شیاوی سزان کە زیاتر لە ٥٠ لەسەد لە خەڵکی ئەم کۆمەڵگایەیان بەرەو ڕووی مەترسی هەژاری بە تەواوەتی کردۆتەوە و ئەو بوارە کۆمەڵایەتیانەی کە دەبنە هۆکاری ڕوودانی جورم و جەنایەتیان بەدی هیناوە.

دەبێ شگردی ئینسان کوشتنی حکومەتەکان بە ناوی دابین کردنی ئەمنیەتی گشتییان لەدەست دەربێنین و هەموان ئەو ڕاستیە بزانن کە تێکرار بوونەوەی قەتڵی دەوڵەتی بە ناوی مجازاتی پێشگیرانە تەنیا ڕەوایەتی بە جەنایەتی ئێعدام ئەدات و نیهادینەی دەکات. ئەم ڕژیمە بۆ درێژەی تەمەنی خۆی پێویستی بە ماشێنی قەتڵ و کوشتار هەیە. ئەم ماشێنە دەبێ تێک بشکێندرێت و ڕابگیرێت. بە ڕوخاندنی ئەم ڕژیمەش نەبێ ئەم ماشێنە ناوەستێت.

  گومانی تێدا نییە لە سبەی ڕۆژی ئەو داهاتوەدا کە کۆتایی تەمەنی پڕ لە جەنایەتی کۆماری ئیسلامی بە ڕەسمی تێدا ڕادەگەیەندرێت، نەتەنیا لەژێر ناوی هیچ پاساوێکدا حوکمی ئەستاندنەوەی ژیان لە هیچ کەس شیاوی قەبوڵ کردن نییە بەڵکو بە فەرمانی شۆڕاکانی خەڵک، جەنایەت و جەنایەتکارانی وەرد و درشتی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگای دادگای سەڵاحیەت دارەوە پەیگیری دەکرێت، بەڵام حوکمی ئێعدام دژبە هیچ کەس سادر نابێت.