کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

زیاد بوونی ئاماری رووداوەکانی شوێنی کار لە ئێران

هادی ساداتی، جێگری سەرۆکی کانونی سەرتاسەری ئەنجومەنەکانی کرێکارانی بیناسازی ئێران لە وتووێژیکدا لەگەڵ هەواڵنێری ئابووریی تەسنیم، سەبارەت بە رووداوەکانی سەرچاوەگرتوو لە کارەوە وتی” رۆژانە ٥ کرێکاری بیناسازی بە هۆی ڕەچاو نەکرانی ئیمنی کار لە سەرتاسری وڵاتدا گیان لەدەست ئەدەن.”

ناوبراو لە روون کردنەوەی هۆکاری ئەم رووداوانەدا وتی:” ئاموزش نەدرانی کرێکارانی بیناسازی و نەبوونی چاودێری دەزگاکانی چاودێری گرنگترین هۆکاری سەر هەڵدانی موشکلات لە رووداوەکانی سەرچاوەگرتوو لە کارەوەیە. کاتێک کە کرێکاران ئاموزشی ئیمنی نابینن ئەو رووداوانەی کە لە شوێنی کار روو ئەدەن، زیاد دەکات.” ئەو لە درێژەدا دەڵێ:” هەڵبەت پێویستە کە ئاموزش لەپاڵ چاودێریدا ئەنجام بدرێت، لەبەر ئەوەی کە ئەگەر تەنیا ئاموزش بێت و چاودێری لە لایەن دەزگا بەرپرسەکانەوە بوونی نەبێت خاوەنکار تەنیا لەبیری تەواو کردنی پرۆژەکەی خۆی دایە و سەرنج ناداتە تەیار کردن و ئیمن سازی کارگاکان.”205

جێگری سەرۆکی کانونی سەرتاسەری ئەنجومەنەکانی کرێکارانی بیناسازی لە درێژەدا دەڵێ:” بازڕه‌سانی كار، بازڕەسانی تەئمینی ئیجتماعی و بازڕەسانی شارەداری به‌رپرسی چاودێری به‌سه‌ر ئه‌منیه‌تی ناوه‌نده‌كانی كارن.

ئەو لە درێژەدا دەڵێ هێندێک حاڵەتمان بووە کە کرێکاران سەبارەت بە نەبوونی ئیمنی کارگاکان خاوەنکارەکانیان وشیار کردۆتەوە. لە وەها حاڵەتێکدا خاوەنکار دەبێ لەبیری چارەسەری حاڵەتەکەدا بێت. بە داخەوە خاوەنکاران سەرنج نادەنە ئەم جۆرە مەسەلانە.” ئەو ڕاپۆرتانەی لە شوێنی کارەوە هاتون باس لەوە دەکەن کە ئاماری رووداوی کار لە ڕشتە غەیرە ساختومانیەکاندا و لە شوێنە پیس بووەکان بە مادەی شیمیایی، گەیشتۆتە ئاستێکی جێی نیگەرانی. لەم نێوانەدا ئەوەی کە بەشێوەی ئاشکرا بڵاو دەبێتەوە تەنیا بەشێکی چکۆلەیە لە کارەساتێک کە لە شوێنەکانی کار لە ئێران لە ئارادایە.

ئاماری گیانبەخت کردوان و یان لەکار کەوتویی کرێکاران لە ئاکامی رووداوی شوێنی کارەوە، ئاماری پەرەسەندنی نەخۆشیەکانی سەرچاوە گرتوو لە نا ئەمن بوون و نا بێهداشتی بوونی شوێنی کارەوە، لە ئاستی دنیادا بەردەوام روو لە زیاد بوونە. لەم ڕاپۆرتەدا بە شێوەی ئاسایی ئەو رووداوانەی کە دەبنە هۆی بریندار بوون و لە کارکەوتویی کرێکاران لە ئاکامی نا ئەمن بوونی شوێنی کاردا، لەقەڵەم کەوتون. مەرگی بە شێنەیی و بێدەنگی کرێکاران لە ئاکامی ناسالم بوون و نا بێهداشتی بوونی شوێنی کار لە هیچ جێگایەک تۆمار ناکرێن. زۆرترین رووداوی شوێنی کار لە کارگا پڕشوبڵاوەکانی بیناسازیدا کە کرێکارانی شاغڵ تێیدا بە شێوەی رۆژ موزد خەریکی کارن و لەژێر چەتری بیمە یان باقی خزمەتگوزاریە حیمایەتیەکاندا نین، ڕەنگ دانەوە و دەنگ دانەوەیان نابێ. رووداوێک کە تێیدا کرێکارانی ئەفغانستانی و منداڵانی کاری تێدا دەمرن، لە هیچ ڕاپۆرت و هەواڵێکی هەواڵنێریە ڕەسمیەکانی ئێراندا باس ناکرێن.

بەڵام لەگەڵ گشت ئەمانەدا ئامارە ڕەسمیەکان باس لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی مەرگ و میری سەرچاوەگرتو لە رووداوی کارەوە دەکەن لە مەودای ١٠ ساڵی ڕابردودا. لەپاڵ هەر رووداوێکدا کە بوبێتە هۆی مردن رۆژانە، ژمارەیەکی زۆر رووداو روویانداوە لە شوێنەکانی کار کە بوونەتە هۆی لەکارکەوتویی و کەم ئەندام بوون لە ئێران. بەڵام کێشە و گرفتی کرێکاران لە شوێنەکانی کار تەنیا تایبەت بە کۆمەڵێک رووداو نییە. ئەو کرێکارانەی کە بە بێ هەبوونی جلوبەرگ و وەسایلی ئیمنی پێویست بە مادەی شیمیایی، ڕادیۆ ئەکتیو، ئەو گازانەی لە دوکەڵکێشەکانەوە دەردەچن، و باقی پیسکەرەکان و مادە مەترسیدارەکانی تر کار دەکەن، گیرۆدەی گەلێک نەخۆشی دەبن و بە ڕەنج و مەرارەتێکی زۆرەوە بەرەو مەرگی بە شێنەیی دەچن.

لەسەر ئەساسی ڕاپۆتەکانی سازمانی جیهانی کار، لە گەلێک لە وەڵاتانی وەک ئێرانی ژێر حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی زۆربەی رووداوەکانی کار هەر ڕاناگەیەندرێن. وەزاڕەتی کار و ئیدارەکانی سەر بەو وەزارەتە، کە بەرپرسیاری ڕیعایەت کردنی ماسایلی ئەمنیەتین لە شوێنەکانی کار، خۆیان بەشێکن لە دەسەڵات کە ٩٠ لەسەدی ئابووری وڵاتیان لەژێر دەست دایە. ئەوان بەردەوام کارەسات و جەنایەتەکانی سەرمایەداران دادەپۆشن. بەرپرسانی دەوڵەتی و خاوەنکاران بەردەوام هەوڵ ئەدەن هۆکاری رووداوی سەرچاوە گرتوو لە کارەوە بگێڕنەوە بۆ کەمتەرخەمی کرێکاران تا لە لایەکەوە لە لایەن هیج کەس و هیچ ناوەندێکەوە نەکەونە ژێر پرسیارەوە و دەوڵەت و خاوەنکارانیش لە بەرانبەر کرێکارانی سەدەمە دیتودا هیچ بەرپرسیاریەتیەکیان نەکەوێتە ئەستۆ و ناچار نەبن قەرەبوو بدەنەوە. ڕێژەی مەرگ و میر و یان کەم ئەندام بوونی سەرچاوەگرتوو لە کارەوە لەنێو وڵاتانی پێشکەوتوو و لە حاڵی گەشەدا جیاوازە. منداڵان و کرێکارانی تازەکار و ئاموزش نەدراو و کۆچبەران، وەک ئەفغانستانیەکان لە ئێران، زیاتر لە وانی تر لەژێر مەترسی رووداوەکاندان. لە وڵاتانی گەشەکردوودا کرێکاران بە هۆی چەندین دەیە خەبات خۆیان ڕێکخستوە و خاوەنکارانیان وادار کردوە ئیستانداردەکانی ئیمنی تا ڕادەیەک ڕەچاو بکەن. بەڵام لە هەمانحاڵدا لە جەریانی قەیرانی ئێستای سەرمایەداریدا، سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیان بێجگە لە داشکاندنی حەقدەستەکان و بیمە کۆمەڵایەتیەکان لە هەزینەی دابین کردنی ئیمنی و ژینگەشیان کەم کردۆتەوە.

خاوەنکاران لە رووی قازانج پەرستی و تەماع و زێدە خوازیانەوە، نە مایل بە باشتر کردنی ئەمنیەتی شوێنی کارن و نە نیگەرانی لە دەستانی کرێکارانن لە ئاکامی رووداوەکانی شوێنی نا ئەمنی کاردا. ئەمانە تەنانەت نیگەرانی ئەوەش نین، کە کرێکاران لە ترسی گیانیان کارەکەیان بەجێبێڵن. چون دەزانن هەر کاتێک بیانەوێ دەتوانن لەنێو خێڵی ملیۆنی ئەڕتەشی زەخیرەی کاردا، کرێکارانی دیکە بێننەوە سەرکار و لە هەمان شوێنی نائیستاندارد و نائەمنی کاردا، هەموو کارێکی تاقەت پروکێن و دژواریان پێبکەن. کەوایە تا کاتێک کە خرۆشی شۆڕشی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش بەساتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و نیزامی سەرمایەداری تێکەوە نەپێچاوە، ئەوە خودی کریکارانن کە دەبێ لەبیری خۆیاندا بن و بە پشت بەستن بە خەباتی ڕێکخراوی خۆیان دەوڵەت وادار بە دابین کردنی ئەمنیەتی شوێنی کاریان بەکەن. کوشتاری کرێکاران لە شوێنەکانی کاردا دەبێ وەک کوشتنی بە ئانقەست بە حێساب بێت. ئەوان چ لە رووی ماندو بوونی کرێکارەوە روویاندابێت و چ ئاکامی ڕەچاو نەکرانی ئیستانداردەکانی ئیمنی بن، دەبێ بەناوی خاوەنکارانەوە تۆمار بکرێن. بەڵام ئیمنی شوێنی کاریش وەک هەر داواکاریەکی دیکە تەنیا بە زەبری خەبات و هاوپشتی چینایەتی کرێکاران بەسەر سەرمایەداران و دەوڵەتدا دەسەپێندرێت.