کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

زیادکردنی مووچەی هێزە سەرکوتگەرەکان و کەمکردنەوەی حەقدەستی کرێکاران لە نیوەی دووەمی ساڵدا

201712101293687045

بەگوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی دەوڵەتیی ئیلنا، دەوڵەتی ڕەئیسی بڕیاریداوە کە لە نیوەی دووەمی ئەمساڵدا مووچەی هێزە نیزامییەکان، سپای پاسداران و ناوەندەکانی سەر بەو هێزانە زیاد بکات. ئەوە لە حاڵێکدایە کە کاتێک شۆڕای باڵای کار لانیکەمی حەقدەستی کرێکارانی بۆ ساڵی ١٤٠٢ پەسەند کرد، بەشێوەیەکی فریوکارانه بەڵێنیان بە کرێکاران دا کە ئەگەر لە نیوەی دووەمی ساڵدا مووچەی کارمەندان و هێزە ئەمنییەکان زیاد بکەن، هەر بەو ڕێژەیە حەقدەستی کرێکارانیش زیاد دەکەن. ئێستا لە کاتێکدا کە هەڵاوسان بە بەراورد لەگەڵ ئەو کاتەی لانیکەمی حەقدەست بۆ ساڵی ١٤٠٢ پەسەند کرا، پتر لە ٤٠% زیادی کردووە، نەک هەر هیچ ئاماژەیەک بۆ زیادکردنی حەقدەستی کرێکاران نییە، بەڵکوو بە هۆی ئەوەوە کە مانگەکانی نیوەی دووەمی ساڵ ٣٠ ڕۆژن، خاوەنکارەکان لەم نیوەی دووەمی ساڵدا بە کردەوە حەقدەستی کرێکار بە ئەندازەی یەک ڕۆژ لە مانگدا کەم دەکەنەوە. سومەییە گۆڵپوور، بەرپرسی کانوونی باڵای ئەنجومەنی سنفی کرێکاران دەڵێت: “لە دوایین کۆبوونەوەی شۆڕای باڵای کاردا، ئەو بەڵێنە بە نوێنەرانی کرێکاران درا، کە ئەگەر هەڵاوسان کۆنترۆڵ نەکرێت، بەمەبەستی زیادکردنی حەقدەستی کرێکاران کۆبوونەوەیەک لەلایەن وەزارەتەوە ئەنجام دەدرێت، بەڵام تا ئێستا باسێک سەبارەت بە کۆبوونەوەیەکی لەو شێوەیە لەئارادا نییە. بە پێی بڕیاری شۆڕای باڵای کار، لانیکەمی حەقدەستی کرێکاران بۆ ساڵی ١٤٠٢ پێنج ملیۆن و ٣٠٨ هەزار تمەن دیاریکراوە کە ئەو بڕە بە بەراورد لەگەڵ ئاستی گرانی و هەڵاوسان لە ئێراندا، حەوت هێندە لە خوار هێڵی هەژارییەوەیە. بەڵام ڕاستییەکی تاڵتر ئەوەیە کە ئەم لانیکەمی حەقدەستە زۆرترین بەشەکانی چینی کرێکار ناگرێتەوە.

لە ئێستادا زیاتر لە ٨٥%ی کرێکاران لە ئێران، لەوانە کرێکارانی کارگە بچووکەکان، ئەو کرێکارانەی کە لە ڕێگەی شیرکەتە پەیمانییەکانەوە دامەزراون، کرێکارانی گرێبەستی کاتی و بەشی بیناسازی و زۆرێک لە کرێکارە شیرکەتییەکان، لە وەرگرتنی لانیکەمی حەقدەست بێبەشن و خاوەنکارەکان ئەم لانیکەمی حەقدەستەش بە ویستی خۆیان دیاری دەکەن. نەبەردی نێوان کرێکاران و سەرمایەداران لەسەر زیادکردنی حەقدەست، ململانێیەکی چینایەتییە کە بە درێژایی تەمەنی سیستەمی سەرمایەداری لە نێوان ئەم دوو چینەدا بەردەوام بووە. سەرمایەداران هەرگیز حەقدەستی تەواویان بە کرێکاران نەداوە و نایدەن، چونکە قازانجەکەیان بریتییە لەو حەقدەستەی کە نایدەن بە کرێکاران. بەڵام کرێکاران ئیمکانی ئەوەیان هەیە کە لە ڕێگەی خەباتی ڕێکخراوەوە پشکێکی زیاتر لەو بەرهەم و خزمەتگوزارییە بەرهەمهێنراوە لە شێوەی حەقدەستدا لە خاوەنکارەکان وەربگرن. پرسی حەقدەست لە ئێرانیش وەک هەر شوێنێکی دیکە لە نیزامی سەرمایەداریدا، تەوەری بنەڕەتی ململانێی نێوان دوو چینی سەرەکی کۆمەڵگا، واتە سەرمایەدار و خاوەن پیشەسازییەکان و دەوڵەت وەک کڕیاران و کرێکاران وەک فرۆشیاری هێزی کارە. خاوەنکارەکان و دەوڵەتە نوێنەرەکەیان بە پشتبەستن بە بوونی لەشکرێکی بەرینی بێکاران، هەوڵدەدەن تا ئەو جێگایەی دەتوانن حەقدەستی کرێکاران کەم بکەنەوە و بەرگریکردن لە قازانجی هەرچی زیاتری سەرمایەکانیان بە مافی بێ ئەملاو و ئەولای خۆیان دەزانن. کرێکارانیش بە مافی خۆیانی دەزانن کە لە بەرامبەر هێزی کارەکەیاندا داوای حەقدەستێک بکەن کە بە لەبەرچاوگرتنی ڕێژەی هەڵاوسانی ڕاستەقینە لە کۆمەڵگا و پێویستییەکانی ژیانێکی ئینسانی لە سەدەی بیست و یەکدا، بتوانن بژێوی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیانی پێ دابین بکەن. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە زەبری یاسا و پشت بەستن بە هێزی سەرکوت، ئەم ململانێیەی بە قازانجی سەرمایەدارەکان چارەسەر کردووە. چونکە کرێکاران بەبێ بوونی ڕێکخراوە چینایەتی و سەربەخۆ کرێکارییەکان، ناتوانن ئیرادەی چینایەتی خۆیان لە پرسی دیاریکردنی لانیکەمی حەقدەست بەسەر سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیاندا بسەپێنن.

حەقدەستێکی گونجاو لەگەڵ دابینکردنی ژیانێکی ئینسانی، داواکارییەکی سەرەکی چینی کرێکاری ئێرانە و وەدیهاتنی ئەم داواکارییەش بەندە بە خەباتێکی یەکگرتووانە و سەرتاسەرییەوە. ئەوە تەنیا خەباتی یەکگرتووانە و سەرتاسەری کرێکارانە کە دەتوانێت چینی سەرمایەدار و نیزامی کۆماری ئیسلامی ناچار بکات دەست لە هێرشکردنە سەر کار و ژیان و گوزەرانی کرێکاران هەڵبگرن و هەروەها کەشوهەوای خەباتکارانەی دژ بە دۆخی ئێستا، لە هەموو کۆمەڵگادا بەهێزتر بکات. کرێکاران بۆ ئەوەی بتوانن دەوڵەت و سەرمایەداران ناچار بە پاشەکشە بکەن لە بەرامبەر ئەو دۆخە دژوارەی کە بەسەر چینی کرێکاردا سەپاندوویانە، هیچ ڕێگەیەکی دیکەیان نییە جگە لە پەنابردنە بەر خەباتێکی ڕووبەڕوو لەناو کارگە و کارخانه و شوێنەکانی ژیان و هەروەها سەرتاسەری کردنەوەی ئەو خەباتە لە ڕێگەی بەیەکەوە گرێدانی بەشە جۆراوجۆرەکانی کرێکاران. گەیشتن بە ئامانجێکی لەو شێوەیە تەنیا بە مانگرتنی کرێکاریی لە هەموو کارگە و کارخانەکان و هەوڵدان بۆ سەرتاسەری کردنەوەی ئەم خەبات و ناڕەزایەتیانە مومکین دەبێت. دەبێ خەوی سەقامگیری و بەدەستهێنانی قازانجی هرچی زیاتری کارگە و دامەزراوە سەرمایەدارییەکان بە نرخی سەپاندنی ژیانێکی کۆیلەئاسا بەسەر چینی کرێکاردا، لە چاویان بزڕێت. نابێ ڕێگا بدرێت کە ڕژیم ئەم پێشێلکارییە ئاشکرایەی بۆسەر ژیان و گوزەرانی کرێکاران بە ئاسانی تێپەڕبکات و هەزینەی سەرکێشییە نیزامییەکانی لە ناوچەکەدا بە چەوساندنەوەی هەرچی زیاتری کرێکاران و دزینی نانی سەر سفرەی زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی ئەم وڵاتە دابین بکات،.