کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

زیادکردنی حەقدەست پێویستییەکی سەرەکی چینی کرێکار

ڕۆژی ١٨ی خاکەلێوە، ئیلنا، ناوەندی هەواڵنێری کاری کۆماری ئیسلامی، ڕاپۆرتێکی لە ژێر ناوی کرێکاران و زیانە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کردەوە. لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ژمارەی موچەخۆرانی ژێر هێڵی هەژاری موتڵەق لە ئێران، لە ١٥% لە ساڵی ١٣٩٩وە گەیشتووەتە ٣٠% لە ساڵی ١٤٠٣دا. واتە لە ماوەی کەمتر لە چوار ساڵدا ژمارەی ئەو کەسانەی کە کەوتوونەتە ژێر هێڵی هەژارییەوە، دوو هێندە زیادی کردووە. بێگومان دەزانین کە واقیعییەتەکان زۆر بە ئازارترن لەو ئامارانەی کە لەلایەن حکومەتەوەو بڵاودەکرێتەوە، بەڵام ئاشکرایە کە هەر لەم ئاستەشدا بە مانای کارەساتێکی کۆمەڵایەتییە. لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا سەبارەت بە لانیکەمی حەقدەست، کە ئەویش بە هەڵکەوت لە یەکێک لە بەرنامە نەورۆزییەکانی تەلەویزیۆنی فەرمی کۆماری ئیسلامیدا بڵاوکرایەوە، بەپێی گۆڕانکارییەکانی نرخی دۆلار لە ساڵی ١٤٠٢دا و تەنانەت بەبێ لەبەرچاو نەگرتنی ڕێژەی هەڵاوسانیش، ئاماژە بەوە کراوە کە لانیکەمی حەقدەستی کرێکاران بۆ ساڵی ١٤٠٣ نەک هەر زیادی نەکردووە، بەڵکوو مانگانە بڕی ٤ دۆلاریش کەمتر بووەتەوە. ئەوە دانپێدانانی دام و دەزگای تەبلیغاتی خودی ڕژیمە، بەڵام ئەگەر زۆر بە گەشبینییەوە هەڵاوسان لە ئێران بە ڕێژەی ٤٠٪ مەزندە بکەین، واتای ئەوەیە کە تەنانەت بە پێی ئامارە دەوڵەتییەکانیش، حەقدەستی کرێکاران لە ساڵی ١٠٤٣دا نزیکەی ٥٠٪ کەمی کردووە.

 بەڵام حەقدەست چییە و بۆچی ئەوەندە دابەزیوە؟

حەقدەست پووڵێکە کە خاوەنکار ڕۆژانە، هەفتانە یان مانگانە دەیدات بە کرێکار بۆ ئەوەی کاری بۆ بکات. کرێکار ئەم پووڵە بۆ جل و بەرگ و خواردن و کرێی خانوو و هتد خەرج دەکات. واتە حەقدەست هەر ئەو خەرجیەیە کە خاوەنکار ڕۆژانە یان مانگانە دەیدات بە کرێکارەکە بۆ ئەوەی ئەو ماوەیە کاری بۆ بکات. واتە ئەو کرێکارانە کار دەکەن، بەرهەم دەهێنن و چینی سەرمایەداریش

هەموو بەرهەمی کاری چینی کرێکار دەخاتە گیرفانی خۆیەوە و تەنیا بەشێکی زۆر کەم لە بەرهەمی کارەکەیان بە شێوەی حەقدەست بۆ دەگەڕێنێتەوە. واتە حەقدەست بەشێکە لە بەرهەمی کاری کرێکار، کە بۆی دەگەڕێتەوە، بۆ ئەوەی کرێکاران وەک چینێک بتوانن درێژە بە مانەوەی خۆیان بدەن و زیندوو بمێننەوە و سەرلەنوێ سەروەت بۆ چینی سەرمایەدار بەرهەم بهێنن. ئەمەش یەکێکە لە بناغەکانی سیستەمی سەرمایەداری، ئەم نیزامە، نیزامی کۆیلایەتی کرێگرتەیە، بەو مانایەی کە کرێکاران بۆ دابینکردنی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان و بۆ دابینکردنی نان و جل و بەرگ و شوێنی نیشتەجێبوون، ناچارن خۆیان بە ئامێر و کەرەستەکانی بەرهەمهێنانەوە کە لە دەستی سەرمایەداردایە، کۆت و زەنجیر بکەن. بەڵام با بزانین ئەو بەشەی کە بە مەبەستی دابینکردنی مانەوەی کۆمەڵایەتی کرێکاران، بۆیان دەگەڕێتەوە، چەندە؟ و حەقدەست چۆن دیاری دەکرێت؟ بڕی حەقدەست بە تەواوی پەیوەستە بە مەرجی کێبڕکێ و هێز و ململانێی هەردوولاوە.

لێرەدا کرێکار خاوەنی کاڵایەکە کە بریتییە لە هێزی کاری خۆی و کاڵاکەی دەفرۆشێت. بەڵام ئەوەی کە هێزی کاری کرێکار لەبەرامبەر چ بڕە حەقدەستێکدا دەکڕدرێت، پەیوەستە بە دوو فاکتەری گرنگەوە.

یەکەم: چۆنیەتی دۆخی بازاڕی کار، ئایا بازاڕی کار لە گەشەکردندایە یان ڕوو لە کزییە، ئایا خواست لەسەر هێزی کار زۆرە یان کەم؟ بەڵام فاکتەری دووەم لە دیاریکردنی حەقدەستەکان، کە فاکتەرێکی بنەڕەتی ترە، بریتییە لە ئاستی یەکڕیزی و هاوپشتی و ڕادەی توانایی خەبات و خۆڕاگریی کرێکاران. ئەوەی کە ئایا کرێکاران ئەوەندە یەکگرتوون کە بتوانن لەبەرامبەر هەوڵی سەرمایەداران و دەوڵەتی پشتیوانیان کە دەیانەوێت تا ئەو جێگایەی دەتوانن حەقدەستێکی کەمتریان پێ بدەن، خۆڕاگریی بکەن یان نا؟  ئەگەر هەموو شتێک وەک پێویست بڕواتە پێشەوە، واتە هەم خواست لەسەر هێزی کار زۆر بێ و هەم کرێکاران ئەوەندە یەکگرتوون بن کە توانایی خۆڕاگرییان هەبێت، ئینجا کرێکاران شانسی ئەوەیان دەبێت حەقدەستێک وەربگرن کە ئیمکانی ئەوەیان پێبدات لە چوارچێوەی هەمان ئەو ژیانەی کە کرێکارانی ئاسایی و یاسایی لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا بۆیان بە فەرمی دەناسرێت، هێزی کاری خۆیان نوێ بکەنەوە و لەناو بنەماڵەشدا کرێکارانی سبەینێ پەروەردە بکەن. تازە لەم حاڵەتەدا کە باشترین حاڵەتە، حەقدەستی کرێکار یەکسانە بە بەهای هێزی کارەکەی، واتە هاوتایە لەگەڵ بڕی ئەو کەرەستە و پێداویستییانەی ژیان کە کرێکار بۆ ئەوەی بتوانێت کار بکات و مانەوەی خۆی گەرەنتی بکات، پێویستی پێیەتی. بەڵام ئەم دوو فاکتەرەی کە باسمان کرد، دوو فاکتەری کە ئیمکانی ئەوەی دەڕەخساند کە کرێکار بتوانێت حەقدەستێکی یەکسان بە بەهای هێزی کارەکەی بەدەستبهێنێت، لە دونیای واقیعدا و بە کردەوە بەردەوام لە گۆڕانکاریدایە و زۆرجاریش بە زیانی کرێکاران دەشکێتەوە، کە ئەوەش بەشێکە لە سروشتی سەرمایەداری، کە لەگەڵ هەر قۆناغێکی گەشەکردندا دەکەوێتە قۆناغێکی قەیران و چەقبەستوویی و لەگەڵ پەرەسەندنی بێکاری و هتد، کێبڕکێی نێوان کرێکاران پەرەپێدەات و هێزی خۆڕاگریی کرێکاران لاوازتر دەکات.

ئاکامی ئەو دۆخە دەبێتە ئەوەی کە بە کردەوە، حەقدەستی کرێکار لە بەهای هێزی کارەکەی کەمتر دەبێت، حەقدەستەکان بۆ خوارتر لە هێڵی هەژاری موتڵەق دادەبەزێت و کرێکار تەنانەت ئەو بڕەش کە بۆ نوێکردنەوەی هێزی کاری خۆی و دابینکردنی ژیانی بنەماڵەکەی پێویستی پێیەتی، وەرناگرێت و حەقدەستەکان ئەوەندە دادەبەزن کە بەزەحمەت دەتوانن ژیانی مەمرە و مەژی خۆیانی پێ بەڕێ بکەن. ئەوەی کە حەقدەستی کرێکار چەندە دەبێت و ئایا کرێکاران بەڕاستی بەهای هێزی کاری خۆیان و بە ئەندازەی پێداویستییەکانی ژیانێکی ئینسانی وەردەگرن یان نا، بە کردەوە و لە دونیای واقیعدا زیاتر لە هەموو شتێک پەیوەستە بە هێزی چینی کرێکار و توانایی خەبات و خۆڕاگریی لە دژی چینی سەرمایەدار. لەمڕووەوە ئەگەر نامانەوێت ژیان و بوونی کرێکاران لەناو بچێت، پێویستە پێ بنێینە ناو مەیدانی خەبات لەپێناو زیادکردنی حەقدەستەکان.

بابەتی پەیوەندیدار

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-

وتارێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئەمن کردنی کار

-

کەمپینی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین تا دێت بەربڵاوتر دەبێت

-

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-