سەرۆکی دەستەی بێسەروشوێنانی سوریا رایگەیاند، بەهۆی دەسەڵاتی ئەسەد و شەڕی ناوخۆیی زیاتر لە 300 هەزار کەس لە سوریا بێسەروشوێنبوون.
محەمەد رەزا جەلخی سەرۆکی دەستەکە کە مانگی ئایاری ئەمساڵ لەلایەن حکومەتی سوریاوە پێکهێنراوە بە سانای وتووە، بەگوێرەی خەمڵاندنەکانیان ژمارەی بێسەروشوێنبووەکان لەنێوان زیاتر لە 120 بۆ 300 هەزار کەسدایە و رەنگە ئامارەکە لەو ژمارەیەش زیاتر بێت بەهۆی سەختی ژماردنیان.
دەشڵێت، تەنها لە شەڕی ناوخۆی سوریادا لەدوای ساڵی 2011ەوە دەیان هەزار کەس دەستگیرکراون و بێسەروشوێنکراون، بەتایبەت داعش کە بەشێکی بەرفراوانی سوریا و عێراقی دراوسێی کۆنترۆڵکرد و پێشێلکاریی بەربڵاوی ئەنجامدا لەنێویاندا کوشتنی مەدەنییەکان.
ئەو ئاماژەی بەوەشداوە، نەخشەیەکیان هەیە زیاتر لە 63 گۆڕی بەکۆمەڵی بەڵگەدار لە سوریا لەخۆدەگرێت.