کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

زیاتر لە چوار دەیە ستەمی هەمەلایەنە لەسەر ئەفغانییەکانی دانیشتووی ئێران

16417395 0 161 3071 1888 1920x0 80 0 0 ae3c636032c0a019b246c3aaafbe1ff0

ئەرتەشی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو ڕێکەوتی ٦ی بەفرانباری ١٣٥٨ (١٩٧٩)ی زایینی لەسەر بانگهێشتی حکومەتی ئەوکاتەی ئەفغانستان کە بە کودەتایەک لە دژی دەسەڵاتی پاشایەتی بە دەسەڵات گەیشتبوو، هاتە ناو ئەو وڵاتە. حکوومەتی ئەمریکا دەستبەجێ بە پووڵی عەرەبستانی سعودی و کۆمەکی ڕێکخراوی هەواڵگری سەربازیی پاکستان، موجاهیدینی ئەفغانیان بەمەبەستی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئەرتەشی سۆڤیەت ڕێکخست. لە ئاکامی ئەو شەڕەی کە تا ساڵی ١٩٨٨ بەردەوام بوو، بە ملیۆنان ئەفغانی ئاوارەی ئێران و پاکستان و چەند وڵاتێکی دیکە بوون. بە هاتنە سەرکاری تاڵیبان لە نێوان ساڵانی ١٩٩٢ بۆ ١٩٩٦ ژمارەی پەنابەران زۆر پەرەی سەند. هێشتا هاوڵاتیانی ئەفغانستان بەتەواوی بە ئاگا نەهاتبوونەوە کە هێرشی ئیمپریالیزمی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ساڵی ٢٠٠١ بۆ سەر ئەفغانستان دەستی پێکرد و سەرەنجام بووە هۆی کشانەوەیەکی سەرشۆڕانەی هێزەکانیان لە ساڵی ٢٠٢١دا. بە گەڕانەوەی سەرلەنوێ و بەپیلانی تاڵیبان، شەپۆلێکی بەرینی ئاوارەبوون دەستی پێکردەوە. ئێران بەردەوام یەکێک بووە لە یەکەم وڵاتە هەڵبژاردەکانی کۆچبەرانی ئەفغانستان. ژنان و پیاوان و منداڵانی ئەفغانستان دوای ڕووخانی حکوومەتی دیکتاتۆری پەهلەوی و خۆسەپاندنی کۆماری ئیسلامی ئێران بەسەر خەڵکدا، دەستیانکرد بە کۆچکردن و هەتا ئەمڕۆش لەڕووی ناچارییەوە و لە ئاستێکی بەربڵاودا هەروا بەردەوامە. بە پێی دوایین زانیارییەکان، زیاتر لە پێنج ملیۆن ئەفغانی لە ئێراندا بوونیان هەیە، کە ڕژیم بە کەڵک وەرگرتن لە ناسیۆنالیزمی ڕەگەزپەرست، خاوەنکارە چاوچنۆکەکان و هێزە چەکدارەکانی، بێ وێنەترین ئەزیەت و ئازار و چەوساندنەوە و بێ مافیی، بە تایبەت بەسەر کرێکاران و لەوانە ژنان و منداڵانی ئەفغانستانیدا سەپاندووە. کۆچبەرانی ئەفغانستان لە دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، خوێندن و کاروباری بانکیی بێبەشن و تەنانەت بۆ خوێندنیش لەگەڵ گەلێک ئاستەنگ و گیر و گرفت بەرەوڕوو دەبنەوە. سەربازەکان لەسەر سنوور و هێزەکانی پۆلیس لە  ناوەوە، بە شێوەیەکی زۆر نامرۆڤانە و بەوپەڕی سووکایەتییەوە لەگەڵ ئەم کۆچبەرانە هەڵس و کەوت دەکەن. لەبابەت پەروەردەی منداڵان و خوێندن لە زانکۆکان، دۆخەکە زۆر لەوەش خراپترە. شانزە هەزار خوێندکاری ئەفغانی، تەنیا بە دانی هەزینەیەکی زۆر، دەتوانن ناوی خۆیان ئەویش لە بەشە ناپیشەسازییەکاندا تۆمار بکەن. لە بارەی پەروەردەی منداڵانیشەوە دۆخەکە زۆر خراپترە. دایکێک دەڵێت: هەموو بەڵگەنامەکانم ئامادە کرد و دەستی منداڵەکەمم گرت و سەردانی چەندین قوتابخانەم کرد، وتیان شوێنمان نییە، بەڵام لەبەر چاوی خۆم و منداڵەکەم منداڵانی ئێرانیان ناونووس دەکرد. منداڵانی بنەماڵە هەژار و بێبەشەکان لە خوێندن، ناچارن بۆ بەدەستهێنانی بژێوی ژیانیان لە کارگە و شەقامەکاندا کار بکەن. باس لەوە دەکرێت کە زیاتر لە هەشتا لەسەدی منداڵانی کار و سەر شەقام، منداڵانی ئەفغانین یان یەکێک لە دایک و باوکیان خەڵکی ئەفغانستانن. ئەم منداڵانە بەرەوڕووی هەموو جۆرە ئازارێکی جەستەیی و دەروونی دەبنەوە و زۆرجاریش لەلایەن بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکانەوە بەکار دەهێنرێن و یان لەلایەن هەندێک باند و تاقمی دیکەوە بۆ سواڵکردن کەڵکیان لێ وەردەگیرێت.

سەبارەت بە کرێکارانیش دۆخەکە گەلێک لەوە دڵتەزێنترە. خاوەنکارەکان بە شێوەیەکی بەربڵاو کرێکارانی بێمافی ئەفغانی لە کارە نائەمن و مەترسیدارەکانی وەک هەڵکەندنی بیر و کاری بیناسازیدا، بە کرێیەکی زۆر کەمتر لەو حەقدەستە کەمەش کە بە کرێکاری ئێرانی دەدرێت، دادەمەزرێنن، کە زۆرجار لەلایەن خاوەنکاری بێ ویژدانەوە، ئەوەشیان پێنادرێت. یەکێک لە کۆچبەرەکان دەڵێت: کاتێک کرێکار داوای پووڵ دەکات، خاوەنکار پووڵی نەغدی پێنادات و دەڵێت لە ڕێگەی بانکەوە بۆت دەنێرمە سەر حسابەکەت.” ئەو کرێکارە هەروەها دەڵێت: ” کرێکاری بێچارە حسابی بانکیی لەکوێ بوو؟ زۆر جار خاوەنکار بەم بیانووەوە پوولی کرێکارەکان دەخوات و ئەگەریش پێداگری بکەین، پۆلیس ئاگادار دەکاتەوە. کەم نین ئەو ڕاپۆرتانەی باس لەوە دەکەن کە خاوەنکارانی ئێرانی لە گەڵ پۆلیس هاودەستی دەکەن بۆ ئەوەی حەقدەستی کرێکارانی ئەفغانی نەدەن. خاوەنکار پڕۆژەکە بەرەوپێش دەبات و هەموو، یان بەشێک لە حەقدەستەکان دەهێڵێتەوە؛

کاتێک سەبری کرێکارە ئەفغانییەکە تەواو دەبێ و ناچار دبێت ناڕەزایی دەرببڕێت، خاوەنکار بە پێدانی بەرتیل بە بنکەی پۆلیسی ناوچەکە، هەموویان غافلگیر دەکات و بەبێ ئەوەی حەقدەستەکەیان پێ بدات، ڕەوانەی ئەفغانستانیان دەکەنەوە.

کرێکارانی کۆچبەری ئەفغانی لەگەڵ هەمان ئەو بارودۆخە بەرەوڕوو دەبنەوە کە کرێکاری کۆچبەری ئێرانی لە وڵاتانی ناوچەکە لەگەڵی بەرەوڕوون. ئەفغانییەکانی دانیشتووی ئێران هەمان ئەو ستەم و بێ عەداڵەتیانەی کە دەسەڵاتداران بە شارۆمەندانی ئێرانی ڕەوا دەبینن تەحەموول دەکەن، بەڵام لە ئاستێکی زۆر دژوار و بێبەزەییانە تردا. ئەم بابەتە جۆرێک لە هاوچارەنووسی لە نێوان شارۆمەندانی ئێرانی و ئەفغانستانیدا دروست کردووە. هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان ئەو ڕاستییەیان بە فەرمی ناسیوە و بەردەوام پاڵپشتی کۆچبەران بوون و بە شێوەی جۆراوجۆر دیفاعیان لە کرێکارانی کۆچبەری ئەفغانی کردووە. ئەوان وێڕای ئیدانەکردنی هەڵس و کەوتی خاوەنکاران و حکوومەتی ئیسلامی لەم بابەتەوە، سەبارەت بە لەقاودانی بۆرژوازی ڕاستی ئۆپۆزسیۆنیش کە بە کردەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە کۆچبەرانی ئەفغانستانی هاو هەڵوێستن، کەمتەرخەم نەبوون. لەو هەلومەرجەی ئێستادا کە ئەم خەڵکە ئازارچێشتووانە بەم شێوەیە کەوتوونەتە بەر هێرش و ڕاگەیاندنەکانی سەربە ڕژیم خەریکی وەڕێخستنی ئاژیتاسیۆنن لەدژیان، پێویستە بەشێوەیەکی چالاکانەتر بەرگرییان لێ بکرێت و لە هەر شوێنێک هێرشان دەکرێتەسەر، بەشێوەیەکی جددی و چالاک لەدژی پەلاماردەران بوەستنەوە و ناچار بە پاشەکشە بکرێن. لە هەمووی گرنگتر، پێویستە بە ڕۆشنگەری لەناو چینی کرێکار و زەحمەتکێش دا، تەبلیغاتی ژەهراوی خاوەنکاران، بەرپرسانی ڕژیم، ڕیفۆرمخوازانی دوورخراوە لە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنی ڕاست لە دژی ئەوان، پووچەڵ بکرێتەوە.