دوێنێ هەواڵنێریی تەسنیم لە زمان جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی بەردی ئاسنی ئێرانەوە ڕایگەیاند کە بە داخرانی زیاتر لە ٢٠٠ مەعدەنی بەردی ئاسن، ٣٠ هەزار کرێکاری ئەم مەعدەنانە بێکار بوون. بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، مامناوەندی کرێکارانی هەر یەک لەم کانە داخراوانە ١٥٠ کەس بووە. ئەم هەواڵنێرییە لە درێژەدا دەنووسێ کە لە ئێستادا زۆربەی مەعدەنە چکۆلەکانی بەردی ئاسن داخراون و تەنیا مەعدەنە دەوڵەتیەکان بە زەرفیەتی جۆراوجۆرەوە خەریکی کارن. لەوە پێشیش ئەنجومەنی بەرهەمهێنەران و هەناردەکارانی بەردی ئاسنی ئێران، باسیان لە بێکار بوونی پێنج هەزار کەس لە کرێکارانی کانەکانی بەردی ئاسنی وڵات لە ماوەی چەند مانگدا بە هۆی داخرانی بەرینی مەعدەنەکانەوە کردبوو. ئەم ڕەوتە تەنیا تایبەت بە کانەکان نییە، بەڵکوو ڕەوتی وەرشکست بوونی ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و پێشەسازی کەرتی تایبەت، لە هەموو بوارەکاندا خێراتر بووە. هاوکات لەگەڵ وەرشکست بوونی ناوەندەکانی پیشەسازی خوسوسی، بەشێک لە کرێکارانی بێکاربوو، بە حەقدەستی کەمترەوە لە ناوەندە ئابووریەکانی سەربە سپای پاسداراندا دەستبەکار دەبن. هەزاران کرێکار کە بەم شێوەیە بێکار دەکرێن بۆ بەشەکانی دیکەی سەرمایە دەبنە سەرچاوەیەک بۆ کاری هەرزان.
بەڵام ئەگەر بۆ سەرمایەدار نەمانی هەلی کار لە بوارێکدا بە واتای دەستپێکی چالاکییە لە مەیدانێکی دیکەدا، بۆ کرێکار داخرانی کارخانەیەک بەو مانایەیە کە سەرجەم ژیان و بەڕێچوونی خۆی و بنەماڵەکەی کەوتۆتە مەترسیەوە. ” ئیبڕاهیم ڕزاقی” یەکێک لە کارناسانی ئابووری ڕژیم لەم بوارەدا دەڵێ: ” مامناوەندی سودی دەڵاڵی و هاوردەکردن لەم وڵاتەدا ٢٠٠ لەسەدە، بەڵام بەرهەمهێنەرانی نێوخۆیی لە کۆتاییدا ٢٠ لەسەدیان پێدەبڕێت. بەم جۆرە، سروشتیە کە کاتێک یەکەیەکی بەرهەمهێنان دەکەوێتە ژێر گوشارەوە، رووبکاتە بواری هاوردە کردن.”
بەڵام داخرانی هەزاران بونگای ئابووری کەرتی تایبەت ڕەوتێکی تەسادوفی نییە. دیاردەکان دەرخەری ئەوەن کە ئەم ڕەوتە لە لایەن ناوەندە بەهێزە ئابووریە شێوە دەوڵەتیەکانەوە لە ئێران و مافیای ئابووری حاکم، ئاگاهانە پەرەی پێئەدرێت. ئەوەی کە ئەمرۆ لە پشت داخرانی بونگا و دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانە چکۆلەکانەوە لە ئارادایە، ئەم ڕاستیەیە کە لەپاڵ وەرشکست بوونی ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری کەرتی تایبەتدا، شاهیدی چڕ بوونەوەی سەرمایە و قەبەتر بوونی رۆژ لە رۆژ زیاتری بەشە ئابووریەکانی ژێر دەستی سپای پاسداران و باقی ناوەندەکانی نزیک لە سپاین.
روحانی هاتبوو تا بەشی خوسوسی سەرمایەداری ئێران ڕزگار بکات، بەڵام بەپێی ئیعتیڕافی کاربەدەستانی دەوڵەتەکەی و ئەو هەواڵانەی بڵاو بوونەتەوە، لە دەورەی ٤ ساڵەی پێشووی سەرۆک کۆماری روحانیدا زیاتر لە ٦٠ لەسەدی کارخانە پیشەسازیەکان و ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی سەربە کەرتی تایبەت داخراون و مابەقیش بە کەمتر لە زەرفیەتی خۆیانەوە کار دەکەن. بەڵام ڕەوتی وەرشکست بوون و داخرانی شیرکەتەکان تەنیا تایبەت بە کرتی تایبەت نییە، بەڵکوو دەیان ناوەندی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری سەربە دەوڵەتیش یان وەرشکست بوون و یان بە یارمەتی خەزانەی دەوڵەت بە شێوەی کاتی بەسەر پێوە ڕاگیراون. لەم بوارەدا ئەندامێکی کوموسیۆنی پیشەسازی و مەعدەنی مەجلیسی ئیسلامی دەڵێ:” شیرکەتە وەرشکست بووە دەوڵەتیەکان ئابووری وڵاتیان بەرەو نابودی بردوە، پارەی نەوت دەڕژێتە حیسابی ئەو شیرکەتە دەوڵەتیانەوە کە خاوەنی مودیر و بەڕێوەبەری بەتوانا نین و ساڵ لەگەڵ ساڵ بە ڕێژەی قەرزی ئەم شیرکەتانەوە زیاد دەبێت. “بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵنێریی تەسنیم، ١٣٤ شیرکەت لە ٣٨٠ شیرکەتی دەوڵەتی لە حاڵی وەرشکست بووندان.
ڕاستیەکەی ئەوەیە کە گەندەڵی نیهادینە بوو لە دەمودەزگا دەوڵەتیەکانی ڕژیمی ئیسلامیدا، ئیمکانی تێپەڕبوونی ڕژیمی لەم گرفتە لە بەشی دەوڵەتیشدا لەبەین بردوە. ئەگەر بونگاکانی کەرتی تایبەت بە هۆی لاوازی هێزی سەرمایە و بێتوانایی لە ڕقابەت لەگەڵ کالای هاوردە کراو و هەرزان قیمەت لە دەرەوە، توشی وەرشکست بوون دەبن، بونگا دەوڵەتیەکان بە هۆی گەندەڵی نیهادینە بوو لەم دامەزراوانەدا گیرۆدەی هەمان چارەنووس دێن. لە ئاوا بارودۆخێکدایە کە ئابووری شێوە دەوڵەتی سەربە سپا و مافیای ئابووری لە کەمیندان تا ئەم ناوەندانە بگەنە ئاستی وەرشکست بوونی بەتەواوەتی، ئەوجار خۆیان کۆنترۆڵیان دەکەن و بە چەوساندنەوەی توندتری کرێکاران لە ڕێگای زاڵ کردنی نەزمێکی پادگانیەوە، ئەوان بکاتە ناوەندێکی سودهێنەر.
هۆکاری داخرانی یەک لە داوی یەکی کارخانە و ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و هێرشی سەرمایەی کەرتی تایبەت بەرەو دەڵاڵی و بازرگانی هەرچیەک بێت، ئەم شەپۆلە تازەیە و هەڵبەت بەردەوامە لە داخرانی ناوەندەکانی کار و بەرهەمهێنان لە کەرتی تایبەت و دەوڵەتیدا و کۆنترۆڵ کردنیان لە لایەن بەشەکانی دیکەی سەرمایەوە لە ئێران، لە هەموو حاڵێکدا نیشانەی زیاتر بوونی موسیبەت و كوێرەوەرییە بۆ ژیانی کرێکارانی لەسەرکار و بێکار لە مانگەکانی داهاتودا.
مەعدەنی ” زمستان یورت” لە ئازاد شاری ئوستانی گوڵستان کە تەقینەوە تێیدا بوو بە هۆی مەرگی دەیان کرێکار، لە زومڕەی ئەو ناوەندانە بوو کە بەسیجی سپای پاسداران بەڕێوەیدەبرد و تییدا ٥٠٠ کرێکار کاریان دەکرد. ئەم رووداوە ڕاستیەکی سەبارەت بە دامەزراوەکانی ژێر دەستی سپای پاسدارانیش ئاشکرا کرد. هەموان بینیان کە ئەگەر ناوەندێکی ژێر کۆنترۆڵی ئەم مافیای ئابووریە بە بەراورد بە کەرتی تایبەت و دەوڵەتی دەبێتە خاوەن سودهێنان، کرێکارەکانی دەبێ چ بەها و هەزینەیەک بدەن؟.
چینی کرێکاری ئێران بۆ تێپەڕبوون لە مەوقعیەتی دژواری ئێستای و دەستەبەر کردنی توانایی بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ بەشە جۆراوجۆرەکانی سەرمایە، کە هەرکامە و بە شێوەیەک لە ئارەقەی نێوچاوانی ئەو بەهرەمەندن، چارەیەکی نییە بێجگە لە یەکگرتوویی و رێکخراوبوون.