کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

زنجیرەی بێکۆتایی‌ کارەساتی ڕێگاوبان لە ئێران

IMG 6067

ڕۆژی شەممە ۱۴ی خەرمانان، جارێکی دیکە ڕێگاوبانەکانی ئێران بوونەوە شایەتی ڕووداوێکی خوێناوی و دڵتەزێن. لەسەر ڕێگەی سنەهەمەدان، بەهۆی پێکدادانی تانكەرێکی هەڵگری سووتەمەنی لەگەڵ چەند ئۆتۆمبێلێک، یانزە کەس گیانیان لەدەستدا و شەش کەسی دیکەش بە سەختی بریندار و ڕەوانەی نەخۆشخانە کران. ئەم ڕووداوە، بەشێکی ئازاربەخشی زنجیرەی بێکۆتایی‌ کارەساتی ڕێگاوبانە لە ئێران، کارەساتێکی کە ڕۆژانە دووبارە دەبنەوە و بەهۆی زۆری و دووبارەبوونەوەیان، لەبری ئەوەی ڕای گشتی تووشی شۆک بکەن، بوونەتە بابەتێکیئاسایی“. ڕێگەی سنەهەمەدان، وەک زۆربەی ڕێگاکانی ناوچە پەراوێزخراوەکان، ساڵانێکە بووەتە کوشتارگەی خەڵک، ڕێگایەکی بەرتەسک، پڕمەترسی، بەبێ ڕەچاوکردنی پێوەرەکانی ئەمنییەت و بەبێ ژێرخانی پێویست بۆ کۆنترۆڵکردنی هاتووچۆی قورس.

بەڵام ئەم ڕووداوە تەنیا نموونەیەکە لە قەیرانێکی بەربڵاوتر کە ساڵانێکە گیانی خەڵکی ئێران دەخاتە مەترسییەوە. بەپێی ڕاپۆرتە فەرمییەکانی پۆلیسی هاتووچۆ و ڕێکخراوی پزیشکی دادوەری، ساڵانە نزیکەی ۲۰ هەزار کەس لە ئێران بەهۆی ڕووداوەکانی هاتووچۆوە گیان لەدەست دەدەن. ژمارەی بریندارەکانیش لە نێوان ۳۰۰ بۆ ۳۸۰ هەزار کەسدایە لە ساڵێکدا و لە هەندێک لە ئامارەکانی بەشی فریاکەوتن، ئەم ژمارەیە تا ۸۰۰ هەزار حاڵەتی برینداربوونی سەرپێیی و مانەوە لە نەخۆشخانە ڕاگەیەندراوە. ئەم ژمارانە، نەی هەر گەلێک ناخهەژێنن، بەڵکوو ئێران لە نێو وڵاتانی جیهاندا دەخەنە ڕیزبەندییەکی کارەساتبارەوە: بەپێی ڕاگەیەندراوی پەیمانگای توێژینەوەی بیمە، ئێران لە پرسی ڕووداوەکانی هاتووچۆدا لە نێوان ۱۹۰ وڵاتی جیهان لە پلەی ۱۸۹دایە. ساڵانە نزیکەی ۸۰۰ هەزار ڕووداو ڕوو دەدات و ڕۆژانە بە شێوەیەکی مامناوەند ۵۵ کەس گیانیان لەدەست دەدەن. تێکڕای ڕێژەی گیانلەدەستدان بەهۆی ڕووداوەکانی ڕێگاوبان لە ئێران ۲۰ هێندەی پێوەری جیهانییە.

ڕێگاوبانەکانی ئێران لە زۆربەی ناوچەکان، بەتایبەت پارێزگا بێبەشەکانی وەک کوردستان، لوڕستان، کرماشان، ئیلام، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و سیستان و بەلووچستان، لانیکەمی پێوەرەکانی ئەمنییەتیان تیادا ڕەچاو کراوە. ڕێگا باریک و بەرتەسکەکان، پڕ لە چاڵوچۆڵ، بێ پەرژین یان لێواری سەلامەت، بێ ڕووناکی پێویست و بێ هێمای ئاگادارکردنەوە، ڕۆژانە گیانی مرۆڤەکان دەکەنە قوربانی. ڕێگای گوند و شوێنە شاخاوییەکان لەم ناوچانە، بەڕێژەیەکی ئێجگار زۆر مەترسیدارترن و ڕێژەی ڕووداوەکان تێیاندا گەلێک بەرزترە.

سەرمایەگوزاری نەکردن بەمەبەستی دروستکردنی ڕێگاوبانی مۆدێرن و ئەمڕۆیی، نەبوونی سیستەمی گواستنەوەی جێگرەوە، لەوانە قەتاری نێوان شارەکان، هێڵی ئاسمانی هەرزان و تۆڕی میترۆ لە شارە گەورەکان، بووەتە هۆی ئەوەی ملیۆنان ئۆتۆمبێل بەو ڕێگایانەدا هاتووچۆ بکەن کە توانست و ئەمنییەتی پێویستیان نییە. قەرەباڵغی ئۆتۆمبێلە بێ‌کەڵک و نائستانداردەکان، هاوکات لەگەڵ ڕێگا باریک و بێ‌ ئیمکاناتەکان، ئاوێتەیەکی مەترسیداریان دروست کردووە.

یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانی ڕووداوەکانی هاتووچۆ، بریتییە لە نائەمن بوونی ئۆتۆمبێلە ناوخۆییەکان. پراید، بەرهەمی کۆمپانیای سایپا، ساڵانێکە وەک یەکێک لە نائەمنترین ئۆتۆمبێلەکانی ئێران دەناسرێت. جێگری پۆلیسی هاتووچۆ ڕایگەیاندووە کەبەرزترین ئاماری گیانلەدەستدان و برینداربوونی ڕووداوەکانی ڕێگاوبان پەیوەندی هەیە بە ڕووداوەکانی ئۆتۆمبێلی پرایدەوە.” کێشی کەمی ئەم ئۆتۆمبێلە، نەبوونی سیستەمی ئەمنییەتی ستاندارد و دیزاینی نەگونجاو، دەبێتە هۆی ئەوەی لە ڕێگاکانی نێوان‌ شارەکان بەئاسانی وەرگەڕێت.

ئۆتۆمبێلی پژۆش هاوشانی پراید، وەک هۆکاری نزیکەی ۵۲ لەسەدی گیانلەدەستدانی ڕووداوەکانی هاتووچۆ لە ئێران ڕاگەیەندراوە. ئەم ئۆتۆمبێلانە، کە دەیان ساڵە بەبێ بەرزکردنەوەی جدیی هۆکارەکانی ئەمنییەت بەرهەم دەهێندرێن، بەشێکی زۆر لە ئامرازەکانی گواستنەوەی گشتی و کەسیی پێکدەهێنن.

بەرزبوونەوەی تێچووی چاککردنەوە و ڕاگرتنی ئۆتۆمبێلیش بووەتە هۆی ئەوەی زۆرێک لە ئۆتۆمبێلەکان بە کەموکوڕی تەکنیکییەوە لە ڕێگاکاندا هاتووچۆ بکەن. پشکنینی تەکنیکی بەجدی وەرناگیرێت و ئامارێکی ورد لەسەر ئەو ئۆتۆمبێلە بێ کوالیتیانەی کە لە ڕێگای نایاساییەوە وەرەقەی پشکنینی تەکنیکی وەردەگرن، لەبەر دەستدا نییە.

شۆفێرانیش بەشێک لەم قەیرانەن، بەڵام نەک بەو مانایەی کە بەرپرسانی ئینتزامی ئیدیعای دەکەن. بەپێچەوانەی ئەو ئیدیعا باوەی کەگەنجانی بێ‌ئەزموونوەک هۆکاری سەرەکی ڕووداوەکان دەناسێنێت، ئاماری پزیشکی دادوەری نیشانی دەدات کە قوربانییە سەرەکییەکانی ڕووداوەکان، بریتین له پیاوانی تەمەنی مامناوەند و خێزاندار، واتە ئەو کەسانەی کە بۆ کار، سەفەری پێویست و دابینکردنی بژێوی ژیان لە ڕێگاکاندا هاتووچۆ دەکەن.

هەژاری و بێکاریی بەربڵاو بووەتە هۆی ئەوەی کە زۆر کەس بەبێ ڕاهێنانی پێویست، بەبێ شارەزایی و لێهاتوویی پێویست و لە بارودۆخێکی جەستەیی نەگونجاودا، ڕوو لە مسافرکێشی یان گواستنەوەی بار بکەن. شۆفێریکردن بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر، ماندوێتی زۆر، نەبوونی پشتێنەی ئەمنییەت و هاتووچۆ لە ڕێگا نائەمنەکان دا، ئاوێتەیەکی مەترسیداریان دروست کردووە.

یەکێک لە هۆکارەکانی زیادبوونی گیانلەدەستدان و برینداربوون، بریتییە لە نەبوونی سیستەمی فریاکەوتنی خێرا و کارامە. لە زۆربەی ناوچەکان، ئامبولانسەکان درەنگ دەگەنە شوێنی ڕووداوەکە، هەلیکۆپتەری فریاکەوتن بوونی نییە و بریندارەکان لە ڕێگاکاندا بەجێدەهێڵدرێن تا بەهۆی خوێنڕێژی زۆرەوە گیانیان گیانیان لەدەست بدەن. زۆرێک لە مردنەکان، نەک لە ساتەوەختی ڕووداوەکەدا، بەڵکوو لە مەودای نێوان ڕووداوەکە تا گەیشتن بە نەخۆشخانە ڕوو دەدەن.

کۆماری ئیسلامی بەرپرسی ڕاستەوخۆی ئەم تراژیدیانەیە. ئەم دەسەڵاتە، سەروەت و سامانی خەڵک لەپێناو بڵاوکردنەوەی خورافات، سەرکوتی ناوخۆیی و پڕۆژەی سەرکێشانەی سەربازیدا خەرج دەکات، و لە بەرامبەر تەندروستی و ئەمنییەتی هاوڵاتیاندا هیچ بەرپرسیارێتییەک هەڵناگرێت.

واقیعییەت ئەوەیە کە گیان و تەندروستی خەڵک بۆ دەسەڵاتی ئیسلامی هیچ بەهایەکی نییە. ئەم کەمتەرخەمییە لە ڕێگا نائەمنەکان، لە پیسبوونی هەوا، لە شوێنی کاری نائەمن و لە کارەساتە ژینگەییەکان دا بە ڕوونی بەرچاو بکەوێت. تا ئەو کە ئەم پێکهاتە سیاسییە بەردەوام بێت، گیانلەدەستدان بەهۆی ڕووداوەکانی هاتووچۆوە بەردەوام دەبێت.