ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ٢٠ی مانگی ڕه‌زبه‌ر، نه‌سروڵڵا پێژمانفهر، سه‌رۆكی كۆمیسیۆنی ئه‌سڵی نه‌وه‌دی مه‌جلیسی ئیسلامیی ڕژیم، هه‌واڵی ده‌ستبه‌سه‌ركرانی محه‌ممه‌د عه‌لی پوربهختیار، یه‌كێك له فه‌رمانده‌كانی پێشووی سپا و سه‌رۆكی كۆمیسیۆنی ئه‌سڵی نه‌وه‌دی مه‌جلیسی نۆهه‌می، به تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵیی كهڵانی ماڵی، ڕاگه‌یاند. ئه‌م هه‌واڵه له حاڵێكدا پشتڕاست ده‌كرێته‌وه كه نزیك به دوو مانگ به‌سه‌ر دهستبسهركرانی محه‌ممه‌د عه‌لی پوربهختیاردا تێپه‌ڕ بووه. وێده‌چێ، به‌هۆی ئه‌وه‌یكه پوربهختیار یه‌كێك له فه‌رمانده‌كانی سپای پاسداران بووه و په‌روه‌نده‌كه‌ی له سازمانی قه‌زایی هێزه چه‌كداره‌كان لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر كراوه، بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌یكه هه‌واڵی ده‌سبه‌سه‌ركرانی ناوبراو پاش دوو مانگ بڵاوبێته‌وه. سه‌ره‌ڕای په‌روه‌نده‌ی دزی و گه‌نده‌ڵیی ماڵیی پوربهختیار له ئۆستانی هه‌مه‌دان، یه‌كێك له تۆمه‌ته‌كانی دیكه‌ی ناوبراو، پێڕانه‌گه‌یشتن به په‌روه‌نده‌ی گه‌نده‌ڵیی ناو كۆمیسیۆنی ئه‌سڵی نه‌وه‌دی مه‌جلیس و پشتیوانی و هاوده‌ستی كردن له‌گه‌ڵ تۆمه‌تبارانی ئه‌م په‌روه‌ندانه بووه. محه‌ممه‌د عه‌لی پوربهختیار له‌و ده‌وره‌یه‌دا كه له‌ناو سپای پاسداران دا بووه، به‌رپرسایه‌تیی جۆراوجۆری له‌وانه جێنشینی فه‌رمانده‌ی حیفازه‌تی ئه‌نسارولمه‌هدی له غه‌ربی وڵات، نوێنه‌رایه‌تیی فه‌رمانده‌ی گشتیی سپاه له سازمانی قه‌زایی هێزه چه‌كداره‌كان، نوێنه‌ری فه‌رمانده‌ی گشتیی سپا له كۆمیسیۆنی به‌دواداچوونی فه‌رمانی خومه‌ینی سه‌باره‌ت به ڕێگری له گرووپ خوازی و هه‌روه‌ها نوێنه‌ری فه‌رمانده‌ی گشتیی سپا له هه‌یئه‌تی باڵای پێڕاگه‌یشتن به تاوانی فه‌رمانده‌كانی، وه‌ئه‌ستۆ بووه. پوربهختیار له كاتی هێرشی هێزه ئینتزامی و ئه‌منییه‌تیه‌كانی ڕژیم بۆسه‌ر كوی دانشگاه، له مانگی پووشپه‌ڕی ١٣٧٨ی هه‌تاوی وه‌ك جێگری یاسایی هیدایه‌ت له‌تیفیان و محه‌ممه‌د باقر قالیباف، له فه‌رمانده‌كانی سپا و وه‌ك نوێنه‌ری یاسایی ناجا له جهنایاتی فه‌رمانده‌كانی هێزی ئینتزامی و ههڵسووكهوتییان له‌گه‌ڵ خوێندكارانی ناڕازی، به‌توندی پشتیوانیی كرد.
له سه‌رده‌می سه‌رۆك كۆماریی رهفسهنجانییهوه، كه به‌هۆی توندبوونه‌وه‌ی ناكۆكیی نێوان باڵه‌كانی ڕژیم، به‌ره به‌ره هه‌واڵی په‌یوه‌ندیدار به گه‌نده‌ڵی ماڵیی به‌رپرسانی ڕژیم له میدیاكانه‌وه بڵاو كرایه‌وه، سێریاڵی له‌قاودانی پهروهندهكانی گه‌نده‌ڵی ماڵی هه‌روا درێژه‌ی هه‌یه. له سه‌رده‌می رهفسهنجانیدا، پهروهندهكانی په‌یوه‌ندیدار به دزیی ١٢٣ ملیارد دۆلاری ئاشكرا بوو و سه‌ره‌نجی میدیاكانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی به‌ره‌و خۆی ڕ‌اكێشا. له سه‌رده‌می خاته‌میدا، دیوانی مۆحاسبات، پاش لێكدانه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی سه‌نعه‌تی نه‌وتی ده‌وڵه‌تی ههشتۆم، له ڕاپۆرتی ماڵیی بودجه‌ی ساڵی ٨٣دا، به ڕه‌سمی ڕایگه‌یاند كه پتر له ٦ ملیارد دۆلار له داهاته‌كانی سه‌رچاوه‌گرتوو له فرۆشی نه‌وت نه‌خراوه‌ته خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه و خاته‌میش، له‌م په‌یوه‌نده‌دا، هیچكات وڵامی پرسیاره‌كانی نه‌دایه‌وه. هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌دا، كهرباسچی، شاره‌داریی ئه‌و وه‌ختی تاران، كه له لایه‌ن خاته‌می و هاشمیی پشتیوانیی لێده‌كرا، به‌هۆی به‌فیڕۆدانی سێ و نیو ملیارد تمه‌ن، به ٤ ساڵ زیندان مه‌حكووم كرا. له سه‌رده‌می ئه‌حمه‌دی نه‌ژاددا، كه به درووشمی خه‌بات له‌گه‌ڵ گه‌نده‌ڵی و له جه‌ره‌یانی كۆدتایهكی هه‌ڵبژاردن به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشت، ڕه‌قه‌می دزی و گه‌نده‌ڵییه ماڵییه‌كان، سه‌ره‌تا گه‌یشته سێ هه‌زار ملیارد تمه‌ن و له درێژه‌دا ڕێكۆردی ٦٥٠ هه‌زار ملیارد تمه‌نی لێدا. له سه‌رده‌می ڕووحانیشدا، له جه‌ره‌یانی به‌دواداچوونی په‌روه‌نده‌ی گه‌نده‌ڵی چه‌ند ملییارد دۆلاریی بابه‌ك زه‌نجانی، بازرگانی به‌ناوبانگی ئێرانی و په‌روه‌نده‌ی په‌یوه‌ندیدار به گه‌نده‌ڵیی ماڵیی كهڵانی ده‌زگای قه‌زایی، بۆ هه‌مووان به‌ڕوونی ده‌ركه‌وت كه ئه‌م گه‌نده‌ڵیی و دزیانه و سه‌دان نموونه‌ی دیكه‌شی، به هاوكاری و هاوده‌ستیی به‌رپرسانی باڵای ڕژیم ئه‌نجام دراوه. له ڕاستیدا گه‌نده‌ڵیی ناو نیزامی كۆماری ئیسلامی به‌جۆرێك جێكهوتووه و ڕیشه‌ی داكوتاوه كه بووه‌ته به‌شێك له پێناسه‌ی ئه‌م ڕژیمه. به پێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی شه‌فافییه‌تی نێونه‌ته‌وه‌یی، كۆماری ئیسلامیی ئێران له بواری گه‌نده‌ڵیی ناوخۆیی، له زومره‌ی گه‌نده‌ڵترین ده‌سه‌ڵاته‌كانی جیهانه.
ده‌زگای قه‌زایی ڕژیم له ماوه‌ی ئه‌م ساڵانه‌دا هه‌وڵی داوه تا به پێڕاگه‌یشتن به هێندێك په‌روه‌نده‌ی په‌یوه‌ندیدار به گه‌نده‌ڵی ماڵی و سزادانی هێندێك له هۆكار و بڕیارده‌رانی، نه‌فه‌رت و تووڕه‌یی گشتی دژبه ڕژیمی سه‌رتاپێ گه‌نده‌ڵی كۆماری ئیسلامی دامركێنێ و ئێعتباری له‌ده‌ست ڕۆیشتووی ڕژیم، لانیكه‌م له‌ناو مۆره‌كانی نیزامدا تا ڕاده‌یه‌ك به‌ده‌ست بێنێته‌وه. به‌ڵام له ماوه‌ی ئه‌م ساڵانه‌دا نه ئێعدامی مێه ئافه‌رید خۆسرهوهی، نه موحاكمه و زنیدانی كردنی كهرباسچی، نه موحامه و سزادانی محه‌ممه‌د ڕه‌زا ڕه‌حیمی جێگری سه‌رۆك كۆمار له ده‌وره‌ی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد، نه ده‌ستبه‌سه‌ركردنی بابه‌كی زه‌نجانی و مه‌حكووم كردنی ئه‌و به ئێعدام، هیچكامیان نه ته‌نیا نه‌یتوانیوه ئیعتبارێك بۆ ڕژیم ده‌سته‌به‌ر بكات، به‌ڵكوو له ئێستادا، بۆنی گه‌نیوی گه‌نده‌ڵیی ده‌زگای قه‌زایی، واته ئه‌و ناوه‌نده‌ی كه قه‌راره به‌ره‌نگاری گه‌نده‌ڵی بێته‌وه، سه‌رتاسه‌ری كۆمه‌ڵگای داگرتووه. گه‌نده‌ڵی به‌جۆرێك سه‌رتاپێی نیزامی كۆماری ئیسلامی‌دا ته‌نیوه‌ته‌وه كه پێویستی به ژێر و ژوور كردنێكی ئه‌ساسی هه‌یه، ئه‌م جۆره كرده‌وانه نه‌ته‌نیا ناتوانێ گۆڕاكارییهك له باروودۆخهكهدا بخوڵقێنێ به‌ڵكوو ڕۆڵی داپۆشین و فریودانهكهشی له‌ده‌ست داوه.
حه‌سه‌ن ڕووحانی له یه‌كێك له وته‌كانیدا سه‌باره‌ت به ڕیشه‌كانی گه‌نده‌ڵیی ناو ڕژیمی ئیسلامی وتی: ” ئه‌گه‌ر چه‌ك، پاره، ڕۆژنامه، سایت، هه‌واڵنێری، هه‌موو ئه‌وانه یه‌ك جێگا كۆبكه‌ینه‌وه، حه‌تمه‌ن گه‌نده‌ڵی درووست ده‌بێ. ئه‌بووزه‌ر و سه‌لمانیش كه بن، گه‌نده‌ڵ ده‌بن. كه‌وابوو دونیا عه‌قڵی به‌وه شكاوه كه ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه‌ی له‌یه‌كتر جییا كردووه‌ته‌وه”. هه‌ڵبه‌ت ڕووحانی له جه‌رگه‌ی شه‌ڕی ده‌سه‌ڵاتدا و به‌خاتری بهشخوازیی خۆی، باس له كۆبوونه‌وه‌ی تفه‌نگ و پووڵ و ڕۆژنامه و هه‌واڵنێری ده‌كات كه زۆربه‌یان له‌ژێر ناوی خسووسی سازیدا له‌ده‌ست سپای پاسداران و لق و پۆپه‌كانی دان. به‌ڵام له ڕاستیدا، له پێكهاته‌ی چینایه‌تی و سیاسیی كۆماری ئیسلامی‌دا، ئه‌گه‌ر سه‌رچاوه‌كانی ده‌سه‌ڵات له‌وانه پووڵ و چه‌ك و میدیا له نێوان سێ ده‌زگای قه‌زایی و موقهنهنه و مۆجریهدا، به شێوه‌ی یه‌كسان دابه‌ش بكرێن، یان وه‌ك دێمۆكراسیی بۆرژوازی هه‌ر كام له‌م ده‌زگایانه جێگه و پێگه‌ی خۆیان له ده‌سه‌ڵاتدا ببیننه‌وه، دیسانیش ناكرێ گه‌نده‌ڵی له‌ناو كۆماری ئیسلامی‌دا ڕیشه كێش بكرێ. به ئیعترافی ئه‌حمه‌د ته‌وه‌كۆلی، ئه‌ندامی مه‌جمه‌عی تهشیخیسی مهسهلحهتی نیزام، “ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامیی ئێران گه‌یشتووه‌ته قۆناغی گه‌نده‌ڵیی سیستماتیك“.
ئه‌م گه‌نده‌ڵیه ماڵی و ئیداریه له پێكهاته‌ی چینایه‌تی و سیاسیی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی دا ڕیشه‌ی داكوتاوه و تا كاتێك كه ئه‌م پێكهاته‌یه تێكنهشكێت و ئه‌م ڕژیمه به‌ده‌ست كرێكاران و جه‌ماوه‌ری وه‌گیان هاتوو له‌م باروودۆخه ،نه‌ڕووخێت، ئه‌م گه‌نده‌ڵیه ڕیشه‌كێش ناكرێت. ته‌نانه‌ت له دیمۆكراسییه‌كانی بورژوازی، پێشكه‌وتنی به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ گه‌نده‌ڵیی ئیداری و ماڵیی ناو ده‌زگاكانی ده‌سه‌ڵات، به‌وه‌وه گرێ دراوه كه تا چ ڕاده‌یه‌ك ئیمكانی ده‌خاڵه‌تی كرێكاران و توێژه جۆراوجۆره‌كانی خه‌ڵك، بۆ ده‌خاڵه‌ت كردن له ناو سیاسه‌ت و ئیداره‌ی كۆمه‌ڵگا، دابین كراوه. ته‌نیا له‌و كۆمه‌ڵگایانه كه كرێكاران، ژنان و بزووتنه‌وه پێشڕه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له جه‌ره‌یان خه‌باتی ڕۆژانه‌یان بۆ باشتر كردنی باروودۆخی كار و ژیان، ڕێكخراوه‌كانی خۆیانیان پێكهێناوه و جێیان خستووه، به ناڕه‌زایه‌تیی خۆیان و به ده‌ستڕاگه‌یشتنیان به چاپه‌مه‌نی و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، توانیویانه ده‌ورونه‌خشێكی كاریگه‌ر له به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ گه‌نده‌ڵی بنوێنن.