کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

زستانی سارد و بارودۆخی بومەلەرزە لێدراوانی ئوستانی کرماشان

لەگەڵ تێپەڕ بوونی نزیک بە ٣ مانگ لە رودانی بومەلەرزەی ئەوستانی کرماشان و سەرمای زۆر لە ناوچەکەدا، هێشتا بەشێکی بەرین لە بومەلەرزە لێدراوان لە چادری بێ کەڵک و نەگونجاودا دەژین. سەبارەت بە ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە ناوچە بۆمەلەرزە لێدراوەکاندا، هەروا لە کەمترین ئیمکانات بێ بەهرەن و لە سەرمای زۆر و بەفر و بۆراندا، رۆژ و شەویان لە چادردا بەسەر دەبەن، ئامارێکی دەقیق لەبەر دەستدا نییە. دوای روودانی بومەلەرزەکەی شەوی ٢١ ی مانگی خەزەڵوەری ٩٦ کە بەشێکی زۆری ئوستانی کرماشانی هەژاند، حەسەن روحانی، لە کرماشان بەڵێنی دابو کە خەڵکی ناوچە بومەلەرزە لێدراوەکان تا بەر لە دەست پێکردنی وەرزی زستان و سەرما لە یەکەی نیشتەجێبوونی تر یان لانیکەم لە کانێکسدا دەحەوێنێتەوە؛ وەعدەیەک کە نزیک بە ٣ مانگ دوای رودانی بومەلەرزەکە هێشتا نەچۆتە بواری کردارییەوە.30

رۆژنامەی شەرق ی چاپی تاران لە ژمارەی رۆژی ١١ ی ڕێبەندانیدا نووسیویەتی:” لە حاڵێکدا کە زیاتر لە ٤٥ رۆژ بەسەر وەرزی زستاندا تێپەڕێوە، ٦٠ لەسەدی خەڵک هێشتا لە چادری نەگونجاودا دەژین و لە دانی ئەو کانێکسانەی کە بەڵێنیان پێ درابوون، هەواڵێک نییە. ئەو چادرانەی کە خراونەتە ئیختیار بومەلەرزە لێدراوانەوە، ناتوانن گیانی خەڵک لە بەرانبەر سەرما، تۆفان و باراندا بپارێزن.” بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنیری دەوڵەتی ئیسنا:” لە “سەرپولی زەهاب” كه‌ زیاتر لە ٥ هەزار یەکەی نیشتەجێ بوون بەهۆی بومەلەرزەوە سەدەمەیان وێکەوتوە. ئێستا تەنیا ٧٠٠ کانێکس لەم ناوچەیەدا داندراون.” ئەم هەواڵنێرییە لە درێژەدا دەنووسێ:” هەزاران بنەماڵەی بومەلەرزە لێدراو لە چادری نەگونجاودا دەژین. ئەم بارودۆخە خراپە بۆتە هۆی ئەوەی کە ژمارەیەک لە بوومە لەرزە لێدراوان بەهۆی سەرماوە گیان لەده‌ست بدەن. و ئەو مەترسیە هەڕەشە لە ژیانی باقی بومەلەرزە لێدراوانی ئەو ئوستانە دەکات.”

کۆماری ئیسلامی وتویەتی کە وام ئەدات بە خەڵکی بومەلەرزە لێدراو بۆ دروست کردنەوەی ماڵەکانیان. بەڵام یەکەم، هەرکەس لەگەڵ بوروکراسی ئالۆز و بێ سنور لە کۆماری ئیسلامیدا ئاشنا بێت، دەزانێ کە جەریانی وەرگرتنی وام، بە چ مەسیرێکی پڕ لە سەرئێشەدا دەڕوات. دووهەم، گرنگ تر لەوە، خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش کە دوای ساڵانێک، بە داهاتێکی کەم بە گرتنەوە لە نانی شەویان، سەرپەنایەکیان بەیەکەوە ناوە، ئێستا لە حاڵێکدا کە هەموو شتێکیان لە دەست چووە، چۆن ئەتوانن قیستی ئەو جۆرە وامانە بدەنەوە؟

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی وەزیفەیەتی کە هەموو زیانەکانی سەرچاوە گرتوو لە بومەلەرزەی ئوستانی کرماشان بۆ خەڵکی زەحمەتکێش و هەژاری ئەو ناوچەیە قەرەبوو بکاتەوە. دانی وام بە خەڵکێک کە هەموو شتێکیان لە دەست چووە بێ مه‌عنایه‌. ئەوە مافی سروشتی ئەو خەڵکەیە کە ببنە خاوەنی سەرپەنایەکی وەها گونجاو و قایم کە بتوانن شەوانە بەبێ دڵەراوکێ تێیدا بخەون. دەوڵەت خۆی دەبێ ڕاستەخۆ کاری بنیاد نانەوەی ماڵە وێران بووەکان بە خێرایی دەست پێبکاتەوە. دەوڵەت دەبێ هەموو ئیمکاناتێک کە ئەوان لە بەرانبەر سەرما و با و باراندا بپارێزی بنێتە بەردەستیان. ئایا جێبەجێ کردنی ئەم داواکاریە سەرەتاییانە لە توانایی کۆماری ئیسلامیدا نییە؟ بێ گومان ئەم ڕژیمە ئیمکاناتێکی گەلێک زیاتر لەوەی لە ئیختیار دایە. ڕژیمێک کە بە داهاتێک کە لە ڕەنج و کاری ئەو خەڵکەوە بە دەستی دێنی و بە دەست بەسەردا گرتنی سامانە سروشتیەکانی ئەم سەرزەمینە، لە قوڵایی زەویدا پادگانی نیزامی و ناوەندی زەخیرەی موشەکی دوور هاوێژ دادەمەزرێنی، ڕژیمێک کە ساڵانە بە ملیارد دۆلار سەرفی پرۆژە جەنگییەکانی لە دەرەوەی ئێران دەکات، ڕژیمێک کە پادگانی ئەڕتەش و سپا و بەسیجەکەی، لە گۆشە و کوناری ئەم وڵاتەدا وەک کارگ بە خێرایی لە زەوی هەڵدەتۆقن، چۆن دەتوانێ خۆی لە بەرپرسیاریەتی دەروست کردنی سەرپەنا بدزێتەوە و تەرحی گاڵتەجاڕانەی وامی مەسکەن بە خەڵک پێشنیار بکات. هاوپشتی بەرینی سەرتاسەری، لە رۆژەکانی سەرەتای روودانی بومەلەرزەکە، کە دەورێکی بەنرخی لە کەم کردنەوەی خەم و ئازارەکانی خەڵکدا هەبوو، ئێستا دەبێ ببێتە زەخت بۆ داسەپاندنی ئەو مافە سروشتیە بەسەر ڕژیمدا، بۆ خەڵکی ناوچە بومەلەرزە لێدراوەکان.

ئاسەواری سەرچاوە گرتو لە بومەلەرزە بە گشت وێرانگەریەکەیەوە تا ئاستێکی زۆر ئیمكانی کونترۆڵ کردنە. ئەگەر بووجەیەک کە سەرفی پرۆژە نیزامیەکانی ڕژیم و پەرەدان بە هێزە سەرکوتگەر و دژی خەڵکیەکان دەکرێت، بۆ قایم کردنی شار و بیناکان بەکاربێت، ئەگەر بە سەرف کردنی بوجەی پێویست و کافی کاروباری شارسازی و بیناسازی بە کەڵ وەرگرتن لە ئاکامی توێژینەوەی زانستی لە بواری زەوی ناسیدا ئیجرا بکرێت، ئەگەر دەستی دزە حکومەتیەکان کورت بکرێتەوە، ئەگەر خەڵکی هەژار بە جێگای ئەوەی کە لە ماڵی هەژارانە و روو لە وێران بوون دا بژین، خاوەنی مەسکەنی گونجاو بن و سەرئەنجام ئەگەر سیستمێکی یارمەتی گەیاندن بە ئیمکاناتی کافیەوە بوونی هەبێت تا لە کاتی رووداێکی سروشتیدا بە خێرایی و بە تەوانایی پێوستەوە دەست بەکار بێت؛ بە بوجە و ئیمکاناتێکی گەلێک له‌ هه‌زینه‌ زۆر و زه‌وه‌نده‌كان، ئیمداد گەیاندن و قەرەبووی زیانە مادیەکان، دەکرێت تەلەفات و خەساراتەکان گەلێک کەم بکرێنەوە. ڕاستیەکەی ئەوەیە کۆماری ئیسلامی خۆی یەکێک لەو بەڵایانەیە کە بەسەر خەڵکی ئەم وڵاتەدا هاتوە. بۆ پاریزراو بوون لە ئاسەواری وێرانگەری بومەلەرزە و هەموو جۆرە بەڵایەکی سروشتی تر، دەبێ بەڵای کۆماری ئیسلامی لە کۆڵ بکرێتەوە.