کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

رێوڕەسمەکانی رۆژی جیهانی ژن

 رۆژرکانی ٧ و هەشتی مارس بە ملیۆن ژن و پیاوی ناڕازی سەبارەت بە بێ مافی ژنان، نیزامی ئابووری زاڵ، شەڕ و وێران کردنی ژینگە و ستایشگەرانی دەستکەوتەکانی ژنان لە دنیادا، بە بەڕێوەبردنی گەلێک ئاکسیۆن لە سەرتاسەری دنیادا رێزیان لە رۆژی جیهانی ژن گرت. ئەوان لە “نیویۆرک”ەوە تا مادرید، لە تۆرینتۆوە تا سیدنی، لە لەندەنەوە تا وەرشه‌و، لە “دێهلی”ەوە تا مانیل، لە پکەنەوە تا بێرلین، لە ئیستانبولەوە تا تاران، سنە و سەقز و بانە لە مەراسمی جۆراوجۆردا لەوانە لە زۆر رێپێواندا بەشدارییان کرد. بەهۆی بەرینایی ئاکسیۆنەکان تەنیا ئاماژە بە چەند نمونەیەکیان دەکەین. “ئیئتیلافی رۆژی جیهانی ژن” لە شاری نیویۆرک ریپێوانێک و چەندین کۆبونەوەی بە دروشمی “ئازاد بوونی خوشکەکانمان، ئازادی خۆمانە” لە رێزگرتن لە ٨ی ماڕس، رۆژی جیهانی ژندا، بەشداریان کرد. لە شیکاگۆ ژنان و پیاوان لە رێپێوانێکدا بە دروشمی “خۆراک مافی مرۆڤە” و “گیانی رەش پێستەکان گرینگە” و کۆمەڵێک دروشم لەبواری زیاد کرانی حەقدەستی کرێکاراندا، داواکاریەکانی خۆیان دەربڕی. لە لەندەن لە ٨ی مارس، رۆژی جیهانی ژندا، لە پاڵ بۆنەکانی تردا رێپێوانێک بەڕێوەچوو. ئاڕاستەی ئەم رێپێوانە لەدژی درێژە چەوساندنەوەی ژنان و منداڵان، لەدژی هەڵاواردن و بۆ دابین کردنی دادپەروەری لە دنیادا بوو.

 382

لە ئوسترالیا لەنێو کۆمەڵێک مەراسمدا ئاماژە بە بانگەواز بۆ رێپێوانێک لە لایەن کومیتەی “رۆژی جیهانی ژنی ٢٠١٥” لە میلبۆرن دەتوانێ وێنایەک لە داواکارییەکانی ژنانی کرێکار لەم وڵاتەدا پێشان بدات. دروشمەکان و داواکاریەکان لەم رێپیوانەدا بەم شێوەیە بوون: بەهرەمەند بوونی ژنان لە مافی بەرابەر لە شوێنی کار و حەقوقی یەکسان لەگەڵ پیاوان بۆ کاری هاوشێوە، بەهرەمەند بوون لە حەقدەست و داهاتێک کە هەموو نیاز و پێداویستیەکانی بنەماڵە دابین بکات، زیاد بوونی حەقدەست، بەهرەمەند بوونی ژنان لە مافی تەشەکول و پەیوەست بوون بە یەکێتیەکانی کرێکاران، شوێنی کار دەبێ لە ئازار و ئەزیەت و ترساندن بەدوور بێت، بێهداشت، دەوا و دەرمانی بەخۆڕایی بۆ منداڵان، ئیمه‌نی شوغلی و قەدەغە بوونی هەڵاواردن.

لە کانادا سەدان مەراسم ریکخرا. مەڕاسمەکان پێکهاتبون لە رێپیوان، بەڕیوەچوونی جەلەسات و کۆنفڕانس تا مەجلیسی شایی و هەڵپەڕکێ. بێجگە لە سازمانەکانی ژنان یەکێتیە کرێکاریەکانیش لە مەڕاسمەکاندا چالاک بوون. راگرتنی ئازاری جنسی، کۆتایی هێنان بە توندوتیژی لە ماڵەوە، هەڵاواردن و چەوساندنەوە لە دروشمەکان و داواکاریە گشتیەکانی ئاکسیۆنەکان بوون. لە داکا، پێتەختی بنگلادێش، ژنانی کرێکار هاواریان دەکرد، ئێمە ئازادی، پێشە و شوێنی کاری ئیمه‌نمان دەوێ. ژنان لە دێهلی داواکاری پاراستنی کەرامەتی ژنان و ستایش کردنی دەستاوردەکانیان لە مەیدانەکانی سیاسەت، ئابووری و کۆمەڵاتیدا بوون. ژنان و پیاوانی لاو بە هەڵگرتنی پلاکارد و مۆم داواکاری راگرتنی دەستدرێژی بۆسەر ژنان و کۆتایی هێنان بە هاوکاری پۆلیس لەگەڵ دەستدرێژی کاران بوون.

لە ٧ی مارسدا ژنان لە ئەستانبول داواکاری کۆتایی هاتن بە ئازاری جینسی لەدژی ژنان بوون. ژنانی کورد بە مۆسیقا و ژەنینی ئامێری مۆسیقایی جۆراوجۆر لە ئاکسیۆنەکاندا بەشدارییان کرد. لە دیاربەکری تورکیە هەزاران ژن بە گه‌رم و گوڕی و بە وتنه‌وه‌ی دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” ئاکسیۆنێکی شکۆداریان بەڕێوەبرد.

لە وڵاتانی ئیسکاندیناوی، سوئێد و نۆروێژ و دانمارک و فەنلاند، دەیان هەزار ژن و پیاو، لە میتینگ و رێپێوانەکاندا بە وتنی دروشم لە مەحکوم کردنی هەوڵەکانی دەوڵەت بۆ وەرگرتنەوەی دەستکەوتەکان رێزیان لە بزووتنەوەی یەکسانی خوازانەی ئەم رۆژە گرت.

لە مانیلی پێتەختی فیلیپین ژنان و دایکان لە حاڵی بە کۆڵەوە گرتنی منداڵەکانیان شان بە شانی پیاوان لە رێپیوانەکانی ٨ی مارسدا بەشدارییان کرد. دروشمی سەرەکی ئەوان دەست لەکار کێشانەوەی سەرۆک کۆمار بوو. ئەوان ئەویان تاوانبار دەکرد بەوەی کە ئەو کەسانەی لە وڵاتدا لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین گەیاندۆتە ٢٥ لەسەدی دانیشتووان.

لە هۆنگ کۆنگ ناڕازییان لە دژی ئازاری جینسی، هەڵاواردن و بۆ دیفاع لە مافی ژنانی کرێکار و بەتایبەت کرێکارانی ماڵەوە دروشمیان به‌رز كرده‌وه‌. پەنابەرانیش داواکاری رێزلێنانی کاربەدەستان لە مافەکانیان بوون.

لە پێکەن پێتەختی چین مەراسمەکان بە دروشمی “بەتوانا کردنی ژنان، بەتوانان کردنی بەشەریەتە” بەڕێوەچوون. لەم رێوڕەسمانەدا شکستی دەوڵەتەکان لە پیادە کردنی ناوەرۆکی “راگەیاندنی پێکەن” وەبیر هێندرایەوە. لە ساڵی ١٩٩٥دا، واتە ٢٠ ساڵ لەوەپێش، لە چوارەمین کۆنفرانسی ژنان، کە لەلایەن رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان لە پێکەن بەڕێوەچوو، ١٨٩ دەوڵەت، بێجگە لە عەرەبستان، مافەکانی ژنانیان بەڕەسمی ناسیووە و تەعەهودیان دا ئەو مافانە رەچاو بکەن. بارودۆخی ژنان لەو رێكه‌وته‌ بەدواوە خراپتر بووە.

کۆنەپەرستانیش لە رۆژی جیهانی ژندا سوئیستفادەیان کردووە و پەیامە دژبە ژنەکانیان لە سوخەنڕانیەکانیاندا دەربڕێووە. بۆ نمونە ئۆردوغان سەرۆک کۆماری تورکیە تەنیا دایکانی ستایش کرد. ئەو پەیامە سەرەکیەکەی منداڵ خستنەوە و پەروەردە کردنیان بوو لە لایەن دایکانەوە کە بەپێی وتەکانی ئەو نابێ دایکایەتی وەلا بندرێت بۆئەوەی ببنە مافناس، پزیشک و یان ئەندازیار. هەزاران ناڕازی کە لە ٨ی مارسدا لە شارەکانی تورکیە رێپێوانیان کرد لەدژی ١٤ بەرانبەر بوونی ئازاری جینسی لەدژی ژنان لە دەورەی ئەم سەرۆک کۆمارە ئیسلامیە کۆنەپەرستەدا دروشمیان دا و داواکاری کۆتایی هێنان بە هەڵاواردن، راگرتنی حەقدەستی کەم بۆ کرێکارانی ژن و بەرگرتن لە دەستدرێژی کردنەسەر مافەکانی ژنان لەبەر رۆشنایی نئۆلیبڕالیزمی ئابووری، ئیسلامی سیاسیدا بوون.

لە ئێران رژیمی کۆماری ئیسلامی کەش و هەوایەکی زۆر قورسی نیزامی لە شارەکاندا پێهێناوە تا هیچ مەراسم و ئاکسیۆنێک لە رۆژی جیهانی ژندا بەڕیوە نەچێت. بەم حاڵەشەوە لە چەند رۆژ لەوەپێشەوە بەبۆنەی نزیک بوونەوەی رۆژی جیهانی ژن کۆمەڵێک چالاکی وشیاری دەرانە و تەبلیغی بەرین لە تاران و لە هەموو شارەکانی کوردستان لە رێگای بڵاوکردنەوەی تراکت و دروشم لە بواری ستەم لەدژی ژنان لە ئێران ئەنجام دراوە. ئەو راپۆرتانەی کە تا ئێستا گەیشتوون باس لەوە دەکەن کە ژنان و پیاوانی ئازادیخواز لە شارەکانی تاران، سنە، بانە، سەقز و مهاباد گەلێک مەراسـمیان بەڕیوە بردووە.

ئێوارەی رۆژی یەکشەممە ٨ی مارس، بەرابەر لەگەڵ ١٧ی مانگی رەشەممە لە شاری سنە بەبۆنەی ٨ی مارس رۆژی جیهانی ژنەوە رێپێوان بەڕیوەچووە.

خۆپیشاندەران بە بەدەستەوە گرتنی تراکتی سور، به‌رزكردنه‌وه‌ دروشمی بژی ٨ ی مارس، زیندانی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێت، کریکاری زیندانی دەبێ ئازاد بکرێت و لە مەسیری رێپێوانەکەدا، راگەیاندنێک کە دەربڕی کورتەیەک لە مێژووی ٨ی مارس بوو لەنێو خۆپیشاندەراندا بڵاو کرایەوە.

بەمجۆرە ئەمساڵیش لە هەموو گۆشە و کەنارەکانی دنیادا، لە بارودۆخێکی ئازاد یان لەژێر ئاڵا و سەرنێزەی دیکتاتۆریدا، ژنان و پیاوانی بێزار لە ستەمی رەگەزی، لە ریزی لێک هەڵپێکراودا، ئیرادەی خۆیان بۆ رزگاری ئینسان لە دەست یەکێک لە گیان سەختترین بێ عەداڵەتیەکانی دنیای ئەمڕۆ پیشاندا.