کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

رۆژی نەتەوەیی راهیانی نور وەبیرهێنەرەوەی کارەساتی شەڕی کۆنە پەرستانەی هەشت ساڵ

کۆماری ئیسلامی رۆژی ٢٠ ی رەشەممەی، وەک “رۆژی نەتەوەیی راهیانی نور” دیاری کردوە. ستادێکی ناوەندی، سەربە بونیادێک کە بە ناوی “پاراستنی شوێنەوار و بڵاو کردنەوەی ئەرزشەکانی دیفاعی موقەدەس”، ناسێندراوە. ئەم ستادە بەرپرسیاریەتی رێکخستن و بەرەوپێش بردنی ئەرکەکانی راهیانی نوری لە ئەستۆ دایە. ئامانجی سەرەکی ئەم ستادە بەقەولی سەرانی رژیم گواستنەوەی ئەزمون و دەستکەوتەکانی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێڕاقە بۆ نەوەی نوێ، دانی رۆحیەی خۆ فیدا کردن بۆ کۆماری ئیسلامی، ویلایەتی فەقیە پەزیری و تەربیەتی کادر بۆ شەڕەکانی داهاتوو. بەپێی وتەکانی پاسدار “بەهمەنی کارگەر” سەرۆکی ستادی ناوەندیی، ئەم ستادە بە پێکهێنانی چەند قەرارگایەک لەنێو سپا، بەسیج، ئەڕتەش، هێزی ئینتیزامی، هیلالی ئەحمەر، حەوزە عیلمیەکان، سەدا و سیما، جیهادی سازەندەگی و بەسیجی دانش ئاموزی و دانشجوییدا ئەرکەکانی لە لایەن ٢٣ هەزار کارمەند، ١٦ هەزار راوی و ١٣ هەزار موبەلیغەوە بەڕێوەدەبات. بەرپرسان و دەست ئەندەرکارانی ستادی ناوەندیی بەبۆنەی رۆژی نەتەوەیی راهیانی نورەوە رۆژی جومعه‌ ١٥ی مانگی رەشەمە چاویان بە حەسەن رۆحانی کەوت.385

لەم چاوپێکەوتنەدا داواکاری بودجەی زیاتر بوون بۆ ئەم ستادە و ئەویش بەڵێنیدا کە دەوڵەت بۆ چارەسەری گرفت و کەم و کوڕیەکان یارمەتی ئەو ستادە ئەدات.

بەڵام پڕۆژەی راهیانی نور زیاتر شاملی ئەو دانش ئاموزانەیە کە لەبەر گرفتی نمرە بەناچاری لە لایەن کاروانەکانی مەرگەوە رەوانەی ناوچەکانی شەڕی ٨ ساڵە دەکرێن. تا ئێستا سەد لاوی کچ و کوڕی قوتابی لە رێگای گەیشتن بە بەرەکانی پێشوی شەڕ، کە بۆنی مەرگ و نابودیان لێدێت، گیانیان لەدەست داوە.

شەڕی کۆماری ئیسلامی و رژیمی سەدام لە عێراق بە سەرکەوتنی ئەڕتەشی حکومەتی بەعسی ئەوکات کۆتاییهات کە لەلایەن دەوڵەتە رۆژئاواییەکانەوه‌ پشتیوانی نیزامی لێدەکرا و دەوڵەتە عەرەبیەکانیش وەک عەرەبستان و وڵاتانی لێواری کەنداوی فارس یارمەتی ماڵیان دەکرد. خومەینی لە رێگای بەسەرەوەنانی جامێک ژەهر بەرپرسیارەیەتی شکستەکەی قەبوڵ کرد. بە قەولی “پیێر رازو”، توێژەرەوەی دامەزراوەی تەحقیقاتی ستراتیژیکی نیزامی لە فەڕانسە، شەڕی ئێران و عێڕاق، ٦٨٠ هەزار کوژراوی لێکەوتۆتەوە کە ١٨٠ هەزاریان عێڕاقی و ٥٠٠ هەزار کەسیشیان ئێرانی و هەروەها ژمارەکیشیان ئەفغانستانی بوون. هەروەها ئەم شەڕە، زیاتر لە یەک ملیۆن و ٨٠٠ هەزار بریندار و کەم ئەندامی بووە. بەپێی ئەو زانیاریانەی کە سەرهەنگ “موجتەبا جەعفەری” جێگری بونیادی پاراستنی شوێنەوار و بڵاو کردنەوەی ئەرزشەکانی شەڕی ئێران و عێڕاق لە ٢٩ی مانگی پوشپەڕی ٩٣دا دای بە راگەیەنەرەکان زیاتر لە ٣٣ هەزار دانش ئاموز و زیاتر لە ٣ هەزار و ٥٠٠ خوێندکاریش لەو شەڕە خویناویەدا کوژراون. ئەم شەڕە بێجگە لە کوژراوەکانی مەیدانی شەڕ، بە دەیان هەزار کەسی مەدەنیش لە بۆمبارانی پاڵاوگەکانه‌ و شوێنە پیشەسازیەکاندا بەهۆی بۆمباران و موشەک بارانی کوێرانەی شارەکان لە هەردولای شەڕەکەوە بوونە قوربانی. لەپاڵ کوژراوان و بریداران و وێرانیەکانی شار و ناوەندە پیشەسازیەکان و قوربانیانی هێرشە شیمیاییەکاندا پێویستە یادیش بکەین لە هەزاران منداڵ کە لە ئاکامی بۆمب و موشەکبارانی شارەکانی هەردولادا توشی کەم ئەندامی و نەخۆشیە دەرونیەکان بوون. لە رۆژێکەوە کە خومەینی جامە ژەهرەکەی بەسەرەوەناوە تا ئێستا سەرانی رژیم هەوڵیانداوە شکستەکەیان لە شەڕدا وەک سەرکەوتن پێشانبدەن و لە کارەساتێک کە لە ئاکامی شەڕەکە کەوتۆتەوە حەماسەیەکی گەورە دروست بکەن. ئۆلگوشیان لەم کارەدا کارەساتی کەربەلایە.

دیارە سەرانی رژیم لە وەڕێخستنی دامودەزگای پڕ هەزینەی بونیادی پاراستنی ئاسەوار و بڵاو کردنەوەی ئەرزشەکانی دیفاعی موقەدەس و ستادی راهیانی نور ئەمانجێکی بنەماییشیان هەیە کە لە خزمەت درێژە و مانەوەی حکومەتەکەیاندایە. دروست کردنی حەماسە لە موسیبەتەکانی شەڕ، سەرف کردنی هەزینەی زۆر و گرێدانی نمرەی دانش ئاموزانی کچ و کوڕ لە چوون بۆ ناوچە مەترسیدارەکان، بەم خەیاڵە پوچەوە بەڕیوەدەچێت کە رژیم شەرعیەتی لەدەست چووی، بەتایبەت لەنێو لاواندا، ببوژێنێتەوە.

حاکمان و لە سەروشیانەوە فەرماندەکانی سپا بێهودە هیوادارن لاوەکان بە وەبیر هێنانەوەی مەرگ و قوربانیانی شەڕ، لە ئیستبداد، هەژاری، بێکاری و نەبوونی داهاتویەکی روون غافڵ بکەن و دەنا نەک بەخاتری رووداوەکانی کەربەلا، بەڵکو لەبەرخاتری ئەو قوربانیانە وەگریانیان بخەن و واداریان بکەن خودزەنی بکەن و توڕەیی ناخیان خاڵی بکەن. ئەوە لەبیر نەچێتەوە کە خەڵک و بە تایبەت لاوان لە ئاخێزەکانی ساڵی ١٣٨٨ دا نیشانیاندا ئیتر بە رێوڕەسمەکانی موحەڕەم ناخەڵەتێن. ئەمساڵ سەرانی رژیم بێجگە لە ئەمانجە بنچینەییەکانی لە بەڕێوەبردنی مەڕاسمەکان و ئیقداماتی پێوەندیدار بە راهیانی نور بەشوێن ئامانجی سیاسی رۆژیشەوەیە.

وادیارە کە سەرانی حکومەتی ئیسلامی سەرمایە بە دانی گەلێک ئیمتیاز و وەرگرتنی هێندێک ئیمتیاز لە پێکهاتن لەگەڵ دەوڵەتی ئامریکا و باقی دەوڵەتانی رۆژئاوایی سەبارەت بە مەسایلی هەستەیی و حزوری سیاسی و نیزامی رژیم لە خاوەرمیانەدا نزیک بوونەتەوە. راگەیاندنی ئەم تەوافوقە، کە دەبێتە جامێک ژەهری تر بۆ فەرماندە سەرەکیەکانی سپا و شەخسی خامنەیی، دەتوانێ گەلێک مەترسی جیدی بۆ حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی بە دیاری بێنێ. توند کردنەوەی بەندەکانی ئیستبداد لە رێگای زیاد کردنی ئیعدامەکان، هەڕەشە و گرتنی هەڵسوڕاوانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی وەک هەڵسوڕاوانی کرێکاری، رشتنی ئەسید بە دەموچاوی ژناندا و کرداری سەرکوتگەرانەی هاوشیوە رێگاچارەی رژیم بوون بۆ بەرگرتن لە تەقینەوەی گڕکانی قین و توڕەیی خەڵک. پەرەسەندنی ئێقداماتی پێوەندیدار بە راهیانی نور، کە خۆی جۆرێک سەکوتی جه‌ستەیی و دەرونییە، لە روانگەی کاربەدەستانی حکومەتیەوە دەتوانێ خزمەت بەم ئامانجە بکات.

خۆڕاگری خەڵک، دانش ئاموزان و کەسوکاریان لە بەرانبەر فریوکاریەکانی راهیانی نوردا دەتوانێ هەموو هەوڵەکانی رژیم لەم بارەیەوە بەتەواوی شکست پێبێنێ.

بابەتی پەیوەندیدار

گەندەڵی ئیداری، دارایی، ئەخلاقی و سیاسیی ڕژیمی ئیسلامی، لە سەرەوە دەست پێدەکات

-

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-