کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

رۆژی جیهانی کرێکار پشوی ڕەسمیە و ڕێپێوانیش پێویستی بە ئیجازە نییە

ئەوەڵی مانگی مەی بەرابەر لەگەڵ دوازدەی گوڵان رۆژی جیهانی کرێکار لە ڕێدایە. لە ئاکامی خەباتی چینی کرێکاردا ئەم دوازدەی گوڵانە پشوی ڕەسمیە. بەڕێوەچوونی مەڕاسم و ئەنجامدانی ڕێپێوان لەم رۆژەدا مافی سەلمێندراوی کرێکارانە و پێویستی بە وەرگرتنی ئیجازە نییە. ئەم بابەتە بە ڕادەیەک ئاسایی و سەرەتاییە کە کاربەدەستانی ڕژیمیش ناتوانن بە شێوەی ڕەسمی ڕەدی بکەنەوە. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری ئیلنا، عەلیڕەزا مەحجوب، دەبیری کوللی خانەی کارگەر لە کۆبونەوەیەکی هاوبەشی هەواڵیدا رۆژی شەممە وتی ” رۆژی کرێکار لەو رۆژانەیە کە لە ساڵی ١٣٦٥ لە لایەن شوڕای تەبلیغاتی دەوڵەتەوە وەک یەکێک رۆژەکانی بەڕێوەچوونی ڕێپێوان پەسند کراوە و بە پشت بەستن بەم پەسند کراوە ئیتر ئیلزامی یاسایی بۆ ئەوەیکە کرێکاران بیانەوێ بۆ ڕێپێوان لەم رۆژەدا داوای ئیجازە بکەن، بوونی نییە.” هەروەها وتی” بەپێی قانونی کار خاوەنکاران دەبێ کارگاکانیان دابخەن.”بوونە پشوی ڕەسمی رۆژی جیهانی کرێکار و ڕێپێوانی بەبێ پێویست بوون بە وەرگرتنی ئیجازە، نەک دیاریەکی کۆماری ئیسلامی بۆ کرێکاران، بەڵکو بەرهەمی هەوڵی چەندین ساڵەی هەڵسوڕاوان و ڕێبەرانی کرێکاریە. هەڵبەت هەموان دەزانن کە لە بواری به کردەوە دەرهێناندا ڕژیم مافی بەرپا کردنی ڕێپێوانی لە رۆژی جیهانی کرێکاردا بەتەواوەتی خستوەتە ئیختیار خانەی کارگەریەکانەوە، و ئەم تەشکیلاتە زەردە دەژی کرێکاریە مەڕاسم و ڕێپێوانەکانی ئەم رۆژە دەکاتە ئامرازێک بۆ هێنانە گۆڕی دروشمی دووبەرەکینانەوە لە ڕیزی بزوتنەوەی کرێکاریدا، بە پشتیوانی لە سیاسەتەکانی ڕژیم و لە ناوەرۆک بەتاڵ کردنی فەلسەفەی وجودیی ئەم رۆژە. بەڵام لەگەڵ ئەم پاشەکشەیەی ڕژیم لەم ئاستەشدا لە بەرانبەر بزوتنەوەی کرێکاریدا، دەکرێ بابەتی بەڕێچونی مەڕاسم و ڕێپێوانە سەربەخۆ کرێکاریەکان بۆ چالاکان و پێشڕەوانی کرێکاری هاسان بکات. 697
ئێستا جەماوەرێکی بەرین لە کرێکاران، لەگەڵ ئەم سوننەتە ئاشنان و گرینگی و پێگەی ئەم رۆژە بە چاکی دەناسن. لەم نێوانەدا کرێکارانی وشیار و پێشڕەو کە دڵیان لە گرەوی ڕزگار بوونی خۆیان و هاوچینانەکانیان دایە، لە سەروبەندی نزیک بوونەوە لەم رۆژە شێلگیرانە هەوڵ ئەدەن بە ڕێکخستن و کاری وشیاریدەرانەی خۆیان ژمارەیەکی هەرچی زیاتر لە کرێکاران و توێژی زەحمەتکێشی کۆمەڵگە بۆ بەشداری کردن لە مەڕاسمەکانی رۆژی یازدەی گوڵان، رۆژی جیهانی کرێکار، هانبدەن. ئەوان بە وشیاری و زانیاریەک کە هەیانە دەزانن کە بە چ شێوەیەک ئامادەکاری بۆ بەڕیوەبردنی ئاکسیۆنی رۆژی جیهانی کرێکار بکەن. بە شێوەیەک کە بەرینترین تەیفی کرێکاران وجەماوەری کارکەر و حقوقبگیر و ئینسانە ئازادی خوازەکان، بۆ بەشداری کردن لەم جۆرە مەڕاسمانە ڕابکێشن. ئەوان دەزانن کە پاراستنی سوننەتی ڕیزگرتن لە م رۆژە تا چ ئاستێک گرینگی هەیە و بۆ پاراستنی ئەم سوننەتە کەڵک لە چ ئیبتیکارگەلێک وەبگرن.

ئەوان دەزانن کە چلۆن ئەسبابی ئاسودە بوونی خەیاڵی خوازیارانی بەشداری کردن لە مەراسمەکانی ئەوەڵی مەی دا فەراهەم بکەن، دەزانن کە قەرار نییە لەم رۆژەدا تێکهەڵچونێکی نەخوازراو رووبدات، شەڕ و بشێوی بکەوێتە ڕێ، لە ڕوانگەی کرێکارانەوە مەڕاسمەکانی ئەم رۆژە دەتوانێ بە ئارامی دەست پێبکات و بە ئارامیش کۆتایی بێت. ئەم رۆژە، رۆژی وەبیر هێنانەوەی سوننەتێکی چینایەتییە، لە رووداوێکی گرنگی مێژوویی و رۆژی ڕاگەیاندنی هاوپشتی لەگەڵ کرێکاران دنیا و رۆژی بەرپا کردنی شادمانی و جێژن گرتنە و رۆژی ڕیزگرتنە لە سوننەتێکی کرێکاری و رۆژی وەبیر هێنانەوەی سەرکەوتنەکانی تائێستای کرێکاران و رۆژی هێنانەگۆڕی خواست و داواکاریەکان و مۆری تەئید دانە لە بەریارنامەکانی ئەم رۆژە.

ئەگەرچی کۆماری ئیسلای بە هەر ڕادەیەک لە بزوتنەی کرێکاران و هەوڵدانیان بۆ هاوپشتی و بە یەکەوە تێکۆشانیان هەستیارە و هێندێک هەڕەشەش دەکات و کۆمەڵێک کۆسپیش بەدی دێنێ، بەڵام ئەزمونەکانی ساڵانی ڕابردوو نیشانی کرێکارانی داوە کە هەڕەشەکانی ڕژیم لە بەرانبەر ئیرادەی یەکگرتوانە و رێکخراوی کرێکاراندا کاراییەکی ئەتۆی نییە. سەرجەم ئەزمونەکانی تا ئێستا سەلماندویەتی کە سەرەڕای ئەوەیکە کۆماری ئیسلامی مافی رێکخراوبوونی سەربەخۆ و کۆبونەوە و ناڕەزایەتی زەوت کردوە، بەڵام بە شێوەی ڕەسمی، هەم پشوی رۆژی جیهانی کرێکار و هەم ئەنجامدانی ڕێپێوانی قەبوڵ کردوە. لەم روەوە لە بەرانبەر ئیرادەی یەکگرتوانە و ڕیزی ڕێکخراوی کرێکاراندا کارێکی بۆ ناکرێت و ناچارە بوون و حوزوری کرێکارانی یەکگرتو لە مەڕاسمەکانی رۆژی جیهانی کرێکاردا قەبوڵ بکات.

ئەم رۆژە، نەتەنیا رۆژی شادییە، بەڵکو لە هەماحاڵدا رۆژی وەبیر هێنانەوەی دەرد و ئازارە هاوبەشەکان و رۆژی دۆزینەوەی ڕێگای چارەسەر کردنیشیانە. ئەم رۆژە، نەک هەر رۆژی ڕیزگرتنە لە سوننەتێکی مێژوویی کرێکاری، رۆژی بڕیاردان و پەیمان بەستنیشە. رۆژی دەست پێکی هەوڵێکی جیدییە بۆ یەکگرتووی و یەکریزی زیاتر، هاوپشتی زیاتر، خەباتێکی هەمەلایەنە تر و دەستەبەر کردنی دەستکەوتی زیاتریشە.

لە دنیای ئەمرۆدا کە بەرەی سەرمایەداری هەموو جۆرە تەرح و کردارێکی خستەوەتە دەستوری کاری خۆیەوە تا بە ئیجرا کردنیان، نان و کار و ئازادی ئینسانەکان بە بارمتە بگرێت، ڕێگایەک بێجگە لە خەبات بۆ دروستکردنی بەرەیەکی کرێکاری لەبەرانبەر بەرەی سەرمایەداراندا بوونی نییە. بەرەی سەرمایەداران دەیەوێ بە توند کردنەوەی چەوساندنەوە، داسەپاندنی بێکاری زیاتر، بەستنی قەراردادی کاتی، دابەزاندنی ئاستی حەقدەستەکان، نا ئەمن کردنی شوێنی کار، کەم کردنەوە و لابردنی خزمەتگوزاری گشتی و بە پێشێل کردنی سەرەتایی ترین مافە ئینسانیەکانی مرۆڤەکان، بە زیندان و ئەشکەنجە و ئێعدام، باری قورسی قەیرانی ئابووری خۆی بەسەر شانی کرێکاران و توێژی هەژاری کۆمەڵگادا بشکێنێتەوە. پاشەکشە کردن بە سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیان و توشی شکست کردنی سیاسەتەکانیان عەزم و ئیرادەیەکی پتەوی دەوێ، ڕێکخستن و تەشەکولی دەوێ، ڕێبەر و هەڵسوڕاوی پێشڕەوی دەوێ.

کرێکاران خوڵقێنەری هەموو سەروەت و نێعمەتەکانی کۆمەڵگان. چەرخی ئەم کۆمەڵگایە بەدەستی بەتوانای ئەوان دەگەڕێ. چینی کرێکار بە هێزی وشیاری و رێکخراوبوون و خەباتی سیاسی خۆی دەتوانێ ئەم دنیا پێچەوانەیەی کە تێیدا یەک لەسەدی کۆمەڵگە کۆنترۆڵی ٩٩ لەسەدی هەموو سەروەت و دەسەڵات و ئیمکاناتی لەدەست دایە، بگۆڕێت و نیزامێک بنیاد بنێت کە هەموان تێیدا ئازاد بن، هەموان بەرابەر و یەکسان بن و هەموان لە ڕیفاهدا بژین. نیزامێکی کە هەر کەسە و بە رادەی تواناییەکی کە هەیەتی کار دەکات و بەو ئەندازەیەش کە پێویستیەتی لە ئیمکانات و خزمەتگوزاری کۆمەلگا بەهرەمەند دەبێت.

 

بابەتی پەیوەندیدار

لە١٤ هەمین ساڵیادى ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر و هاوبه‌نده‌كانی دا

-

پەرەسەندنی پشتیوانی کرێکاران لە بزووتنەوەی دژە جینۆساید

-

پەرەسەندنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، ئامرازێکن بۆ پێشڕەوی و گەرەنتی پاراستنی دەستکەوتەکان

-

پشت بەستن به جەلاد و پەتی سێدارە بەمەبەستی مانەوەی ڕژیم، بێ سەمەرە

-

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-