ئا: سه‌عید ئه‌مانی
دنیایه‌كی كه تێیدا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ین، ئه‌وه‌نده سه‌روه‌تمه‌نده كه نیازی به‌كاری مناڵان نه‌بێت. خاوه‌نی ئه‌وه‌نده كه‌ره‌سه و ئیمكاناته كه بتوانێ برسێتی، نه‌داری، و “كۆیله‌یی مناڵان”ی پێ له‌ڕیشه‌وه هه‌ڵته‌كێنێ. به‌ڵام، كێشه‌ی سه‌ره‌كی خودی نیزامی سه‌رمایه‌داریه. ئه‌مه یاسای بنه‌ڕه‌تی سه‌رمایه‌داری، یاسای زێده‌بایی یه، كه مناڵان ده‌كێشێته ژێر كاره‌وه و ده‌یانكاته كۆیله‌ی حه‌قده‌ست و ده‌یانچه‌وسێنێته‌وه.
رۆژی یەکی ژوئێن به‌رانبه‌ر به یازدەی جۆزەردان ڕۆژی جیهانی مناڵانه. ئه‌م رۆژه بۆنه‌یه‌كه ساڵیانه بۆ رێزگرتن له مافی مناڵان له سه‌رتاسه‌ری دنیادا جێژن و ئاهه‌نگی جۆراوجۆری بۆ وه‌رێ ده‌خرێ. ئه‌مساڵ له هه‌ل و مه‌رجێك دا به پیر ئه‌م رۆژه‌وه ده‌چین كه له دنیای به‌ڕواڵه‌ت مۆدێڕن و پێشكه‌وتوودا نه‌داری و برسیه‌تی، چه‌وساندنه‌وه، هه‌ڵاواردن و نابه‌رابه‌ری، ده‌ستدرێژی جنسی، به‌رێوه‌بردنی سزای ئیعدام و شه‌لاق، شه‌ڕ و كوشت و كوشتار، ته‌وهین و سووكایه‌تی پێكردن، هه‌روا ژیانی مرۆڤه‌كانی گه‌مارۆ داوه. له‌م نێوانه‌شدا ئه‌وه مناڵانن كه كه‌وتوونه‌ته ناوجه‌رگه‌ی ئه‌م هه‌ل و مه‌رجه بێسه‌ره‌وبه‌ره‌ی، سه‌مه‌ره‌ی نیزامی سه‌رمایه‌داری یه‌وه‌و قورسایی به‌رداشی ئه‌م بارودۆخه رۆژ له رۆژ زیاتر خه‌ریكه ژیان و گوزه‌رانی ئه‌م توێژه‌بێ ده‌سه‌ڵات و بێ پشتیوانه‌ی كۆمه‌ڵاگای به‌شه‌ری ده‌هاڕێ. مناڵان، یه‌كه‌م قوربانیانی شه‌ڕ و ئاواره‌ین و نه‌هامه‌تیه‌كانی بارانی بۆمب و موشه‌كه‌كانی دروستكاروی ده‌ستی ئینسانی له خۆ بێگانی سه‌رده‌م، به‌ر له هه‌ركه‌س، ئاڕاسته‌ی به‌رژوه‌ندیه‌كانی ئه‌م توێژه‌یه. ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ ئاماژه به نمونه‌كان بكه‌ین چاره‌نووسێكی كه ئێستا مناڵانی عێراق، ئه‌فغانستان، فه‌له‌ستین و باقی وڵاتانی شه‌ڕ لێدراوی دنیا تێیدا قه‌راریان گرتووه و رۆژانه هه‌ل و مه‌رجی فه‌ڵاكه‌تباری ژیانیان، به شێوه‌ی هه‌واڵ و ڕاپۆڕتی جۆراوجۆر، لاپه‌ڕه‌ی ڕۆژنامه‌كانی دنیا ده‌ڕازێنێته‌وه، به‌رچاوه‌و هیچ پاساوێك هه‌ڵناگرێ.
مناڵان به‌ئاشكرا بوونه‌ته كۆیله‌ی كرێگرته له سه‌رتاسه‌ری دنیادا. ئه‌م “كۆیله هه‌رزان باییانه” له هه‌موو شوێنێك ده‌بیندرێن، له باكووره‌وه تا باشوور و له ڕۆژهه‌ڵاته‌وه تا ڕۆژئاوا. ئه‌م كرێكاره، یان باشتره بڵێین، ئه‌م كۆیله بێ داروبار و لاوازانه گشت كارخانه و مه‌زراكان، كارگای قاڵی بافی و كانه‌جۆراوجۆره‌كانیان پڕ كردووه و له بارودۆخێكی گه‌لێك دژوار و نامرۆڤانه و تاقه‌تپڕوكێن دا، له به‌یانیه‌وه تا دره‌نگانی ئێواره، سه‌رگه‌رمی كار كردنن.
“ڕێكخراوی نێو نه‌ته‌وه‌یی كار” ILO، ژوماره‌ی ئه‌م كرێكاره كه‌م ته‌مه‌نانه، ژێر چوارده ساڵ،ی به بانتر له 400 چوارسه‌د ملیۆن كه‌س داوه‌ته قه‌ڵه‌م. به‌ڵام ئه‌مه، به هیچ شێوه‌یه‌ك گشت ڕاستیه‌كان ئاشكرا ناكات. ته‌نانه‌ت كارناسانی خودی ئه‌م ڕێكخراوه‌یه‌ش دانیان به‌وه‌داناوه كه ژوماره‌ی مناڵانی كار ده‌كرێ سێ تا چوار به‌رابه‌ری ئه‌م ڕێژه‌یه بێت. ده‌وڵه‌ت و خاوه‌نكاره‌كان، ده‌ستكه‌وتێكی زیاتریان له شاردنه‌وه‌ی ژوماره‌ی كۆیله هه‌رزان بایی و كه‌م ته‌مه‌نكانیان و بێسه‌روسه‌دا چه‌وساندنه‌وه‌یان ده‌چێته گیرفانه‌وه تا ئه‌وه‌ی بێن و ئامارێكی ڕاسته‌قینه بده‌ن به ده‌سته‌وه.
كرێكارانی كه‌مته‌مه‌ن له ئه‌ندۆنزی توتن، له سریلانكا چای، له بڕیزیل قاوه، و له میسر گوڵی یاسه‌مه‌ن ده‌چننه‌وه. له هێند، ئه‌ڵماس ده‌تاشن. و له لێواره پان و به‌رینه‌كانی پڕۆدا، ته‌ڵا ده‌شۆنه‌وه. ئاماره‌كان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه ته‌نیا له هێند نزیك به 70 تا 115 ملیۆن منداڵ خراونه‌ته ژێركاری كۆیلانه‌ی كرێگرته‌وه. “كۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی پاكستان، HRCP، كرێكارانی مناڵی ئه‌م وڵاته‌ی به 12 ملیۆن مه‌زنده كردووه، كه نیوه‌یان له خوارته‌مه‌نی 10 ساڵیه‌وه‌ن. به‌ڵام، به پێچه‌وانه‌ی بۆچوونه باوه‌كان، دیارده‌یه‌كی “كۆیله هه‌رزان باییه‌كان” تایبه‌ت به‌وڵاتانی ناسراوبه دنیای سێهه‌م، یان “له قۆناغی گه‌شه‌دا” نین. له هه‌رجێیه‌ك شوێنه‌وارێك له نه‌داری و هه‌وڵ بۆ زیندوومانه‌وه به‌رچاو بكه‌وێت، ئه‌وانیش ده‌بیندرێن. ته‌نانه‌ت له وڵاتانی پێشكه‌وتووی پیشه‌سازی و به ناو دیموكراتیك یش دا.
به پێی ڕاپۆرتێكی ڕه‌سمی “كۆنفدراسیۆنی نێونه‌ته‌وه‌یی یه‌كێتیه سه‌ربه‌خۆكان “300 تا 500 هه‌زار كرێكاری كه‌مته‌مه‌ن له كارگای پارچه بافی، چه‌رم سازی، كه‌وش درون، و مه‌زراكاندا سه‌رگه‌رمی كارن، كه زیاتر ده‌كه‌ونه شاره‌كانی ناپل، میلان، جنوا و سیسیل. سه‌مه‌ره‌ی كاری ئه‌م كۆیله كه‌مته‌مه‌نه كرێگرتانه به ڕاده‌یه‌ك زۆر و سه‌رسوڕهێنه‌ره كه به‌شێكی به‌رچاو له شه‌به‌كه مافیاییه‌كانی ئه‌و وڵاتانه‌شی تێوه گلاوه. له ئیتالیا و به‌شێك له وڵاتانی تری پیشه‌سازی ڕۆژانه زیاتر له 6 كاتژمێر كاربه‌م كرێكارانه ده‌كرێ به‌ڵام حه‌قده‌ستی كه‌متر له یه‌ك له سێی كرێكارێكی ئاساییان ده‌درێتێ.
ئه‌م كۆیله كه‌مته‌مه‌نانه، له وڵاتانی ئیسلامزه‌ده دا سه‌ره‌ڕای هه‌ل و مه‌رجی دژواری كار، سه‌ر و كاریان له‌گه‌ڵ شه‌رع و یاسا گه‌لێكی وه‌حشیانه‌ی سه‌ده ناوه‌ڕاستیه‌كان دا هه‌یه و به ته‌واوی ژیانی لێ كردوون به دۆزه‌خ. به ملیۆن مناڵی كرێكار له وڵاتانی ژێرده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی ئیسلامی دا گیرۆده‌ی یاساگه‌لێكی دواكه‌وتوانه و نامرۆڤانه‌ن كه به هیچ شێوه‌یه‌ك كه‌مترین تروسكه‌ی داكۆكی كردن له‌م كۆیله كه‌م ته‌مه‌نانه‌ی تێدا به‌دی ناكرێ. مناڵ، به گشتی له یاسای ئه‌و وڵاتانه دا موڵكی سه‌ربه‌ستی بنه‌ماڵه‌یه و مافی به‌سه‌ربردنی ده‌ورانی ژیانی مناڵی و به‌هره‌مه‌ند بوون له خوێندن و گه‌شه كردنی، به‌بێ ڕه‌زامه‌ندی سه‌رپه‌رستی بنه‌ماڵه‌كه‌ی، لێزه‌وت ده‌كرێ و به حوكمی ئه‌وه‌ی به‌شێكی زۆر، یان به گشتی، ئه‌م مناڵه كرێكارانه سه‌ر به بنه‌ماڵه نه‌دار و ده‌ستكورته‌كانی ئه‌و وڵاتانه‌ن كه‌وتوونه‌ته ئاوا هه‌ل و مه‌رجێكه‌وه.
به پێی ئاماژه‌ی ڕاپۆڕته ڕه‌سمیه‌كان، ئێران سێهه‌مین وڵاتی دنیایه له ڕوانگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی به‌روبووی كاری ده‌ستیه‌وه. ته‌نیا له پیشه‌ی قاڵی چنین دا، زیاتر له دو ملیۆن كرێكار سه‌رگه‌رمی كارن، كه به زیادكردنی بنه‌ماڵه‌كانیان، به‌م ئاماره، ئه‌م ڕێژه‌یه له سنوری هه‌شت ملیۆنیش ده‌ترازێ. بۆ نموونه له كۆی دانیشتوانی یه‌ك ملیۆن و 850 هه‌زار كه‌س دانیشتووی یه‌كێك له شاره‌كانی ئه‌م وڵاته، 240 هه‌زاركه‌سیان به پیشه‌ی چنینی قاڵیه‌وه سه‌رگه‌رمن. كه ئه‌م رێژه‌یه ده‌توانێ، كه‌م تا زۆر، ئاوێنه‌ی باڵانوێنی به‌شێكی زۆر له شاره‌ناپیشه‌یی و كه‌م داهاته‌كانی سه‌رتاسه‌ری ئێران بێت. هه‌ر ئه‌م ئامارانه ده‌ڵێن زیاتر له یه‌ك ملیۆن و 300 هه‌زار كارگای قاڵیبافی ته‌نیا له 30 هه‌زار گوندی سه‌رتاسه‌ری ئێران دا دامه‌زرێندراون، و دیاره به‌شی هه‌ره‌زۆری كرێكاره‌كانی ئه‌م ناوه‌ندانه‌ش له مناڵان پێكدێت. سه‌رتاسه‌ری شه‌قام و سه‌ر چوار ڕێیانی شاره گه‌وره‌كانی ئێران پڕن له مناڵی ده‌ستفرۆش كه هه‌ر كامه‌یان به‌ش به حاڵی خۆی به به‌ده‌سته‌وه گرتنی به‌سته‌یه‌ك بنێشت، چه‌ند به‌سته ده‌سماڵ كاغه‌زی، چه‌ند به‌سته سیگار، چه‌ند شاخه گوڵ و فرۆشتنیان، و یان، فڵچه به ده‌سته‌وه خه‌ریكی واكس كردنی كه‌وشی “خوا پێداوه‌كانن” تا یارمه‌تیده‌ری دابینكردنی پێداویستیه‌كانی بنه‌ماڵه نه‌دار و ده‌ستكورته‌كانیان بن. هێندێك له‌و مناڵانه، وه‌ك شاگرد دوكانداره‌كان، به‌بێ ئه‌وه‌ی حه‌قده‌ستێكی دیاریكراویان پێبدرێ سه‌رگه‌رمی كار و فێربوونی پیشه‌یه‌كن كه كه‌متر له ئاماره جۆراوجۆره‌كاندا به‌سه‌ر ده‌كرێنه‌وه. پێویست به ئاماژه‌یه ئه‌و مناڵانه‌ش كه له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كانیان له كۆره خشت پیژیه‌كاندا كار ده‌كه‌ن له جومله‌ی ئه‌و مناڵانه‌ی كارن كه كه‌متر له ئاماره‌كاندا ئاماژه‌یان پێ ده‌كرێ. كچانی كه‌مته‌مه‌ن له ژێر یاسا دواكه‌وتووه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی له‌ئێران زیاترین گوشار وئه‌زیه‌ت وئازاریان رووبه‌روو ده‌بێته‌وه وله‌ماف پێشێلكراوترین به‌شی مناڵانی ئێرانن. هه‌ر له‌ته‌مه‌نی نۆساڵییه‌وه به‌ژن به حیساب دێن وده‌خرێنه ژێر گوشاره‌وه تا به‌پێی ڕێنمایی یاسا شه‌رعیه‌كان هه‌ڵس وكه‌وت بكه‌ن. دیاره ئه‌مه‌ش خۆی دابڕینی ئه‌م مناڵه كچانه‌یه له‌ده‌ورانی شیرینی ته‌مه‌نی مناڵی و زیندانی كردنیانه له ژێر ڕووپۆشه جۆراوجۆره ئیسلامیه‌كان و كه‌لێن و په‌سیوه تاریكه‌كانی یاسا نامرۆڤانه ودواكه‌وتووه‌كاندا.
له ئێرانێكدا كه زیاتر له 12 ملیۆن له دانیشتوانی له ژێر هێڵی نه‌داری دا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن، ئاساییه كه بارودۆخی ژیانی مناڵانی، ده‌بێ گه‌لێك له‌وه‌ی بیری لێده‌كرێته‌وه له مه‌ترسیدابێت. ئه‌مه له حاڵێكدایه مناڵانی ئێران، به پێی یاسا شه‌رعی و قه‌زاییه‌كان، به هاسانی سزای ئیعدامیان به‌سه‌ردا جێ به جێ ده‌كرێ و زیندانه‌كانی ئه‌م وڵاته به‌شێكی به‌رچاو له مناڵانی، به بیانوی جۆراوجۆر، له خۆ گرتووه. به‌شێكیان، به ناوی مناڵانی خیابانی، وێڵی كۆڵان و شه‌قامی شاره گه‌وره‌كان بوون و به‌رده‌وام له ژێر ئه‌زیه‌ت و ئازاری مه‌ئمۆرانی ڕژیم و ده‌ستدرێژی و سوئیستفاده‌ی كه‌سانی قازانج په‌ره‌ست دان.
به گشتی، ده‌كرێ بڵێین سایه‌ی ڕه‌شی ڕژێمی سه‌رمایه‌داری كۆماری ئیسلامی له ڕۆژێكه‌وه كه‌وتۆته سه‌ر ژیانی خه‌ڵكی ئه‌م وڵاته نه‌هامه‌تی و ڕۆژ ڕه‌شی بۆ ته‌واوی دانیشتوانی ئێران به گشتی و مناڵان به تایبه‌تی به دیاری هێناوه. ڕاپۆڕتێكی هه‌واڵده‌ری حه‌یات ده‌ڵێ “به پێی ئاماری ینسكۆ به‌شی ئێران له مناڵانی خیابانی دا 400 هه‌زار كه‌سه… له‌م ڕێژه‌یه وه‌ك ئامارێكی كه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خانه‌ی سه‌وز (ناوه‌ندی شناسایی، كۆكردنه‌وه و ئاگا لێبوونی مناڵانی خیابانی له تاران) سه‌ر به معاونه‌تی شاره‌داری تاران بڵاوی كردۆته‌وه، به‌بێ به هه‌ژماركردنی مناڵی شارۆمه‌ندانی خاریجی، نزیك به 25 تا 30 هه‌زار مناڵی خیابانی له تاران‌دا هه‌ن، و ڕۆژانه 100 تا 150كه‌سیان لێ ده‌مرێ. له كۆی مناڵانی خیابانی له تاران، 60 له سه‌دیان خه‌ڵكی شاره‌كانی دیكه‌ن.
لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه كه، له وه‌ها هه‌ل و مه‌رجێك دا، به‌ڕێوه بردنی ڕۆژی جێهانی منالان و به‌رپا كردنی جێژن و رێ و ڕه‌سمی جۆراوجۆر له سه‌رتاسه‌ری دنیا دا، چ بارێك له‌سه‌ر شانی مناڵانی ئازار چێشتووی كار و بێبه‌ش له خوێندن و گشت مافێكی مناڵی، شادی و خۆشیه‌كانی ژیان سووك ده‌كات؟ مناڵان نیازمه‌ندی دنیایه‌كی دوور له‌م ڕه‌نج و ئازارانه‌ن، ئه‌وان ئاسایش و به‌هره‌مه‌ند بوون له گشت پێداویستیه‌كانی ژیانیان ده‌وێ و ده‌بێ بۆیان ده‌سته‌به‌ر بكرێ. ئه‌مه‌ش به‌بێ ئاوه‌ژوو كردنه‌وه‌ی مناسباتی زاڵ به‌سه‌ر دنیای ئه‌مڕۆدا به ته‌واوی نا مومكینه و دیاره ته‌نیا هه‌وڵ و كۆششێكی گشتی ده‌توانێ له دۆزه‌خی ئه‌م نیزامه قازانج په‌رسته‌مان ڕزگار بكات و بمانگه‌یه‌نێته ئاستی ده‌سته‌به‌ربونی داخوازیه‌كانمان و هاتنه‌ئارای دنیایه‌ك مناڵان سه‌رده‌می مناڵی خۆیانی، به‌واتای ڕاستەقینه، تێدا تێپه‌ڕكه‌ن.
***