کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

رۆژانە ٥ کرێکار دەبنە قوربانی بارودۆخی نائەمنی کار

قوربانیانی بارودۆخی دژوار و نائەمنی کار لەژێر حاکمیەتی نیزامی سەرمایەداری کۆماری ئیسلامیدا رۆژ له‌گه‌ڵ رۆژ له‌حاڵی زیاد بوون دایه‌. ئەگەرچی راگەیەنەرە خەبەریەکان بە شێوەی رۆژانە گۆشەگەلێک لە رووداوەکانی شوێنی کار بڵاو دەکەنەوە، بەڵام دابین نەبوونی ئیمه‌نی شوێنی کار لە لایەن خاوەنکارانەوە، بەشێوەیەک بەرین و بەربڵاوە کە ئامارێکی دەقیقی تایبەت بە رووداوەکانی شوێنی کار لەبەر دەستدا نییە.جێگری وەزارەتی کاری رژیم رۆژی سێشەممە ٢٤ی مانگی خه‌رمانان لە سوخەنڕانیەکدا بە دان پێدانان بە زیاد بوونی ئاماری قوربانیانی رووداوی کار لە ئێران، باسی لە ٢٤ هەزار رووداوی کاری و مەرگی هەزار و ٨٧٤ کرێکار لە ساڵی رابردوودا کرد. هەڵبەت پزیشکی قانونی ئاماری قوربانیانی شوێنی کاری لە ساڵی رابردوودا ١٨٩١ کەس راگەیاندوە. بەپێی ئاماری ره‌سمی سازمانی پزیشکی قانونی رژیم، ٦٥٧ کەس تەنیا لە چوار مانگی سەرەتای ساڵی ١٣٩٤دا بەهۆی رووداوی شوێنی کار و لە کاتی کارکردندا گیانیان لەدەست داوە. رەقەمێک کە نیسبەت بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی پێشوو ٤ لەسەد زیاتر بووە.بە وتەی ئەم کاربەدەستەی رژیم، ئەم ئامارە نیشانی ده‌دات کە رۆژانە ٥ کرێکار بەهۆی رووداوی شوغڵیەوە لە کاتی کاركردن گیانیان لەدەست ده‌ده‌ن.ناوبراو لە درێژەدا رایگه‌یاند، ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئەو نەخۆشیە شوغڵیانەی دەبنە هۆی مردن، شەش بەرابەری رووداوی سەرچاوەگرتوو لە شوێنی کارە. جێگری وەزارەتی کاری رژیم لە درێژەی قسەکانیدا وتی، “کرێکارانی ئێرانی شاغڵ لە کاری دژوار و زیانبەخشدا ٣ ساڵ دوای خانەنشین بوون بە هۆی نەخۆشیەوە گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن”.b3

بەمجۆرە دەبینین کە یەکێک لە گەورەترین رەقەمەکانی تەلەفاتی ئینسانی لە پاڵ شەڕەکاندا، تەلەفات و خەساره‌تی ئینسانی سەرچاوەگرتوو لە شوێنی نائەمنی کارەوەیە لە بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا. ئەگەرچی شەڕ بە جارێک بە هەزاران قوربانی لێدەکەوێتەوە، بەڵام کار و بەرهەمهێنانی ژێر حاکمیەتی سەرمایەداری بە نەرمی، ئارام ئارام بەڵام بەردەوام و رۆژانە قوربانی دەگرێت. قوربانیان و سەدەمە دیتوانی ئەم بوارە دەبێ ئاستێکی نامرۆڤانە بەخۆیەوە بگرێت تا بتوانێ رای گشتی هەڵخرێنێ.

راستیەکەی ئەوەیە کە سەرجەمی چینی کرێکار بەرە بەرە قوربانیانی کار و بەرهەمهێنانی ژێر حاکمیەتی سەرمایەدارین. قودرەتی سەرمایە لە گیان و توانایی کرێکاراندایە. سەرمایە هێزەکەی لە گیان و جەستەی کرێکاران دەردەکێشێ، سەرمایە بۆ ئەوەیکە بمێنێتەوە دەبێ بە تامەزرۆیی زیاترەوە هێزی کاری کرێکاران بمژێت. سەرمایەداران لە شەڕ و رقابەت بە یەکەوە بۆ ئەوەی خۆیان لە لایەن یەکترەوە قووت نەدرێن، دەبێ هەرچی زیاتر و توندتر کرێکاران بچەوسێننەوە. ئەمە یاسای نەنووسراو و رانەگەیەندراوی سەرمایەدارییە. ئەمە لۆژیکی ژیانی سەرمایەدارییە کە هێزی لە هەر قانونێکی تر زیاترە و هەر مودیر و خاوەنکارێک پەیڕەوی ده‌كات.رووداو و مەترسی سەرچاوەگرتوو لە شوێنی کار، نەبوونی ئیمه‌نی شوێنی کار، مەرگی بەڕواڵەت تەسادوفی و بێ ئەژمار، لەکارکەوتویی و پیربوونی نابەوەخت، کەم ئەندام بوون، هەموو جۆرە نەخۆشیه‌کی بێ چارەسەری سەرچاوە گرتوو لە بارودۆخی نابێهداشتی کارەوە تەنیا دەرکەوتەیەک لە کردارێکە کە بەرهەمهێنانی سەرمایەداری دەرحەق بە کرێکاران دەیکات.روون و ئاشکرایە کە بۆ کۆتایی هێنان بە موسیبەتەکانی سەرمایەداری دەبێ خودی ئەم نیزامە لە بناغەوە هەڵتەکێندرێت. بۆ ئەوەی کە جەماوەری ئینسانی نەبنە قوربانی کار و بەرهەمهێنانی سەرمایەداری، دەبێ کۆتایی بە حاکمیەتی سەرمایەداری بەسەر کار و بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیدا بهێندرێت. دەبێ حکومەتی کرێکاری هەموو ئامرازەکانی بەرهەمهێنان لە چنگ سەرمایەداران دەربێنێت. تا پرۆسەی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی، بەراستی ببێتە پرۆسەیەکی ئینسانی و وشیارانە کە نە تەنیا ئینسانەکان نەبنە قوربانیەکانی، بەڵکوو بە تەواوی لە خزمەت ریفاە، پەروەردە بوونی ئیستعدادەکان و بینای ژیانی ئینسانی ئازاد و به‌رابه‌ریدا بێت. ئەمە وڵامی کۆتایی و تەنیا وڵامێکی لێبڕاوانەشە کە چینی کرێکار دەبێ بە هەژاری و فەلاکەتی ئابووری و موسیبەتەکانی سەرچاوەگرتوو لە حاکمیەتی سەرمایەداری و لەوانە بە بارودۆخی نائەمنی کار و بەرهەمهێنانی ئەم نیزامەی بداتەوە.بەڵام تا کاتێک کە سەرمایەداری حاکمە، تا کاتێک کە لۆژیکی سەرمایەداری حوکم دەکات و رۆژڕەشی کرێکاران بەردەوامە، رێگای بەرەنگار بوونەوە لە هەموو جێگایەک هەمان یەکێتی و هێزی چینایەتی یه‌كگرتوو و ئاگای چینی کرێکارێکە کە دەیەوێ ئەم نیزامە دژه‌ ئینسانیە لە گۆڕ بنێت. یەکێتی و هێزی چینایەتی کرێکاران تەنیا ئامرازی بەرەنگار بوونەوەیە لەگەڵ تەحمیلاتی نیزامی سەرمایەداری و سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیان. لەم بوارەدا واتە لە بواری کەم کردنەوەی مەترسیەکان و قوربانیانی شوێنی کار و بەرهەمهێنانی سەرماداریش دەبێ هێزی یەکگرتوو موتەشەکلی کرێکاران بکەوێتە کار. لەم بوارەدا داواکاریە خێرا و هەنوکەییەکانی چینی کرێکار بریتین لە:بیمەی کامڵی کرێکاران لە بەرانبەر سەدەمە و خەساره‌تی سەرچاوە گرتوو لە کار، بریتیه لەوەیکە لە شوێنی کار یان لە دەرەوەی شوێنی کار رویدابێت و بەبێ ئەوەیکە کرێکار پێویستی بە سه‌لماندنی ئەوە هەبێت کە قوسوری خاوەنکار و یان مودیریەتی یەکەی بەرهەمهێنان هەبێت. دانی خەسارەت بەو کرێکارانەی کە بەهۆی رووداو و زایعاتی سەرچاوە گرتوو لە کارەوە توشی نەخۆشی و کەم ئەندام بوون دەبن و یان توانای کار کردنیان نامێنێ، بە هەزینەی خاوەنکار و دەوڵەت و بە تەشخیس و چاودێری نوێنەرانی هەڵبژێردراوی کرێکاران ئەنجام ده‌درێت. هەزینەی زەمانەتی ئیمه‌نی و بێهداشتی شوێنی کار و کەم کردنەوەی مەترسیەکانی شوێنی کار تا ئاستی مومکین، چاودێری و پشکنینی پزیشکی بەردەوام و رێک و پێک لە بەرانبەر مەترسی و نەخۆشیەکانی سەرچاوەگرتوو لە جۆری کار دەبێ لەلایەن خاوەنکاران و دەوڵەتەوە دابین بکرێت.هەیئەتەکانی بازڕەسی کرێکاری بە هەڵبژاردنی راستەوخۆی کرێکاران، بەکردەوە دەرهاتنی هەموو ئەو خاڵانەی کە ئاماژەیان پێکرا و بارودۆخی دیکەی پێوەندیدار بە حەقدەستەکان، سه‌عاتی کار و هیتر لە هەموو یەکەکانی بەرهەمهێنان و هەر شوێنێک کە کرێکاران کاریتێدا دەکەن بازڕەسی و حیسابڕەسی بکرێت.ئەو خاڵانەی کە ئاماژەیان پێکرا، بەشێکن لە هەموو قانون کارێکی دیموکراتیک کە بیەوێ لانیکەمی داواکاری ئێستا و خێرای کرێکاران بکاتە یاسایی و بەکردەوەیان دەربێنێ. دەستڕاگەیشتن بەم خاڵانە دەبێ لە دەستوری خەباتی کرێکاراندا لەدژی بارودۆخی دژوار و نائەمنی و تاقەت پڕوکێنی کاردا قەرار بگرن.