رێكهوتی ٥ی مانگی سەرماوەز، سی و شەشەمین ساڵرۆژی دەرچوونی فەرمانی خومەینیە بۆ پێکهاتنی هێزی بەسیج کە لە تەقویمی کۆماری ئیسلامیدا “رۆژی بەسیجی موستەزعەفان”ی پێدەوترێت. هەموو ساڵێک لەم رۆژەدا گەلێک رێوڕەسمی جۆراوجۆر لەژێر ناوی “حەفتەی بەسیج”دا بەڕێوەدەچێت. ئەم مەڕاسمانە ئەمساڵ لە بارودۆخێکی تایبەتدا بەڕێوەدەچن. دوای تەوافوقاتی هەستەیی ویەن و داسەپاندنی بەرنامەی ئێقدامی هاوبەش بەسەر رژیمدا لە لایەن زلهێزە سەرمایەداریە جیهانیەکانەوە، سەرانی حکومەت ئاستی گرتن و زیندانی کردنی هەڵسوڕاوانی کرێکاری و مەدەنی، رۆژنامەنووسان و وێبلاگ نووسان، سانسۆڕ کردن، ئێعدامەکان، ئازار و سەرکوتی ژنان، هێرش بۆسەر بێ خانە و لانەکانی پەرە پێداوە و لە لایەکی دیکەوە بە بەڕێوەبردنی بەردەوامی مانۆڕی نیزامی چاو لەخەڵک سور دەکەنەوە.مانۆری نیزامی ١٢٠ گوردانی عەمەلیاتی بەسیج لەژێر ناوی “الی بیت المقدس” كه كۆتاییهكانی مانگی خەزەڵوەر بەڕێوەچوو، لە راستیدا لە راستای هەڵسەنگاندنی توانایی ئەم هێزە لە سەرکوت کردنی ئەگەری سەرهەڵدانی ئاخێزەکاندا بوو.ئەم مانۆرە نیزامیە دوای راگەیەندرانی هەواڵی پێوەندیدار بە گرتنی هەڵسوڕاوانی بواری راگهیاندن لە لایەن سپاوە و هەواڵی گیرانی ئەفرادی ١٠ تیم لەم حەفتانەی دواییدا لە لایەن وەزاڕەتی ئیتلاعاتەوە ئەنجام دراوە. بەشوێن ئەم مانۆڕدا هەواڵی گیرانی کەسانی زیاتر لە راگەیەنەرەکانی رژیمدا بڵاو بۆوە. “عەبدولڕەزا ڕەحمانی فەزڵی” وەزیری نێوخۆی کابینەی رۆحانی رۆژی ٣٠ی خەزەڵوەر باسی لە دۆزینەوەی بڕێکی زۆر بۆمبی شیاوی تەقینەوە لەگەڵ چاشنیەکانی کرد لە شارەکانی ئێراندا. وەزارەتی ئیتلاعات رۆژی ئەوەڵی سەرماوەز هەواڵی گرتنی کەسانی سەربە دوو تیمی چەکداری نەیاری رژیمی لە سیستان و بەلوچستان و ئازەربایجانی غهربی بڵاو کردەوە. هەرلەم رۆژەدا جەعفەری سەبارەت بە ئامانجی داعش بۆ زەربەدان لە کۆماری ئیسلامی قسەی کرد. رۆژی دووی مانگی سەرماوەز هەواڵی گیرانی محەممەد نووری زاد و چەند ههڵسووڕاوی مەدەنی بڵاو کرایەوە. رۆژی سێی مانگیش هەواڵی حوزوری سەرلەنوێی گەشتی ئەمنیەتی ئەخلاقی لە خیابانەکانی تاراندا و درێژەی سیاسەتی شکست خواردووی بەرخورد لەگەڵ بەناو دیاردەی بەد حیجابی خرایە ئیختیار راگەیەنەرەکانەوە.
هەموو ئەم کردارانە کۆمەڵێک نیشانەی ئاشکری ترسی قووڵی کاربەدەستانی رژیمن لە مەترسی هەڵچونی قین و توڕەیی و پەرەسەندنی ناڕەزایەتی خەڵکی وەگیانهاتوو. تەحلیلگەرانی ئەمنیەتی و نیزامی حکومەت لە مەترسی ئاخێزە جەماوەریەکانی وەک ئاخێزی ساڵی ١٣٨٨، کە پایەکانی حکومەتی ئیسلامی خستە لەرزە، نیگەرانن و لەم روەوە باس لە مەترسی بەرجام دەکەن. بەڵام ئەوان لە هەمانحاڵدا وای پیشان ئەدەن کە کرداری سەرکوتگەرانە و مانۆڕەکانیان نەک لەبەر بوونی هەڕەشە و مەترسی نێوخۆیی بەڵکو بۆ بەرگەرتنە لە “نفوزی ئابووری و فەرهەنگی ئامریکا”، بەرگرتن لە تیرۆریزم و بە تایبەت تیرۆریزمی هێزەکانی وەک داعش و پشتیوانی لە لایەن دەوڵەتی ئامریکا و پاشایەتی عەرەبستانی سعودیەوە.
عەلی خامنەیی لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا و بە مەودایەکی کەم دوای خواردنەوەی جامی ژەهری بەرجام مەبەستی نفوزی ئامریکا لە ئێران بۆ گۆڕینی زەینەکان و نابود کردنی ئیسلامی هێنایە گۆڕێ. ئەو لە کۆتایی مانگی رەزبەردا سەبارەت بەم مەترسیە هۆشداری دوبارەی دا. بە ماوەیەکی کورت دوای ئەو سوخەنڕانییە، “محەممەد عەلی جەعفەری” فەرماندەی سپای پاسداران، بەقەولی خۆی “فیتنەی دوای بەرجام”ی لە ئاخێزی ساڵی ١٣٨٨ ی خەڵکی بۆ رژیم بە مەترسیدارتر نیشاندا. رۆحانی لە ١٣ی مانگی خەزەڵوەردا داوای لە هێزە ئەمنیەتی و سپاهیەکان کرد تا بە بیانوی “نفوزی” دەست بدەنە گرتن و پەڕاوێز خستنی لایەنگرانی دەوڵەت و بە گشتی ئیسلاح خوازانی حکومەتی و موعتەدلەکان. خامنەیی رۆژی چوارشەممە ٤ ی مانگی سەرماوەز لە کۆبونەوەی هێزەکانی بسیجدا مەترسی “نفوز”ی زیاتر لە رابردوو زەق کردەوە و بە شێوەی ناڕاستەوخۆ رەخنەی لە سرنج نەدانی رۆحانی و دەوڵەتەکەی لەم مەسەلەیە گرت. هاوکات لەگەڵ هەراوهوریای سەرچاوەگرتوو لەم کێشانەوە، کە راگەیەنهرە ئیمپڕیالیستیەکانی وەک بی بی سی هەموو رۆژێک دەیدەمێنن، رژیم کرداری سەرکوتگەرانەی خۆی توندتر کردۆتەوە.گومانی تێدا نییە کە لەنێوان باڵە سەرەکیەکانی نێو رژیمدا سەبارەت بە ستڕاتیژی مانەوەی نیزامی ئیسلامی و سیاسەتەکانی سەرچاوەگرتوو لێیەوە، ناکۆکی له ئارادایه. یەکێک لە سیاسەتەکانی جێی ناکۆکی، رێژهی دەخاڵەتگەری رژیمی کۆماری ئیسلامی و سپای قودسە لە کانونەکانی قەیرانی ناوچەکە و بە تایبەت لە سوریەدا. باڵی رۆحانی ـــ رەفسەنجانی و بەگشتی بەرەی ئیسلاح خوازانی حکومەتی داواکاری هاوجیهەتی زیاتر لەگەڵ سیاسەتی هێزە رۆژئاواییەکان و لە سەرویانەوە ئامریکان لە ناوچەکەدا، لە حاڵێکدا کادری رێبەریی سپا و خامنەیی بە پەیڕەوی کردن لەوان لەسەر ئەو بڕوایەن کە بە لەبەرچاو گرتنی کەلێنی نێوان هێزە ئیمپڕیالیستیەکان و بە شێوەی ئاشکرا ناکۆکی نێوان روسیە و ئامریکا، دەستی کراوە ترە بۆ مانۆڕدان و داواکردنی بەشی زیاتر لە کێشە ناوچەییەکاندا. دیداری نائاسایی چەند رۆژ لەوەپێشی پوتین سەرۆک کۆماری روسیە، لەگەڵ خامنەیی تا رادەیەک دەرخەری ئەم ئەرزیابیەیە. بەڵام باڵەکانی نێو رژیم سەرەڕای هەر ناکۆکیەک کە بە یەکەوە هەیانبێت و سەرەڕای هەراو هوریایەک کە راگەیەنەرەکان سەبارەت بەم ناکۆیانە خستویانەتە ڕێ، هەردوو باڵەکە بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ ئەگەری مەترسی ئاخێزە جەماوەرییەکان خۆیان ئامادە دەکەن.
لەم رۆژانەدا فەرماندەی سپا و کاربەدەستانی ئەمنیەتی گەلێک جار لە راگەیەنەرەکاندا دەرکەوتون و باسیان لە گرتن، مانۆڕ و کرداری پێشگیرانە بەتایبەت لە لایەن بەسیج و سپاوە کردووە. ئەرکی سپا و بەسیجیش بەپێی قانون و تەعریف پارێزگاری کردنە لە کۆماری ئیسلامی لە بەرانبەر مەترسی نێوخۆیی و دەرەکیدا. لەم نێوانەدا ئەرکی بەسیج لە سەرکوتکردنە نێوخۆییەکاندا گەلێک چڕترە. ئەم هێزە، کە پڕسونێل و کادرە چالاکەکانی بە ٩٠٠ کەس بەراورد کراوە، بە شێوەی یاسایی لەژێر فەرمانی هێزی زەمینی سپادایە، بەڵام لە هێندێک حاڵەتی وەک هێرش بۆسەر کوی دانشگای تاران لە ساڵی ٧٨ دا و سەرکوتی ناڕەزایەتیەکانی ساڵی ١٣٨٨ بەگشتی فەرا قانونی جۆڵاوەتەوە و لە لایەن کەسانی وەک موجتەبا خامنەییەوە ڕێبەری دەکرێن. سپای پاسداران رۆژی سێی مانگی سەرماوەز لە راگەیاندنێکدا کە بەبۆنەی رۆژی بەسیجەوە بڵاوی کردەوە بە هەستیار نیشاندانی بارودۆخی ئێستا هۆکاری گرنگیدانی زۆر بەم هێزەی تەوزیح داوە. محەممەد عەلی جەعفەری لە سوخەنڕانیەکدا لە رۆژی یەکی سەرماوەز، دانی بهوه دانا کە مەترسی سەرەکی زیاتر لە نێوخۆدا و کەمتر لە دەرەوە رووی لە کۆماری ئیسلامیە و لەبەر ئەمەش بەهێز کردن و ئامادەسازی بەسیج پێوست ترە لە رابردوو. ئەم کردارە سەرکوتگەرانەی کە لە لایەن ئۆرگانەکانی دەوڵەتی رۆحانی و سپاوە ئەنجامدراون و ئاوڕدانەوەی زیاتر لە ئامادەسازی هێزی بەسیج ئەو نیشانە ئاشکرایانەن لە نیگەرانی سەرانی رژیم لە پەرەسەندی نارەزایەتی جەماوەری. لە ئاوا بارودۆخێکدا پێویستە کە هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی کرێکاری و باقی چالاکان لە خەباتێکدا وا لە ئارادایە و پەرەدان بە ئێرتیبات و پێوەندی بەیەکەوە و هەوڵدان بۆ بەیەکەوە بەستنەوە و یەکپارچە کردنی ئەم خەباتە پێداویستی بەرەپێش چوون بۆ روخاندنی کۆماری ئیسلامی فەراهەم بکەن.