رۆژی چوارشەممە ٩ ی مانگی جۆزەردان نزیک بە دوو هەزار کەس لە کرێکارانی سێ مەعدەنی ” هەمکار”، ” حشونی” و ” پایدانا” ی سەربە شیرکەتی بەردی خەڵوز، بۆ وەرگرتنی حەقدەستی دواخراویان و باقی داواکاریەکانیان هاوکات دەستیان لەکار کێشایەوە و مانیان گرت. هاوکات کرێکارانی فازی ١٢ ی پارسی جنوبی بۆ وەرگرتنی مەزایای موزدیان لە حەساری پاڵاوگەی ٩ کۆبونەوەیەکی ناڕەزایەتیان بەڕێوەبرد. بەیانی رۆژی سێشەممە ٨ ی مانگی جۆزەردان، کرێکارانی گوروپی میللی سەنعەتی فولادی ئەهواز بۆ وەرگرتنی حقوقی سێ مانگی ڕابردویان و تازە کردنەوەی دەفتەرچەی بیمەی دەرمانی لەبەردەم ئوستانداری خوزستان کۆبونەوەیەکی ناڕەزایەتیان بەڕێوەبرد. کرێکارانی ئەو موجتەمەعە گەورەیە لە کاتێکدا دەستیان دایە ناڕەزایەتی کە مانگرتنی سەرتاسەری شۆفیر کامیۆنەکان و کامیۆنداران بۆ زیاد کردنی حقوقی مانگانە و لە ناڕەزایەتی بە کرێی کەمی گواستنەوە و گەیاندن و هەزینەی زۆری سوتەمەنی و عەوارزی ئوتوبان چووبووە حەوتەمین رۆژی خۆیەوە. رۆژی دووشەممە ٧ ی مانگی جۆزەردان، گوروپێک لە کرێکارانی کاشی و سیرامیکی مەیبود بە کۆبوونەوە لە حەوشەی کارخانە خوازیاری پێڕاگەیشتن بە بارودۆخی بەڕێچوون و داخوازیەکانیان بوون. هاوکات لەم رۆژەدا کرێکارانی رۆنی نەباتی ” پارس قو” دەستیان لە کار كێشایەوە و لە حەساری کارخانە کۆبوونەوە. مانگرتن و کۆبوونەوەی کرێکارانی ڕێگای ئاسنی سەرتاسەری وڵات لە ناڕەزایەتی بە نەبوونی ئەمنیەتی پیشەیی و دواخرانی دانی حەقدەست و بیمەکانیان هەروا دەرێژەی هەیە.
هەروەها چەند نمونە لە ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاری لەم رۆژانەی دواییدا و لەپاڵیدا ناڕەزایەتی خەڵکی کازرون دەرخەری ئەوەیە کە ڕەوتی روو لە گەشەی مانگرتنە کرێکاریەکان و ناڕەزایەتی جەماوەری هیچ نیشانەیەکی لە دامرکانەوە نییە. هەرئەم ڕاستیە عەینیانە و داماوی کۆماری ئیسلامی لە وڵامدانەوە بە داخوازی کرێکاران و باشتر بوونی ژیان و بەڕێچوونی جەماوەرێک کە کارد گەیشتۆتە سەرئێسقانیان و ئاخێزی گەورە و بەرینتریان لە ئاسۆی بارودۆخی سیاسی ئێراندا داناوە.
درێژەی ڕەوتی روو لە پەرەسەندنی خەباتی کرێکاری لە ساڵەکانی دواییدا، سەرەڕای ئاکامە ئابووریە بەر تەسکەکەی، کۆمەڵێک دەستکەوتی سیاسی و خەباتکارانە و دواهاتی ئەخلاقی گەورەی بۆ چینی کرێکاری ئێران بەشوێنەوە بووە. مانگرتنەکان، هێزی ئیتیحادی پیشانی کرێکاران داوە، فێری کردون کە هێرشی سەرمایەداران و دەوڵەتی پشتیوانیان بە خەباتی یەکگرتوانە وڵام بدەنەوە. پیشانی داون کە کرێکاری ڕێکخراو تا چەندە دەتوانێ بۆ سەرمایەداران مەترسیدار بێت. بەبێ ئەم خەبات و بەبێ ئەم بزوتنەوە متالباتییە، چینی کرێکار جەماوەرێکی سەرخوردە و بێ ئاسۆ دەبوو. بەبێ ڕەوتی روو لە گەشەی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاری لە ماوەی یەک دەیەی ڕابردودا و بەتایبەت لە ماوەی چەند ساڵی دواییدا و کاریگەریەکانی لەسەر فەزای سیاسی کۆمەڵگە هاوسەنگی هێزی بە قازانجی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی نەدەگۆڕا و ئاخێزی سەرتاسەری مانگی بەفرانبار لەم ئاستە گەورە و بەرینەدا رووی نەئەدا.
ئەم دەستکەوتانە و خەباتی گەورەی چینایەتی لەدژی سەرمایەداران، بە قیمەتی فیداکاری کرێکاران بەڕێوەچووە. چینی کرێکار لە مەسیری دەستەبەر کردنی ئەو دەستکەوتانەدا نە تەنیا شێلاقی لێدراوە، لەسەری دەرکراوە، ڕێبەرانی بە ئەشکەنجە و مەرگ مەحکوم کراون، بەڵکو لەژێر ئەم گوشارانەدا پێوەندیەکی زیندو و چڕوپڕی نەسڵێک لە هەڵسوڕاوانی لەگەڵ جەماوەری کرێکار پچڕاوە. بەم حاڵەشەوە بزوتنەوەی کرێکاری ئێران ئەم دورەیەشی ناوەتە پشت سەر. مانگرتنی درێژ ماوە و ناڕەزایەتی بەردەوام، لە هەمانحاڵدا کە زەمینەی گونجاوتری بۆ سازمانیابی فەراهەم کردوە، نەسڵێکی نوێی لە ڕێبەران و هەڵسوراوانی کرێکاری پەروەردە کردوە و هێناونیەتە پێشيوەی سەحنەی خەبات. بوونی ئەم هەڵسوڕاوانە و ڕێبەرانی کرێکاری لە ناخی ئیختیناق و فەلاکەتی ئابووری ئێستادا، درێژەی بزوتنەوەی متالباتی کرێکارانی زەمانەت کردوە. بەڵام بارودۆخی سیاسی ئێستا چاوەڕوانی زیاتری لەم هەڵسوڕاو و ڕێبەرە کرێکاریانە و بە تایبەتی لە هەڵسوڕاوانی سۆسیالیستی بزوتنەوەی کرێکاری ههیه.
لە بارودۆخی ئێستادا، کۆماری ئیسلامی لەگەڵ یەکێک لە قوڵ ترین قەیرانەکانی دەورانی حەیاتیدا بەرو روو بۆتەوە. قەیرانێکی گشتگیر کە تێیدا گیانی سالم دەرنابات. ئەوە تەنیا هەڵسەنگاندنی ئێمە کومونیستەکان نییە بەڵکوو کەسانێکی کە پێوەندی بەرینیان لەگەڵ مەحفەلە حکومەتیەکان هەیە هەڵسەنگاندنێکی هاو شێوەیان هەیە. هێندێک لە سیما ناسراوەکانی ئیسلاح تەڵەب کە زیاتر لە دوو دەیە هەوڵیاندا تا لە ڕێگای پشتیوانی کردن لە ئیسلاح خوازنی حکومەتیەوە ئەم ڕژیمە ئیسلاح بکەن، ئێستا دانی پێدا دەنێن کە ئەم ڕژیمە شیاوی ئیسلاح کردن نییە و لەسەر ئەو بڕوایەن کە کۆماری ئیسلامی خەریکە بە خێرایی بەرەو لێک هەڵوەشان دەچێت. یەکێک لە ئایەت اللە پایەبەرزەکانی قوم لە چاوپێکەوتن لەگەڵ وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لە مەترسی رودانی ئاخێزی جەماوەری و ڕووخانی حکومەتەکەیان نیگەرانی دەربڕیوە. لەم رۆژانەدا لە مەحفەلە جۆراو جۆرەکانی نزیک لە حکومەتەوە ئەو شکایەتانە دەبیسترێن. بە کشانەوەی ئەمریکا لە بەرجام پایەکانی ئابووری دەرێژ ماوەی دەوڵەتی روحانی ڕوخاوە. کۆماری ئیسلامی نەتەنیا هیچ هیوایەکی بۆ بوون بە هێزێکی بانتری ناوچەیی نەماوە بەڵکو بۆ کۆتایی هێنان بە دەستێوەردانەکانی كهوتووهته ژێر گوشاری زل هێزە جیهانیەکان و ڕەقیبە ناوچەییەکانیەوە.
ئەم بارودۆخە قەیراناویە و مەقعیەتی شپرزەی کۆماری ئیسلامییەکە بەشە جۆراو جۆرەکانی ئوپوزسیۆنی بۆرژوازی ئێرانی وادر کردوە تا بۆ نواندنی نەخشێک لەو ئاڵوگۆڕە چارەنووس سازانەدا کە لە ڕێدان و بۆ مودیریەت کردنی تێپەڕ بوون لە کۆماری ئیسلامی و گۆڕینی دەسەڵات لەسەروە و بێ ئاکام کردنی بزوتنەوەی شۆڕشگێرانەی کرێکاران و بێبەشانی کۆمەڵگە پلان دابنێن. ڕاست لە وەها بارودۆخێکدایە، کە نیاز بە نواندنی دەورێك لە ڕێبەری خەباتدا بۆ روخاندنی کۆماری ئیسلامی لە هەڵسوراون و ڕێبەرانی سوسیالیستی بزوتنەوەی کرێکاری دەخوازێت کە لە پێشەوەی سەحنەی سیاسی کۆمەڵگادا دەرکەون.
دابین بوونی ڕێبەریی چینی کرێکار بەسەر بزوتنەوەی ناڕەزایەتی خەباتدا بۆ روخاندنی ڕژیم و بە سەرکهوتن گەیاندنی شۆڕش لە گرەوی ئەوە دایە کە هەڵسوراوان و ڕێبەرانی سوسیالیستی نێو بزوتنەوەی کرێکاری، گرایشی سوسیالیستی نێو کۆمەڵگا، ئەحزاب و سازمانەکانی نێو بزوتنەوەی کومونیستی ئێران کە خۆیان بەداکۆکی کاری بەرژەوەندی کرێکاران و بێبەشانی کۆمەڵگا دەزانن، توانیبێتیان ئاسۆیەکی سوسیالیستی هەرچی زیاتر لە ئاستی کۆمەڵگادا پەرە پێدابێت. دەبێ هەوڵ بدرێت کە سیاسەت و هەڵوێستی کومونیستەکان و ئەو وڵامانەی ئەوان ئەیدەنەوە بە کێشە کۆمەڵایەتیەکان ببێتە خاوەنی مەقبوڵیەتی کۆمەڵایەتی دەبێ کارێک بکەین کە کرێکاران و زۆربەی خەڵکی ئێران، وڵامەکان، ڕێگا چارەکان و ئاڵترناتیوی ئێمە بۆ تێپەڕ بوون لە بارودۆخی ئێستای ئێران قەبوڵ بکەن. دەبێ خەڵک لەژێر نفوزی ستراتیژی سیاسی بەشە جۆراو جۆرەکانی ئوپوزسیونە بۆرژواییەکان بێنە دەرێ. دەبێ واتای ڕاستەقینەی سەرکەوتن بەسەر نیزامی سەرمایەداری کۆماری ئیسلامیدا بکەینە تێ گهیشتنی گشتی و چاوەڕوانی خەڵک بە چەشنێ بەرز بکەینەوە کە بۆ دەستەبەر بوونی ئازادی، یەکسانی و دابین بوونی ڕیفاهی کۆمەڵایەتی بە هیچ شتێک کەمتر لە روخانی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی و حکومەتی شوڕایی کرێکاران و بێبەشانی کۆمەڵگە ڕازی نەبن.